من له دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه‌دام که ئه‌و جێمبهێڵێ
من هه‌موو ڕۆژێک له دڵه‌ڕاوکێدا ده‌ژیم، تا ڕادده‌ی ئه‌وه‌ی زه‌نده‌قم چووه. بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌و جێمدێڵێ. هه‌موو به‌یانییه‌ک له‌گه‌ڵ ترس‌دا به‌خه‌به‌ر دێم. من ده‌بێ خێرا گوێم له‌و بێ که پێم بڵێ خۆشم ده‌وێی بۆ ئه‌وه‌ی ترسه‌که‌م کۆتایی بێت، ئه‌وه به‌سه بۆ چه‌ند سه‌عاتێک ، ڕه‌نگه تا شه‌و که له کار دێته‌وه ماڵێ. دواتر ده‌مه‌وێ گوێم له‌هه‌مان شت ببێته‌وه دیسان!
ئێمه سێ ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین و ده‌بوایه من هێنده نیگه‌ران نه‌بوومایه، ئێمه گره‌ومان له‌سه‌ر ژیانێکی هاوبه‌ش کردوه‌و وه ئه‌و هه‌موو شتێکی بۆ من کردووه، به‌ڵام ئه‌وه به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو بیرکردنه‌وه گه‌مژانه‌یه‌کانم له سه‌رم بێنه ده‌ری. من هه‌میشه وێنه‌ی شه‌یتانیانه ده‌کێشمه‌وه و ئه‌و ده‌بێ به ووته‌کانی پاکیان بکاته‌وه.
من له دڵه‌راوکێی ئه‌وه‌دام که نه‌کا له‌ده‌ستی بده‌م و ئه‌و حاڵەتە‌شم بۆ چاره ناکرێت، به‌ڵام لێره‌دا ئاوا ناتوانم هێنده پێیه‌وه خه‌ریک بم و به خۆم ده‌ڵێم که من گه‌مژه‌یه‌کی نه‌فره‌تیم. کێ ده‌زانێ؟ ، له‌وانه‌یه ئه‌و ماندوو بێت لێم ، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌میشه پێیه‌وه چه‌سپاوم.
من ده‌بێ ژیر بم، ده‌بێ ، ده‌بێ… من ئه‌وم خۆش ده‌وێ، ئه‌و هه‌موو ژیانی منه، من ژیانم نابێ به‌بێ ئه‌و، من شێت ده‌بم کاتێک ئه‌وم لێ وون بێت،
شێت بوون، بێله‌وه‌ش؟ من ته‌واو شێتم کاتێک له‌گه‌ڵ چه‌نه‌لێدانی خۆم خه‌رێکم، به‌ڵام چۆن ده‌توانم کۆتایی به‌وه بهێنم. – تۆ ده‌بێ له‌گه‌ڵ دوکتۆری ده‌روونی قسه بکه‌ی، هاوڕێیه‌کم ئاوایی پێ گووتم!. به‌ڵی ، له‌وانه‌یه ، به‌ڵام ئایا دوکتۆری ده‌روونی ده‌توانێ واملێبکات وازبهێنم له‌و خووه بێجێیانه‌م؟ نا نا ، نازانم و وا هه‌ست ناکه‌م!، زۆر سه‌خت ده‌بێ له‌به‌ر ئه‌وه من ده‌زانم ئه‌و جۆره دوکتۆرانه ته‌نیا له سۆراغی ڕابردوودا ده‌بن و منیش ئه‌و قۆڕیاته‌م ناوێت، به‌ڵێ! جوان بوو کاتێک گه‌وره بووم به‌ڵام من ده‌مه‌وێ ئه‌وه له‌بیرکه‌م، من ده‌مه‌وێ هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه بنێم، ده‌مه‌وێ خۆشه‌ویستی بده‌م و خۆشه‌ویستی وه‌رگرمه‌وه، نامه‌وێ ئه‌و جوانی یه‌ی هه‌مه تێکی بده‌م.
وه‌ک سه‌ره‌تا ئاماژه‌م پێ‌کرد ،ئێمه سێ ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین،” تۆم ” باشترین شته که له‌هه‌موو ژیانی مندا په‌یدابووه، من وه‌ختێک بۆ یه‌که‌مین جار ئه‌وم بینی وەزعم زۆر باش نه‌بوو، ده‌چوومه ده‌ره‌وه، به ویستی خۆم ده‌خولامه‌وه، له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا کۆده‌بووینه‌وه‌و پێکه‌وه ئاهه‌نگی شه‌وانه‌مان ساز ده‌کردو ده‌مانخوارده‌وه، جار جار کوڕێکم بۆ ته‌نیا شه‌وێک ده‌هێنایه‌وه ماڵێ، ئاوا ده‌مگوزه‌راند! هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه هه‌ندێک سات خۆش بوو به‌ڵام دواتر دژوار ده‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ست لێهه‌ڵگرتنی زۆر سه‌خت بوو. به‌هه‌ر حاڵ ئه‌وه جۆشوخرۆشێکیش بووکه بتوانی یه‌کێک ڕاو بکه‌ی به‌بێ زه‌حمه‌ت.
من بۆ یه‌که‌مین جار ” تۆم ” م له نۆبه‌ی کڕینی سانده‌ویچدا له سه‌عات چوار‌و نیوی به‌ره به‌یانیدا بینی، مەست بووم، ده‌مویست رێک ڕاوه‌ستم به‌ڵام پارسه‌نگم تێک ده‌چوو، ئه‌و له‌پشت من ڕاوه‌ستا بوو‌و گرتمی.
لێی پرسیم له‌کوێ ده‌ژیت؟ واده‌که‌م که بگه‌یه‌وه ماڵێ!
_ئه‌ها کچبازێکی تر! ئاوام هاته به‌رچاو، به‌ڵام ئه‌و وانه‌بوو، ئه‌و له‌گه‌ڵم سواری ته‌کسی بوو تا به‌رده‌رگای ماڵه‌که‌م، له‌گه‌ڵم هاته ژورێ و گوتی خۆش ده‌بێ که بتوانین جارێکی‌تر یه‌کتری ببینینه‌وه؟، ئیدی ڕۆیی!
به‌یانی سه‌عات یه‌کی نیوه‌ڕۆ له‌گه‌ڵ سه‌رئێشه‌یه‌کی قورس به‌خه‌به‌ر هاتم، کاتێک چووم بۆ حه‌مام بینیم پارچه کاغه‌زێکی له‌سه‌ر ئاوێنه‌که جێهێشتووه و لێی نوسیبوو تەلەفۆنم بۆ بکه، له پارچە کاغه‌زه‌که‌دا ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی خۆی نوسیبوو.
چه‌ند سه‌عاتێک دواتر که کافه‌و نانی به‌یانیم خوارد، ده‌ستمدایه ته‌له‌فۆنکردن.
ئه‌و قا قا پێکه‌نی که گوێی له ده‌نگی من بوو، زۆر سوپاسیم کرد بۆ ئه‌وه‌ی که دوێ شه‌و یارمەتی دام و منی گه‌یانده‌وه ماڵێ. ئه‌و کاته ئه‌و گوتی که ده‌یه‌وێ بمبینێ ! بیرم کرده‌وه که زۆر باشه، بۆچی نا؟، پێشنیارم کرد که‌چه‌ند ڕۆژێکی‌تر پێکه‌وه له‌ناو شار بچینه کافتریایه‌ک دانیشین
ئێواره‌ی چوارشه‌مه بوو له کافتریایه‌ک تا ده‌می دوکان داخستن دانیشتین، زۆرمان قسه کرد، قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ” تۆم ” دا زۆر خۆش بوو، وه‌ختێک ویستمان لێک‌جیا ببینه‌وه‌و هه‌ریه‌که بڕواته‌وه ماڵی خؤی ئه‌و ماچێکی له ڕومه‌تم کرد و گوتی به ڕاستی تۆ ئه‌و که‌سه پەسەنده‌ی که من بیرم لێکردویه‌تەوه کاتێک شه‌وی شه‌ممه‌ی ڕابردوو بینیمی. دواتر پیێگوتم که تۆ زۆر جوانی و به‌وپه‌ڕی خۆشییه‌وه ده‌یه‌وێ پێکه‌وه بچین نانی ئێواره‌ش پێکه‌وه بخۆین.
ئه‌و خواردنه‌یان که‌مێک باشتر بوو له‌و سانده‌ویچه‌ی لای سانده‌ویچ فرۆشییە‌که، که جاری یەکەم یه‌کتریمان لێ بینی! دوای نانخواردن که‌وتینه ماچکردنی یەکتری و ته‌کسی گرتن بۆ ماڵەوە وته‌واو سه‌رشێتانه ده‌ستکردن به سێکسکردن. من ڕاهاتبوم له‌گه‌ڵ کوڕان که له کاتی سێکسدا ته‌نیا له فکری خۆیاندان به‌ڵام ” تۆم ” هه‌موو شتێکی کرد تا من ته‌واو بم و بگەمە ئۆرگازم و له‌ززه‌ت بچێژم . دواتر ئه‌وه ئێمه‌ین پێکه‌وه جوته هاوسه‌ر! ، من ئه‌وم خۆشده‌وێ .
ئێمه ته‌نیا شه‌ش مانگ دۆستی یه‌کتر بوین دواتر بڕیارمان دا پێکه‌وه بژین، جددیاتی ته‌واو هه‌بوو له نێوان ئێمه‌دا به‌ڵام له‌گه‌ڵ ترسێکی جددیشدا. من ده‌ستم کرد به بیرکردنه‌وه که ئێستا جوانترین کوڕی دونیا هی منه، ئایا که ئێستا ئه‌و واز له من بهێنێ چیم به‌سه‌ر دێت؟
هه‌وڵمداوه ئه‌و فکرانه له سه‌رم فڕێده‌م به‌ڵام ناتوانم.
من به تۆمم گوتوه که من ده‌ترسم که تۆ بڕۆی و وون بی له ژیانمدا به‌ڵام ئه‌و دڵنیای کردومه‌وه که منی خۆشده‌وێ و هەرگیز جێم ناهێڵێ!
_ ئه‌و هه‌میشه ئاوا ده‌ڵێ ” من ده‌مه‌وێ هه‌میشه له‌گه‌ڵ تۆ بم چونکه من تۆم زۆر خۆش ده‌وێ” به‌ڵام ئه‌وه کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی نی یه و من زۆر ده‌ترسم. ته‌نیا له‌گه‌ڵ ” تۆم ” دا حاڵم باشه و له دڵنیایی و ئاسودەیدا ده‌ژیم و کاتێک که ئه‌و جێمدێڵێ پێمخۆشه هه‌موو شتێک تێکبشکێنم.
ئایا به‌هانه‌یه‌کی ترم هه‌یه تا بترسم؟ نه‌خێر، ته‌نانه‌ت ئێمه ده‌مه‌قاڵه‌یه‌کیشمان نه‌بووه، که‌واته ئه‌وه ته‌نیا جانه‌وه‌ری خۆفی ناوەوەی منه که هه‌موو شتێکی خراپ و به‌د بۆ من وه‌گه‌ڕ ده‌خات.
نوسینی کاتتی
سه‌رچاوه له گۆڤاری
Hänt extra
Nr 22
وه‌رگێڕانی له سویدی یه‌وه
کازم بیتوێنی