Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نامەیەكى كراوە بۆ مام جەلال

نامەیەكى كراوە بۆ مام جەلال

Closed

  عەزیز ڕەئووف……

 بەڕێز مام جەلال
 لە كاتێكدا ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم كە بەر پرسان لە هەرێمى كوردستان ترسیان لە قەڵەمى نوسەران و ڕۆژنامەنوسان هەیە. هەڕەشە لە ڕۆژنامەنوسان و ئاستەنگ دروستككردن لەبەردەم كارەكانیاندا هەست پێدەكرێت. بەجۆرێك ئیستا هەرێمى كوردستان بە دۆخێكى نالەباردا تێدەپەڕێت و هەر نوسین و بابەتێكى ڕۆژنامەنوسى لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا بە ئاستەم بۆنى ڕەخنەى لێبێت، وا تەفسیر دەكرێت كە دەستێكى ناحەزانى لەپشتەوەیە. لەكاتێكدا زۆرێك لەو نوسینە ڕەخنەئامێزانە هەڵقوڵاوى نیگەرانیەكانى خەڵكن، بەجۆرێك كە كەس نیە نەزانێت حكومەتى هەرێم و زۆرێك لە پارتە كوردیەكان بە یەكێتى نیشتمانى كوردستانیشەوە، لێوانلێوە لە گەندەڵى و مەحسوبیەت كادرى تەمەڵ، زۆرێك لە كادرى پارتە سیاسیەكان بە یەكێتیشەوە پشتیان لە جەماوەرى خۆیان كردووە و بەرژەوەندیە تاكەكەسیەكانى خۆیان خستۆتە پێش بەرژەوەندى گشتى كۆمەڵانى خەڵكى كوردستانەوە.
 بەڵام جەنابى سەرۆك، سەربارى ئەم دۆخە نالەبارە، ئەو ئاگادارییەى كە بەڕێزتان بۆ سەرجەم هەڤاڵانى یەكێتى نیشتمانى كوردستانتان ناردووە هێندەى تر  توشى شۆكى كردم.  بەڕێزت هەر لەسەرەتاى هەڵگیرساندنى شۆڕشى نوێوە بە داكۆكیكەرێكى سەرسەختى نوسەران ناسرابووى. ئەو كاتەى كە حەمە موكرى لە شاخ ڕۆمانى "سەگوەڕ"ى نوسى و پێشمەرگەكانى توڕە كرد، بەڕێزت وتت ئەو بە قەڵەم ڕەخنە دەگرێت و ئێوەش دەتوانن بە قەڵەم وەڵامى بدەنەوە. لە دواى ڕاپەڕینینش كە فەرهاد پیرباڵ ڕۆمانى "ملازم تەحسین "ى نوسى و زۆرێك لە كادرەكانى یەكێتى نیگەران كرد، هەر تۆ بووى جارێكى تر هاتیتە وەڵام و داكۆكیت كرد لە نوسەران و جەغتت لەسەر ئەوە كردەوە كە نوسن دەبێت بە نوسن وڵام بدرێتەوە.
 بەڕێز تاڵەبانى، ئێوە بە ئاگادرایەكى سێ خاڵى، سەرجەم هەڤاڵانى یەكێتى ئاگادار دەكەیتەوە كە واز لە لاسارى بهێنن، ئەگەر نا دەدرێنە مەحكەمەى تایبەت و سزادەدرێن یاخود لە ڕیزەكانى یەكێتیدا دەردەكرێن. لە كاتێكدا ئەم جۆرە ئاگاداركردنەوەیە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت نیگەرانیەكان بڕەوێنێتەوە و دۆخى نائاسایى ناو یەكێتى و پارتى و گروپەكانى تر بەرەو چارەسەركردن ببات. 
 ئەو دۆخە نالەبارە هەرگیز بە دەمكوتكردنى كادرەكان و دادگایى كردنیان چارەسەر ناكرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئەو كادرانەى كە لەناو یەكێتى دا توڕە و نیگەرانن، هەست بە كەم و كوڕیەكان دەكەن و پەڕۆشن بۆ ئەو بارە ناهەموارەى كە یەكێتى بەهۆى دەستەگەرى بێفیكر و گەندەڵى و مەحسوبیەت تێى كەوتووە.
 جەنابى سەرۆك، كێشەى یەكێتى نیشتمانى كوردستان ئەوە نیە كە نوسەرەكانى لەسەر ڕێكخراوەكەیان و پارتى و حكومەت دەنوسن، بەڵكو كێشەى هەرە سەرەكى یەكێتى و پارتى ئێستا ئەوەیە كە كادرەكانیان كەم تا زۆر پشتیان لە جەماوەر كردووە و خاكێتى خۆیان دۆڕاندووە و بۆ بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆیان هەوڵ دەدەن، ئەمەش ڕەنگە هێندە دیاردەیەكى سادە بێت كە كەس نەبێت لەم وڵاتە هەست بەوە نەكات كە چ یەكێتى و چ پارتەكانى تر، گروپ و هێزە خۆشەویستەكەى ناو جەماوەر نین و زۆرێك لە جوانیەكانى خۆیان دۆڕاندووە.
 بەڕێز جەنابى سەرۆك، وا ئێوە مەحكەمەى تایبەتى ئەو كادرە لاسارەكانتان كرد كە لەو ڕۆژنامانەى كە بە بۆچوونى ئێوە داخلەدڵن، ڕەخنە دەگرن، ئێوەش سزاتان دان و لە یەكێتى وەدەرتان نا، من دەپرسم چى لە بارو دۆخەكە دەگۆڕێت؟ ئایا یەكێتى بەم شێوازە متمانەى خەڵك بەدەست دێنێت، یاخود مەحكەمەى تایبەت بۆ ئەو كادرانە دانێت كە حەرفێك لە سۆسیال دیموكرات نازانن و چ لە بارەگاكانى یەكێتى و چ لە ئۆفیسەكانى حكومەتدا تەنها بۆ ورگیان دەژین؟ باشتر نەبوو پێش ئەوەى مەحكەمەى ئەو كادرانە بكەیت كە ڕەخنە دەرگرن، مەحكەمەى ئەو كادرانەت بكردایە كە لەپڕدا دەوڵەمەند بوون و بە كۆشكەكانیان خۆیان لە خەڵك جیا دەكەنەوە؟ مەحكەمەى ئەو كادرانەت بكردایە كە كورسیەكانى یەكێتى و حكومەت بۆ گیرفانپڕكردن و مەحسوبیەت و دەستەگەرى بێفیكر بەكار دەهێنن و هەرگیز گوێ بەوە نادەن كە تا چ ڕادەیەك یەكێتى لە جەماوەرەوە نزیكە یاخود دوور؟
 بەڕێز مام جەلال، ئیستا ئێمە لە سەردەمێكدا ژیان دەگوزەرێنین، كە سانا نیە ناشرینیەكانى ناو گروپ و ڕێكخراوەكان لە خەڵك بشاردرێنەوە. بۆیە ئەركى ئێوە و سەرجەم پارتە سیاسیەكانى كوردستانە كە جارێكى تر فكر بگەڕێننەوە بۆ نێو ئۆگانەكان و لە جیاتى ئەوەى كادرە ڕەخنەگرەكان دەمكوت بكەن، دەبێت لێنەگەڕێن ڕێكخراوەكەتان ببێتە وەسیلەیەك بۆ گیرفانپڕكردن و بەرزكردنەوەى كۆشكى كادرە تەمەڵ و مشەخۆرەكان.
 دۆخى ئیستاى نێو زۆرێك لە پارت و ڕێكخراوەكانى كوردستان دۆخێكى تەواو نائاساییە. ئەم دۆخەش بەر لە هەر شت بە زیاتر كرانەوە و گەڕانەوە بۆ خەڵك و تێكشكانى دیوارە بەرزەكانى نێوان خەڵك و دەسەڵات چارەسەر دەكرێت. بۆ ئەوەى كە كەم و كوڕیەكان ببینین، دەبێت پارت و گروپە كوردیەكان لێگەڕێن ئەندامەكانیان لەكوىَ بیانەوێت قسە بكەن، دەمكوت كردنى كادرە قسەكەرەكان و چاوپۆشین لە كادرە تەمەڵەكان لە هەر گروپ و ڕێكخراوێكدا، ئایندەى وەها پارتێك ناڕۆشن و پڕ لە ئیشكالیەت دەكات.
 ڕێزم بۆت هەیە جەناى سەرۆك. ئومێد دەكەم ئەم نامەیە بخوێنیتەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.