ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان
ناڕه‌زایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌کانی کوردستان قووڵتر و فراوانتر ئه‌بنه‌وه. ئامانجی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ڕۆشنه بۆ هه‌ر که‌سێک بیه‌وێت لییان تێبگات. ئه‌م داخوازیانه به‌ئیعازی هیچ حیزب و گروپێک نه‌خزێنراونه‌ته ڕیزی جه‌ماوه‌ری ناڕازیه‌وه. ڕه‌نگدانه‌وه و به‌رهه‌می ئایدیۆلۆجیه‌کی تایبه‌ت نین. به‌ڵکوو هه‌ڵقوڵاوی ژیان و باردۆخی ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م قۆناغه‌ی هه‌رێمی کوردستانن . ئه‌و بارودۆخه‌ش شتێک نیه جگه له به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هاوبه‌شی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان. ئه‌م ده‌سه‌ڵاتداره‌تیه ، که له‌ساڵی 1991 به‌دواوه به‌شێوازی جۆراوجۆر فه‌رمانڕه‌وایی ووڵات ئه‌که‌ن، مۆدێلێکی دواکه‌وتوو و ناته‌با له‌گه‌ڵ ئامانج و ئاواته‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیان پیاده‌کردووه. ئه‌نجامه‌کانی ئه‌و مۆدێله له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی به‌هه‌موو سووچ و که‌له‌به‌رێکی ژیانی خه‌ڵکه‌وه دیاره. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته گه‌رچی به‌فه‌رمی که‌رکووک و ناوچه دابڕاوه‌کانی تری کوردستانی نه‌گرتۆته‌وه به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2003 به‌دواوه و به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی له‌و شوێنانه‌ش کۆپی کرابێت هه‌مان به‌رهه‌م و هه‌مان کاریگه‌ری خراپی به‌دوای خۆیدا هێناوه.
گه‌نده‌ڵی ، هه‌ڵتۆقینی توێژێک مشه‌خۆر و سپلی لاورگی حیزبی که ده‌ستیان به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌کانی ده‌سه‌ڵات و دارایی هه‌رێمدا گرتووه، سیتسمێکی به‌ڕێوه‌بردنی بیرۆکراتی و گه‌نده‌ڵ له‌سه‌ر شێوازی دوایین ساڵه‌کانی عوسمانیه‌کان ، ده‌ستێوه‌ردان حیزب له‌هه‌موو جۆمگه و کایه‌کانی ژیان تا ڕاده‌ی دانانی پۆلیس و ده‌ستێوه‌ردان له دامه‌زراوه وه‌رزشیه‌کانیش، زه‌وتکردنی ماڵ و موڵکی گشتی بۆ حیزب و سه‌رکرده‌کانی حیزب و خاووخێزانه‌کانیان و یه‌ک زنجیره‌ی دوورودرێژ له سیاسه‌ت وبڕیار و یاسا ، ئیتر نه‌ک بۆ توێژی ڕۆشنبیر و وشیاری خه‌ڵک به‌ڵکوو بۆ هیچ به‌شێکی خه‌ڵکی کوردستان ، جگه له توێژێکی ده‌ست وپێوه‌ندی مشه‌خۆری حیزبی و سوودمه‌ند له‌م ده‌سه‌ڵاته ، قبووڵ ناکرێن.
به‌و مانایه ئه‌م بزووتنه‌وه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه جه‌ماوه‌ریه‌ی ئێستای کوردستان ، به‌هه‌موو که‌م و کوڕیه‌کانیشیه‌وه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌سه‌نی خه‌ڵکین. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاوات و ئامانجی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی په‌راوێزکراو و هه‌ژار وئه‌و به‌شانه‌ی خه‌ڵکن که عه‌وداڵی سه‌روه‌ری یاسا و سیستمێکی مۆدرین و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌فافیه‌ت و یه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی وهه‌موو ئه‌و پره‌نسیپ و کۆنسێپته یاسایی و مرۆیی و سیاسیانه‌ن که ڕاسته‌وخۆ وبه‌شێوه‌ی بابه‌تی ئه‌که‌ونه به‌ره‌یه‌کی ناکۆکه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی که 2 ده‌یه‌ی ڕێکه به‌سوودوه‌رگرتنی خراپ له‌مه‌سه‌له‌ی کورد و چه‌وسانه‌وه‌ی دوورودرێژی ئه‌م گه‌له‌وه به‌سه‌ر هه‌مان گه‌لی کورددا سه‌پێنراوه. هه‌ر که‌سێک باس له‌شه‌رعیه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بکات ئه‌بێ سه‌ره‌تا له‌و ناوه‌ڕۆکه‌یه‌وه ده‌ست پی بکات.
ناکرێ شیکردنه‌وه‌ی کلاسیک و سواو بۆ ئه‌م مۆدێله تازه‌یه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان بکرێت. ئه‌و جۆره ته‌فسیرانه نه‌ک هه‌ر ناتوانن ئاسۆی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا ڕۆشنتر بکه‌نه‌وه و له‌وێشه‌وه ئامرازه‌کانی سه‌رکه‌وتنی فه‌راهه‌م بکه‌ن به‌ڵکوو سه‌ره‌نجام خاوه‌نه‌کانیشی ئه‌خه‌نه په‌راوێزه‌وه. ئه‌و جۆره شیکردنه‌وانه له میسر و توونس شکست و سواویی خۆیان له‌مه‌حه‌ک دا.
دیاره به‌هۆی خۆڕسک بوونی و نه‌بوونی هه‌ره‌مێکی ڕێکخراوه‌یی له‌وه‌وپێش ئاماده بۆ ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ، هێز و لایه‌نی سیاسی جۆراوجۆر هه‌وڵی ئه‌وه ئه‌ده‌ن که سووکانه‌که‌ی به‌و لایه‌دا بگێڕن که ئایدیۆلۆجی و به‌رنامه سیاسیه‌که‌ی خۆیان پێویستیه‌تی. به‌ڵام ئه‌وانه نه‌ک هه‌ر خزمه‌ت به درێژه و سه‌رکه‌وتنی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ناکه‌ن به‌ڵکوو نه‌فه‌سی سوار و ته‌مه‌نی کورت و باری قورس ئه‌که‌ن.
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه درێژکراوه‌ی بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌کانی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین یا هه‌شتاکانی سه‌رده‌می به‌عس نیه . پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کوردستان و بارودۆخی سیاسیی ئێستا و ئه‌وسا هێنده‌ی عه‌رز و عاسمان جیان. جیاوازه له بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه کلاسیکه‌کانی ووڵاتانی جیهانی سێیه‌می کۆن. ئه‌مه له بابه‌تی بزووتنه‌وه میللیه‌کانی ساڵانی هه‌شتاکان نیه له کوردستاندا که له دژی داگیرکه‌رانی کوردستان هه‌ڵئه‌گیرسان .ئه‌وانه‌ی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئێستای کوردستان ئه‌شوبهێنن به‌و جۆره بزووتنه‌وانه 2 تیپن:
یه‌که‌میان : ده‌سه‌ڵات و هه‌ردوو حیزبی هاوپه‌یمان واته پارتی و یه‌کێتی .
ئه‌مان مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که خۆیان بدزنه‌وه له لێپرسراوه‌تی ئه‌و بارودۆخه ناهه‌مواره‌ی که به‌رهه‌میان هێناو ه بگره گه‌ر بۆشیان بلوێ سواری شه‌پۆلی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه ببن بۆ خاوکردنه‌وه‌ی ئه‌زمه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان وقایمکردنه‌وه‌ی جێپێی خۆیان له هاوکێشه سیاسیه ناوخۆیی و ناوچه‌ییه‌کاندا.
ئه‌وه ئیتر گومڕاکردن وخۆڵکردنه چاوی خه‌ڵک و ڕه‌نجێکی بێبه‌ره که ناتوانێ ئاراسته‌ی ڕووداوه‌کان بگۆڕێت و به‌تایبه‌تی یه‌کێتیی نیشتیمانی له قۆناغی یه‌که‌می ناڕه‌زایه‌تیه‌کاندا هه‌وڵیدا ئه‌و بزووتنه‌وانه، مادام که هه‌ر سه‌ریان هه‌ڵداوه و زیاتر پارتیان کردووه به نیشان ، هیچ نه‌بێ به‌وباره‌دا ببرێن.
گروپی دووه‌م له‌و لایه‌ن و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه پێکدێن که له جیهانی واقیعدا به شوێنی ئه‌وه‌وه‌ن که ئایدیا و به‌ها سیاسی و فکریه‌کانی مێشکیان ، که له‌ڕابووردوودا به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه، پیاده بکه‌ن و به‌رجه‌سته‌ی بکه‌نه‌وه بێئه‌وه‌ی بنه‌ماکانی ئه‌و ئایدیا و سیاسه‌تانه تۆوێکیان له‌م زه‌مینه‌یه‌دا هه‌بێ. زۆر هێز و لایه‌نی سیاسی ڕه‌وتی پاشه‌کشه و خۆرئاوابوونیان پێش ئه‌م بزووتنه‌وانه ده‌ستی پێ‌کردبوو . لای ئه‌مان ئه‌م بارودۆخه تازه‌یه فرسه‌تێکه بۆ نه‌فه‌س کردنه‌وه به‌به‌رخۆیاندا. ئه‌مان میتۆدێک پیاده‌ئه‌که‌ن لنگه‌وقووچه که تیایدا جیهان و ڕووداوه‌کان به لابراتۆری تێزه فکریه‌کانی مێشکی خۆیان ئه‌زانن. ئه‌م به‌ره‌یه جیاوازی ته‌واویان له به‌ره‌ی یه‌که‌م هه‌یه به‌ڵام له‌وێدا له‌گه‌ڵیا یه‌کئه‌گرنه‌وه که ئه‌مانیش به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که ده‌ستیان وقسه‌یان بڕوات ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هه‌ناسه‌سوار و بارگران و چاره‌قورس ئه‌که‌ن.
که‌واته سروشتی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه چۆنه ؟
وه‌کوو هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی تر ، گه‌ر به‌وشیاری و دیقه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئێستای کوردستان نه‌کرێت یا تووشی چه‌قین و بنبه‌ست ئه‌بێت یا مه‌ترسی به‌لارێدا بردنی ئه‌بێ به حه‌قیقه‌تێکی تاڵ.
بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئێستای کوردستان کاردانه‌وه‌ی ڕێبازی سیاسی و به‌رنامه‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه له‌بواری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئیداریدا. زه‌وتکردنی سامانی گشتی ووڵات له‌لایه‌ن حیزبه‌وه، دیزه به‌ده‌رخۆنه‌کردنی ساڵه‌های ساڵی بودجه وهه‌موو داهاته‌کان ، مامه‌له‌ی مافیایی له‌گه‌ڵ داهاته سروشتیه‌کانی وه‌کوو نه‌وت ، گه‌نده‌ڵی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و سه‌رهه‌ڵدان و په‌ره‌سه‌ندنی دیارده‌ی لێپرسراوی مشه‌خۆر و خاوه‌ن سامانی بێوێنه، به‌رتیل واسیته و بیرۆکراتیه‌تی ئیداریی فراوان ، سیستمێکی داڕزاوی په‌روه‌ده و خوێندنی باڵا ، له‌به‌رانبه‌ریشدا په‌ره‌سه‌ندنی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ژاری و بێ‌کاری نایه‌کسانی وفه‌رامۆشکردنی ساده‌ترین داخوازی و پێویستیه‌کانی لاوان … تاد، ته‌نها لایه‌نێکی سیناریۆی ڕه‌شی مۆدیلی فه‌رمانڕه‌وایی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانن. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌شێوه‌ی خۆڕسکی له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و به‌رنامه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریانه سه‌ریهه‌ڵدا که به‌تایبه‌تی هه‌ردوو کابینه‌ی ئێستای به‌رهه‌م ساڵح و پێشتری نێچیروان بارزانی له هه‌رێمی کوردستاندا پیاده‌یان کردووه.
فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌ر چه‌ند کۆڵه‌که‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی دامه‌زراون.
1/ سه‌رپه‌رشتی و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب و مه‌کته‌ب سیاسی له هه‌موو بڕیار و مقدراتی سیاسی په‌رله‌مانی کوردستان .په‌رله‌مانی کوردستان ده‌زگایه‌کی شه‌له‌له. خاوه‌نی بڕیاری سه‌ربه‌خۆی خۆی نیه. هیچ بڕیارێکی گرنگی په‌رله‌مان ئاکامی ته‌فاعول و گفتوگۆ و مشتومڕی ئه‌ندامان و کوتله‌کانی په‌رله‌مان نیه له ژێر بنمیچی ساختمانی په‌رله‌مانی کوردستاندا.
له‌ڕووی فه‌لسه‌فه و پراتیکی ده‌ستووریه‌وه، په‌رله‌مانی کوردستان سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات نیه به‌ڵکوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و خاون بڕیاری ڕاسته‌وخۆ وڕاسته‌قینه‌ن. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه سیستمی سیاسیی کوردستان جیائه‌کاته‌وه له‌سیستمی په‌رله‌مانی.
لێره‌دا ڕه‌نگ بێ هه‌ردوو لایه‌نی ناوبراو ، وه‌کوو کاری هه‌میشه‌ییان ، بڵێن:” ده‌سه‌ڵاتداره‌تی ئێمه به‌رهه‌می ده‌نگدانی زۆرینه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستاندا که دواترینیان له 25ی ته‌مموزی 2009دا به‌ڕێوه‌چوو”.
له‌وه گه‌ڕێین که ئه‌و ” زۆرایه‌تی” یه به‌رهه‌می چ یاسایه‌کی هه‌ڵبژاردن وده‌ستێوه‌ردانێکی ڕووت و ئاشکرایه له هه‌ڵبژاردنه‌کان وئاکامی چ جۆره به‌ڵێنێکی سیاسیی کاتی هه‌ڵبژاردنه که به‌خه‌ڵکی ده‌ده‌ن به‌ڵام سه‌باری ئه‌وانه ڕوونکردنه‌وه‌ی یه‌ک ڕاستی له‌م ڕووه‌وه بایه‌خی تایبه‌تی خۆی هه‌یه: زۆرینه و که‌مینه ناوه‌ڕۆکی کێشه و گرفتی په‌رله‌مانی کوردستان نیه به‌ڵکوو پێش زۆرینه و که‌مینه ئه‌و ناوه‌ڕۆکه له‌وه‌دا خۆی ئه‌نوێنێ که په‌رله‌مان کیانێکی سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن ویست و بڕیار و سنووری دیاریکراو و سه‌لاحیاتی ته‌واو و له‌هه‌مووشی گرنگتر سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان نیه. به‌واتایه‌کی تر فه‌لسه‌فه‌ی ده‌سه‌ڵات له کوردستاندا جۆرێکه که حیزب به‌گرتنه‌به‌ری کۆمه‌ڵێک شێوازی تایبه‌ت و مۆدێلێک له‌ده‌سه‌ڵاتداره‌تی و کۆمه‌ڵێک میکانیزمی تایبه‌ت جڵه‌وی په‌رله‌مانی به‌ته‌واوه‌تی گرتۆته‌ده‌ست. به‌و پێیه په‌رله‌مانی ئێستای کوردستان به‌کرده‌وه له دیکۆرێک زیاتر و له‌ده‌زگایه‌ک بۆ شه‌رعیه‌ت دان به ده‌سه‌ڵاتداره‌تی و هه‌یمه‌نه‌ی سیاسی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر چاره‌نووسی میلله‌تێکدا زیاتر ، هیچی تر نیه. ئه‌م په‌رله‌مانه به‌کرده‌وه بۆ خزمه‌ت به هه‌یمه‌نه‌ی حیزب و ڕازاندنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌یمه‌نه‌یه به‌ناوی هه‌ڵبژاردن و ڕێزدانان بۆ ویستی زۆرینه کار ئه‌کات.
2/ که‌س ناتوانێ نکووڵی له‌و ڕاستیه بکات که حکوومه‌تی هه‌رێم کیانێکی ده‌ستووری و ئیداری سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت نیه که له‌سه‌ر بنه‌مای کارکرده‌خۆییه‌کانی هه‌ڵسوڕێت. حکوومه‌ت قه‌واره‌یه‌ک نیه که ڕۆڵی خۆی وه‌کوو ده‌زگای جێبه‌جێکردنی بڕیاره‌کانی په‌رله‌مان به‌رجه‌سته‌کردبێته‌وه. ئه‌م حکوومه‌ته ، هه‌روه‌کوو په‌رله‌مان ، ده‌زگایه‌که نوێنه‌رایه‌تی هاوپه‌یمانی 2 حیزبی سیاسی تایبه‌ت ئه‌کات له کوردستاندا. به‌ڕیوه‌به‌ری ویست و به‌رژه‌وه‌ندی و سیاسه‌ته‌کانی پارتی و یه‌کێتیه. ئه‌مه ته‌نها قسه‌ی هێزو لایه‌نێکی ناڕازی یا جیاواز له‌باری سیاسیه‌وه نیه له‌و 2 حیزبه به‌ڵکوو ڕاستیه‌که به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی به‌رنامه و مۆدێلی حکوومه‌تکردنی ئه‌وان خۆیانه. سه‌رچاوه‌ی بڕیار و هه‌ڵوێست سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م حکوومه‌ته ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نیه، یا ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه ده‌زگای سه‌ره‌کی وسه‌ربه‌خۆی جێبه‌جێکردن نیه به‌ڵکوو به‌ده‌یان ڕایه‌ڵ و پۆ حیزب و مه‌کته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ئاراسته‌ی کاره‌کانی دیاری ئه‌که‌ن. ڕووداوه‌کانی سلێمانی به‌تایبه‌تی له 17 / 2 به‌دواوه پووچی ئه‌و قسانه‌یان ده‌رخست که باس له‌وه ئه‌که‌ن که حیزب ده‌ست وه‌رناداته کاری حکوومه‌ته‌وه!!. به‌پێچه‌وانه‌وه پارتی وه‌ختێک هێزی زێره‌ڤانی بۆ سه‌رکووتی خۆپیشانده‌ران نارده سلێمانی هیچ حسابێکی بۆ ڕۆڵی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران نه‌کرد.
3/ به‌رنامه‌ی ئابووری حکوومه‌تی هه‌رێم په‌یڕه‌وی له هیچ میتۆدێکی زانستی ناکات.
سه‌رانی هه‌ردوو حیزب هه‌میشه باس له پێویستی په‌یڕه‌وکردن له میکانیزمه‌کانی بازاڕی ئازاد ئه‌که‌ن. ئه‌وان بۆ ئه‌م بواره هیچ جۆره پلانێکی دیاریکراویان نیه که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی بازاڕی ئازاد بێت. هه‌رخۆیان له‌م بواره‌دا ئه‌وه له‌بیر ئه‌که‌ن که ووڵاتێکی وێرانکراوی ده‌ستی ڕژیمی به‌عس و تاڵانکراوی دواتری ده‌ستی هه‌ردوو حیزب چۆن له‌لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ته‌وه ئاوه‌دان ئه‌کرێته‌وه ؟ که‌رتێک که قازانج وسوود و هه‌ڵپه بۆی ته‌نها پاڵپێوه‌نه‌ر و ئامانجی بێت. به‌ڵام دیاره ئه‌وان له‌م پیاهه‌ڵدانی بازاڕی ئازاده دا مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌یه که خۆیان بدزنه‌وه له هه‌ر جۆره لێپرسراوه‌تیه‌ک له‌و بواره هه‌ستیاره‌دا و جگه له‌وه‌ش په‌رده‌یه‌کی ئه‌ستوور بده‌ن به‌سه‌ر چاره‌نووسی به‌شی زۆری ئه‌و ملیاره‌ها دۆلاره‌دا که وه‌کوو به‌شی هه‌رێمی کوردستان له‌به‌غداوه دێت. سه‌ره‌نجامیش هه‌موو که‌سێکی ئه‌م کوردستانه باش ئه‌زانێت هۆیه‌کی تری پیاهه‌ڵدان به فه‌لسه‌فه‌ی بازاڕی ئازاد له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه ئه‌وه‌یه که بیانوویه‌ک بێننه‌وه بۆ ئه‌و هه‌موو کۆمپانیا و دام و ده‌زگا ئابووری و بازرگانیه‌ی که هه‌ردوو حیزب و خێزانی سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو لا له‌کوردستاندا خستوویانیه‌ته گه‌ڕ تا یاساکان بخرێنه خزمه‌تی ئه‌و کۆمپانیانه و ته‌سهیلاتی یاسایی پێویستیان بۆ ئه‌نجام بده‌ن.
به‌ڵام پارتی و یه‌کێتی به‌کرده‌وه تا ئه‌و جێیه باس له ڕێبازی ئابووری بازاڕی ئازاد ئه‌که‌ن که خۆیان پێویستیانه چونکه له‌ولاوه ده‌ست وه‌رئه‌ده‌نه ناو هه‌موو کاروکرده‌وه ئابووریه‌کان له‌م ووڵاته‌دا و له‌م بواره‌دا هیچ ڕێزێک بۆ حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و یاساکانی خۆشیان دانانێن.
کێ هه‌یه نه‌زانێت که کوردستانی عێراق یه‌کێکه له‌و ووڵاتانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و تاقمی ده‌سه‌ڵاتدار به‌سه‌ر ئابووریدا زۆر به‌تووندی لێکئاڵاو‌ن به‌جۆرێک جیاکردنه‌وه‌یان له‌یه‌کتر زۆر دژواره؟
لێره‌دا ئه‌و پرسیاره دیته ئاراوه که:ئه‌و فایله‌ی ده‌سه‌ڵات له‌بواری ئابووریدا چ به‌رهه‌مێکی بۆ خه‌ڵک بووه؟
جگه له توێژێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی حیزبی و سێبه‌ری ده‌سه‌ڵات که کۆنترۆڵی زۆربه‌ی بواره ئابووریه‌کانی ئه‌م ووڵاته‌یان کردووه، زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵک له‌گه‌ڵ دنیایه‌ک له کێشه و گرفتی به‌رهه‌مهاتوو له‌م ڕێبازه ئابووریه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم به‌ره‌وڕوون.
جومگه سه‌ره‌کیه‌کانی بازاڕ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌کانی ده‌وروبه‌ری حیزبه‌وه کۆنترۆڵکراوه. ئه‌م ووڵاته له به‌رهه‌مهێنانی ده‌سڕی کاغه‌زه‌وه تا گه‌وره‌ترین ماشین و ئامێر به‌ته‌واوی پشتی به‌ستووه به ده‌ره‌وه. خزمه‌تگوزاریه گشتیه‌کان وه‌کوو ڕێگه و بان ، هاتووچۆ و گوێزانه‌وه، ئاوه‌ڕۆ و ئاو و کاره‌با و وزه، ته‌ندروستی خه‌سته‌خانه‌کان و داووده‌رمان ، قوتابخانه و خوێندن ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ئیداراتی حکوومی و … تاد، به‌ده‌ست هه‌مان سیستمی دواکه‌وتوه‌وه ئه‌ناڵێنن و ڕۆژانه خه‌ڵکی ئه‌م ووڵاته ئه‌هاڕن.
4/ سیستمی ئیداری هه‌رێمی کوردستان به‌شی ته‌واوکه‌ری هه‌مان سیستمی سیاسیه.
ئه‌م سیستمه جگه له‌وه‌ی له‌باری هونه‌ری و شێوازی کار کردن و ته‌کنیکه‌وه له‌پاشماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ک له‌مه‌وپێش ئه‌چێت، تا بینه‌قاقاش غه‌رقه له‌ناو زه‌لکاوی گه‌نده‌ڵی و واسیته و به‌رتیل و بیرۆکراتیه‌ت و خزم خزمێنه و ده‌ستێوه‌ردانی حیزب تیایدا.
ڕۆژانه سه‌دان هه‌زار که‌س ڕووئه‌که‌نه ئه‌م دا‌و و ده‌زگایانه. خه‌ڵکی کوردستان ده‌رد و زوخاوێکی زۆر به‌ده‌ست ئه‌م سیستمه ئیداریه گه‌نده‌ڵ و دواکه‌وتووه‌وه ئه‌چێژن. ئه‌م سیستمه گه‌ر تا ئێستا بوارێک مابێته‌وه بۆ چاکسازی تیایدا ئه‌وه به تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێکی تر ئیتر که‌ڵکی چاکسازیشی نامێنێت.
که‌واته:
ئه‌وانه‌ی به‌تایبه‌تی له‌ناو ڕیزی ده‌سه‌ڵاته‌وه پرسیار له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆکی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری ئێستای کوردستان ئه‌که‌ن بۆ گومڕاکردنی خه‌ڵک و چاندنی تۆوی گومان له‌ناویان و خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیاره‌تی ڕاسته‌وخۆی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و پرسیاره ئه‌که‌ن. هه‌رکه‌سێک ڕێگوزه‌ریش بۆ 1 هه‌فته ڕێی بکه‌وێته کوردستان ئه‌زانێت خه‌ڵک بۆ ڕژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌کان. ئه‌وان بۆگۆڕینی ڕیشه‌یی ئه‌م سیستمه هاتوونه‌ته مه‌یدان که دوای 20 ساڵ له‌ڕاپه‌ڕینی شکۆمه‌ندی خه‌ڵک عاقیبه‌ته‌که‌ی ئه‌وه‌یه که‌به‌چاو ئه‌یبینن و ئیتر هیچ یه‌ک له‌بیانوه‌کانی 20 ساڵی ڕابووردوو ناتوانن خه‌ڵک به‌ئارامی ڕاگرن.
که‌س گومانی له‌وه نیه که لانی که‌م مۆدێلی تا ئێستای ده‌سه‌ڵاتداره‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان کاتی به‌سه‌رچووه.ئه‌م مۆدێله گه‌ر خێرێکی بووبێت ئه‌وا ئیتر خێری خۆی دایه‌وه به‌ڵام که‌ڵکی ئه‌م قۆناغه‌ی نه‌ماوه.
به‌ڵام پرسیاری بنه‌ڕه‌تی به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ئێستای خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو هێزه سیاسیه‌کانی ئه‌م ووڵاته ئه‌وه‌یه که :
ئایا سیستمی سیاسیی ئێستای کوردستان که‌ڵکی گۆڕینی هه‌یه ؟ ئایا چاکسازی و ڕیفۆرم که ناوه‌ڕۆکی پلاتفۆرمی تا ئێستاش پێکدێنێت چه‌ند شانسی سه‌رکه‌وتنی هه‌یه له‌باری بابه‌تیه‌وه؟ ئایا سنووری چاکسازی تا کوێ بڕ ئه‌کات و ئه‌م سیستمه به‌و هه‌مو تایبه‌تمه‌ندیه قووڵه گه‌نده‌ڵه چه‌سپاوه‌وه که چه‌قی به‌ستووه ته‌حه‌موولی چاکسازی ئه‌کات ؟ سه‌رانی ده‌سه‌ڵاتدار تا کوێ ئاماده‌ن سه‌ر بۆ پرۆسه‌ی چاکسازی نه‌وی بکه‌ن ؟ ئایا خاڵێک هه‌یه که خواستی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵات تیایدا بگه‌ن به‌یه‌ک وه‌کوو سازشێکی هه‌ردوو لا بۆ پیاده‌کردنی چاکسازی ؟ ئایا سنووری نێوان چاکسازی و قۆناغی دوای ئه‌و له کوێدایه و کامه‌یه؟ .. تاد.
ڕاسته بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئێستای کوردستان به‌بێ به‌رینبوونه‌وه‌ی ئاسۆیی به‌تایبه‌تی له هه‌ولێردا بواری سه‌پاندنی زۆربه‌ی داخوازیه‌کانی ئێستای کزه ، به‌ڵام له‌وه‌ش واوه‌تر پرسیار و چاڵنجی ئاسۆ و داهاتووی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌یه. داهاتوویه‌ک که به‌ته‌بیعه‌ت ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه و زۆری هاوچه‌شنیان بۆ هه‌ڵسووڕاوانی نزووتنه‌وه‌ی ناوبراو و خه‌مخۆرانی دێنێته یاراوه.
سنووری ڕیفۆرم و چاکسازی و ڕه‌هه‌نده‌کانی و شانسی سه‌رکه‌وتنی و باڵانسی له‌گه‌ڵ شۆڕشدا ته‌نها خولیه‌یه‌کی فکری نیه به‌ڵکوو یه‌کێک له کێشه و پرسیاره زیندووه‌کانی زۆربه‌ی ئه‌و ووڵاتانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته که له‌گه‌ڵ بارودۆخێکی وه‌کوو کوردستاندا ده‌رگیرن. ناکرێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندی بارودۆخی کوردستان بکرێت به‌بیانوویه‌ک بۆ خستنه‌که‌ناری پرسیاره گه‌وره‌کان سه‌باره‌ت به چاکسازی و ڕیفۆرم و ڕه‌هه‌نده‌کانیان به په‌یوه‌ند به بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئێستای کوردستانه‌وه.
ڕه‌نگ بێ وه‌ڵامی به‌شێکی ئه‌و پرسیارانه له‌جه‌رگه‌ی ته‌فاعولاتی چه‌ند مانگی داهاتووی کێشمه‌کێشه‌کانی ئێستای کوردستان له‌نێوان ڕیزی فراوانی خه‌ڵک و ده‌سه‌ڵاتداره‌تی حکوومه‌تی هه‌رێمیدا ده‌رکه‌ون به‌ڵام ووردبینی و دووربینی سیاسی ئه‌توانێ ئاسۆی هه‌نده‌که‌ی تریان هه‌ڵهێنجێنێت. هێزی سیاسیی کاریگه‌ر له ڕه‌وتی ڕووداوه‌کانیش ئه‌رکی ئه‌وه‌یه ئه‌وه ئه‌نجام بدات ئه‌گه‌رنا مێژوو به‌سه‌ر ئه‌ویشدا بازئه‌دات.
Ahmad0@optusnet.com.au
عدنان که‌ریم
ئازاری 2011