Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
نامەیەكى كراوە بۆ فائق گوڵپى

نامەیەكى كراوە بۆ فائق گوڵپى

Closed
by May 16, 2008 گشتی

   دەستخۆشى شكاندنى عورفێكى سەقەتت لێدەكەم
…… موعتەسەم نەجمەدین 

   بەڕێز, گوڵپى رەنگە زۆر مەوقیف هەبێت لە مێژووى ژیانى تۆدا جێگاى رێز و ستایش بێت و تۆ وەك خۆت بتوانى شانازى پێوەبكەیت وە بە سەروەری بۆ خۆتی تۆمار بكەیت, لەمەشدا خەڵكێكى نزیك لە تۆ شایەتیت بۆ بدەن, بەڵام بە راستى لێت ناشارمەوە كاتێك كە بیستم تۆ زۆر بە بێدەنگى، بە هێمنى پۆستى سەرۆكایەتى حزبەكەت بەوپەڕى دڵ فراوانیەوە چۆڵكرد بۆ هاوڕێیەكى لاوت, ئەم مەوقفە تووشى شۆكى كردم تۆ بەم هەڵوێستەت عورفێكى زۆر سەقەتى كوردستان و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستت  شكاند, كە سەركردە لەم وڵاتانە بە كودەتا نەبێت محاڵە كورسییەكانى دەسەڵات  بە جێبهێڵن.
    بەڕێز, گوڵپى من نازانم بەرپرسانى دەسەڵات لەم وڵاتەى ئێمە چۆن ئەم مەوقیفەى تۆ دەبینن و چۆن شیتاڵكارى بۆ دەكەن, رەنگە هەندێكیان بە شێتت بخەنەڕوو كە تۆ چۆن وا بە ئاسانى دەستبەردارى كورسیەكەت بوویت, بەڵام دڵنیام لە ناخەوە هەست بەوە دەكەن كە تۆ بەم هەڵوێستەت چ مەوقفێكى شەرمەزاریت بۆ ئەوان دروستكرد .
  مەزنى مرۆڤ لەو ساتانەدا دەردەكەوێت كە زۆر بە دڵ  فراوانى و لە خۆبوردەییەوە بەرژوەندییە تایبەتەكانى خۆى بكاتە قوربانى بەرژوەندى باڵاى گەلەكەى, بەڕێز من نەمدەزانى كە كەسێك هەیە لەم وڵاتەى ئێمەدا لە هەر پۆست و دەسەڵاتێكدا بێت, ئەوەندە بە جورئەتەوە رێچكە شكێن بێت و  ئەو عورف و یاسایە بشكێنىَ كە دەیان ساڵە ئەم وڵاتەى ئێمە پێوەى دەناڵێنىَ.
    خەڵكى چاك ئەوە دەزانن كە حزبەكەى تۆ خزبێكى بچووكە و ناتوانىَ ركەبەرایەتى پارتى و یەكێتى بكات و ئەم مەوقیفەى تۆ رەنگە زەنگێكى ئەوتۆى نەبێت لە ناو خەڵكدا,  بەڵام دڵنیام زەنگێكى زۆر گەورەى دەبێت لە بیرى بەرپرسە باڵاكانى كورددا, جا نازانم چۆن ئەم زەنگە وەردەگرن, بە ترسى دەزانن, یان شەرم دایاندەگرێت؟
    بەڕێز, فائق, تۆ بەم بڕیارەت ماریفەتێكت نواند, هیوادارام هاوڕێكانت لە دواى خۆت لێى تێبگەن و بیكەن  بە عورف و یاسا و یەك لە دواى یەك پیادەى بكەن, چونكە تۆ بەم هەڵوێستەت نەك تەنها جۆگەلەیەكى گەورت بۆ ئاوەدانى و سەرلەنوىَ بنیاتنانەوەى كێڵگەى سیاسى كورد بنیاتنا و سەركردەكانت تووشى شەرمەزارى كرد, بەڵكو بەمە توانیت خزمەتێكى گەورەى حزبەكەت بكەیت و ئەو دەرگایەى بۆ بكەیتەوە كە بتوانێت ببێتە بەدیل بۆ گۆڕان و بەرەوپێشووچوونى.
     ئەمڕۆ میلەتى ئێمە گەورەترین باج كە دەیدات, باجى گەندەڵییە, ئەمەش زادەى بەرهەم و سەرمایەى ئەو عەقڵە سیاسى و هەڵوێستە سەقەتەى سیاسەتمەدارانى ئێمەیە, كە كورسى  دەسەڵات بە غەنیمەى شەڕ دەزانن و ئامادەنیین بە هیچ شێوەیەك دەستبەردارى بن.
   ئەوە راستیەكى تاڵە كە سەركردە لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست, خۆى تەنها خاوەنى بڕیارە و كەس بۆى نییە نەك دژى بێت, بەڵكو رەخنەشى لێبگرێت, بۆیە ئەم سەركردانە هیچ بەها و سەنگێك بە رێكخراو و دامەزراوەى مەدەنى و راوبۆچوونى خەڵك نادەن و سەرجەم رێكەوتن و كارەكانیان بە نهێنى و لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدەن, ئەمەش تەنها لەبەر ئەوە نییە  كە ئەو رێكەوتنانە ئەوەندە ناموشەڕەف و نا ئینسافن كە ناكرێت خەڵك لێیان ئاگادار بێت, بەڵكو لەبەر بىَ كارى ئەوەندە دووبارە بوونەتەوە, تەواو بێ تام بوون, تەنانەت خاتیمەكەشى لێدوانێكى رۆژنامەوانیە, كە سەرۆك لێیدا بە وشەى ئیجابیى كۆتایى بە هەموو شتێك دێنێت.
    یەكىَ لە هۆكارە سەرەكییەكانى ئەم دۆخەى ئێمەى تێیكەوتووین ئەوەیە كە  كەسانى دەسەڵات بە زۆریى كەسى شیاونیین و بە مافى خۆیان ناگەن بە كورسى دەسەڵات, بۆیە  گرنگى كورسى دەسەڵاتەكەیان لە گرنگى و بەهای كەسایەتى خۆیاندا نییە, بەڵكو گرنگى و بەهایان لە كورسیەكانیاندایە, هەر ئەمەش واى كردووە وازهێنان  لە كورسى دەسەڵات و خانەنشینكردنى سەركردە بە واتاى مردنى ئەو كەسەبێت. هاوكات وا لە دەسەڵاتدارانیش دەكات تا مەرگ مەودایان بدات كورسییەكانیان چۆڵنەكەن, هەر ئەمەش ئەو بوارەى نەڕەخساندووە كە لەم وڵاتەى ئێمە سەركردە بتوانىَ بە ویست و ئارەزووى هەرزەكارانە سیاسەتەكانى دەرەوە و ناوەوەى وڵات بگۆڕێت, یان  بڕیارى شەڕێكى دۆڕاو، نەگونجاو بدات و دواتریش  بیكات بە سەروەرى و دەستكەوت بۆ خۆى و كەسیش نەبێت بتوانىَ پێى بڵىَ بەرى چاوت برۆیە.
 munaa-
2020@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.