Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
نوێنەراتیکردن لەنێوان تاکی موسڵمان و گروپی ئیسلامیدا

نوێنەراتیکردن لەنێوان تاکی موسڵمان و گروپی ئیسلامیدا

Closed
by October 2, 2013 گشتی

 

 

 

 

کۆمەڵگەی کوردی تێکەڵەیەکە لە هەردوو خەسڵەتی کۆمەڵگەیەکی هترۆجینی(فرەڕەنگ ) و هۆمۆجینی (یەکڕەنگ) لە ڕووی ئاینی و زمان و ئیتنیک و کەمایەتیەکانی دیکەوە. بەڵام ئەوە نوکڵی لەوە ناکات کە زۆرینەی موسڵمانی-سونەیە( بگرە شافعی مەزهەبیش، بەڵام باش مەددی ئیسلامی سیاسی ئەمە گۆڕانی بەسەردا هاتووە)، ئیدی ئەو پرسەی ئێمە لێرەدا  دەمانەوێت قسەی لەسەر بکەین ئەوەیە: ئایا کورد لەم هەرێمەی باشوردا و بە دیاریکراوی لە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن و ژیانی سیاسی پێوستی بە گروپ و پارتی ئیسلامیە هەتا چاکسازی و بانگەوازی ئاینی بۆ بکات یان پێوستی بە تاکی موسڵمانی دەست پاکە هەتا  بەدڵسۆزی خزمەت بە کۆمەڵگە بکات؟ 

لە هەرێمی کوردستاندا و لەمیانی ژیانی پەرلەمانی و سیاسی دا ئێمە چەند مۆدیلێکی بەشداری ئاینی سیاسیمان بینیوە لەوانە مەلا و دەزگای یەکیەتی زانایانی ئاینی پارتە سیاسیەکان (یەکیەتی و پارتی ) ، کە ئەمە زیاتر چاولێگەری بووە لە دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ڕژێمە بەناو عەلمانیە سەرکوتەکەرەکانی دەوروبەرو ناوچەکە.  پاشان بزاڤی تەریقەتەکان (قادری و نەقشەبەندی) کە بەداخەوە ئەمانیش زیاتر دابەش بوو بوون بەسەر پارتەکاندا، ( بۆ نمونە قادری یەکیەتی و نەقشەبەندی پارتی). یەکێکی دیکە  لەبەشداریەکان هەڵوێستی بزاڤی سەلەفیەکانە(مەدخەلیەکان) ئەمانیش لە ژێر کاریگەری ڕەوتە سەلەفی و وەهابیەکانی سعودیە و ناوچەکە زیاتر داکۆکی لە سوڵتانی زەمان دەکەن یان بەتەواوی نەفرەتی لێدەکەن و خۆیان تەریکی کاری سیاسی کردوە. گرنگترین و بەرفراونترین لە بەشداری ئاینی لە دوایی ڕاپەڕینەوە بریتیە لە دەرکەوتنی گروپ و پارتە ئیسلامیە سیاسیەکانی باشوری کوردستان( بزوتنەوە، کۆمەڵ، یەکگرتوو، لێکەوتەکانیان). 

بەبڕوای من هەموو ئەم مۆدیلانە بەگشتی  نەیانتوانیەوە لەلایەک ببنە متمانەی زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێم و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەدامو دەزگا گشتیەکاندا و لەلایەکی تریشەوە تەنانەت لەناوخودی ئۆرگانەکانی خۆشیان نەیانتوانیەوە ڕێگربن لە نادادپەروەریی و سەرکوتکردنی ئازادیەکان لانی کەم. ئەگەرچی لە بەر هۆکاری زۆری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری سەردەمانێک بووە جەماوەری پارتە ئیسلامیەکان  لە هەڵکشاندا بووە ؛ بەڵام ئەمەش دیسان لەسەرێکەوە بۆ خراپی ڕەوشی سیاسی و ژیانی دیمۆکراسی ئەو دەمە و خراپی کاراکتەرەکانی دەگەڕیتەوە، واتە ئەوانی دیکە  ( بۆ نمونە تێوەگلانی شەڕی ناوخۆ) و لەسەرێکیشەوە ئەم هەڵکشانە بە ستراتیژ و بەرنامە نەبووە زۆرجار کەتوون بەسەریدا. 

هەنووکە بەهۆی ئەو ڕەوشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوریەی سەریهەڵداوە و لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو هەڵبژاردنەی دوایی (٢٠٠٩ و ٢٠١٣) دا ، کە ئۆپۆزسیۆنی کارا سەریهەڵداوە و بەتایبەتی دروست بوونی گۆڕان وەک هێز و بزاڤیکی نوێی کۆمەڵایەتی-سیاسی و دوور لە پابەندبوون بە ئایدیۆلۆژیای ئاینی و سیاسی تەقلیدی پارتی کوردی کە دابەش بووە بەسەر بەناو عەلمانی/ئیسلامی دا. ئەوا ئەنجامی هەڵبژاردن و ویستی خەڵک بۆ بەشداری سیاسی لەڕیگەی نوێنەرایەتکردنەوە نەک ئەندام بوونەوە ( کە ئە مۆدیلی ئەندام بوون باوە لە ژیانی سیاسی ئێمەدا) وایکردوە ئەو هەقیقەتە زیاتر خۆی بدرەوشێنێ  و ببپرسین کە ئایا هەروەک چۆن ئیتر نابێت هەتا هەتایە ئێمە ئەندام بین لە پارتێکدا و وەلامان بۆی هەبێت و دەنگی پێبدەین، بە هەمانشێوەش ئایا ناکرێت ئێمە نوێنەرێک هەڵبژێرین دەست پاک و دادپەروەر و خواناس بێت خاوەن پرۆژەی سیاسی و خزمەتگوزاری تۆکمە بێت لەبری گروپێکی ئاینی دینداری بانگەشەکەری پارێزەری دواڕۆژ (بەس زۆربەی جار بێ پرۆژەی سیاسی)؟ وردتر ئایا تۆ کەسێکی دەستپاکی ئاینداری سەربەخۆ و نائایدیۆلۆژی  و تەکنۆکرات و یاسایی و مافناس و ئەکتەری سیاسی شارەزات دەوێ یان واعیز و مەلا و خەتیب و ئایدیۆلۆژستی ئیسلامی سیاسی و پابەند بە ئەمر و نەهی حزبەکەیەوە بچێتە پەرلەمان؟ 

بە بڕوای بەندە ئیستە مۆدیلێک بەڕێوەیە کە  زۆر لەبارە بۆ بەشداری ئاینی لە ژیانی سیاسیدا ، هێشتا لە سەرەتادایە و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەکرێت کاری بۆ بکرێت. دەرکەوتەکانی ئەم مۆدیلە بوونی کەسانی دیندار و دەستپاک و نائایدیۆلۆژی وەک عەلی حمەساڵح و هەڤال ئەبوبەکر و یوسف محمەد سادق و بگرە سەدان مرۆڤی لەو چەشنە چ لە گۆڕان و چ لە پارتە ئیسلامیەکان و چ لە پارتە علمانیەکان دا بوونیان هەیە. دەکرێت ئەم سەروەتە مرۆیانە سودیان لێ وەرگیرێت و ببنە نمونەی جوانی بەشداری سیاسی و گێڕانەوەی بەهای خزمەتکردن بۆ کایەی سایسی کوردی. کاتی ئەوە هاتوە هێزە بە ناو عەلمانیەکان لەمەوە فێربن بەشداری سیاسی قۆرخ نەکەن و خەڵکی دەست پاک و شارەزا بکەنە کاربەدەست و هەرگیز دینداری نەکەنە هۆی ڕێگریی و دوورخستنەوەی هەر مرۆڤێک. هەروەها وا دەزانم دوایی ئەم دوو هەڵبژاردنەش ئیتر کاتی ئەوە هاتووە پارتە ئیسلامیەکان لەمە تێبگەن ئەوان تائێستاش خۆراکیان لەسەر قیامەتسازیە نەک پرۆژەی سیاسی و بەڵگەش دەرچوونی مەلا و واعیزەکانیان و پاشەکشەی تەکنۆکرات وسیاسیەکانیان. بۆیە یان دەبێت سوود لەو مرۆڤە دەست پاک و دیندار و شارەزایانە ببینن و ڕەوت و ستراتیژی کاریان بگۆڕن لە دەعوە و قیامەتسازیەوە بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری ژیواری و هەنووکەیی ( کەس ناڵێت واز لە دین بهێنن بەس بەکاری مەهێنن) ، یان ببنە دەزگای ئیرشاد و پەروەردەیی و بانگەوازیی و ئەو بەش و کەسانەی کۆمەڵگە پێتان وایە لادەر و گومڕاو نائیسلامیە بانگی بکەن بۆ ئەو بەرنامەیەو ئیسڵاحی کەن.  

عەلی موحمەد زەڵمی 
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.