Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مافی “ جەلادو قوربانی”  لە تەرازوی عەدالەتی هەرێمدا

مافی “ جەلادو قوربانی” لە تەرازوی عەدالەتی هەرێمدا

Closed


زۆرسەرنج‌وتێرامانی ناوێ‌ كەئەمرۆ دەبینین لەهەرێمی كوردستان حزبە دەسەڵاتدارەكان چاولەڕاستی دەنوقێنن‌و وه ك بڵێی چێژ لەئازاردانی ئەم میللەتە بینن،هەڵویست وەردەگرن. دەنا چۆن ڕەوایە ( كۆنەموستەشارێكی جاش) كە پێشتریش مەفرەزە خاصە  بووبێت‌وتەمەنی لێوانبێت لەبەدكاری‌و تاوانی گەورە، دەسەڵاتدارانی هەرێم نەزانن گەڕانەوەی ئەوكەسە هەستی خەڵك بریندار دەكات.. ؟! چۆن دەبێت بەتاوانەكانی وەها تۆمەتبارێك نەزانن كە پش حەوت ساڵ خۆ شاردنەوە گەڕاوەتەوە پایتەخت..؟  كۆنەجاشێك بەوهەموو بەدكارییەی خۆیەوە بێ‌ ئەوەی ساڵی 1991 بەلێبوردنە گشتیەكەی بەرەی كوردستانی قایل بووبێ تەنانەت لەدوای ڕوخانی بەعسیش ئامادە نەبووە بێتەوە بن دەستی ئەم دەسەڵاتە كوردیە..!!  كەچی پاش 19ساڵ لەدژایەتی كردنی ئازادی‌و پاش 7 ساڵ لە روخانی بەعس بەبێباكی گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان‌..!!
   لەدوای ڕاچەنین‌و بەدەنگهاتنی خەڵكی كۆیەش دەسەڵاتدارانی هەولێرلەبری ئەوەی بیگرن‌و بیخەنەوە بەردەمی دادگاو لێپێچینەوە لە تاوانەكانی بكرێت، كەچی رێگەی بۆخۆش دەكەن لەدەستی یاسا دەربازبێت..! پارێزگاری هەولێریش زۆربەئاسانی دەڵێت: ئەوكەسە (مەرغوب نەبوو) بۆیە دەبێت هەولێربەجێبهێلێت.. !! ئەوەی پارێزگاری هەولێرگوزارشتی لێكردووە مایەی پێكەنینە، چونكە ئەو كارەكتەرە هەر (نامەرغوب ) نیە بەڵكو تاوانبارە‌و تاوانەكەشی بچوك نیە، ئەو بكوژی تەنیا كەسێك نیەو تەنیا سكاڵایەكی یاسایی لەسەرنیە، بەڵكو تۆمەتبارە بەتاوانی نیودەوڵەتی‌ودەبێت بەپێی مادەكانی 11و 12ی كۆمەڵكوژی‌و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لەسەردۆسێی ئەنفال‌و راپەرینی خەڵكی كوردستان‌و كوشتنی بەئەنقەست لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، بەلای كەمەوە  19 سكاڵای كوشتنی بەئەنقەستی لەسەرە‌و تۆمەتباری تاوانی ئەنفالەولەدادگای باڵای تاوانەكانیش داواكراوە .
 باشە .. وا گوتمان ئەو پیاوە نامەرغوبە بەڵام كوا شیاوە هاوڵاتیەكی (نامەرغوب) شار بەدەربكرێت ..؟! بێگومان هەرێمی كوردستان پڕە لەمرۆڤی نامەرغوب.. بەڵام مەرجە هەموو نامەرغوبێك تاوانباربێت ؟ بۆیە ئەوەی پارێزگاری هەولێر گووتوویەتی دورە لەڕاستیەوە، چونكە ئەمرۆ زەق بەبەرچاوانەوەیە كەئەوجۆرە كەسە تۆمەتبارانە لەریزی حزبەكانی كوردستاندا زۆرمەرغوب ترن لەكۆی هاوڵاتیانی كوردستان‌و لەو پێشمەرگانەش كەتەمەنی گەنجێتی خۆیان بۆ ئازادی ئەم میللەتە خەرج كرد، ئەمرۆش سەرباری دڵسۆزییان، كەسانی پلە سێ‌‌و پلە چوارن لەخوارئەو كۆنەجاشانەدا. ئەوە ڕون‌و ئاشكرایە ئەگەرنامەرغوب بوو قاسماغا بۆچی داڵدە دەرێ‌‌و دەخرێتە سەروی یاساوەو لەنزیك كۆشكی سەرۆكی هەرێم نیشتەجێ دەبێ‌…!؟ ئەگەر مەرغوب نەبوایە رێز لەسكاڵاكانی كەسوكاری شەهیدانی كۆیە‌و خوێنی ئەو شەهیدانە دەگیراو دەدرایە دادگاو سزای خۆی وەردەگرت نەك ڕێگەی هەڵاتنی بۆهەموار بكرێت..!! ئەرێ‌ ڕەوایە هەستی خەڵكی كوردستان‌و سكاڵای قوربانیان بە قوربانی كەسێكی نامەرغوب بكرێت…؟
ئەی كەوایە خێرە قاسماغاو نمونەكانی ئەمرۆ بەبێ‌ باكییەوە‌ بەپێشچاوی كەسوكاری شەهیدان‌و ئەنفالكراوان‌و قوربانیانەوە تەراتێن بكەن‌و حساب بۆ یاسا نەكەن..؟ هەرچەندە ئەمجارە كەسوكاری قوربانیانی دەستی ئەو كۆنەجاشە قبوڵیان نەكرد، بەڵام ئەوەش راستیەكی تاڵە كەئەم ملهوریەی كۆنەجاشەكان‌و بێباكی دەسەڵاتدارانی كوردستان هەمووی لەسۆنگەی پێشیلكاریەكانی دەسەڵاتەوە نیە بەڵكو بەشێكی زۆریشی دەگەرێتەوە بۆبێدەنگی‌و قایل بوونی خەڵك بەو غەدرە یاسایی‌و سایكۆلۆژیەی دەرهەقیان دەكردێت.
ئایا ئەوە كێیە ماف دەداتە قاسماغای نامەرغوب كەی ئارەزوی كرد بێتەوە بۆ كوردستان‌و كەی ویستی هەڵبێت ؟ مەگەرهێزو توانای ئەفسوناوی خۆیەتی یان پشتیوانی ئەو دەسەڵاتەیە كەدەیەوێت حساب بۆ هیچ هەست‌و مافێكی هاوڵاتیانی كوردستان نەكات..؟ ئەوەی ئەمجارە لەهەولێر رویدا وەكو فیفتی فیفتی‌و كێبەركێی هەردو دەسەڵاتی سەردەمی شەری ناوخۆ دێتە بەرچاو، وەك بڵێیی ئەم سەرۆك بەوی تر بڵێیت، لەهەموو شتێكدا ئامادەی كێبەركێم، ئەگەر تۆ فرۆكەوانێكی تۆمەتباری كیمیاباران ئازاد دەكەیت منیش گەورە تاوانباری ئەنفال دەهێنمەوەو داڵدەدەی دەدەم..؟! ئاخرئەم سیناریویانە هیچ مانایەكی ترهەڵناگرن بێحورمەتی نەبێت بەیاساو بەمافی مرۆڤ‌و مافی قوربانی.. دەنا خۆ ئەوە هەر قاسماغا نیە لەم هەرێمە تۆمەتبارو دەستی سوربێت بەخوێنی هاوڵاتیانی كورد .. نەخێر هەرێم پرە لە قاسماغا بەداخەوە كەبەهەر هۆیەكەوەبێت كەسوكاری شەهیدان‌وئەنفالكراوان ملكەچی ئەو ئەدای كاركردنەی حزبەكانی كوردستان بوون ..
  بێگومان داڵدەدانی وەها كارەكتەرێكی دزێوكە ڕابوردووی لێوانە لەخوێن رێژی‌و بەدكاری پێش ئەوەی سوكایەتی بێت بەشەهیدو بەهاكانی ئازادی، سوكایەتیەكی گەورەیە بەهەموو واتاو سەروەریەكی ئەم هەرێمە، بەحاكمیەت‌و دەسەڵاتدارێتی خۆشیان، كەدەبینین جەلادیان لەقوربانی لەلا بەرێزترە.
ئاخر چ هاوكێشەیەكی پێچەوانەی ئازادیە كەجەلادێك بەهەموو دزێویەكانیەوە، لە قوربانی بەرێزترتەماشا بكرێت، تۆمەتبارێك كەدادگا داوای كردووە‌و نزیكەی بیست سكاڵای یاسایی لەسەرە، لەبری ئەوەی رێز لەسكاڵای هاوڵاتیان‌و هەیبەتی دادگا بگیرێت‌و تۆمەتبارەكە بدرێتە دەست یاسا، كەچی حكومەتێك پڕكێشی ئەوە بكات سوكایەتی بەخودی دەسەڵاتی خۆی بكات‌وخوێن‌و مافی قوربانیان‌و هەیبەتی دادگاو یاساش بكاتە قوربانی كۆنەجاشێكی تاوانبار..؟ لە یاداشتەكەی خۆپیشاندەرانی شاری كۆیەدا كە ئاراستەی سەرۆكی هەرێمیان كردووە هاتووە: (بێگومان تاوانباردەستی لە زۆربەیان هەبوە كەزیاتر لە ﴾﴿[٥٣٩] هاووڵاتی لەژن ومنداڵ و پیرولاوی بێ تاوانی ئەنفالكردووە بە[ دۆكومێنت] زیاتر لە [٩٠] پێشمەرگەی شەهیدكردوە، جگەلە برینداركردن‌و لێدان و دەستدرێژی كردنە سە رناموسی هاووڵاتیان ٠) لەبەشێكی تری یاداشتەكەیاندا هاتووە لەڕاپەڕین ئاهەنگی ماڵئاوایی بەشەهیدكردنی [٣٧] هاووڵاتی و پێشمەرگە گێڕا )  ئیتر كە ئەمە تاوانەكانی كۆنە جاشێك بێت .. چ پاساوێك بۆ داڵدەدانی دەمێنێتەوە ..؟! زۆر بەسەر ئەو ساتەوەختەدا تێنەپەریوە كەسەرۆكی هەرێم زۆر بەتوندی وەڵامی پەرلەمانتارێكی گۆرانی دایەوە، تەنها لەبەرئەوەی بەهێزی پێشمەرگەی گوتبوو میلیشیا.. كەمیش نەبوون ئەوانەی بەبێ‌ ئەوەی لەووشەی میلیشیا تێگەیشتین داوای سزای قورسی ئەو پەرلەمانتارەیان دەكرد.. گوایە سوكایەتی بە پێشمەرگە كردووەوهیڵی سوری بەزاندووە..؟ وەكو بلێی داڵدەدان‌ودەربازكردنی كارەكتەرێكی وەكو قاسم ئاغا سوكایەتی نەبێت بە پێشمەرگەو بەخوێنی شەهیدان..؟ ئەرێ‌ بەراست لە نێوان قسەی پەرلەمانتارەكەی گۆران‌و كارەكتەرێكی دزێوی وەكوقاسماغا‌ودەربازكردنیدا كامیان سوكایەتین بەمیللەت‌وبەپێشمەرگە..؟ با ئەگەرگریمانەی ئەوەش بكەین كەقسەی پەرلەمانتارەكەی گۆران سوكایەتی بووە بەپێشمەرگە، ئەی خۆقاسماغای كۆیەسوكایەتی بەمیللەتێك كردووەو خوێنی پێشمەرگەوهاوڵاتیانیشی ڕشتبووئەی كەوایە كامیان هەقیانە سزا وەربگرن.. ؟!
هەموومان شایەتی ئەوەین كەئەمرۆدەیان نەخۆش‌وكەمئەندامی شەڕودەیان برینداری چەكی كیمیاوی‌و پێشمەرگەی نەخۆش لەهەرێمی كوردستاندا بەدەم ئازارونەبوونی‌وهەژارییەوە دەناڵێنن‌وتوانای چوونەدەرەوەو چارەسەری نەخۆشییەكانیان نیە..! كەچی بكوژانی خەڵك‌وپێشمەرگە تۆمەتبارێكی تاوانی جینۆساید كەدادگاش داوای كردووە لەدەستی كەسوكاری شەهیدان دەربازدەكرێت‌وناهێڵن بەردەمی یاسا ببینێت..؟!!  یاران ئەمە چ دیمەنێكی دزێو‌و بەئازاری ئەم هەرێمەیە ..!؟
ئەم هەڵوێستانە بەڕوونی پێمان دەڵێن: هەرچیەك بوون‌و هەرچییەكن، چەندی خوێنتان بۆ ئازادیش دابێ‌، هێشتا بەهای كۆنە موستەشارێكتان نییە، هێشتا كۆنە جاشەكان لەئێوە مەرغوب ترن .
  دەربازكردنی قاسماغاوتارق ڕەمەزان رێك‌و ڕەوان پێیان گوتین: ئەگەر یاساو دادوەریەكیش لەهەرێم هەبێت ئەوە بۆلێپێچینەوەی هەژارەكانی ئەم هەرێمەیە بۆ بۆ قوربانیەكانە هەر وەكو لە دۆسێی (بورهان حەمەخان) دا بینیتان، یاسا بۆ ئەو جۆرەكەسانەیە كەپێیان لەبەڕەكانی خۆیان ڕاكێشا ئەوا بەیاسا قاچیان كورت بكەنەوە، ئەگەر ڕۆژنامە نوسێك، لەسەرئەم هەڵوێستانە‌وسیاسەتەكانی دەسەڵات دەم درێژی كرد ئەوا بەیاسا دەمكوتی بكەین .

————————————–

  – مەفرزە خاصە توندرەفتارترین‌و دزێوترین هێزی پەلامار دەری جاش بوون، كە بەعس وەكو میلیشیایەكی كوردی بەكاری دەهێنان .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.