ناڵه‌ی ژنانی كه‌سوكار ئه‌نفالكراو
هه‌موو زامه‌كان به تێپه‌ربوونی زه‌مه‌ن یه‌ك ده‌گرنه‌وه و تیمار ده‌بن، به‌ڵام زامی ئه‌نفال به‌رده‌وام خوێنی لێ ده‌چۆڕێته‌وه، رۆژ دوای رۆژ نه‌ك بچووك نابێته‌وه، به‌ڵكوو گه‌وره‌تر ده‌بێت و ئازاری به سوێ تر ده‌بێ و خه‌مه‌كانی شۆڕده‌بنه‌وه بۆ قووڵایی ناخ. ئێستا كه ده‌مه‌وێت شتێك له‌سه‌ر ژن و ئه‌نفال بنووسم، ناڵه ناڵی دایكه جگهرسووتاوهكان له گوێچهكامدا ده‌زرینگێته‌وه، هاواری خوشكان بۆ براكانیان دڵم شیقار شیقار ده‌كات، هیچ خاوه‌ن ویژدانێك به‌رگه‌ی ئه‌و ئازاره ناگرێت… به هه‌ردوو چاوه‌كانم ژنانی مێرد ئه‌نفالكراو ده‌بینم خۆیان ره‌شپۆش كردووه و ده‌ڵێن: سبه‌ی تاكو ئێواره هه‌ر چاوه‌ڕێین، شه‌وان تا به‌یانی ههرچاوهڕێین…ژنێك ده‌ناسم ئێواران جێگه‌ی كوڕه‌كه‌ی ڕاده‌خات و به‌ده‌م چاوه‌ڕوانییه‌وه زه‌نگوڵ زنگوڵ ئه‌سرین هه‌ڵده‌ڕێژێت، كه نووستیش ده‌رگا داناخات، چونكه هێشتاش به ئومێده، به‌شكو خودایه كوڕه‌كه‌ی بێته‌وه و تاوێك له ته‌كیه‌وه ئۆخژن بگرێت. ئایی خودایه ئه‌م خه‌مه چه‌ند وشك و بێ دوایییه، بۆچی رۆژێك نایێت كۆتایی بێت!
كۆمهڵهژنێكم بینی هاتوهاوار و ناڵهناڵیان بوو، ژنێك كه له نێو خێزانێكی گه‌وره ته‌نیا خۆی مابوو، برا و خوشك و كوڕ و كچ و دایك و باوك و هاوسه‌ره‌كه‌ی ئه‌نفال كرا بوو، به سه‌ردوولكه و لاواندنه‌وه ده‌یوت:
رۆڵه هۆ رۆڵه رۆڵه‌ی شیرینم،
ئومێدم وابوو، مه‌رگت نه‌بینم،
ئێستاكه جه‌رگم پڕ له خوێناوه،
له دوای تۆ ئیتر بۆچییه ژینم!
ژنێكی دیكه‌م بینی، گوتیان ئه‌م ژنه ته‌نیا شه‌وی به‌بووك چوونی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی دابووه، بۆ به‌یانی ئه‌نفال كراوه، گه‌رمی هه‌ناسه‌ی ئه‌م ژنه هه‌موو ده‌وروبه‌ری ده‌سووتاند، ده‌یوت:
ژیانی من ته‌نیا شه‌وێكی خۆش بوو،
له دوای ئه‌م شه‌وه زوخاوم نۆش بوو،
ئێستا نازانم شه‌وه، یان رۆژه،
بۆچی ئه‌و ژیانه هێنده ئاڵۆزه؟
ژنێكی دیكه سه‌ری خۆی توند به‌ستبوو، ناخی ههڵكڕووزاوی به لاواندنه‌وه ده‌رده‌بڕی، وتم: تۆ كێی؟ وتی:
من زیندوویێكی مردوو و خامۆشم،
هه‌میشه به‌رگی خه‌مان ده‌پۆشم،
به ئه‌سڵا خه‌ڵكی ئهنفالستانم،
شێت دیوانه‌م، نه‌ماوه هۆشم.
ژنێكی دیكه‌م بینی پێڵاوی پیاوێكی ئه‌نفالكراوی له باوه‌ش گرت بوو، ناوه‌ناوه بۆنی ده‌كردن و له‌سه‌ر سه‌ری خۆی دایده‌نان، پێم وت: ئه‌رێ ئه‌مه پێڵاوه‌كانی كێین؟ وتی:
له لایه‌ن دایكم بۆ باوكم كڕاون،
بۆ منی خه‌مگین به میرات ماون،
ئه‌مانه بۆمن زۆر گران به‌هانه،
سێبووری منن ته‌واو له‌وژیانه.
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه به‌شێك بوو له‌و ناڵه‌ناڵه‌ی كه ژنانی كه‌سوكار ئه‌نفالكراو ده‌یكه‌ن و له‌نێوی دا ده‌ژین. به گوێره‌ی توێژینه‌وه‌كان ئه‌وان بهشمهینترین چین بوون له شاڵاوه به‌دناوه‌كانی ئه‌نفال و كیمیاباران، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ پیاوگه‌ل خرانه نێو چاڵه قووڵه‌كان و به ئاهی سارد و دڵی سوتاو و داخی دابڕان له كه‌س و كاریان به زۆر مه‌رگیان پێنۆش كردن… به‌شێكیشیان له دوای دێوه‌زمه‌ی جینۆساید مانه‌وه، به ژیانێكی كوله‌مه‌رگی، هه‌ژاری و خه‌مگینی، له چاوه‌ڕوانیدا سهتانجار ئاواتی مردنیان خواست… حكوومه‌تی هه‌رێمیش به دره‌نگه‌وه هێندێ خزمه‌تی كردن، به‌ڵام ئه‌م كه‌مه خزمه‌ته بۆ باڵای به‌رزی ئه‌وان زۆر كورت بوو…چونكه به‌ڕاستی ئه‌وان نازه‌نین…
له ژماره (5)ی گۆڤاری (دیمه‌ن)ێ ئه‌مساڵ: 2013، بڵاوكراوه‌ته‌وه