Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
نامەیەکی کراوە  بۆ حاجی عەلی باوكی رێژوان

نامەیەکی کراوە بۆ حاجی عەلی باوكی رێژوان

Closed
by February 22, 2011 گشتی

سەرەتا گیان لەدەستدانی ڕێژوان زۆر جێگەی داخ و ئەسەفێکی زۆرە و برینی دڵی منیشی کولاندەوە. ئەمرۆ هاوخەم و هاوسۆزم لە پرسەی کوشتنی کاکە ڕێژوان. هەروەکو چۆن ئێوە و سەرجەم خەڵکی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوە هاوخەم و پشتیوانمان بوون لە تیرۆرکردنی “سەردەشت”دا.
 هەر کەسێک لەم سەرزەمینە و بەتایبەتی کوردستان لەسەر ئازادی و ئازادی دەربرین بەرەو ڕووی مەترسی و هێرشی سەرکوتگەران بێتەوە ئەوا بۆ من و خانەوادەکەم “سەردەشت عوسمان” ەو و ئازار و ئاخێک ئەخاتە دڵمانەوە و تیرۆری سەردەشتمان بۆ تازە ئەکاتەوە. بەڕاستی لە کوشتنی ڕێژوانی ئازیز ئەوە هەموومانی خستەوە نێو خەمێکی قورس و گران.
باوکی ڕێژوانی ئازیز، لەیەکەم رۆژی گیان لەدەستدانی ڕێژوانی ئازیز، لە شاشەی تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن ڕاتان گەیاند ” که‌ داوای یاسایی تۆمار ده‌کەن ،دژی ئه‌و که‌سه‌ی ته‌قه‌ی کردووه‌ وئه‌و که‌سه‌ش که‌ فه‌رمانی ته‌قه‌کردنه‌که‌ی کردووه‌” کە گوێم لە قسەکانت بوو. وەک هەر یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەتان بۆ ڕێژوان گریام و  بەردەوام دڵم لاتانە و ئەزانم ئەم کۆستە گەورەیە بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە. حەزم ئەکرد لاتان بم لە ئامێزتان بگرم بتوانم کارێک بکەم بۆ فەرامۆشی و دڵنەوایتان. بەڵام لەوە دڵنیابن کە هەموو خەڵکی کوردستان لە پشتی ئەو داواکاریەتان وەستاوە و پشت و پەناتانین.
بەڵام کە بۆ جاری دووەم کە دیسانەوە ئێوەم لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانی کوردسات و زاگرۆس بینییەوە، ئەو کەناڵانەی کە تاکو ئێستاکەش بە ڕێژوان و خۆپیشاندەران ئەلێن “ئاژاوه‌گێڕ و گێرەشێوێن”. ئەمجارەیان بە غەم و قەهرێکی زۆرترەوە دەرکەوتنەوە. زۆر بە ئازارتر لە جاری یەکەم قسەتان کردەوە داوات کرد خه‌ڵک هێمن بنه‌وه‌ و با تاڵی سه‌بر گرتن هه‌ر بۆ تۆ بێت. داوات کرد که‌سی تر له‌سه‌ر کوڕی تۆ خۆپیشادان نه‌کات و گیانی به‌خت نه‌کات.”
من ئەزانم تۆی جەرگ سوتاو و ڕۆلە کوژراو لە ژێر  چ فشار و هەڕەشەیەک ناچارکراون بێن دان بە جەرگی خۆتاندا بنێن و لە نێو پرسەی ڕێژوانی ئازیز بێن ئەو قسانە بکەن. ئەزانم سەرکوتگەران لەجیاتی دڵنەوایی لە نێو ئەو کۆستە گەورەیەدا چ ترس و دڵەروکێیەکیان خستە دڵی ئێوە. ناچار بن لە نێو ئەو غەمە گەورەیە بڵێن زەرەر لە نیوەی بگەرێتەوە قازانجە. من هەستم کرد بەو قسانەی ئەمجارەت ئەوەندە بۆت قورسە وەک چەقۆیەک وایە بەدەستی خۆت دڵە ناسکەکەی ڕێژوان و دڵە گەورەکەی خۆت له‌ت له‌ت بکەیت. چونکە ڕێک ٩ مانگ بەر لە ئێستا من و خانەوادەکەم لە دوای تیرۆری سەردەشتی ئازیز بەرەو ڕووی هەمان باری ئێوە بووینەوە. ئەو سیناریۆیەی یەکێک بە لولەی تفەنگ هەڕەشەی کوشتن ئەکات و یەکێکیتر شاباش ئەکات. بۆیە ئەو ئازارەی لە دڵی تۆدایە ئیمە هەموومان هەستی پێ دەکەین. قسەکانت بە ئەندازەی مەرگی ڕێژوان قەتماغەی برینەکانی دڵمانی هەڵدایەوە، چونکە ئەزانین فشارەکان زۆر نائینسانی و دڕندانە بوونە بە ئەندازەی ئەو بڕیارەی تەقەی لە ڕێژوان و خۆپیشاندەران کرد، هەموو کەسێکی ئازدیخواز بە ڕێزەوە گوێی لە قسەکانتان ئەگرێ و دڵمان لاتانە.
هەرچەندە زۆر ناخۆشە ئێستا هەر چییەک بگوترێ، بەڵام ئەمرۆ ڕێژوان کوڕی هەموو خەڵکی کوردستانە، هەروەکوو چۆن سەردەشتی ئازیز تاکو ٥-٥-٢٠١٠ تەنها کوڕی خانەوادەکەی خۆی بوو، بەدوای ئەو ڕۆژە بووە کوڕی هەر ماڵێکی ئەم کوردستانە و ئێمەش بە تەواوی حەق ئەدەین بە هەر کەسێک کە ئەیەوێت خوێنەکەی بە خۆرایی نەروات و بکوژانی دادگای بکرێن و بە سزای عادلانە بگەیەنرێن. هیوادارم ئێوەش تۆزێ تەحەمول بکەن و ئەو حەقە بدەن بە خەڵکی کوردستان بۆ دادگایی  بکوژانی ڕێژوان و تەقەکەران لە خۆپیشاندەران.
ڕێگای ته‌بایی و ئاشتی و هێمنی ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ تاوانباران به‌ ئاسانی له‌ژێر لێپرسینه‌وه‌ ده‌رنه‌چن ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ی سه‌رده‌شتەکان و ڕێژوانەکان گوللە باران ئەکات له‌سه‌ر سه‌ری جه‌ماوه‌ر لانه‌برێت هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ تاوان کردن، ڕێگای پاراستنی ژیانی سه‌رده‌شته‌کان و ڕێژوانه‌کانی ئاینده‌ خۆش بوون له‌ تاوانباران و بێ ده‌نگ بوون له‌به‌رانبه‌ریان نییه‌، به‌ڵکو هه‌وڵ و خه‌باته‌ بۆ ناساندن و به‌ سزاگه‌یاندن‌و ده‌رهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ ده‌ستیان.
لە کۆتایدا جاریکیتر پرسە و سەرەخۆشی خۆم لە یەک یەکەی ئەندامانی خانەوادەکاتان و هاوڕێیان و دۆستانی ڕێژوانی ئەگەیەنم و هاوخەمتانم. منیش یەکێم لەو کەسانەی داوای دادگایکردن و سزدانی ئەو کەسەی تەقەی کردووە و ئەو کەسەی بڕیارەکەی داوە و ئه‌و که‌سه‌ی چه‌کی داوه‌ته‌ ده‌ست تاوانکار.
بەکر عوسمان ” ئارام عەلی”
2011-02-20

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.