Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ملت همیشە در صحنە ….. مەجید ساڵح

ملت همیشە در صحنە ….. مەجید ساڵح

Closed
by January 2, 2011 گشتی

“ئەو گەلەی هەمیشە لە گۆڕەپاندایە”؛ ئەوە ئەو وەسفە بوو كە ئیمام خومەینی لەسەرەتای شۆڕشی  ئێراندا، گەلی ئێرانی پێ وەسف دەكرد. بێگومان مەبەستی خومەینی ئەوە نەبوو كە گەلی ئێران هەمیشە لە گۆڕەپانی یاری تۆپی پێدان، بەڵكو مەبەستی ئەوە بوو كە ئەوان هەمیشە لە گۆڕەپانی ململانێ سیاسیەكاندان. بە حەق مێژووی سەد ساڵی ئێرانیش ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە ئەو گەلە گەلێكی زیندوەو لە هەموو ملململانێ سیاسیەكاندا رۆڵی یەكلایكەرەوەی بینیوە، چی لەسەردەمی پاشایەتیداو چی لەم سەردەمەشدا كە پێكدادانێكی توند هەیە لە نێوان هێزە كۆنە پارێزەكان و ریفۆرمخوازەكان.
هەفتەی رابردوو لە شارەكانی سلێمانی و كەلارو خانەقین و كۆیە…. خۆپیشاندان ئەنجامدرا دژی ئیمزاكردنی یاسای خۆپیشاندان لە لایەن سەرۆكی هەرێمەوە. بەڵام بینیمان ژمارەی خۆپیشاندەران ئەوەندە كەم بوون كە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە دەیانبینی بزەخەنەیان دەهات. لەوەش سەیرتر ئەوە بوو ژمارەی ئەو ئیمزایانەی كە لە لایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیەوە رەوانەی لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرابوو نزیكەی 5 هەزار ئیمزا بوو.
كاتێكیش گوێم لە هۆكاری كەمی ژمارەی خۆپیشاندانان دەبوو لە لایەن هەڵسوڕاوانی ئەو خۆپیشاندانانەوە، بیانوی بوونی یاری نێوان عێراق و سوریا و خراپی كەش و هەوا دەهێنرایەوە. لە گەڵ رێزی زۆرم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە بەشداریان لەو خۆپیشاندانانە كردبوو، هەروەها لە گەڵ پێزانینم بۆ ماندوو بونی زۆری گروپی 12/12 كە بە حەق زیندوترین و چالاكترین كەسانی كۆمەڵگاكەمانن، بەڵام بە بۆچونی من كاتی ئەوە هاتوە هەڵوێستەیەك بكەین بەرامبەر بە بەشداری سیاسی لە كۆمەڵگاكەمان. بۆ دەبێ یاریەكی تۆپی پێ, ئەویش لە نێوان دوو وڵاتی داگیركەری كوردستان  گرنگتر بێت لە دژایەتی دەربڕین بۆ یاسایەك كە ئازادیەكانت لێ قەدەغە دەكات؟! بۆ دەبێت ئەو كۆمەڵگایەی كە رۆژێك لە رۆژان ئامادە بوو سینگ بە گولەوە بنێت، بەڵام ئێستا لە باران بترسێت و نەێیت بۆ خۆپیشاندان؟!
بە بۆچونی من ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە, لە مەسەلەیەدا زۆر شەرمنانە مامەڵەی كرد و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بە تەنها كردوەتە پێش قەرەوەڵ و خۆی لە دواوە سەیری كرد. هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان بیانەوێت یان نەیانەوێت بەو پێیەی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوان دژی ئەو یاسایە دەنگیان داوە و لە راگەیاندنەكاندا قسەو باسێكی زۆریان لەسەر كرد، بۆیە دەبێ لە سەر ئاستی جەماوەریش خۆیان و سەركردەكانیان لە پێشی پێشەوەی خۆپیشاندانەكاندا بن.
ئەزمونی ئەم دوایەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەوەمان پێ دەڵێت لەبەر ئەوەی لە خۆپیشاندانەكاندا هەردوو سەركردەی ریفۆرمخواز كەروبی و موسەوی تاوەكو پێش گەمارۆدانیان لە ماڵەكانیان سەرەڕای هەموو شتێك؛ هەمیشە لە پێشی خەڵكەكەوە بوون و هەر ئەوەش وای كرد خۆپیشاندانەكان خۆپیشاندانی ملیونی بن.
نیشانەكان ئەوە دەردەخەن كەوا ململانێی ئایندەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە گەڵ خەڵكدا دەبێت، چونكە ئەوان پێیان وایە تا ئەو كاتەی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا كەمینەن دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان یاساو بڕیار دەركەن و شەرعیەتی زۆرینەی خۆشیان بسەپێنن بە سەر ئۆپۆزسیۆندا. تاقە چارەسەر لەبەردەم ئۆپۆزسیۆن ئەوەیە پشتیوانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بكات و لە دوورەوە رۆڵی تەماشاكەر نەبینێت.
بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت “میلەتێكی هەمیشە در صحنە” دروست بكەین.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.