Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ماڵى مردن …. ماڵێك میهرەبان…..داستان بەرزان

ماڵى مردن …. ماڵێك میهرەبان…..داستان بەرزان

Closed
by February 7, 2009 ئەدەب

 ماڵى مردن …. ماڵێك میهرەبان
                                             داستان بەرزان

 لەوىَ كەس وەك ئێرە
 ڕۆژانە نامرىَ و زیندوو ببێتەوە !!
 چونكە لەوڵاتى مردن بە یەك زمان دەدوێین و
 بە یەك زمانیش حەشر دەكرێین و
 نیشتیمانێك دەبێتە دوامەنزڵگەمان
 لەوىَ دیوارەكان لێرە ناچن و
 لوتمان ناشكێنن
 ئەو دەمەى دەمانەوە بدوێین و
 پڕ بەگەروو هاوابكەین:
 خودایە لە عەشقمان خۆشبە
 لەوىَ تیرەكان دڵ و جەستە لەت ناكەن و
 دەتوانین گریان وەك خۆى تەفسیر بكەین و
 عەشق بكەینە خەونێكى دى بۆ گەیشتن بە _ئەو_
 بارانى ئەوىَ هەموو جەستە تەڕ دەكات و
 بە قوڵایى ڕۆحماندا ڕۆدەچىَ و
 لێوڕێژمان دەكات لە كریستاڵى سەوزى ئەوین
 لەوىَ لە وڵاتى مردن
 هەموو شتێ زمانى هەیە
 تابلۆى سەر دیوار …
 پەیكەرى نێو مۆزەخانە و شەقام
 شیعرى نەگوتراوەكان
 ڕۆمان و چیرۆكى بەر قاچ و پێڵاو
 ڕۆژنامە و گۆڤارى نێو چەگمەجە و دۆڵاب
 مۆسیقاى نەبیستراو گۆرانى كوژراو
 هەموو بەیەكەوە دێنە قسە و
 باس لە خۆیان دەكەن و
 ئەوىَ پڕ دەكەن لە ڕەنگ و چریكە و خەیاڵ
 ئەوىَ ماڵێكى ئێجگار ئاوەدانە و
 شەو تا درەنگ كۆڕ و دانیشتمان گەرمە و
 دەتوانین تا سپێدان مەست بین و گۆرانى بڵێن
 ماڵێكى گەلێك میهرەبانە و
 لێدەگەڕىَ شێت شێت یارى بە خۆمان بكەین و
 توڕە نابێت و تەریقمان ناكاتەوە
 ئەوىَ وەك ئێرە نیە …..
 لەوىَ خودا خۆى دێتە قسە و
 گشت فێڵەكانى ژیان بە درۆ دەخاتەوە و
 ئیدى ئێمەش تێدەگەین چ نوكتەیەكە ئێرە
 هیچ….هیچە….ئێرە
 
 
 Dastan.barzan@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.