میلله‌تێكى بێ هونه‌ر !!!….بەشى دووەم و كۆتایى
میلله‌تێكى بێ هونه‌ر !!!
هونه‌رى كوردى له نێوان بوون و نه‌بووندا
رێبوار ره‌زا چوچانى………………………………بەشى دووەم و كۆتایى
به‌ڵام كاتێك دوو هونه‌رمه‌ند به نمونه ده‌هێنینه‌وه وه‌ك "دیارى قه‌ره‌داغى و نه‌ریمان بابان"، كه ئه‌وان هونه‌رمه‌ندن، به پێى ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه باسمانكردن، له هه‌مانكاتدا ناتوانین بڵێین كاره هونه‌رییه‌كانى ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده به‌سه بۆ ئه‌وه‌ى هونه‌رى میلله‌تێك له كه‌م و كوڕییه‌كانى پاساو بدات به ده‌سته‌وه، چونكه خه‌مى گه‌وره‌ى هونه‌ر، خه‌مه ئینسانییه‌كانه‌و نیشاندانى رووى ئینسانییه‌ته، وه‌ك (سیدنى فینكلشتاین) ناوى ده‌نێت" وێنه مرۆڤایه‌تییه‌كان"، (فینكلشتاین) له كتێبه‌كه‌ى خۆیدا كه له باره‌ى ده‌ربڕینى ئه‌ندێشه له موزیكدا نوسیویه‌تى، ده‌ڵێت"میوزیك ده‌ربڕى ژیانى ناخى مرۆڤه، كه ده‌توانرێت ناو بنرێت به (وێنه مرۆڤایه‌تییه‌كان)"، دواتر ده‌ڵێت" ئێستا ده‌توانین بڵێین كه موزیك به یارمه‌تى ئه‌و جۆره له" وێنه مرۆڤایه‌تییه‌كان" یان "رووه‌كان"ى، ئه‌ندێشه‌كانى به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، ئه‌م ئه‌ندێشانه له‌و جۆره ئه‌ندێشانه نین، كه له هه‌ر بابه‌تێكى زانستیدا پێكهێنرابێت، به‌ڵكو بۆچونه‌كان یان ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ى كه ده‌رباره‌ى كۆمه‌ڵگه‌ن پیشان ده‌ده‌ن، كه ژیان له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا چ واتایه‌كى هه‌یه، ئه‌و ئه‌ندێشانه ده‌گرێته‌وه، وه‌ك گۆڕانكارى ده‌سه‌ڵات و حه‌ساسییه‌ت، هوشیارى مرۆڤ له تواناكانى خۆى و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ى، كه هاوكات له‌گه‌ڵ شێوه‌یه‌كى تر‌ى جیهانى ده‌ره‌وه، له چۆنییه‌تى ئازادى ناخى مرۆڤ روو ده‌دات، به‌و رێگه‌یه موزیك له خولقاندنى هه‌ستى كۆمه‌ڵایه‌تى یان هوشیارى تاكه كه‌س، له ژیانى ناوه‌وه‌یى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه، له په‌رده هه‌ڵدانه‌وه له مێژووى ناخى كۆمه‌ڵگه، به هونه‌ره‌كانى تره‌وه ده‌به‌سترێته‌وه، موزیك بێجگه له‌وه‌ى كه ده‌بێته هۆى گه‌شه‌ى هه‌ست و سه‌ربه‌ستى، له‌سه‌ر فێركردن و په‌روه‌رده كردنى نه‌وه‌ى ئێستاش كاریگه‌رى به‌جێده‌هێڵێت". به‌ڵام له كوێدا هونه‌رى كوردى توانیویه‌تى ئه‌ندێشه‌ى مرۆڤ ده‌رببڕێت، بۆ گۆڕانه سیاسییه‌كان، كه‌ى هونه‌رمه‌ندانى ئێمه ئه‌و جورئه‌ته‌یان هه‌بووه قه‌ره‌ى ئه‌و بابه‌تانه بكه‌ون، كه خه‌یاڵى مرۆڤ ئاره‌زووى گۆڕانیان ده‌كات، له ناو هه‌لومه‌رجه سیاسییه‌كاندا( لێره‌دا باس له هونه‌رى شۆڕشگێڕى ناكه‌م، هه‌رچه‌نده من پێموایه ئه‌مه‌ش نابێت ناو بنێین هونه‌ر، چونكه هونه‌ر نابێت هانده‌رى توندوتیژى بێت، ته‌نیا ده‌بێت نیشانده‌رى خه‌مه ئینسانییه‌كان بێت، ده‌نا هونه‌ریش وه‌ك هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى تر، ده‌بێته به‌شێك له به‌رهه‌مهێنانى توندوتیژى، هه‌ركاتێك بوو به به‌شێك له توندوتیژى، ئه‌وا په‌یامه رۆحییه‌كان ون ده‌كات و به دوایى په‌یامێكى تردا وێڵ ده‌بێت، كه لێوانلێوه له ناشیرینى و كاریگه‌رى دانان له‌سه‌ر لایه‌نى ده‌رونى مرۆڤ و مرۆڤ روبه‌ڕوى توندوتیژى ده‌كاته‌وه، ئه‌و كاته هونه‌ریش داده‌ماڵرێت له وه‌زیفه‌كانى خۆى و ناچارى وه‌زیفه‌یه‌ك ده‌كرێت، كه وه‌زیفه‌ى ئه‌و نیه).
موزیكى كوردى له كوێدا بۆته هۆى گه‌شه‌ى هه‌ست و سه‌ربه‌ستى، كه نه‌یتوانیوه به‌م كاره هه‌ستێت و له‌و ئاسته‌دا نه‌بووه كه ئه‌م ئامانجه بپێكێت، ئه‌دى له كوێدا كاریگه‌رى هه‌بووه له‌سه‌ر فێركردن و په‌روه‌رده كردنى نه‌وه‌ى نوێ، كه ئه‌گه‌ر بێت و به‌م پێوه‌رانه‌ى (فینكلشتاین)، له هونه‌رى موزیكى كوردى بڕوانین، ئه‌وا روبه‌ڕوى حاڵه‌تێك ده‌بینه‌وه، كه ره‌شبینمان ده‌كات له به‌رانبه‌ر هونه‌رى كوردیدا، چونكه ده‌مانگه‌یه‌نێته بڕوایه‌ك كه بڵێین، هه‌موو هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌كانى موزیك له كوردستان، به‌ره‌نجامه‌كه‌ى ته‌نها گه‌شتووه به نوزه‌یه‌ك، كه هێمایه بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین، موزیكى كوردى نه‌خۆشه و له لێوارى مه‌رگدایه، ئه‌و نوزه‌ش كه لێى ده‌رده‌چێت، نوزه‌ى مانه‌وه‌ى رۆحێكى كڵۆڵ و نه‌خۆش و كه‌مهێزه، كه هه‌ر چۆنێك بێت ده‌یه‌وێت به ده‌روبه‌ره‌كه‌ى بڵێت، هێشتا ماوم و نه‌مردووم، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته پێمان ده‌ڵێت، موزیكى كوردى نه‌ك تواناى نیه كه گوزارشته‌كانى بشكێنێته‌وه به‌سه‌ر خه‌مه ئینسانییه‌كاندا، به‌ڵكه قودره‌تى ئه‌وه‌شى نیه، خۆى هه‌ستێنێته‌وه و گوزارشت له خۆى بكات، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكى گرفتئامێزه و كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر تێڕوانینمان له‌سه‌ر تواناى خودى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه له‌م بواره‌دا سه‌رقاڵن و، رۆژانه هات و هاوار ده‌كه‌ن به‌سه‌رماندا و باسى كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتى وه‌همى ده‌كه‌ن له‌م بواره‌دا، چونكه تواناى خودى ئه‌و كه‌سانه، ده‌بێته ئاراسته‌كردنى هونه‌ر به‌ره و باشى یان خراپى، دواتر ئایه ئه‌و كه‌سانه‌ى كه سه‌رقاڵى كارى هونه‌رین له كوردستان، ئه‌و وه‌عییه‌یان هه‌یه، له ته‌واوى مانا و په‌یامى هونه‌ر تێبگه‌ن، ئه‌ى ئه‌گه‌ر خاوه‌نى ئه‌و وه‌عییه‌ن، بۆچى حاڵى هونه‌ر، له‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌دا ئه‌وه‌نده شڕه، كه نه‌یتوانیوه خه‌مه ئینسانییه‌كان گوزارشت بكات؟
بۆیه پێویسته لێره‌وه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ى كه ده‌ڵێت، ئایه ئێمه ئه‌و قودره‌ته‌مان هه‌یه، كه نیوه ته‌واو نه‌كراوه‌كه‌ى ئه‌و تابلۆیه‌ى ژیان كه (ڤانكۆخ) ناوى ده‌بات ته‌واو بكه‌ین؟
هونه‌ر به كایه‌یه‌كى فراوان داده‌نرێت، كه سه‌ر به كایه رۆحییه‌كانه، به‌ڵام ئایه په‌یوه‌ندى نێوان هونه‌ر و ره‌هه‌نده‌كانى تر چیه، كه له یه‌كێك له بنه‌ماكانیانه‌وه په‌یوه‌ندى ده‌گرن له‌گه‌ڵ هونه‌ر، بۆ نمونه هونه‌ر و ستاتیكا چ په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌یه و خاڵى هاوبه‌شى نێوانیان چیه، ئایه ده‌شێ ئه‌وه‌ى جوان بێت هونه‌ر بێت، یان ئه‌وه‌ى جوان نییه سه‌ر به ره‌هه‌نده هونه‌رییه‌كان نیه، چونكه ئه‌م گوته‌زایانه زۆرجاران له زارى سه‌رقاڵانى ناو كایه هونه‌رییه‌كانه‌وه ده‌یبیستین له كوردستاندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌چینه لاى (هێربرت رید)، ئه‌و له كتێبه‌كه‌ى خۆى به ناوى (ماناى هونه‌ر) له به‌شى یه‌كه‌میدا كه ته‌رخانكراوه به پێناسه‌ى هونه‌ر و ئه‌و ره‌هه‌ندانه‌ى كه له هونه‌ردا به‌رجه‌سته ده‌بن، له خاڵى چواره‌م كه په‌یوه‌ستى كردووه به جیاوازى هونه‌ر و جوانى، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌م لایه‌نه، (هێربرت رید) له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م خاڵه‌دا باسى ئه‌و به‌هه‌ڵه‌دا چونه ده‌كات، كه له تێڕوانینى زۆرینه‌ى خه‌ڵكدا بۆ ئه‌م بابه‌ته دروست بووه، كه ئه‌و پێیوایه ئه‌و زۆرینه‌یه ته‌نها له هه‌ڵه به‌كار بردنى ئه‌و وشانه‌دا هاوڕان، لێره‌دا مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه كه زۆرجار جوانى به هونه‌ر ده‌شوبهێنرێت، دواتر ده‌ڵێت" ئه‌م به‌یه‌كزانینه‌ى هونه‌ر و جوانى ره‌گى گشت كۆسپێك له هه‌ستكردنماندا ده‌رباره‌ى هونه‌ر به‌دى دێت، تاوه‌كو لاى كه‌سانێكیش كه به‌ڕوویه‌كى گشتى سه‌باره‌ت به كارتێكه‌رى جوانانیناسى هه‌ستیارییه‌كى به هێزیان هه‌یه، ئه‌م گریمانه‌یه له‌و رووه‌وه په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن كه هونه‌ر جوانى نیه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هونه‌ر به‌پێى پێویست جوانى نیه، ئه‌م خاڵه هه‌رچه‌ند دوپات بكه‌مه‌وه و پێى له‌سه‌ر دابگرم، زیاده‌ڕۆیى ناكه‌م و نه‌مكردووه"، دواتر (رید) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌و روانگه‌یانه‌ى كه ده‌توانرێت له رێگه‌یانه‌وه له هونه‌ر بڕوانرێت، وه‌ك روانگه‌ى مێژوویى، واته چییه‌تى هونه‌ر له‌سه‌رده‌مه‌كانى رابردوودا و له روانگه‌ى سۆسیۆلۆژیشه‌وه، واته هونه‌ر له رووى دیارده هه‌نوكه‌ییه‌كانه‌وه له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا چیه، كه له‌م روانگانه‌وه ده‌گاته به‌ره‌نجامێك و ده‌ڵێت"ده‌بینین كه هونه‌ر، چ له رابردوودا و چ له ئێستادا زۆرجار شتێكى نا جوان بووه"، كه‌واته ده‌شێ بپرسین ئایه بۆچى ئێمه تا ئێستا جوانى و هونه‌ر به یه‌ك پایه‌ى هونه‌ر ده‌بینین، له كاتێكدا وه‌ك (رید) ده‌ڵێت" زۆرجار هونه‌ر شتێكى ناجوان بووه".
دواتر ره‌هه‌ندێكى تر كه تا ئێستا كه‌سانى سه‌رقاڵبووى هونه‌ر، نه‌یانتوانیوه باسى لێوه بكه‌ن، ئه‌ویش په‌یوه‌ندى نێوان هونه‌ر و سۆسیۆلۆژیایه، چونكه هونه‌ر سۆسیۆلۆژیا دوو ره‌هه‌ندن كه ئاوێته‌بونێكى سه‌ره‌كى هه‌یه له نێوانیاندا، مادام هونه‌ر زاده‌ى فیكرى مرۆڤه، ده‌بێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵناسیشدا په‌یوه‌ندى هه‌بێت، (ئارنۆڵد هاوزه‌ر) كه هونه‌ر و سۆسیۆلۆژیا پێكه‌وه گرێده‌داته‌وه ده‌ڵێت"وێڕاى سنوردارییه ده‌ره‌كییه‌كان، كۆمه‌ڵناسى هونه‌ر چه‌ند سنوردارییه‌كى ناوه‌كیشى هه‌یه، هونه‌ر به ته‌واوى پاشكۆى فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه"، دواتر ده‌ڵێت" هونه‌ر ده‌توانێت له دوو رێگه‌ى جیاوازه‌وه ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌رببڕێت، ناواخنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ى ده‌توانێت به‌شێوه‌ى دانپێدانانى ئاشكرا-داننان به بیروباوه‌ڕ، ده‌ربڕینى ئاینه‌كان، راگه‌یاندنى راشكاوانه-یان شێوه‌ى ئایدیۆمى په‌تى لێبێت، واته له شێوه‌ى لێكدانه‌وه‌یه‌ك ده‌ربڕینى بۆ بكرێت، كه له ناوه‌رۆكدا به‌رهه‌مگه‌لى به رواڵه‌ت خاڵى له هێما كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بونى هه‌یه، ئه‌م ناوه‌رۆكه ده‌توانێت راشكاوانه لایه‌نگر بێت، یان هه‌ڵگرى یه‌ك ئایدیۆلۆژیى نائاگایانه و نه‌ناسراو بێت"، به‌ڵام بۆچى هونه‌رى كوردى تا ئێستا نه‌یتوانیوه له ره‌هه‌نده سۆسیۆلۆژییه‌كه‌یه‌وه به‌یانى خۆى بكات، له كاتێكدا وه‌ك (ئارنۆڵد) پێیوایه" هونه‌ر به ته‌واوى پاشكۆى فاكته‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه"، بۆیه ده‌توانین بڵێین ئێمه تا ئێستا ته‌نها خاوه‌نى چه‌ند هه‌وڵێكین، بۆ ئه‌وه‌ى هونه‌ر دروست ببێت، ده‌نا هیچ كاتێك به بڕواى من، كورد خاوه‌نى هونه‌ر نه‌بووه، ته‌نها وه‌ك وتم په‌له قاژێ بووه، بۆ ئه‌وه‌ى به داهێنانى هونه‌رى بگات و ئه‌و هه‌وڵه نه‌خۆشانه‌ش، به ناڵه ناڵ ده‌یانه‌وێت بڵێن هێشتا ماوین و نه‌مردووین.
كاتێك فراوانتر له هونه‌ر ده‌ڕوانین و مه‌ودایه‌كى فراوانتر بۆ روانینه‌كانمان فه‌راهه‌م ده‌كه‌ین، وامان لێده‌كات به‌سه‌رسوڕمانه‌وه ئاوڕ له خۆمان و ئه‌و كاته رابردووانه بده‌ینه‌وه، كه ماوه‌یه‌كى دورو درێژه خۆمان ده‌خه‌ڵه‌تێنین به شتێكى نه‌بووه‌وه، كه ئه‌ویش هونه‌رى كوردییه، ئه‌م به‌دبه‌ختییه واى كردووه، كه هه‌مووان باس له هونه‌ر و شاره‌زایى خۆیان له‌و بواره ده‌كه‌ن، به‌و پێیه گه‌شتۆته ئاستێك كه چه‌ند سیمبولێك دروستكراون و كردونیانه‌ته خواوه‌ندى هونه‌رى كوردى و جۆرێك له موقه‌ده‌س بونیان پێبه‌خشراوه، له كاتێكدا ئه‌م هونه‌ره وجودى نیه، ئه‌مه‌ش تێنه‌گه‌شتنه له هونه‌ر، چونكه هیچ كاتێك پیرۆزى له هونه‌ردا جێگه‌ى نابێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م به‌دبه‌ختییه واى كردووه، كه له ئه‌نجامدا كۆمه‌ڵێك عه‌قڵیه‌تى به‌رته‌سك و مایه پوچ سه‌رهه‌ڵبده‌ن، كه تاكه كه‌سێك بكه‌نه سیمبولى هونه‌ر و پێیانوابێت، كه ئیتر ئه‌م كه‌سه هه‌موو شتێكه و ئوستازه و له هه‌موو بواره‌كانى هونه‌ردا شاره‌زایه، كه ئه‌م حاڵه‌ته‌ش له ناو نه‌وه‌ى رابردوودا به دیار ده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌فلاتۆن له به‌رانبه‌ر ئه‌و جۆره تێگه‌شتنانه‌دا ده‌ڵێت" ئه‌گه‌ر كه‌سێك پێمان بڵێ، كه‌سێكم بینى شاره‌زایى هه‌موو هونه‌رێكه، زانیارى له هونه‌ره‌كانى ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ش زیاتره، پێوسته له وه‌ڵامدا پێبڵێن، تۆ كه‌سێكى ده‌به‌نگى و له‌وانه‌یه جادووگه‌ر یان لاساییكه‌ره‌وه‌یه‌ك فریوى دابى و واى لێكردوویت، ئه‌و كه‌سه به زاناى هه‌موو زانسته‌كان دابنێى، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى كه تۆ له نێوان زانین و نه‌زانى و ته‌قلید، هیچ جیاوازییه‌ك نابینینت".
روانین له‌و هونه‌ره نه‌بووه‌ى كورد، ناچارمان ده‌كات ئیدى خۆمان نه‌خه‌ڵه‌تێنین و به سه‌رقاڵانى ئه‌و بواره بڵێین، پێویسته تازه‌گه‌رى بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاوتان بۆ دروست كردنى ئه‌و مه‌ودایانه‌ى كه پێویسته بۆ هونه‌ر فه‌راهه‌م بكرێت، كه ئه‌ویش بڕوا بونه به هونه‌ر و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لاى خه‌مه ئینسانییه‌كان.
له هه‌مووى سه‌یرتر، ئه‌و ململانێیه كه ئێستا له نێوان دوو نه‌وه به‌رچاو ده‌كه‌وێت له‌و بواره‌دا، نه‌وه‌ى كۆن شین بۆ هونه‌رێك ده‌كات (كه نیه)، نه‌وه‌ى نوێش ده‌یه‌وێت ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕێنێت، كه جامانه بكرێته سه‌ر هونه‌ر و بكوردێنرێت( كه هێشتا هه‌نگاوى جددى بۆ نه‌هاوێژراوه)، له كاتێكدا به بڕواى من هونه‌ر كه زاده‌ى فیكر و ئه‌ندێشه‌كانى تاكى مرۆڤ بێت، ناشێ بكرێته موڵكى نه‌ته‌وه، كاتێك ئه‌مه كرا، ئیدى ده‌بێت هونه‌ریش ببێته به‌شێك له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى، كه مرۆڤ له ئه‌نجامى جیاوازى نه‌ته‌وه‌ییه‌وه روبه‌ڕوى ده‌بێته‌وه، كه ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ هونه‌ردا یه‌كناگرێته‌وه.
rohani1983@gmail.com
تێبنیى:
ئەم نوسینە لە زمارە 131 ى رۆزى1-9-2008 ى رەخنەى جاودێر بڵاو كراوەتەوە