مه‌شره‌بی ( نالی ) … دڵشاد عه‌بدوڵڵا
( 1 )
خۆی ده‌ڵێ “مه‌شره‌بی (نالی )گه‌لێ ئابییو ترشه !به‌ڵێ ،موعته‌ریفه خۆی ده‌ڵێ: چا نییه ئه‌تواری من .” ساڵانێكه خولیای شیعره‌كانی نالی _ یم. ئهوخولیایه وایكردووه بیر لهوهبكهمهوه رۆژێك له‌رۆژان دیوانه‌كه‌ی به‌و چه‌شنه بنووسمه‌وه كه‌من تێی گه‌یشتووم. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی دیوانی نالی ـ یان به‌چاپ گه‌یاندووه شاعیر نه‌بوون وكه‌متر زاتی شاعیروشیعرییهتیان له‌لا مه‌به‌ست بووه وزیاتر كاریان بریتیی بووه له‌پاراستن ورزگاركردنی به‌رهه‌می شاعیرلهفهوتان، كه‌دیاره ئه‌م كاره‌ش مایه‌ی ستایش وپێزانینه.
ساڵی1931كوردیی ومهریوانیی یه‌كه‌مجار دیوانی نالییان له‌به‌غداد چاپكرد.ساڵی1948عه‌لی موقبیل له سنه چاپی كرده‌وه، گیوموكریانی ساڵی 1963 له‌هه‌ولێر ومه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ریس وكوڕه‌كانی له1976 له به‌غداد،د.مارف خه‌زنه‌دار له1977 ئه‌ویش هه‌ر له‌به‌غداد، دیوانه‌كه‌یان چاپ كردووه.
جباوازیی زۆر له‌نێوان چاپهكاندا هه‌یه.به‌بۆچوونی زۆربه‌ی نووسه‌ران چاپه‌كه‌ی موده‌ریس سه‌ره‌رای كهموكڕیشی له‌هه‌موو چاپهكان پوخت وگونجاوتره.من له‌و چاپه‌دا پشتم بهچاپه به‌ستووه وكردوومه به‌بناغه بۆ كاره‌كه‌ی خۆم.
من هاتووم شیعره‌كانم به‌شێوه‌یه‌كی نوێ رێكخستووه، پشتم بهریزبهندی حرووفی ئه‌بجه‌دی یا كوردیی نه‌به‌ستووه،به‌ڵكو هه‌وڵم داوه ئه‌زموونی ئه‌و شاعیره بۆ سێ ماوه‌ی ته‌مه‌نی دابه‌ش بكه‌م، یه‌كیان له‌سه‌ره‌تای شیعرنووسینیهوه تا نزیكه‌ی سی وقسوور ساڵی كه‌ده‌كاته واده‌ی نووسینی شیعره‌كه‌ی بۆ مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵانی.به‌گوێره‌ی تاریخی مه‌ردۆخی محه‌مه‌د مه‌ردۆخی كوردوستانی ئه‌و كاته‌ی مه‌ستووره شووی به خوسره‌و خان كردووه (1828 ـ 1829 ) ته‌مه‌نی مه‌ستووره بیست و پێنج ساڵ بووه، ئه‌گه‌ر نالی له 1797 له‌دایك بووبێ ئه‌وه له‌و وه‌خته‌دا سی ساڵان بووه، پێم وایه چه‌ند ساڵێكیش گه‌وره تر بووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی نالی بۆ مه‌ستووره‌ی كچ نووسراوه ( چه‌ند خوێن كه ڕژابێت و چ خوێنی نه‌ڕژابێ ) بۆیه ئه‌وه له مه‌نتیقه‌وه نزیكه كه‌ته‌مه‌نی نالی سی ساڵ بووبێ كه ئه‌و ده‌قه‌ی هۆنیوه‌ته‌وه. ماوه‌ی دووه‌میش له‌وێوه ده‌ست پێده‌كا تا سه‌فه‌ری بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌نزیكه‌ی په‌نجا ساڵان بووه ئه‌گه‌ر ئه‌وه بسه‌لمێنین كه له1946دا وڵاتی جێهێشتووه واتا ماوه‌ی دووه‌می ئه‌زموونه‌كه‌ی بیست ساڵه، سێیه‌میان ئه‌و ماوه‌یه‌ی غه‌ریبی كه‌نزیكه‌ی سی ساڵ یا زیاتر ده‌خاێنێ. شیعرهكانمبهسهر ئه‌و سێ ماوه‌یه دابه‌ش كردوون. ده‌زانم ئه‌وكاره ئێجگار زه‌حمه‌ته زۆریش ماندوو بووم پێیه‌وه،چونكه نهرۆِژوساڵی نووسین به‌سه‌ر شیعره‌كانه‌وه تۆمار كراون نهبۆنهكانیان دیارن جگه له‌وه‌ش هێشتا ده‌قه‌كان به ده‌ستخه‌تی شاعیر دیارنین، بیستوومه كه‌هه‌ندێك ده‌ستنووسی له ئه‌ڵمانیا هه‌یه به‌ڵام هێشتا هه‌ر قسه‌یه . من هاتووم پشتم به‌ده‌قه‌كان خۆیان به‌ستووه بۆساخكردنهوهی كاتی وتنیان و دیاره سوودیشم له‌و تۆسقاڵه زانیاریانه دیوه كه‌هه‌یه. ده‌متوانی له‌ناو ئه‌و دابهشكردنهشدا جارێكی تر قه‌سیده ئهلفییهكان به‌دوای یه‌كه‌وه بنووسم ئینجا ئه‌وانی تر تا ده‌گاته قه‌سیده یائییهكان، به‌ڵام ئه‌وه‌یان پێویست نییه بۆ ئه‌وجۆره كاركردنه‌ی كه‌من مه‌به‌ستمه.
هه‌ندێك لهودهقانهی گفتوگۆیان له‌سه‌ره،به‌راوردم كردوون له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی مه‌سعود محه‌مه‌د و نوسخه‌كانی تری دیوانه‌كه وبهسهلیقهی شیعریی خۆم كامهیانم پێ شیعریی تر بووه وام نووسیوه‌ته‌وه.
هه‌ندێك شیعریش به هیئهوم نه‌زانیوه لهدیوانهكهم نههاویشتوون.ئه‌و تاقه شیعرهعارهبییهشی كه بڵاوبۆته‌وه وبۆ شه‌ریفی مه‌كه‌ی نووسیوه له‌گه‌ڵ شیعره فارسییه‌كانی ئه‌وانیشم نه‌خستووه‌ته ناو دیوانهكهوه، چونكه ویستوومه دیوانی شیعره كوردییه‌كانی بێ.به‌مه‌ش ته‌نیا117 ده‌قێك ماونه‌ته‌وه به‌وه‌شه‌وه كه له‌م دواییه‌دا له‌ناو دیوانه‌كه‌ی( نه‌فعی ) دۆزراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ ده‌قه‌ی كه‌كاتی خۆی محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم له‌كتێبی ( نالی له كڵاوڕۆژنهی شیعره‌كانییه‌وه ) بڵاوی كردوونه‌ته‌وه بخرێته ناو دیوانهكهوه ده‌بێت به 120 ده‌ق.دڵنیام شیعری بزربووی تریشی هه‌ن ڕۆژگار ئه‌گه‌ر غه‌درمان لێ نه‌كا ده‌بێ بدۆزرێنه‌وه. له‌شیعره‌كاندا هه‌ندێك وشه‌ی عاره‌بی هه‌ن له‌به‌ر ماناكانیان وه‌كوخۆی به حه‌رفی عاره‌بی هێشتوومه‌ته‌وه ئه‌وانی تر هه‌موویانم هێناوه‌ته سه‌ر ڕێنووسی ئێستا .
ئه‌وه‌ی پێویسته دواجار لهوپبَشهكییهدا باسی بكه‌م ساڵی له‌دایك بوون و كۆچی دوایی نالییه.پێشتر ساڵی له‌دایكبوونی به 1797ی زایین چه‌سپابوو، به‌ڵام ئه‌و ساڵه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌ن وساڵی مردنی یه‌كناگرنه‌وه. نووسه‌ری عه‌ره‌ب محه‌مه‌د ئهلحهزراوی ده‌ڵێ (نیف وپمانین ومئتین والف ) چووه‌ته مه‌ككه، واتا ساڵانی نێوان (1863-1868 )ی زایین. مه‌لا عه‌بدوللای جهلیزادهش ده‌ڵێ، ساڵی (1871-1872) نالییم له‌مه‌ككه دیوه هه‌شتا ساڵێك بووه.هه‌روه‌ها نووسه‌ری عوسمانلی محه‌مه‌د تاهیربۆرسهلی له‌كتێبی “نووسه‌رانی عوسمانلی”دا ده‌ڵێ، نالی 1872 لهحهجهوه هاته‌وه ئه‌سته‌نبوول وساڵی1873كۆچی دوایی كرد.هه‌روه‌ها سدیق بۆرهكهیش له‌كتێبی “مێژووی وێژه‌ی كوردی”دا ده‌ڵێ، دهستنووسێكم لایه ته‌مه‌نی نالی تێدا تۆماركراوه و83 ساڵ ژیاوه.هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی نالی پێش 1797زاببن له‌دایك بووبێ ،هه‌رچه‌نده ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی به‌رایی ژیانی كه‌م تا زۆر كارناكهنه سه‌ر بایۆگرافی ساڵانی دواتر و باقی رووداوه‌كانی ژیانی.ئه‌وه‌ی دیاره له بهرههمهكانبدا ئه‌وه‌یه كه‌ته‌مه‌نێكی درێژ ژیاوه و پیرو كه‌نه‌فت وئیفتاده بووه.
شیعری نالی وه‌كو ئه‌یقونه هه‌تا دێ جوانیی ده‌به‌خشێ ، هه‌تا لێشێ بژار بكرێ جوانتر‌و دڵگیرتر ده‌بێ.
تا ئێره ئه‌و پێشهكییهبوو كه‌بۆ دیوانه‌كه‌یم نووسیووه‌و ئاماده‌م كردووه.بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نی ژیان و ده‌قه‌كانی بوه‌ستم، ئه‌م گۆشه‌یه ده‌كه‌م بهبانێژه بۆئهوسهرنج و تێبینیانه‌ی لهلامدا گه‌ڵاڵه بوون. ده‌زانم ئه‌وكاره ئێجگار گرانه و وادێته به‌رچاو كهبمهوێ ئاوی ده‌ریا به‌په‌رداخ هه‌ڵبگرم، به‌ڵام خۆشه‌ویستیم بۆ به‌رهه‌می ئه‌و شاعیره بۆتهخولیا وعیشق، كه‌ی عاشقی شه‌یدا ده‌پرسێ له‌ئه‌نجامی عه‌شق؟ رێگایهكهو وه‌كو دێوانه گرتوومه گه‌یشتم ئه‌و په‌ڕی به‌خته‌وه‌رم نه‌گه‌یشتم ده‌بمه شه‌هید!به‌هه‌ردوولا هه‌ر قازانجمه.
كه‌بۆ یه‌كه‌مجار دیوانی نالی له‌لایه‌ن كوردیی ومهریوانییهوه چاپكرا پیره‌مێرد له رۆژنامه‌ی( ژیان ) له‌رۆژی چوارده‌ی ئه‌یلوولی نۆسهتوسیویهكدا نووسیوویه‌تی : ته‌قریبه‌ن نه‌وه‌د ساڵ له‌مه‌و پێش، رۆژێكی ره‌نگ زه‌ردی پایز كهشینایی ئاسمان غوبارێكی كهسیف دایپۆشیبوو، لهدهمهدهمی به‌یانیدا پیرێكی سه‌روڕیش سپی ئیفتاده، مێزه‌ربه‌سه‌ر، بهماتومهلوولی، له‌پشت ئه‌سپێكی بهكورتانهوه روو به (وه‌یس ) له‌سوله‌یمانی ده‌رچوو. بهدوایهوهغهیری چه‌ند فه‌قێیه‌كی خانه‌قا نه‌بێت، تهشیعكهرێكی نه‌بوو. ئینجا ده‌نووسێ :له‌پاش ئارشی كۆیه وئیحتیلالی ئه‌م ناوه له‌ته‌ره‌ف رۆمه‌وه وپاش كوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی بهبهكان، دڵی نالی قوبووڵی مانه‌وه‌ی نه‌كرد له‌وڵاته‌كه‌یدا…..ئه‌م چاوی بینینی حهیتهو قهرهبینای رۆمه‌كانی نه‌بوو. ….پێی نا بهدڵیاو خه‌یاڵی (حه‌بیبه) ی خسته ئه‌ولاوه، روو بهمهجهولات، به‌غوربه‌ت سه‌ری نایه‌وه. پاش ئه‌وه‌ی (ئه‌حمه‌د ـ موختار) مهجبووربوو بهتهركی ته‌ختی( به‌به)، نالیش به‌ئاره‌زوو وئیختیاری خۆی تاجی (ملك الشعرا)یی له‌سه‌ری خۆی فڕێ دا ونایه ژێر پێیه‌وه، چونكه له‌نه‌زه‌ر ئه‌ودا موڵكی بێ ته‌خت شاعیری بێ تاجی ئه‌ویست ! دواتر پیره‌مێرد دێته سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌زموونی شیعریی نالی و ده‌نووسێ : ئه‌گه‌ر شیعر به غایه ـ وه‌سیله نا ـ عهد بكرێت وئه‌گه‌ر شیعر عیباره‌ت بێ له سه‌نعه‌تێكی به‌رزی به‌دیعی ..و ئه‌گه‌ر له‌شیعردا ئیبداع شه‌رتێكی ئه‌عزه‌م بێت، بێ گومان نالی گه‌وره‌ترین شاعیری كورده……له نه‌زه‌ر نالی‌دا شیعر ئه‌سڵ وغایهیه، قه‌ت به وه‌سیله‌ی له‌عه‌مه‌ل نه‌هێناوه…..له‌نه‌زه‌ر مندا حه‌تتا حه‌بیبه‌ی مالیاوهش شه‌خسیه‌تێكی حه‌قیقی نه‌بووه ته‌نها ره‌مزێكه نالی كردوویه به واسیته‌ی ئیزهاری دههای شاعیرانه‌ی.تائێره نووسینهشیرینهكهی( پیره‌مێرد) بوو. ناكرێ ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌م نووسینه‌دا هه‌ن به‌جیدی نه‌خوێندرێته‌وه چونكه له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ئه‌ده‌ب وزمانی كوردییه‌وه نووسراوه. ئه‌وجۆره لاواندنهوهگهوارایه هه‌ر لهپیرهمێرد ده‌وه‌شێته‌وه‌و سه‌فه‌ری وا دراماتیكیش هه‌ر له هی نالی ده‌چێ. پیره‌مێرد كه ده‌ڵێ” ته‌قریبه‌ن نه‌وه‌د ساڵ لهمهوپێش ” ئه‌گه‌ر به‌راوردێكی ئه‌و ساڵه بكه‌ین 1931 نه‌وه‌د ساڵ پێشتر ده‌كاته 1841 كه‌وابوو ده‌بێ له‌و ساڵدا نالی وڵاتی جێهێشبێ و ئه‌حمه‌د ـ موختاریش له‌سه‌ر ته‌ختی به‌به نه‌مابێ. كه‌چی ئه‌حمه‌د پاشا ساڵی 1846 یا1848 له‌حوكم لادراوه. ره‌نگه پیره‌مێرد ئه‌و وشه‌ی تهقریبهنهی بۆ ئه‌وه هێنابێته‌وه. پاشان كه‌ده‌ڵێ،” پیرێكی سه‌روڕیش سپی وئیفتاده” وادهگهینێ كه ته‌مه‌نی سه‌روو شه‌ست ساڵی بووبێ، كه‌چی ئه‌گه‌ر ئه‌وه بسه‌لمێنین كه نالی له 1797 له‌دایك بووه، ئه‌و كاته ده‌بێ ته‌مه‌نی گه‌یشتبێته ده‌وروبه‌ری په‌نجا كه ئه‌وه‌ش زووه بۆ پیرو ئیفتادهیی. بۆیه هه‌مدیسان گومان ده‌چێته سه‌ر ساڵی له دایكبوونی كه ره‌نگه زووتر بووه، خۆ ئه‌گه‌ر 1790 له‌دایك بووبێ ئه‌وه ساڵی سه‌فه‌ری ده‌كه‌وێته نزیك شه‌ست و ئه‌وه‌ش نزیكتره لهوهسفهكهی پیره‌مێرده‌وه. ئه‌و سه‌فه‌ره دراماتیكییه هه‌ر كه‌ی بووبێ وبه‌هه‌ر مه‌به‌ستێك بووبێ، بوو به‌سه‌فه‌ری یه‌كجاره‌كی نالی و جێهێشتنی هه‌تاهه‌تایه‌ی وڵات.دواتر پیره‌مێرد ده‌ڵێ، “جگه له چه‌ند فه‌قێیه‌كی خانه‌قا تهشیعكهرێكی نه‌بوو” كه‌وابوو دواجار كه نالی وڵاتی جێهێشتووه له‌خانه‌قا بووه نه‌ك ههرمزگهوتێكی تر، به‌ڵام رسته سهڕهتانییهكه ئه‌وه‌یه كه جگه له‌چه‌ند فه‌قێیه‌ك كه‌سی تری له‌گه‌ڵ نه‌بووه. ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و فه‌زایه گونجاوه كه‌تێیدا ته‌ختی بهبهكان رووخاوه. نالییهك كه كه‌سایه‌تییه‌كی دیار‌و دۆستی ئه‌حمه‌دپاشا بووه چۆن به‌و ته‌رزه به‌ڕێ ده‌كرا بۆده‌ره‌وه‌ی وڵات دیاره پیره‌مێرد باسی حه‌جی نه‌كردووه‌و دیاریش نییه ئه‌و سه‌فه‌ره بۆ شامه یا حه‌ج؟ئه‌گه‌رچی ئه‌م دیمه‌نه‌و جۆری خوداحافیزییهكهو ژماره‌ی كه‌می فه‌قێیه‌كان دیمه‌نێكی تری له‌پشت خۆیدا مه‌ڵاس داوه‌و ده‌كرێ به دیوێكی تردا وا نیشان بدرێ كه جۆرێك لهتۆران ودڵشكانیشی پێوه دیاره.
نامۆیی به‌شێكی دیاره له‌كه‌سایه‌تی نالی ، ئه‌و نامۆبوونه له‌ناوه‌وه‌ی وڵاتیشدا لهدهقانیدا ده‌ركه‌وتوون به‌تایبه‌تیش له بهرانبهردهسهڵاتی شێخ وده‌روێش وسۆفی دا كه‌ئه‌وكاته و تائه‌مڕۆش ئوموری وڵات به‌زۆری به‌ده‌ستی ئه‌وانه‌وه‌یه وهه‌میشه سهرهنێزهن بۆ گیانی هه‌موو داهێنان و تازهبوونهوهیهك، نالیش له‌م رووه‌وه باجی زۆری داوه. ئه‌و نامۆبوونه له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا لای نالی ده‌ركه‌وتووه هه‌تا له‌و كاته‌شدا كه به‌ته‌نیشت كه‌عبه‌وه بووه.” لێم حه‌رامه دانه‌و وئاوی حهماماتی حه‌ره‌م / من كه بازی دیده بازم نه‌ك شه‌واره‌ی ده‌سته‌مۆم ” پێش ئه‌و به‌یته‌ش ده‌ڵێ، ” من له بیت الله ئینشه‌ڵڵا …ده‌ڕۆم”.لایه‌نێكی تر له‌و زانیاریانه‌ی لهنووسینهكهی پیره‌مێرد دا په‌نجه‌ی بۆ درێژ كراوه مه‌كانه‌تی حه‌بیبه‌یه لای نالی كه‌به‌لای پیره‌مێرده‌وه جارێكیان حه‌قیقییه كه‌ده‌ڵێ، خه‌یاڵی حه‌بیبه‌ی خسته‌لاوه،كه‌چی دواتر ده‌ڵێ، شه‌خسییه‌تێكی حه‌قیقی نه‌بووه! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیاره نالی به‌عیشقی حه‌بیبه‌وه ناسراوه وه‌كی چۆن دانتی به بیاتریس و جزیری به سه‌لما و ئه‌راگۆن به ئێلزاو ..تاد.پێم وایه ڕاسته‌قینه‌یی بوونی عیشقی حه‌بیبه بواری گومانی تێدا نییه به‌ڵام ناوه‌كه خوازراوه یا نا ئه‌وه‌یان جێگه‌ی گفتوگۆیه.من بۆ خۆم گومانم نییه كهناوهكه خوازراو بێت، به‌ڵام دلبهرێكی نالی هه‌بووه وتاكۆتایی ژیانیشی هه‌ر له‌دڵ و به‌رهه‌مه‌كانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه.نالی له‌دوا به‌یتی قه‌سیده شامییهكهیدا ده‌ڵێ : حاڵی بكه بهخوفیه: كهئهی یاری سه‌نگ دڵ / (نالی) له‌شه‌وقی تۆیه ده‌نێرێ سه‌لامی دوور. زۆر رێی تێده‌چێ كه‌یاری سه‌نگ دڵ واتا دڵ وه‌كو به‌رد مه‌به‌ستی له حه‌بیبه بووبێت. نازانم ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی شێخ مسته‌فای باوكی كامه‌ران قه‌ره‌داخی كه محه‌مه‌دی مه‌لا كه‌ریم له‌كتێبی (نالی له كڵاوڕۆژنهی شیعره‌كانیه‌وه)بڵاوی كردۆته‌وه چه‌ند فریا ده‌كه‌وێ بۆ ساخكردنهوی راستی كه تێیدا هاتووه” پاش ئه‌وه‌ی نالی دهگاتهئهستهمووڵ وده‌ست ئه‌كا به‌شیعر بڵاوكردنه‌وه…..ته‌نانه‌ت به‌توركیش شیعر ئه‌ڵێ، كه‌سێك هه‌ندێك له‌و شیعره توركییانهی كه‌بۆ (حه‌بیبه)ی وتوون، ئه‌خوێنێته‌وه بۆسوڵتانی عوسمانی. شیعره‌كان كارێكی زۆر له سوڵتان ئه‌كه‌ن .سوڵتان كه به‌رازی دڵدارییه‌كه‌ی نالی و حه‌بیبه ئه‌زانێ زۆر دڵگران ئه‌بێ كه‌وا نالی بهمرادی خۆی نه‌گه‌یشتووه، فه‌رمانێك ده‌رئه‌كا كه‌وا حه‌بیبه له قه‌ره‌داغه‌وه بێنن بۆ ئه‌سته‌مووڵ وماره‌ی ببڕن له‌نالی…..به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت له‌قه‌ره‌داغ ومهلایان وپیاو ماقووڵانی ناوچه‌كه لایان شووره‌یی ئه‌بێ ژنێكی به‌مێرد له‌مێرده‌كه‌ی زه‌وت بكرێ ولهقهرهداغهوه بنێردرێ بۆ ئه‌سته‌مووڵ. بۆیه دێن مه‌زبه‌ته‌یه‌ك رێك ده‌خه‌ن ….ده‌ینێرن بۆ باره‌گای سوڵتان كه‌وا (حه‌بیبه) مردووه. كه‌ئه‌م هه‌واڵه به نالی ئه‌گاته‌وه ده‌ست ئه‌كا به‌دانانی شیعری ناسك بۆ لاواندنه‌وه‌ی حه‌بیبه.”
ماویەتی…..