Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
من و زه‌عیم ……. گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

من و زه‌عیم ……. گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی

Closed
by July 12, 2008 گشتی

 
 ئاشنا بوونم به‌ زه‌عیم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌مه‌ی، بۆ یه‌که‌مجار وێنه‌ گه‌وره‌که‌یم به‌ ڕووپه‌ڕی دیواره‌ گڵینه‌که‌‌مانه‌وه بینی. وێنه‌که‌ به‌شێوازێکی ناڕێک، به‌ بزماری که‌وش و پارچه‌مقه‌با به‌ نێوه‌ندی  یه‌کێک له‌‌ دیواره‌کانی  ژوره‌که‌مانه‌وه‌ چه‌سپکرا بوو.
 به‌ر له‌و مێژوه‌ دیواره‌کانی ماڵمان، که‌ ته‌نها دوو ژوور بوو، هیچ جۆره‌ وێنه‌ و تابلۆیه‌کی پێوه‌ نه‌ده‌بینرا.
 به‌ سمێڵی ته‌نک و باریک و سیداره‌ی درێژ و پۆشاکه‌ سه‌ربازیه‌که‌یه‌وه ڕۆژانه‌ چه‌ندین جار خۆی نمایش ده‌کرد و جاروباریش بزه‌ی بۆ منی منداڵ فڕێ ده‌دا.
  په‌یدابوونی ناکاوی به‌ دیواره‌که‌مانه‌وه‌ بۆ من مایه‌ی پرسیار و سه‌رسوورمان بوو،  بۆیه‌ ڕۆژێک له‌ دایکمم پرسیی:
 _ دایه‌ ئه‌و پیاوه‌ کییه‌؟
 له‌گه‌ڵ پرسیاره‌که‌مدا ئاماژه‌م بۆ وێنه‌که‌ کرد. ئه‌ویش گوتی:
 _ کوڕم ئه‌وه‌ زه‌عیمه‌.
 ¬_ زه‌عیم کێیه‌ ‌؟
 _ سه‌رۆکی حوکومه‌ته‌.
 _ حوکومه‌ت چیه‌؟
 _ حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ معاش به‌ باوکت و به‌خه‌ڵکی تریش ده‌دات.
 _ یانی گه‌وره‌یه‌؟
 _ به‌ڵێ، گه‌وره‌مانه‌.
 _ ده‌توانێت چی دیکه‌ش بکات؟
 _ یارمه‌تیی هه‌ژاران ده‌دات، دژی ده‌ره‌به‌گیشه‌.
 _ ده‌ره‌به‌گ چیه‌؟
 _ ئه‌وانه‌ن، که‌ زوڵم له‌ جوتیار‌ان ده‌که‌ن و لێیان ده‌ده‌ن.
 _ ئه‌وانه‌ی تانجیه‌ زۆره‌کانیان هه‌یه‌؟
 _ …………
 _ یانی زۆر ئازایه‌؟
 _ …………
 دایکم بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی دوا دوو پرسیارم بداته‌وه‌، کۆتایی به‌ دیالۆگه‌که‌ هێنا و به‌ته‌نها به‌رامبه‌ر به‌ وێنه‌که‌ جێی هێشتم، منیش که‌مێک له‌ وێنه‌که‌ ڕامام و بۆ یاری له‌ماڵ وه‌رده‌رکه‌وتم.
 
 له‌ کۆڵان له‌سه‌روه‌ختی گه‌مه‌دا بیرم هه‌ر لای ئه‌و میوانه‌ نوێیه‌ بوو، ئاره‌زووم ده‌کرد پتر شت له‌باره‌یه‌وه‌ بزانم و زیاتر لێی نزیک ببمه‌وه‌، پڕ به‌دڵ حه‌زم به‌ هاوڕێیه‌تیی ده‌کرد.
 زۆری نه‌برد زه‌عیمم به‌ برداره‌کانم حه‌مید، نه‌به‌ز و ڕزگار ناساند.
 ئیدی له‌وده‌مه‌وه‌ ئیشوکاری ئێمه‌ی منداڵ  پیاهه‌ڵدان بوو به‌ باڵا و توانای زه‌عیمدا.
 که‌سمان  ناکۆک نه‌بووین له ‌ئاستی توانا خارقه‌کانی زه‌عیمدا. خۆمان بۆ خۆمان کردمانه‌ سوپه‌رمان و ڕازییش نه‌بووین که‌س له‌و به‌تواناتر بێت.
 _ کوڕینه‌ کێ ده‌ستی ده‌گاته‌ ڕیزه‌ په‌رژینی ئه‌وبه‌ری باخجه‌که‌ ؟
 به‌ کۆ وه‌ڵام ده‌درایه‌وه‌:
 _ زه‌عیم.
 _ کێ ده‌توانیت به‌سه‌ر شیشه ‌باریکه‌کانی په‌رژینی ئه‌م باخچه‌یه‌دا ڕابکات و نه‌که‌وێت؟
 دیسان وه‌ڵام زه‌عیم بوو.
 _ باشه‌ کێ ده‌توانێت به‌رمیلێک ئاو بخواته‌وه‌؟
 ¬_ زه‌عیم.
 کێ ده‌توانێت وه‌ک حاجی له‌قله‌قه‌کانی سه‌ر ستوونی کاره‌باکه ‌بفڕێت؟
 _ زه‌عیم.
 چه‌ندین پرسیاری له‌م جۆره،‌ که‌ زاده‌ی هه‌ست و ئاوه‌زی منداڵیی بوون، له‌لایه‌ن  منه‌وه‌ یا هاورێیانی دیکه‌وه‌ ئاراسته‌ی یه‌کترمان ده‌کرد.
 وێڕای ئه‌و ئه‌رکه‌ زۆر و ژیانه‌ قه‌ره‌باڵغه‌ی زه‌عیم، بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆی بزانیت ئێمه‌ش کۆمه‌ڵێک ئه‌رکمان پێ سپاردبوو. داوامان لێ ده‌کرد له‌بری ئێمه‌ له‌و منداڵانه‌ بدات، که‌ له‌ خۆمان به‌ته‌مه‌نتر بوون و گه‌مه‌کانیان لێ تێک ده‌داین، یان له‌یستۆکه‌کانیان لێ ده‌ستاندین. داوامان لێ ده‌کرد ڕۆژ درێژتر بکات و تاریکی دانه‌یه‌ت، تا پتر گه‌مه‌ بکه‌ین.
 وا تێده‌گه‌یشتم،  که‌ زه‌عیم ته‌نها میوانی ئێمه‌یه‌، ئه‌مه‌ش جۆرێک له‌ خۆشحاڵیی پێ ده‌به‌خشیم و خۆشم پێوه‌ هه‌ڵده‌کێشا، لێ بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ براده‌ره‌کانیشم هه‌مان وێنه‌یان له‌ ماڵه‌وه‌ هه‌یه‌، بگره‌ باوکی یه‌کێکیان پتر گرنگیی پێدا بوو، به‌وه‌ی له‌ شوشه‌ی گرتبوو و‌ به‌ په‌تێک به‌ دیواردا هه‌ڵیواسی بوو. تا ماوه‌یه‌ک ئه‌مه‌ نیگه‌رانی کردم و که‌مێکیش له‌ زه‌عیم زویر بووم، که‌ لۆ بووه‌ته‌ میوانی خه‌ڵکانی دیکه‌ش‌، لێ پاشان به‌ خۆمم گوت گه‌ر ئه‌وانیش وه‌ک من خۆشیان بوێت، بۆ ئه‌و مافه‌یان نه‌بێت میواندارییان بکات؟
 کاتێک له‌ قوتابخانه‌ وه‌رگیرام، نه‌ده‌چووه‌ ئه‌قڵمه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕۆژی یه‌که‌مدا، ‌ له‌وێش بیبینم. ئای که‌ شاگه‌شکه ‌بووم..!! ده‌مێک کتێب و ده‌فته‌ریان به‌سه‌رماندا دابه‌شکرد له‌ به‌رگی یه‌که‌می ده‌فته‌ره‌کاندا، که‌ پێیان ده‌گووت 30 لاپه‌ره‌یی دیتم زه‌عیم له‌سه‌ر مێزه‌که‌مه‌ و  پێم ده‌ڵێت: (ها ئه‌وه‌تا له‌ قوتابخانه‌ش یاوه‌رتم).
 پاش نووسینه‌وه‌ی هه‌ر چه‌ند دێڕێک له‌ (دارا دوو داری دی) له‌ ده‌فته‌ره‌که‌مدا، خێرا سه‌یرێکی به‌رگه‌که‌یم ده‌کرد، تا له‌ مانه‌وه‌ی زه‌عیم دڵنیا بم.
 به‌یانییان له‌ گۆره‌پانی قوتابخانه‌دا له‌ کاتی (سڵاو له‌ ئاڵا)دا، بۆ یه‌که‌مجار گوێم له‌و سرووده‌ بوو، که‌ بۆ زه‌عیمیان ده‌چڕی.
 عه‌بدولکه‌ریم ئه‌ی پاڵه‌وانه‌که‌م
 پێشه‌نگی قافڵه‌ی نیشتمانه‌که‌م.
 
 ئێمه‌ی زارۆکیش له‌به‌رئه‌وه‌ی سرووده‌که‌مان له‌به‌ر نه‌بوو، سه‌ره‌تا  هه‌ر گوێمان ده‌گرت، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک ئێمه‌ش له‌به‌رمان کرد و له‌ته‌ک گه‌وره‌کاندا ده‌مانگوته‌وه‌.
 هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ بۆم ده‌رکه‌وت، زه‌عیم ناوێکی تریشی هه‌یه،‌ که  پێشتر جاروبار  له ‌ده‌می گه‌وره‌کانم ده‌بیست، ئه‌ویش‌ عه‌بدولکه‌ریمه‌، لێ من هه‌ر به‌زه‌عیم ناسیبووم، حه‌زیشم ده‌کرد هه‌ر به‌و ناوه‌ بانگی بکه‌م. به‌یانییان، که‌ ئه‌و سروودانه‌مان ده‌گوت، وا هه‌ستم ده‌کرد  هه‌موو دونیا هی منه‌. هه‌ر ئه‌و کاته‌ش‌ بۆم ده‌رکه‌وت،‌ زه‌عیم  زۆر له‌وه‌ خۆشه‌ویستره‌، که‌ من هه‌ستم پێ کردبوو. ئه‌ی ئه‌وه‌ نیه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ک گۆرانیی بۆ ده‌ڵێن.
 
 له ‌قوتابخانه‌ له‌دوای وانه‌ی سێیه‌م، که‌ پێیان ده‌گوت پشووی گه‌وره‌، خواردنیان به‌سه‌رماندا دابه‌ش ده‌کرد، که ‌بریتی بوو له‌ هێلکه‌ی کوڵاو، په‌نیر، نان، نۆکی کوڵاو، شیر، سه‌وزه‌. جۆرێک له‌ ڤیتامین که‌ پێیان ده‌وت حه‌بی ماسی.
 هه‌موو ڕۆژێک تێر خواردنیان ده‌کردین. شیره‌که‌ هێنده‌ زۆر بوو، به‌زۆر  ده‌رخواردیان ده‌داین. دووباره ‌و سێباره به‌سه‌رماندا‌ دابه‌شیان ده‌کرده‌وه‌. هه‌موومان ڕه‌نگوڕوومان گه‌شابوویه‌وه‌، له‌‌ به‌دخۆراکی ڕزگارمان بووبوو.‌
 دیسان له‌مه‌شدا په‌نام بۆ دایکم برد بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م لو‌غزه‌:
 _ دایه‌ ئه‌مڕۆ، که‌ خواردنیان داینێ، یه‌کێک له‌ فه‌ڕاشه‌کان  له‌ کاتی دابه‌شکردنی خواردنه‌که‌دا گوتی خوایه‌ زه‌عیممان بۆ بهێڵی بۆ ئه‌و خواردنه‌ی، که‌ ده‌یداته ‌ئه‌م منداڵه‌ هه‌ژارانه‌.
 – بۆچی ئه‌مه‌ش هی زه‌عیمه؟
 _ به‌ڵی کوڕم ئه‌وه‌ش زه‌عیم وتوویه‌تی بیده‌ن به‌ منداڵان، چونکه‌ ده‌زانێت منداڵی هه‌ژار زۆره ‌و ناتوانن خواردنی باش بخۆن.
 _ ئه‌ی بۆ خۆی نایه‌ت بمانداتی؟
 _ ئاخر خۆی ئیشی زۆره ‌و لێره‌ش نیه‌.
 _ ئه‌ی له‌کۆیه‌؟
 _ له‌ به‌غدایه‌، زۆر دووره‌.
 که‌ له‌ قوتابخانه‌ به‌ر ده‌بووم، به‌ گه‌یشتنم بۆ ماڵ جانتاکه‌م ده‌کرده‌وه‌، که‌ له‌ شێوه‌ی توره‌که‌یه‌کدا دایکم له‌ خام بۆی دووری بووم، ده‌فته‌ر و کتێبه‌کانم ده‌رده‌هێنا و سه‌یرێکی زه‌عیمم ده‌کرد، سوپاس و پێزانینی خۆمم پێ ڕاده‌گه‌یاند بۆ ئه‌و خواردنه‌ خۆشانه‌ی ده‌مانداتێ. پاشان ده‌که‌وتمه‌ ‌نووسیه‌وه‌ی وه‌زیفه‌کانم‌.
 تا ماوه‌یه‌کی زۆر زه‌عیم تاکه‌ که‌س بوو، که‌ ڕووبه‌ری دیواره‌که‌مانی داگیر کردبوو، نه‌ له‌ملای و نه‌ له‌ولای، نه ‌له‌ سه‌ر و نه‌ له‌ خوار که‌س بۆی نه‌بوو بوونی هه‌بیت، لێ پاش به‌ینێک دیتم چه‌ند میوانێکی دیکه‌ له‌ملا و له‌ولایه‌وه‌ په‌یدابوون. نه‌مده‌توانی ئه‌م گۆڕانکاریه‌ قه‌بوڵ بکه‌م، چونکه‌ ئاره‌زووم ده‌کرد هه‌ر خۆی زه‌عیمی دیواره‌که ‌بیت.
 هه‌روه‌ک چۆن له‌ په‌یدابوونی ئه‌و میوانه‌ نوێیانه‌دا هیچ ڕۆڵێکم نه‌بوو هه‌ر واش‌ له‌ ده‌رکردنیشیاندا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکم نه‌بوو.
 به‌ڵام به‌وه‌ قه‌ناعه‌تم هێنا، که ‌مادام زه‌عیم ڕازییه ‌و هه‌ڵوێستی دژیان نیه،‌ ئیدی من بۆ خۆم سه‌غڵه‌ت بکه‌م؟ بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ ئه‌و میوانانه‌دا، هه‌موویانم کردنه‌ شاگردی زه‌عیم. فه‌هد، سه‌لام عادل، خرۆشۆف، لینین، خالید به‌گداش، ئه‌مانه‌ هه‌موو له‌ خزمه‌تی زه‌عیمدا بوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی  پله‌وپایه‌ی هیچ کام له‌و میوانه‌ نوێیانه‌م نه‌ده‌زانی، که‌ گوایه‌ ئازاو پیاوچاکن یا خراپن، به‌ڵام من هه‌ر زه‌عیمم به‌ گه‌وره‌ی هه‌موویان داده‌نا. هه‌ر جارێکیش وێنه‌کانی قه‌د دیواره‌که‌ نیگای بدزیمایه‌، ئه‌وه‌ ته‌نها فۆکۆسی چاوم له‌سه‌ر وێنه‌که‌ی زه‌عیم بوو.
 شه‌وانیش تا خه‌و ده‌یبردمه‌وه‌، هه‌ر چاوم له‌ وێنه‌که‌ی زه‌عیم بوو  ئه‌ویش به‌رده‌وام ته‌ماشای ده‌کردم.
 ئه‌م دۆستایه‌تیه‌ی من و زه‌عیم وه‌ک خۆی نه‌مایه‌وه‌، پاش چه‌ند ساڵیک که‌لێنی تێکه‌وت، هۆکاره‌که‌شی زه‌عیم  بوو نه‌ک من. راسته‌ زه‌عیم کتێب و ده‌فته‌ر و خواردن و خواره‌دنه‌وه‌ و مووچه‌ی ده‌داینێ، لێ جاروبار‌  فڕۆکه‌ی جه‌نگییشی بۆ ده‌ناردین. بۆ یه‌کمجار له ‌ژیانمدا فڕۆکه‌ی جه‌نگییم به‌ ئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ بینی، که‌ چه‌ند خاڵیکی ده‌ورووبه‌ری شاریان بۆردوومان کرد، وه‌ک زارۆکێک ترسێکی مه‌زن سه‌رتاپای داگیر کردم. ده‌نگی ئه‌و فڕۆکه‌ جه‌نگییانه‌ تا بڵیی ترسناک بوون، به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ی منداڵ.
 تائێستاس تێناگه‌م هۆی ناردنی ئه‌و فڕۆکانه‌ بۆ باژێره‌که‌مان چ سوودێکی بۆ زه‌عیم هه‌بوو، یا چ ئامانجێکی پێکا. به‌دوای ئه‌و مێژوه‌وه‌ ئیدی فڕۆکه‌ی جه‌نگییم  به‌ ئاسمانی  باژێڕه‌که‌مانه‌وه‌ نه‌دیت، بۆیه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕه‌وینه‌وه‌ی ترس له‌ فڕۆکه‌کانی زه‌عیم، چی دیکه‌ خۆم له‌گه‌ڵی به‌ زویر نه‌ده‌زانی.
 په‌یوه‌ندیه‌که‌مان له‌ هه‌ڵبه‌زودابه‌ز دابوو، گه‌ر کاری چاکی بکردایه‌، ئه‌وا په‌یوه‌ندییه‌که‌مان ڕووی له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌کرد، خۆگه‌ر خراپه‌ی‌ بکردایه‌ وه‌ک له‌ ده‌می گه‌وره‌کانه‌وه‌ جاروبار ده‌مبیست، ئه‌وا به‌ره‌و خوار ده‌هات، لێ هه‌رگیز نه‌ده‌گه‌شته‌ ئاستی دابڕان و دژایه‌تی.
 ده‌مێک کوده‌تا شومه‌که‌ی به‌عس به‌رپا بوو، ئاوه‌زم گه‌شه‌ی کردبوو، باشتر له‌ شته‌کان ده‌گه‌شتم، وه‌بیرم دیت چه‌ندکه‌سێک له‌ ماڵمان له‌ ده‌وری ڕادیۆکه‌مان، که‌ به ‌وزه‌ی دوو  پاتریی مه‌زن کاری ده‌کرد، کۆببونه‌وه‌، له‌ سیمایاندا ئاماژه‌ی ناخۆشی و ترسم ده‌خوێنده‌وه‌، ناڕازی و بێزاری سه‌رتاپای داگیر کردبوون. ده‌مزانی شتێکی ناخۆش ڕووی داوه‌، لێ هه‌رگیز نه‌ده‌چووه‌ ئه‌قڵمه‌وه‌، که‌ زه‌عیمه‌که‌ی براده‌رم  کوژرابێت.
 پاش چه‌ند ڕۆژێک دۆخه‌که‌ پتر ڕوون بوویه‌وه‌، ئه‌وسا بۆم ده‌رکه‌وت، که‌ زه‌عیم کوژراوه ‌و حوکومه‌ته‌که‌شی نه‌ماوه‌، له‌وه‌ش نیگه‌ران بووم، که‌  ئیدی کێ مووچه‌ی باوکم بدات. ئه‌وه‌ی زۆر گرنگ بوو  به ‌کوشتنی زه‌عیم نه‌یانتوانی خۆشه‌ویستیی ئه‌و له‌ ناخمدا بکوژن.
 به‌ نه‌مانی زه‌عیم زۆر له‌ شته‌ جوانه‌کانیش نه‌مان. کوده‌تاچییه‌کان هه‌موو شتێکیان ناشیرین کرد .
 له‌و ده‌مه‌دا له‌ جه‌ژناندا ئێمه‌ی زارۆک، که‌ به‌ گالیسکه‌ یه‌ک ئه‌سپیه‌کان به‌شاردا ده‌گه‌ڕاین  و گۆرانییمان بۆ جوانیی نیشتمان و خۆشه‌ویستیی زه‌عیم ده‌گوت، دوای کوده‌تاکه‌ له‌ کوردستاندا بۆچوون و سیاسه‌تێکی نوێ هاته‌ کایه‌وه،‌ که‌ ئێمه‌ی منداڵیشی گرته‌وه‌، له‌بری وتنه‌وه‌ی په‌یڤی جوان، که‌ شایانی ئێمه‌ی منداڵ بوو، گه‌وه‌ره‌کان فێریان کردین سووکایه‌تی به‌ مرۆڤه‌ دڵسۆزه‌کان بکه‌ین: (عه‌بدولکه‌ریمی گوێپان، هه‌قی کوردت بۆ فه‌وتان؟).
 سیاسییه‌کانمان وا تێگه‌شتبوون، که‌ کوده‌تاچیه‌کان له‌سه‌ر سینیی زێڕین مافه‌کانمان پێشکه‌ش ده‌که‌ن، لێ زۆر  زوو ڕووخساری پۆخڵی کوده‌تاچیه‌کان ده‌رکه‌وت.
 
 وابزانم من تاکه‌ که‌س بووم، که‌ له‌و کۆراله‌ نه‌شازه‌ی  نێو گالیسکه‌که‌دا به‌شدارییم نه‌کرد و ئیدی ببڕای ببڕ سواری ئه‌و عه‌ره‌بانانه‌ نه‌بوم.
 
  پاش  50 ساڵ به‌سه‌ر شۆڕشه‌که‌تدا تا ئێستاش تۆ کونجێکی گچکه‌ت له‌ دڵما داگیر کردوه‌، که‌ هه‌تا ئێستا که‌س نه‌یتوانیوه‌ جێگه‌ت بگرێته‌وه‌.‌
 
 ‌

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.