Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
من ، ئه‌گه‌ر یه‌کێک بومایه‌ له‌ کار به‌ده‌ستان‌! … ئاراس وەلی

من ، ئه‌گه‌ر یه‌کێک بومایه‌ له‌ کار به‌ده‌ستان‌! … ئاراس وەلی

Closed
by February 24, 2011 گشتی

من ئەگەر  مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بومایە، لە هەولێر دەچومە نێو شەپۆلی خۆپیشاندەرانەوە، بۆ پشتیوانی لە گەلانی تونس و میسر و سودان و لیبیا…  بە خێراترین فرۆکە دەهاتمەوە  سلێمانی و پەنجەی ئەوانەم دەبریەوە کە فیشەکیان نا بە منداڵە بینازەکانی نەوەی ڕاپەرینەوە،..
من ئەگەر جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری بومایە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیم دەبەست و  بە یەک ڕستە دەمگووت: من دەست لەکار دەکێشمەوە، پیربووم و پێوستم بەوەیە بەئارامی ئەم چەند ڕۆژەی ژیانم ببەمەسەر…
من ئەگەر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بومایە، یەکەم  کارێک لەدوای خۆپیشاندانەکانی سلێمانی لەیەکەم ڕۆژی دەوامی فەرمیمدا ئەنجامم بدایە ، بریتی بوو لە ئەنجامدانی  ((پرێس کۆنفرانس)) ێک بۆ ئاشکراکردنی دەستلەکارکیشانەوەم. نەک وتاردانی ئینشائی و  <<جەنابی کاک مەسعوود رێزوسلاوی هەیە بۆتان>>
ئەگەر من خەتیب و پیشنوێژی مزگەفتی هەولیر وسلیمانی و دهۆک بومایە، دوعام دەکرد، خوا سەرکردە خەوڵوەکانمان  لەکۆڵبکاتەوە  کەقومار بەچارەنوسمانەوە دەکەن…
ئەگەر من حاکمی گشتی  سلیمانی بومایە، یەکەم کاری ڕۆژی دەوامم دوای خۆپیشاندانەکان، شکاتم  لەسەر هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پارتی و یەکیەتی تۆمار دەکرد…
ئەگەر من وەزیری پێشمەرگە بومایە، لەیەکەم ڕۆژی دوای خوێنڕژتنی ١٧-٢-٢٠١١  دەچومە گۆڕەپانی سلێمانی بەدەنگی بەرز دەمگووت؛ من چیدی نە وەزیرم و نە پیشمەرگە… با کەس بە فەرمانی من لولەی تفەنگی نەکاتە سنگی ئەو گەنجانەی خۆپیشاندان دەکەن …
من ئەگەر خاوەنی کۆمپانیای ئاسیا سێڵ بومایە، کاتژمێرەکانی خۆپیشاندانەکانم  لە ئاسیا سێل دەکردە خۆڕایی، تا کوڕوکچەعاشقەکانی  شاری سێکوچکەی بابان بتوانن  بە مۆبایلەکانیان نامە و دڵەڕوکێ عاشقانەکانیان بۆ یەکتر بنێرن و بیریان لای گیرفانی بەتاڵیان نەبێت…
من ئەگەر سکرتێری گشتی پارتی بومایە. لقی چوارم دەبەخشیە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلیمانی و تا بیکاتە قوتابخانەی دواناوەندی ڕێژوان…
من ئەگەر سکرتێری گشتی یەکیەتی بومایە،  بارەگای مەڵبەندی سلیمانیم دەبەخشیە  بێوەژنانی  ئەنفال تا بیکەنە کارگەی مافوورچنین…
من ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی بزوتنه‌وه‌ی گۆران بومایه‌، یه‌که‌م کارێک له‌دوای دروستبوونی کابینه‌یه‌کی نوێ، نوسینی داوایه‌ک ده‌بوو بۆ حکومه‌تی نوێ ، که‌گردی زه‌رگه‌ته‌ بکرێته‌ په‌یمانگای گه‌شه‌سه‌ند و پیگه‌یاندنی گه‌نجانی کوردستان…
من ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان بومایە سبەینێ بەر لەهەموو کارێک ،  یاسایەکم واژۆ دەکرد کە چیدی بارەگا و چەکداری حیزبی نابیت لەهیچ شارێکدا بوونی هەبێت. ئەوسا  دەستم لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکشاندەوە.
من ئەگەر ئەندام پەرلەمانی کوردستانی بومایە لەبەغدا، بەو هاوکارەم دەگووت: تۆزێ شەرم و شکۆ ئەی ئینسان…
من ئەگەر پارێزگاری سلێمانی بومایە، هەرگیز مەنعەتەجولم نەدەکرد… بۆیەکەم جار مەنعەتەجەولی کوردیم نەدەکردە پرۆژەی بەرێوەبردنی شارەکەم، خۆم و ژن و منداڵەکانم دەچوینە ناو سەرای سلێمانی تۆپی باسکە و جلی وەرزشیم دابەش دەکرد بەسەر منداڵە بێنازەکانی شارەکەمدا…
من ئەگەر سۆرانی مامە حەمەبومایەو ئێستا زیندووبام، جوانترین و پڕبەهاترین ووشەگەلێکم لەسەر ڕێژوان ڕێز دەکرد… بەرانبەر ڕیزە فیشەک …
من ئەگەر هونەرمەندی ناسراوی گەلەکەم بام، هەموو دوانیوەڕوانێک جوانترین و بەسۆزترین ئاوازم بۆ عەشقی  گەنجانی تینوی ئازادی  وڵاتەکەم  لەبەردەرکی سەرادا پڕبەگەروی گریاناویم دەچڕاند…
من ئەگەر کادری سیاسی حیزبی تەقلیدی کوردی بام ، هەرگیز قسەم نەدەکرد…
من ئەگەر ئەندامی پارتی بام ،  هەرگیز هەرگیز بەشدار نەدەبووم لەو هەموو  درۆشاخدارانەی کەناڵەکانی حیزبەکەم بەناوی موقەدەسات و  خوێنی شەهیدان و خیانەت و دەستی دەرەکی و  تێکدانی ئەزموون و شکۆمەندی خەباتی ڕابووردو  مەدرەسەی بارزانییەوە سوکایەتییەتی بە ئینسانبوونم بکرێت ، کوردبوونم وەک تفی موسیبەتی دیلێتیم بەڕوودا بدرێت…
من ئەگەر باوکی یەکێک لەو منداڵە شەهیدانەی بەر لقی چواری پارتی بومایە، کاتێک سەرۆکی پارتی و سەرۆکی هەرێمەکەم تەلەفونی بۆ دەکردم، پێم دەگووت؛ ژمارەکەت بەهەڵە لێداوە… 
من ئەگەر باوکی منداڵێکی برینداری خۆپیشاندانەکانی سلیمانی بومایە ،  نەمدەهێشت سەرۆکی پەرلەمان و حیزب و دەزگا دەسەڵاتدارەکانی وڵاتەکەم سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن… پێم دەگووتن قوربان ئێوە بڕۆن چارەسەرێکی دەردی خۆتان بکەن، واز لە منداڵی زامداری ئێمە بێنن…
من ئەگەر سەرۆک بارزانی بومایە و  ئێستا لە ئیتالیا بومایە دەمپرسی لەوانەی خەڵاتی ئەتلەنتیکی من دەکەن، ئایا چ ئاماریکتان لایە کە چەند منداڵی کورد دەستولاقی بە مینی  ڤاڵمارای ئیتالیای پەڕیوە…
دەمپرسی ئیوە دەزانن چەند هەزار مینی دیکە وەک دوژمنی شاراوە لە هەناوی کێڵگەو یاریگاو دۆڵ و نشێوی ولاتەکەمدا خۆی حەشارداوە، ڕۆژێ لەناکاو جەرگی عاشقێک، لاقی یاریکەرێکی فوتبۆڵ، دەستی جوتیارێکی دروێنەکەر، دەهەژینێ، دەپەرێنی… قوربان من وەک سەرۆکی ولاتێکی بێ نەخشە و بێ ناونیشان، بمبەخشن  من شایستەی خەڵات وەرگرتن نیم، چونکە دوینی لەبەردەمی یەکیک لەبارەگاکانی حزبەکەمدا، یاساکانی جەنگەل بە  عەقڵی ژەنگاویان لوولەی  دەمانچە و تفەنگەکانیان  کردە سنگی ئەو منداڵانەی کە پێیان دەگوترێت نەوەی ڕابوون و ڕاپەڕین…
من ئەگەر نەوەی پێشمەرگە و دراوسییی ماڵە شەهیدانی ئەم ولاتە خۆڵەمیشییە بوایەم. هەرگیز ڕازی نەدەبووم بە سواڵی بەزەیی و پیشینەی شٶڕشگێڕانەی باو وباپیرانم، ببمە حەکەمی ئاشتکردنەوەی دوژمنە تەقلێدییەکانی نەتەوەکەم و بیناکردنی دروستکردنی دەوڵەتێک  بە پشتیوانی کۆنە بەعسیەکان بۆ دژایەتیکردنی  هاوزێد و هاوزمانانەکانم لە بەغدا…
من ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان بام ، هەرگیز باسم لە دیمۆکراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی و گۆڕانکاری نەدەکرد…. هەرگیز و بۆ هەتا هەتایە لە حەسرەتدا  بێدەنگ دەبووم…
من ئەگەر نوسەر و ڕۆشەنبیری گەلەکەم بام، هەرگیز لەبری قەڵەمەکەم ، ئەو تێرمۆلۆژیەم لە ئاخاوتن بەکار نەدەهێنا… هێندە لەخەمی خۆم و خۆم و خۆمدا نوقووم نەدەبووم.

ئاراس وەلی
araswali@hotmail.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.