Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
مامز و زێرەڤانی و سەردەشت

مامز و زێرەڤانی و سەردەشت

Closed
by October 18, 2010 گشتی

لەڕێگەی دۆستێمکەوە ئاگادارکرامەوە، کە لە دوابەرنامەی (  ZOOM IN ) ی کەناڵی تەلەفزیۆنی کوردستان تی ڤی دا، شتێکی سەرسوڕهێنەری بینیوە، ئەویش گرتنی مامز (ئاسک) ێک بووە، لەلایەن هێزەکانی زێرەڤانی پارییەوە، لە کاتی ئاودیوکردنیدا بۆ موسڵ، وە لەبەرنامەکەدا سوپاسی زێرەڤانی پارتی کراوە، بەوەی کە نەیهێشتوە ئەو مازە کوردییە بەرەو ناوچەکانی تری عێڕاق ئاودیوبکرێت.

 مەسەلەی ئەو مامزە ئەوەندە کاریگەریکردبووە سەر دۆستەکەی من، بۆیە داوایلێکردم کە شتێک لەسەر مامزەکە لەدەمی ئەوەوە بنووسم، کە ئایا بە ڕیشی کێ ڕەوایە کە هێزەکانی زێرەڤانی پارتی دیموکرات ئاگای لە مامزێک بیت کە ویستراوە ئاودیوی موسڵ یان هەر جێگەیەکی تری دەرەوەی هەرێم بکرێت ، وە هەوڵی ڕێگەگرتن بدات لە ئاودیوکردنی مامزێک (زێرەڤانی جێگەی دەستخۆشیلێکردنە لەوەی کە نەیانهێشتوە ئەو مامزە ئاودیوبکرێت) ، وە سەرکەوتوش بێت تێیدا، بەڵام هەر هەمان زێرەڤانی (یان ڕاستتر پارتی دیمۆکراتی کوردستان) لە ڕابردویەکی نزیکدا، ئاگای لە فڕاندنی سەردەشت عوسمان بەڕۆژی ڕووناک نەبێت، نەک هەر ئەمە بەڵکو بەناو بازگەکاندا ئاودیوبکرێت و ببرێتە موسڵ؟ دۆستەکەم نەدەچوو نە عەقڵیدا و هەرچەندی دەکرد بۆی هەزمنەدەکرا، کە چۆن ڕێگە لە مامزێک دەگیرێت، کەچی بێئاگان لە سەردەشت؟
لە ڕاستی خۆشم هەر وەک دۆستەکەم ناچێت بە عەقڵمدا، کە حیزبێکی وەک پارتی بەو هەموو کۆنترۆڵەیەوە، بەو هەموو ئیمکانیەت و قودرەتی عەسکەری و ئاژانسی هەواڵگرییەوە، بتوانێت ئاگاداری ئەوە بێت کە هەوڵێک لەئارادایە بۆ ئاودیوکردنی مامزێک، کەچی بێئاگابێت لە پلانداڕشتن و هەوڵدان بۆ فڕاندن و ئاودیوکردنی ڕۆژنامەنووسێک بە ڕۆژی ڕووناک و لە حەرەمی زانکۆدا؟
بۆیە ڕەنگە سادەترین پرسیار ڕوبەڕووی پارتی و هێزی زێرەڤانی پارتی بکرێتەوە، ئەوەبێت، کە ئایا ئەوانیش وەک ئێمە بە عەقڵیاندا ناچێت، کە چۆن بە ئاگان لە ئاودیوکردنی مامزێک و بێئاگان لە ئاودیوکردنی ڕۆژنامەنوسێک، یان قوتابییەک؟ بۆ ئەوەی ڕۆژنامەی ئاوێنە نەدرێت بە دادگا و داوای ملیارێک دیناری لێنەکرێت، ئەوا وەڵامی ئەم پرسیارە جیدەهێڵین بۆ پارتی و هیزەکانی زێرەڤانی.

لە ڕۆژنامەی ئاوێنە ژ ٢٤٤ بڵاوکراوەتەوە

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.