Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نامەكەت گەیشت و هیواداربە…كاروان نەجمەدین

نامەكەت گەیشت و هیواداربە…كاروان نەجمەدین

Closed
by February 8, 2008 گشتی

 وەڵامێك بە نامەكەى زمناكۆ عزیز بۆ ئەرسەلان بایز
 
 دواى بڵاوبونەوەى( بابەتێكى ئەرسەلان بایز) لە ژمارە (4486)ى ڕۆژى 3\2\2008 ى كوردستانى نوێدا لەژێر ناوى (ڕەخنەش بە بازنەى خۆى) زمناكۆ عزیز سكرتێرى ڕێكخراوى كوردستانى حیزبى كۆمۆنیستى كرێكاریى عیراق لە بەروارى 6\2 دا نامەیەكى كراوەى ئاراستەى ئەرسەلان بایز كرد.
 زمناكۆ لەنامەكەیدا بەشێك لەو نەهامەتیانەى لەسایەى دەسەڵاتى حیزب و بزوتنەوەكەى كاك ئەرسەلاندا بەرۆكى خەڵكیان گرتوە وەك كانارمەى ئەوان و، سەركوت و زیندانەكانیانى وەك ئیسپاتى بونى سانسۆر لەكوردستان خستوەتەڕو كە هەمووى بەشیكن لەواقیعەتى كارنامەى حیزبەكەى ئەرسەلان بایز،بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە لە نامەكەى زمناكۆدا و مەبەستى منیشە لەم وەڵامەدا هیوادارى ئینسانێكە بە حیزب و بزوتنەوەكەى ئەرسەلان بایز كە واز لە ڕاو ڕوت و گەندەڵى بهێنن و وەڵامدەرەوەى خواستەكانى خەڵك بن !.
 زمناكۆ عزیز دواى ئەوەى باسى كارنەمەى بزوتنەوەیەك دەكات كەلەیەكەمین ڕۆژەكانى سەرهەڵدانیانەوە  دەستیان نەپاراستوە لە قەتڵى عامى موخالفینى خۆیان و بەتاڵانبردنى پاروى دەمى خەڵك و سەروەت و سامانى كوردستان ،لەخنكاندنى خواستەكانى خەڵكدا هەمیشە ئەكتیڤ بوون و هەن ، كەچى لەكۆتایی نامەكەیدا دەنوسێت (یەك ڕێگاى مانەوە لە بەردەمتاندا ماوەتەوە ئەویش كۆتایى هێنانە بە ڕاو ڕوت و گەندەڵى و وەڵامدانەوەیە بە خواستەكانى خەڵك ، هیوادارم ئەم كارە بكەن ).
 بەڵام بەڕاستى بزوتنەوەیەك كە لەسەرەتاى سەرهەڵدانیەوە بە بارمتەگرتنى نانى خەڵكو سەركوتى لایەنگرانى ئازادى بەوجۆرەى بۆیانكرابێت و چونەپشتى تەرحى برسیكردنى خەڵكى عیراق و سەدان ساتوسەودا دژى خۆشگوزەرانى خەڵك خۆیان گەیاندە ئەو مەكانەتە شەقوشڕەى هەیانەو ،  دواتر بەبارمتەگرتنى نانى خەڵك و دزین و بەتاڵان بردنى سەروەتو سامانى ئەم كۆمەڵگایە دەسەڵاتى میلشیاى خۆیان بەسەرسەرى خەڵكەوە پاراستوە و باڵەخانە و  سەروەت و داهاتى سەركردەكانیان بەوپەڕى گەیاندوە  دتوانین هیواداربن بەڕەحمەتى خۆیان  ئەو سەروەتو سامانە بگێڕنەوە بۆخەڵك و واز لە ڕاو ڕوت و گەندەڵى بهێنن ؟!
 یان بزوتنەوەیەك كە ئەگەر خەریكى نوسینەوەى كاركردى مێژووییان بین لەپەیوەند بە سەركوتى ئازادى و  تیرۆركردنى موخالفینى خۆیان ڕەنگە بۆنى خوێن كوێرمان بكات ئەتوانرێت بەكامە هیواوە ڕێگەى مانەوەیان بۆدیارى بكەین ؟!
 ڕابەرایەتى بزوتنەوەیەك كە ڕاوكردن  و خوێنڕشتنى حیزبەسیاسیەكانى دیكە بەشانازیەوە وەك یاداشتى شاخى شۆڕشگێڕێك دەنوسێتەوە و ئێستاش ئەرسەلان بایز نەهامەتیەكانى خەڵكى كوردستان وەك دەسكەوت و ئەزمونى بزوتنەوەكەیان و جێگەى شانازى ئەوان دیفاع لێدەكات دەبێت كامە پاڵنەر زمناكۆ بگەیەنێت بەوەى هیوا بخوازێت تۆزێك ئاوڕ لە خەڵك بدەنەوە ؟!
 هەر بەپێى ئەو سەرخەتانەى زمناكۆ خۆى لە نامەكەیدا باسیان دەكات ، بزوتنەوەیەك كە بە مێژوى 17ساڵى دەسەڵاتى نەك نەیتوانیوە  ڕۆژێك لەڕۆژان وەڵامدەرەوەى بچوكترین خواستى خەڵك بێت بەڵكو هەمووڕۆژە سەنگەرى بەرەنگاربونەوەى خواستەكانى خەڵك قایمتردەكات ، زیندانەكانیان گەیشتوە بەوجێگایەى ئینسان لەناویاندا گیان لەدەست دەدات ، دەستڕێژى گولە لە خۆپیشاندان و  سەركوتكردنى ناڕەزایەتیەجەماوەریەكان ،وەستانەوە دژى خواستى سەربەخۆیى كوردستان ،ناچاركردنى ئینسان بەوە بۆتێركردنى بەشێكى جەستەى بەشێكى دیكەى بفرۆشێت كە گورچیلەیانە ،تیرۆركردنى كۆمۆنیستەكان بە ڕۆژى ڕوناك ماهیەتى بزوتنەوەیەك بێت چۆندەتوانێت وەڵامدەرەوەى خواستەكانى خەڵك بێت وەك زمناكۆ هیواخوازە حیزبەكەى ئەرسەلان بایز ئەم كاسپەرەبێت ؟!
 بەڵام خۆ ئەگەر گریمانەیەك دابنێن و حیزبەكەى ئەرسەلان بایز و دەسەڵاتدارانى ناسیۆنالزمى كورد لەبەر ڕۆشنایى پێشنیارەكەى زمناكۆدا ڕێگەى مانەوەى خۆیان هەڵبژێرن و واز لە ڕاو ڕوت و گەندەڵى بهێنن و هیواكەى زمناكۆ بهێننەدى ئایا چەند لە ماهیەتى ڕەشى ناسیۆنالزم كاڵدەبێتەوە و ئیتر ناسیۆنالزم شەرمەزاى نیە بۆبەشەریەت ؟! ، یان خواستەكانى خەڵك بەمانە كۆتایدێت ؟ ، ئایا خەڵكى كوردستان لە مێژوویەك خۆشدەبن كە ژیانى كولەمەرگى كردوە بەنسیبیان ؟ یان بەڕاستى بەبڕواى زمناكۆ ئەمان دەمێننەوە ؟ خۆ ئەگەر واوەتربچین و دەسەڵاتدارانى ئێستاى كوردستان  حكومەتێك بە ماناى وشەكە دابمەزرێنن و دوربن لە ڕاوڕوت و گەندەڵى چى كەمتر دەبێت لەو حكومەتە سەركوتگەرانەى ناسیۆنالزم كە لە مێژودا دەستیان لە بینەقاقاى ئازادیەكانى خەڵكدا بوە و ئێستاش ناسیۆنالزمى عەرەبى و توركى بە خەڵكى ژێرچەترى ڕەشى دەسەڵاتەكەیانى دەكەن؟!، یان لە باشترین حاڵەتدا یاساى دەوڵەتەكەیان چەشنى ئەو یاسایە دەبێت كە ئێستا دەیانەوێت لە پەرلەمانەكەیاندا ئازادى ڕۆژنامەگەرى پێ بخنكێنن وجێگەى نەفرەتى تەواوى ئازادى خوازانى كوردستانە. 
 من پێم وایە ڕێگە دانان بۆمانەوەى دەسەڵاتى ئەحزابى دەسەڵاتدارانى كوردستان بە نەهێشتنى گەندەڵى و وەڵام دانەوە بە خواستەكانى خەڵك  بێجگەلەوەى تەوەهومە بەوەى حیزبەكەى ئەرسەلان بایز واز لە ڕاوڕت بێنێت هیواكەى زمناكۆش لەباردەبات بەوەى زەڕەیەك بێنە پاى وەڵامدانەوە بەخواستەكانى خەڵك ، لەباشترین حاڵەتدا پینەكردنى شەبەقەكانى دەسەڵاتە لەقاڵبێكى ڕیفورمیستى تەڵەبخوازانەدا كە ئەمەش وتەیەكى لینینمان بیردێنێتەوە كە دەڵێت (گێلیە بۆ حیزبێكى كۆمۆنیستى داوالە بۆرژوازى بكات دیموكرتى بن) . جامى خەڵكى كوردستان بەرانبەر دەسەلاتى ئەم ئەحزابانە لێى دەڕژێت و ئومێدێكیان نەماوە بەو كارتەسواوەى وەك هەراوهوریاى قەومیانە ساڵانێكە دەكرێت بە گوێچكەى خەڵكدا ناڕەزایەتى و هاتنەسەرجادە زیندوترین نمونەكانن ،كام جێگا هەیە سەرى پێدا بكرێت و هاتوهاوار لەدەست ئەم ئەحزابانە گوێچكە كەڕنەكات ؟ ، بۆیە تاكەڕێگە بۆ كۆتایى هێنان بە ڕاوڕوت و گەندەڵى چونەپشتى ناڕزایەتیە جەماوەریەكانى كوردستان و بەهێزكردنى هەرچى زیاترى  ڕوتى كۆمۆنیزمى كرێكارى وەك بەدیلى ڕیشەیى و كۆتا هێنان بەدەسەڵاتى ئەحزابى دەسەڵاتدارانى كوردستانە ، نەك  هیواخواز مانەوە بەدیار ئەو نەخۆشەوە كە دكتۆر ئیزنى داوە .


karwanmj@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.