Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
نیشتمان، یان سەرزەمینی ئازار؟

نیشتمان، یان سەرزەمینی ئازار؟

Closed
by August 23, 2011 گشتی


 

((ئێشی ئازارێک بە هیز ترە لە هەزار چێژ)) (شۆبنهاوەر)

 

دەسەڵاتی ئەمڕۆی هەرێمی کوردوستان، ڕون تر بڵێم دەسەڵاتە یەکگرتوەکەی پارتی و یەکێتی هێندەی لە بیری ئەوەدان شارەکانی نیو قەڵەمڕەویان بچەقێنن لە ئازاردا، هێندە لە جەوهەردا دامەزراوەیەک نین بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو مەترسیانەی کە لە هەر کاتێکدا ئەگەری دروست بوونی دەکریت. ئەوەتا ئەگەر تیبینی بکرێت بە ئاسانی لە هەنوکەو لە ڕابوردوشدا دەرک بەوە دەکرێت لە هەر کاتێکدا کۆمەڵگانشینەکانی نێو ئەو قەڵەمڕەوەیە کەوتبێتە جموجوڵ و دەربڕینی ناڕەزایی بە دوایدا هێزەکانیان جوڵاوەو بە شێوەیەکی ئەفسانەسازی دەیان دەعاجان و وێنەی دێوەزمەیان دروست کردوە لە بەرچاوی جەماوەر تا لەوێندەرەوە ئەو نێشانانە بپێکن، کە هەر ئەوانن هێزی خێریان لە کنەو لە ڕۆژگارێکەوە لە دژی حکومەتە سەرسەختەکەنی عێراق جەنگاون و هەر ئەوانیشن لە ئێستادا دەتوانن ببن بە ئەلتەرناتیڤی بەرهەڵستی و بەرەنگار بونەوە.

یەکێک لەو وێنانەی کەوا دەیان ساڵە ئەم دوو حیزبە دەسەڵاتدارە دەست و پلی لە گەڵدا نەرم دەکەن و نان و پیازی پاڵەوانێتی پیوە دەخۆن، ئەو ناوچانەن ئەمڕۆ ناوزەد کراون بە ناوچە دابڕاوەکان، ئەمە لە کاتێکدا دەبینین تاقە هەنگاوێکیش دانەبڕاون لەو کات و شوێن و ژینگەیەی شوناسی دابڕان و دانەبڕانیان دیاری دەکات. لێرەوە پێش ئەوەی خاڵی کۆتای دابنێم لە تەواو کردنی ئەم پەڕە گرافەدا، حەزدەکەم ئەگەر بەخێرایش بێت لێکدانەوەیەکی کورتی ئەم واژەیە بکەم. (دابڕاوەکان) وشەیەکە لە چاوگی دابرانەوە هاتوەو بریتیە لە تەرا بوون و جیا بوونەوەی پارچەیەک لە نێو چەند پارچەیەکی تردا ئیتر ئەمەش دەبێتە هۆی دابڕان لەو شوێن و ژینگەیەی کە دابڕاوە لێی و دەچێتە نێو فەزایەکی تایبەت و لە مێژویەکی جیاوازدا دەست بە خولانەوە دەکات، سەرەنجام لە خۆیدا گەشە دەکات و شوناسێکی جودا پەیدا دەکات، بەڵام سەبارەت بە پاشگری (ەکان) وشەکە لە کردارێکی نادیارەوە دەگۆڕێتە سەر کردارێکی دیاری کراوی دەستەجەمعی کە ئەمەش دیارە بەو واتایە دێت ئەوەی دابڕاوە بە تەنها نیە لە کاتیکدا کۆمەڵێک شت دابڕاون و لە یەک کات و لە یەک شوێن و ژینگەدا جیا بونەتەوەو خەسڵەت و پانتایەکی جیا لە ئێمەی نێو کات و شوێنی بە جێماو هەڵدەگرن. لەم گۆشەنیگایەوە با بێین سەیری ئەم پانتا جیاوازە بکەین و ببینین تا چەند جیاواز لە ئێمە دەردەکەون و کەوتونەتە کوێی دابڕانەوە، ئێمە دەزانین ئەوناوچانەی کە گوایە دابڕاون بریتین لەو شارو شارۆچکەو گوندانەی کە بە درێژای مێژوو مۆرکی کوردیان پێوەیەو بە هەزارەها ساڵە بنەو بنەچەیان لەو جێگەدایە، بەڵام لە ئەنجامی داگیرکارییە یەک لە دوای یەکەکان و بە پیتی ئەم ناوچەیەو هەبوونی مێژوویەکی کۆن لە سەرهەڵدانی دروست بوونی شار تیایدا بوەتە ناوچەیەکی تا رادەیەک کۆسمۆپۆلەتیک، لە کاتێکدا ئەگەر ناوچەیەک لە چەند ڕەنگێک زیاتری تیا بیت هەمیشە ململانێ لە نێوان ڕەنگەکاندا دروست دەبێت و ڕەنگێک هەوڵی زاڵ بوونی خۆی دەدا، جا لە باشترین حاڵەتدا بۆ ڕێکخستن و یەکسانی لە نێوان ڕەنگەکاندا پێویستە یاسایەک دابمەزرێت لە سەروی هەموو شتێکەوە کار لە سەر تاکە کەس بکات و مافی پێکەوەژیان ببەخشێتە سەرجەم ئەو تاکانەی تیایدا نیشتە جێن. دیارە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە کۆمەڵە هەوڵێکی دەستوری دراوە لەوانەش مادەی ١٤٠ کە دەرەنجامەکانی وەک هەر هەوڵێک پێمان دەڵیت جگە لە چاوبەست و دەمبەست چی تر نیە، چونکە کامەن ئەو پاساوانەی دەیسەلمێنن دوای تێپەڕ بوونی ئەو چەند ساڵە کاری جدی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم مادەیە کراوە، بۆیە هەزار مادەی دەستوری کار پێنەکراو سەلکێ تور ناهێنی لە نێو دەستدا خوێی پیا بکەیت و بیخەیتە نێو دیفاکتۆی نانێکی گەرمەوە. لەلایەکی ترەوە ناکرێت لۆمەی مادەیەکی دەستوری بکەین یان گوێ بۆ هەر پاساوێک شل بکەین هێندەی دیاری کردنی ئەو سنورە بەرفراوانە لە کەمتەرخەمی و هەبوونی ئیرادەی هێشتنەوەی کێشەکانی بە هەڵپەسێراوەی وەک لە هەنوکەدا دەردەکەون، هەڵپەسێران و هێشتنەوەی کێشەکان بەم شێوەی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێت کەوا ویستێک هەیە لە لایەن دەسەڵاتە ئێسک قورسەکانی حیزبە فەرمانڕەواکانی هەرێمی کوردوستانەوە، تا هەروەختێک بیانەوێت وەک کاردی مەترسی لە بەرامبەر خەڵکی ژیر دەسەڵاتیاندا بە کاری بهێنن، ئەمە لە کاتێکدا هەرگیز لە نێو هیچ سیاسەتێکی دروست و گونجاو مۆراڵئامێزدا شتێک نیە ناوی بەکار بردنی کاردی فشار بێت لە بەرامبەر هاونیشتمانەکانی خۆتدا، سیاسەتی کارد خۆی لە خۆیدا سیاسەتێکە بەکار دەبرێت بۆ فشار خستنە سەر ئەو نەیارانەی کە بەرژەوەندیان نایەتەوە لە گەڵ بەرەی کارد بە دەستدا، هەلبەتە نمونەی ئەم جۆرە فشارو نەیارگەراییانە لە مێژوی کۆن و نوێدا گەلێک زۆرە. ئێمە لە دەمەی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان لە ١٧/٢وەوە بە ئاشکرا ئەوەمان بەر دیدە کەوت چۆن ئاراستەی بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەو شێوە خێرایە جوڵا بەرەو ناوچە بە ناو دابڕاوەکان ئەمە لە سەروەختێکدا هاوکات ناڕەزای و خۆپیشاندان بەرۆکی حکومەتەکەی نوری مالکی گرت بوو، ئەوە بوو بە شێوەیەکی ژێر بە ژێرو کاتی حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نیشان دا پێشمەرگە بهێنرێت بۆ ئەو ناوچانە کە لە حەقیقەتدا لە گەرمەی خۆپیشاندانەکانیشدا ئەو ناوچانە نەک ناڕەزایو نائارامی بەڵکو فزەشیان لێوە نەهاتبوو، لەکاتێکدا مافی خۆیان بوو، وەک تێکڕای کۆمەڵگای عێراق لەو هەڵوێستەدا یەکڕا و بەشدار بن لە داوای شەفافیەت و دادوەری و دابەش کردنی داهاتی ووڵات بە شێوەیەکی ڕاست بە سەر سەرجەم کۆمەڵگای عێراقدا. ئەوە بوو حکومەتەکەی مالکی لە لایەک پرسی مەترسیەکانی تیرۆری وروژاند و لای خۆشمانەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم پرسی شۆفێنیەت و مەترسیەکانی بۆ سەر ناوچە دابڕاوەکانی هێنایە گۆرێ و کردیە بنێشتە خۆشەی دەم میدیاکانی، ئەمە لە کاتێکدا هەر ئەو هێزەی نێررا بۆ پاراستنی گیانی کوردەکانی جەلەولاو سەعدیەو خانەقین، لە بیستوچوار سەعاتدا ١٨٠ پلە چەرخاو بەکار هێنرا بۆ سەرکوت کردنی خۆپیشاندانەکانی شاری کەلار. ئەدی لە ئێستادا چیە وادەکات جارێکی تر تۆپ و تانک و ئەو هەموو چەکە قورسە بگوێزرێتەوە بۆ سەر سنورەکانی ئەو ناوچانە جگە لە خۆپیشاندان (ئیستیعراز) نەبێت؟ ئەی چیە وادەکات بەو شێوە نائاسایە لە نێو ڕاگەیاندنەکانی حیزبدا هەڵهەڵەی بۆ بکرێت و دیسان بە کۆمەڵگاکانی خۆیانی بفرۆشنەوە، جگە لە خەونی دۆنکیشۆتانە.

کاتێک سەرچاوەی ئەم تیرۆرو ترس و گوشارانە بەشێوەیەکی ڕون دیاری ناکرێت من گومان دەکەم کە هەم حکومەتی عێراق و هەم دەسەڵاتدارانی هەرێم دەستیان هەبێت لە پشت ئەم دەربەدەری و کوشتارە، چونکە ئەوەتا لە لایەک حکومەتەکانی ئەسەد و قەزافی ڕۆژ بە ڕۆژ لە خاڵی کۆتاییان نزیک دەکەونەوەو حکومەتەکەی مالکیش ئەو بەڵێنانەی دابوی کە لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا چاکسازی دەکات هیچی نەکردووە، هەروەها ئەو بەڵێنانەی سەرۆکی هەرێمیش دابووی بۆ چاکسازی تەنانەت پلەی سفری چونە پێشەوەی نەبڕیوە. من لە وتاری پێشومدا ئاماژەم بۆ ئەوە کردبوو کە چاکسازی سێوێکە بە توێکەوە دەخورێت، بەڵام چاکسازی هەرگیز لە بەرژەوەندی هیچ دەسەڵاتیکی خراپدا نیە، هەر ئەمەشە سیاسەتی دریژ کردنەوەی کات و هەڵپەسێران بە بەردەوامی لە لایەن ئەو دەسەڵاتانەوە درێژەی هەیە. بۆیە درێژ کردنەوەی کات و هێشتنەوەی کیشەکان وەکو خۆی خەونێکە پێی وایە خەڵکی بێدار جارێکی تر دەکرێت بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانیان و خەویان لێ بکەوێت، بەڵام نانەوەی ئەم ئۆینەو هەڵدانەوەی لاپەڕە زەردباوەکانی مەترسی شۆفیەنیەت بە ئاشکرا خۆ دزینەوەیە لە واقیعی داخوازیەکانی کۆمەڵگاو دەرخستنی هیزیشە نەک لە چاوی هێزی نەیارەکان بەڵکو لە نێو چاوی خۆیان و کۆمەڵگای پەستاو. زەندەق چونی دەسەڵات و ئەم هاتوهاوارەی ئێستای بۆ مەرگی ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داشکانی پلەکانی گەرما دەگەڕێتەوە لە ناوچەکەدا، چونکە لەگەڵ مردنی هەر ڕژێمێکدا مەرگی ڕژیمەکەی دراوسێی نزیک دەکەوێتەوە، هەروەها دابەزینی پلەکانی گەرماش بوار دەداتە خۆپیشاندەران بەرگەی مانەوەیەکی زیاتر بگرن لە نێو مەیدانەکانی ئازادیدا. بۆیە سەرقاڵ کردن و دووبارە زیندو کردنەوەی نەزعەی دوژمنایەتی کورد و عەرەب، وێڕای خۆدزینەوو بە لاڕێ بردنی ئاراستەی داخوازی خەڵکە دوور نیە جارێکی تر ئەم سیاسەتە چەوتە گڕ بە ماڵی کوردو ئەو ناوچانەوە بنێت کە لە ئێستادا نیشانەکانی دەرکەوتوە، بەمەش شۆڕشگێڕەکانی ڕابوردوو گەندەڵەکانی ئێستا دووبارە دەکەونەوە پێش لەشکرەکان و کۆمەڵێک منداڵ هەتیو دەخەن و بڕێکی تریش شەل و کوێر. بە بڕوای من و بە گوێرەی ئەوەی شارەزای ئەو ناوچانەم ئەگەر بێت و ڕاپرسیەکی ڕاستەقینە لە ژێر چاودێری کۆمسێۆنێکی سەربەخۆ و بە ئاگاداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەو ناوچانە ساز بکرێت، بە دڵنیایەوە دەڵێم هەموو ئەو پێکهاتەو نەتەوەو ڕەگەزو ئاینو ئاینزا جیاوازانەی چەندان نەوەیە پێکەوە ژیان بەسەر دەبەن بێ دوو دڵی ئەم بارودۆخەی ئێستایان قبوڵ نیە و بە تێکڕای دەنگ پێکەوە ژیان هەڵدەبژێرن. ئەی ئیتر گەڕانەوە بۆ ڕای شارنشینەکان باشتر نیە لە پێوانە نادروستەکانی سیاسەت بەسەر ئەم ناوچانەوە و ئاڵۆزاندن و زیندو کردنەوەی نەزعەی جیاوازی ئەتنی و ئاین و ئاینزایی؟ ئەی ئایا ئەگەر سیاسەت دەستوەردان نەکات دەشێ عەرەبێک ببێتە مەترسی لە سەر دراوسێ کوردەکەی کە منداڵی یەک کۆڵان بوون و کڕیار و بفرۆشی یەک شارن.

ئەوەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبینرێت هیچ نیە جگە لە بێ ڕێزی بە هاوڵاتیان نەبێ، هیچ نیە جگە لە بێ حورمەت کردنی مرۆڤ و پیشێلکاری هەرچی سەروەریەکانی هەیە. کێ دەڵێت سەرجەم هێزەکانی سوپا و هێزەکانی ناوخۆ جگە لە قەڵغان بۆ دەسەڵاتداران بۆ یەکجاریش بەرگریان لە خوێنی ڕژاوی بێ گوناهی هاوڵاتیەک کردبیت؟ ئەکرێ کۆمەڵگای هەرێم و کۆمەڵگای عێراق پێیان وابێت هێزی بەرگری نیشتیمانی و هێزی ئاسایشپارێزی ناوخۆی هەیە؟ ئەی ئەگەر وایە چی دەبێتە پاساو بۆ هەموو ئەو کوشتار و تەقینەوانەی لە ناوخۆدا ڕودەدا، لە لایەکی تریش چی دەبێتە پاساو بۆ هەموو ئەو دەست درێژیانەی لە لایەن تۆپخانەکانی ئێرانەوە دەکرێت وەهەروەها ئەو بۆردومانانەی لە لایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە دەکریتە سەر هەرێمی کوردستان؟ ئایا بۆ جارێکیش گوێ بیستی ئەوە بوین ئەم هێزە زەبەلاحانەی عێراق و هەرێم هەلوێستێکیان هەبووبیت، یان هەر بە تەواوی سەلماندیان ئەوانە هێزی بەرگری نیشتمان نین بەڵکو هێزی بەرگری سەرۆک و دارودەستەیەکن.        

نوری حەمەئەمین

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.