Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نامەی داوای لێبووردنخوازی بۆ…لەتەك روونكردنەوەێك

نامەی داوای لێبووردنخوازی بۆ…لەتەك روونكردنەوەێك

Closed
by May 20, 2008 گشتی

  ئازاد حەمە……..
 
 نیازخواز م بەهۆی ئەم چەند دێأەوە نامەی داوای لێبووردنخوازی ئاراستەی ئەو بەرێزانە بكەم لەماوەی رابردوودا, لەماوەی ئەمسال و پار و بێرارسال ,نامەی ئەلەكترۆنییان بۆناردوم و داوای لێدوانی (گفتووگۆی , چاوپێكەوتنی) رۆژنامەوانییان لێكردوم و تائێستا وەلامی پرسیارەكانیانیان  دەستنەكەوتۆتەوە.
 بەلێ ئامادەم داوای لێبووردنخوازیەكەم بخەمە روو بەلام زێدەخۆشحالیشم لەرێگای روونكردنەوەێكی پووختەوە ئەو هۆیانە بەلگەداركەم كە وایانلێكردووم ئامادە نەبم لێدوانی (گفتووگۆی, چاوپێكەوتنی) رۆژنامەوانی پەسەندبكەم. مەبەستم ,لەماوەی ئەم دوو سێ سالەی رابردوو تاپێمكرابێ لێدوانی رۆژنامەوانیم قبوولنەكردووە و تارادەێ وەلامی پتر لە 35 نامەی ئەلەكترۆنیم نەداوەتەوە كە بۆ مەبەستی لێدوانسازدان بۆ ئەدرێسمەیلەكەم نێردراون.
  زۆر هیوامەندیشم هۆی ئەوە , هۆی وەلام نەدانەوەكانم, لەم چەند برگەیەی لایخوارەوە كۆكەمەوە :
 هۆی یەكەم: لەراستیدا تێكرای ئەو پرسیارانەی بۆ لێدوان (چاوێكەوتن) سازدان بۆ ئەدرێس مەیلەكەم نێردراون سەرچاوە لە سێستەمێ لە پرسیارسازی زۆرسواو و پەراوپزكارییەوە هەلدەگرن. لە پرسیارەكانا كردەی بەرهەمهێنانی رۆشنبیری هێجگار وونە و سازدەری لێدوانەكانیش بەشداریێ دیار و بەرچاوییان لە دارشتنی پرسیارەكانی خۆیاندا نییە و , تابلێی تێگەیشتنێ توونیانەشیان بۆ رووداو و دیاردە سیاسی و كولتووری و كۆمەلایەتی و هزریەكان هەیە و ئەم لایەنە پالنەری سەرەكیشە لە بەرهەمهێنانی پرسیارەكاندا.
 هۆی دووەم: كەس تائێستا لەو پرسیارە نەكۆلیوەتەوە بۆ دەبێ بەلێشاو لێدوان رۆژانە لە مێدیای نوێی كوردی دا بلاوكرێتەوە لەكاتێكا لێدوانەكان نە خوێنەرێ زۆریان هەیە و نەش هیچ بۆشایێ لە ژیانی هزری تاكی كورد دا پردەكەنەوە؟ باشە حیكمەت لەم دیاردەیە چییە؟ بۆدەبێ كاری لێدوانسازی حالەتێ لە دژە رۆشنبیریی لەپاشخۆی بەجێبێلێ؟ ئایا ئەو لێدوانانە , كە بەلافاو لەم مالپەر و هەفتەنامە یان لەو رۆژنامە و گۆڤار بلاودەكرێنەوە هیچ ماناێكیان بۆ چارەسەركردنی ئەو بەتالیە رۆشنبیرییە هەیە ژیانی هزریمان دووچاریبووە ؟
 هۆی سیێهەم: بۆ دەبێ رۆژنامەوانی كوردی لەسەر لێدوانسازدان و لێدوان بلاوكردنەوە مشەخۆر بێ لەكاتێكا لێدوانەكان تاهەنووكە وەك سەرچاوە لە بواری توێژینەوە یان بەگشتی نووسین بەكارنابرێن؟ واتە تائێستا نەبووە بە نەرێت لێدوان وەك بەشێ لە سەرچاوە بەكارببرێ. ئەلبەتە لەبەرئەوەی خودی لێدوانەكانیش بێ رفرێنس و بێ سەرچاوەن متمانەیان لای كەس دروستنەكردوە ببن بە بەشێ لە نووسینی كوردی. لێدوانەكان كە هێجگار بێ هەیبەتن دوژمنی هەرە گەورەی ووتنی ریال و راستەقینەن و شمەكێكیشن لە شمەكەكانی بازاری هزری كوردی.
 هۆی چوارەم: ئەم مەیلە هەلەیەی رۆژنامەوانی تازەی كوردی خۆی لەسەر راهێناوە , واتە خووگرتن بە لێدوانسازییەوە, شیاوی لەبەردەم خەلكانێ كردۆتەوە لە لێدوان و چاوپێكەوتنەكانیانا بە ئارەزووی خۆیان ئەوی دەیانەوێ بیلێن و  بەبێ هیچ بناغەێكیش تیۆریزە بەسەر گشت شتێكەوە بكەن و , ئەلبەتە بوار بۆ حوكمدانیش لای ئەو بەرێزە لێدواندەرانە هەمیشە لەسەرپشتە. بەدلنیایشەوە لەوە ترسناكتر نییە نووسەر كاری حوكمدان بە كارێ سادە بزانێ و  لەوە بێ شكۆتریش نییە نووسەر بەتەنگ ئەوەوە نەهێت كە دەیلێ.
 هۆی پێنجەم: هەژاری هزری پرسیارەكان, نەلبەتە وەلامەكانیش , رێگایان لە شیاویی ئەوە كردۆتەوە كە خوێنەران بەچاوێ بەرزەوە تەماشای لێدوان نەكەن. بەكورتی رەوانبێژی پرسیارەكان و ئەو زانینەی لە پرسیارەكانا پەنهانە هێزی لێدوانەكانی كوشتتوە. بۆیە ووتنەكانی دووتۆی لێدوانە رۆژنامەوانیەكان هیچكات بەسەرناكرێنەوە و دووبارەناووترێنەوە. ئەوەش لەولاوە بوەستێ كە لێدواندەران لەوەناگەن كە پێیدەووترێ ئابووریكردن لە بەكاربردنی وشە یان زمان. بەبێگومان ئەو هەموو یاریكردنە بە دەربرین و گوزارە لە لێدوانی تازەی كوردی لە هیچیێ رۆشنبیری زیاتر شتێ ئەوتۆی بەرهەمنەهێناوە.
 هۆی شەشەم: لە پرسیاری زۆربەی سازێنەری لێدوانەكان و وەلامی زۆرینەی لێدواندەرانیش هیچوەخت سنوورێ لەنێوان ئەوی سیاسی یە و ئەوی وێژەی (ئەدەبی) , یان ئەوی هونەریە و ئەوی كۆمەلایەتی یان فەلسەفی بوونی نییە بۆیە ئەو تێكەلی و پەرتییە رۆشنبیریەی لێدوانسازی ئەم چەند سالەی دوای دروستیكردوە باری ئەو گەندەلیە رۆشنبیری و رۆژنامەوانیەی قوورستركردوە كە ئێستای رۆشنبیری كوردی بارهەلگریەتی.
 هۆی حەوتەم: بووە بە مۆد ماوەی جارێ كەسێ , بەبێ ئەوەی ئەم كەسە لە هیچ بوارێ پسپۆر بێ., چەند پرسیاریێ گشتی تایبەت بە كێشەێ كۆمەلایەتی یان سیاسی_ كولتووری رەوانەی چەند نووسەرێ دەكا كە پاشان كتێبێكی لێدروستدەكا  ئەمەوادەكا دونیایێ كتێبمان هەبێ و ئەلبەتە دونیایێ نووسەریش بەلام لە كۆتایدا ئێمە هەر وەك جاریجاران لەرووی هزریەوە كەم دەرامەت و دەستكورتین. كەواتە بۆ زۆر لێدوانسازدان لەژێر ناونیشانی جیاجیا؟ هەروەها بۆ كۆكردنەوەی لێدوانەكان و دروستكردنی كتێب لێیانەوە؟
 هەر لەبەرئەو هۆیانە و لەبەر چەندین هۆی تر , كە گێرانەوەیان پێویستناكا , كە گشت هۆیەكانیش پێوەندییان بە گرفتی هزری و رۆژنامەوانی سێستەمی لێدوانسازی كوردیەوە هەیە, ماوەێ زۆرە بریارمداوە بێدەنگی هەلبژێرم و لێدواندان نەكەم بە شوێنێ بۆ ووتن. بۆیە ئامادە نەبوومە وەلامی پرسیارە رۆژنامەوانیەكان بدەمەوە. دووبارە داوای لێبووردن دەكەم. ئەلبەتە لە شتێكیش كە من دروستكەری نیم.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.