Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مام جەلال؛ وەک کارتێکی سووتاو..!

مام جەلال؛ وەک کارتێکی سووتاو..!

Closed
by September 13, 2013 گشتی

 

 

 

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی تاکی کوردی لە هەرێمی کوردستان  سەربەخۆیی ئابوریی خۆی ناژی و قوتی لەدەست حیزبدایە و ئەوەش وا دەکات؛ دەنگ و ئازادی ھەڵبژاردنیشی لەژێر پرسیاردا بێت، بەڵام هێشتا سندوقەکانی دەنگدان دەتوانن بڕێک لە شەرعییەتی سیاسی ببەخشن کە بە هەموو پێشبیینیەکان؛ ئەمجارە یەکێتی لەو شەرعییەتە مەحروم دەبێ و شکستی لەم هەڵبژاردنەدا حەتمییە.. بە پێی چاوەڕوانی کارناسانی سیاسی؛ یەکێتی بەجۆرێ پاشەکشێ دەکات لە ھێزی یەکەمی سەرەتای نەوەدەکان و ھەڵبژاردنی نیشتیمانی یەکەمەوە دەبێت بە ھێزی چوارەم یان لەباشترین چانسیدا ھێزی سێیەم.. دەرئەنجامی ھەڵەی ستراتیژیی سەرکردایەتی ئەم حیزبە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا بە لەبیرکردنی جەماوەری خۆی و ژیان لەسەر خەیاڵی نوستالوژی و سۆزڕاکێشانی خەڵك بە سەروەری جاران لەوکاتانەی ڕێی بەرھەڵبژاردن دەکەوێت، لە هەڵە زەق و ساکارەکانی ئەم هێزەی ئێمەیە، کە لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا ئیکمالی زانستی سیاسی بووە.

سەرکردایەتی یەکێتی بەدەر لەچەند دڵسۆزێکی ماندووی گومناو، ئەوانی تریان سەرقاڵی بزنس و مامەڵە لەتەک کۆمپانیای زەبەلاح و بەشداری وەرگرتنی برابەشی نەوتن، بەشی دیاری سەرکردە سەربازیەکانیشیان خەریکی تۆقاندن و چاوترساندنی ڕۆژنامەنووسە ئازاو ئازادەکان بوون و لەبیریان کردبوو كە بەو خەمساردییە ئەخلاقییە تەنیا حیزبەکەی خۆیان نــا، بەڵکو خۆویستانە دەستیان ھەیە لە دروستکردنی مێژوویەک کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کەس نا نەوەکانی خۆیان شەرمی لێدەکەن.. بەشێکی ئەو ھەڵڕژاویی و پەرتیییەی ئێستای یەکیتی کە دوای هەڵبژاردن وەک دیوارێکی ڕەق خۆی پێدا دەکێشێت؛ دەرەئەنجامی ململانێی باڵ باڵێن و کوتلە بازییە، کە لە غیابی تاڵەبانییدا زەقتر بۆتەوە و لە لێدوانی دژبەیەک و جیاوازی سەرکردەکانیانەوە تا ھەڵمەتی بانگەشەکردنی کاندیدەکانیان ھاتۆتە خوارێ.

یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا بەتەواوەتی جیابوونەوەی گۆڕانی پێوە دەردەکەوێت، ئەوە لەکاتێدا لیستی ھاوبەشی لەگەڵ پارتی بەسەرکێشێییەک بێ خوێندەوەی دەرئەنجامەکانی لەدەستداوە.  کەرکوک کە تەنیا شاری کوردستانە بێ تاقیكردنەوەی بەخت -بەھۆکاری بابەتی و مێژوویی خۆی- یەکێتی تێیدا سەرکەوتنی ھەیە، ئەمجارە لەبەدبەختی ئەو ناتوانێ بێتە هەڵبژاردنی نیشتیمانیی ئەم هەرێمەوە. وەکوتر لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەهەولێریشەوە یەکێتی کورتھێنانی مسۆگەرە و ھەرچی سلێمانییە چاوەڕوانییەکان و ئاماری ڕاپرسییەکان کارتی پیرۆزباییان داوەتەوە گۆڕان و دەشتی گەرمیانیش دووبارە لەنێوان ئیسلامییەکان و گۆڕاندا لە کێبڕکێدایە.. 

کەیسی تاڵەبانی وەک ئەوەی وەک سەرکردایەتی یەکێتی لە خەیاڵی خۆیدا نەخشەی كێشابوو؛ نەک خزمەت بە دەنگی یەکێتی لە سندوقەکاندا ناکات بەڵکو پاش زیاتر لە نۆ مانگ لە شاردنەوە و بێدەنگکردن لە چارەنووس و ژیان یان مردنی تاڵەبانی جارێکی تر متمانەی جەماوەرەکەی بەخۆی تا ئاستێکی سست و كوشندە لاواز کردووە.

ھەموو پارتێکی سیاسی زیندوو بۆ ئەوەی خۆی نوێبکاتەوە دەبێ بەشکستدا تێپەڕێت.. بە ڕای ئێمە یەکێتی لە پاش ئەم ھەڵبژاردنە دەتوانێ ئۆرگانە دیموکراتیەکانی خۆی لە ڕێكخراوە پیشەییەکان و خوێندکاران و ژنانی کە ئێستا لە تراویلکەداندان باشتر ڕێکبخاتەوە.. بەجۆرێ یەکێتی داھاتوو جا وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی مۆدێرن کە ئەزموونی حوکومداری ھەیە، یان وەک ھێزی سێیەم و کەمینەی بەشدار لەحوکومەتدا، بەھەناسەیەکی نوێوە متمانە دروست بکاتەوە و بەجۆرێ دەستبەرداری پیشەسازی دروستکردنی خەیاڵی ڕابردوو ببێت و وەک هێزێکی سیاسی تازە، جەماوەری نوێ بۆ سەردەمێکی نوێ دروست بکات.. 

یەکێتی دەبێ ئەم شکستە بژی بۆ ئەوەی سەرلەنوێ وەک پارتێکی مینۆريتێت بەڵام نەوعیی لە ساڵانی ئایندەدا گۆڕانی ڕادیکاڵ لە جەوهەر و پەیکەری خۆیدا بکات، وەگەرنا دۆخی ئێستای دۆخی مەرگە.

 

توانا ئەمین

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.