نیمچه دوورگه‌ی پوونگه‌كان … دڵشاد عەبدوڵڵا
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ عاشقه‌كان ببینم
ده‌مه‌وێ هه‌وره‌كان ببینم به‌باوه‌شی دره‌خته‌وه
ئه‌و چۆله‌كانه ببینم كه‌ڕاسته‌وخۆ
ئاو له‌له‌پی هه‌وره‌كان ده‌خۆنه‌وه
كتێبه‌كان ـ ئه‌وانه‌ی خۆشیانم ویستوون ـ ده‌گێڕنه‌وه:
له پاریس هه‌موو شتێك ده‌چێته دۆخی ڕاسته‌قینه‌وه
لایه‌نی سێیه‌م نامینێ بۆ په‌یوه‌ندی
بۆ نمونه: ماچ پێویستی به‌لێو نامینێ بۆگه‌یشتن به‌له‌ززه‌ت
ده‌نگ پێویستی به‌هه‌وا نامینێ بۆ گه‌یشتن به‌دڵ
هه‌روه‌ها چاویش پێویستی به‌بینین نامینێ بۆ دیمه‌نی یار.
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ شاعیره‌كان ببینم
ده‌مه‌وێ ئه‌و پیانۆیه ببینم كه ئاواز داده‌نێ بۆ گه‌ردوون
ئه‌و نادیاره ببینم كه دایكزای هه‌موودیاره‌كانه
ده‌مه‌وێ قه‌قنه‌سه‌كان ببینم له‌واده‌ی گه‌رادانانا
ـ ده‌زانی له‌پاریس قه‌قنه‌س گه‌را داده‌نێ هه‌مووی پشكۆ؟ ـ
ده‌مه‌وێ بۆدلێر ببینم ـ باوكی ناشه‌رعی هه‌موو نوێخوازه‌كان ـ
ڕامبۆ ببینم له‌شێوه‌ی خودا به‌ڵام سه‌رگه‌ردان
ده‌مه‌وێ شه‌پۆلی گۆڕستانی ده‌ریایی ببینم
ده‌توانم بپرسم: شوێنێك ماوه له‌وێ،
بۆ پیاوێكی ڕۆژهه‌ڵاتی؟
ده‌مه‌وێ ڕسته‌ی شیعری سان جۆن پێرس به‌ڕووتی
ئه‌و هه‌موو مه‌مكه له‌ناو بایه‌كان حه‌جمانیان هه‌بوو؟
ئه‌و هه‌موو بسكه به‌سه‌ر شانی ده‌ریاكانه‌وه
تك تك له‌ززه‌تیان لێ ده‌چۆڕا
ئه‌وهه‌موو كوڵمه له‌ناو به‌فردا بریسكه‌یان ده‌دا
مه‌دح وستایش كاكڵه‌ی شیعربوو
به‌پانایی زه‌وی هه‌ر لافاوی تازه‌گه‌ریی
به‌درێژایی ژیان ڕسته‌ی مالارمێ
هه‌ر گرێیه‌ك وعومرێكی ده‌ویست بۆ كردنه‌وه‌یان
ئاره‌قه‌ی ڕه‌ش وشینم ڕشت بۆدۆزینه‌وه‌یان.
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ به‌رد ببینم له چڕیندا
وشه‌ی بێ لێو ببینم،هی بێ سیما له‌سه‌ر فه‌رشی شه‌و،
له‌لای ئیف بۆنفوا.
توند ده‌ست ده‌گرم به‌كه‌مه‌ری شه‌ماڵه ژنێكه‌وه له‌بۆلڤار سان جرمان
ده‌مه‌وێ له دی فلۆر پایپه‌كه‌ی سارته‌ر ببینم
به‌دیار بوون وعه‌ده‌مه‌وه
ده‌ستنووسه‌كه چه‌ند ماندووه، به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو كوژانه‌وه‌و،
زیادكردن وئه‌و هه‌موو تیره‌وه
ئه‌وكتێبه ده‌تووت ده‌واره بۆ نیشانچییه‌كان.
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ ئه‌ندریێ پریتۆن بخوێنمه‌وه به به‌یانێكی سوریالی
چه‌ند شیرین بوو سه‌دای جارانی
ده‌مه‌وێ گوێبگرم له‌گفتوگۆی چه‌په‌كان له‌باره‌ی فڕینه‌وه
باڵنده له‌چه‌په‌وه ده‌فڕێ
به‌فر له‌چه‌په‌وه ده‌بارێ
باخچه له‌چه‌په‌وه ده‌ڕوێ
هه‌روه‌ها هه‌موو شته‌كان له‌چه‌په‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن،
چۆن ده‌گه‌ن به‌ڕاست؟
ده‌مه‌وێ له‌سه‌ر چینچكان به‌دیار ڕۆسۆو ڤۆڵتێره‌وه دانیشم
ڕوح پڕبكه‌م له ته‌نوییروشنه‌ی شۆڕش له‌لۆبرۆكۆب
ئایا ماون،ئه‌و شوێن وئه‌و شنه‌یه؟
به‌زه‌حمه‌ت له‌ده‌ریای ناوه‌ڕاست په‌ڕیه‌وه ئه‌و بایه
چۆكم شل بوو له‌چاوه‌ڕوانی گۆدۆ
ماندووبووم به‌ده‌ست بیركردنه‌وه‌كانمه‌وه
خۆم ده‌ده‌مه به‌ر چه‌قۆ له‌تابلۆیه‌كی ماكس ئه‌رنست دا
ئه‌وچۆڕه‌ژیانه هه‌ر ده‌بێ به‌م چه‌شنه كۆتایی بێ.
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ گۆڕی ئه‌لبێر كامۆ به‌راورد بكه‌م له‌گه‌ڵ غه‌ریبی
مردنی ئه‌و لێك نه‌گه‌یشتن بوو
كه بێهووده بوو ده‌ستی له‌ژیان به‌ردا وخستییه ئه‌ستۆی
ده‌مه‌وێ له‌ناو حه‌فت ته‌به‌قه‌ی ئاسمان میری بچكۆڵه ببینم
به‌ته‌نیشت میری گه‌وره‌وه
دڵی ده‌ده‌نه‌وه.
ده‌چمه پاریس
ده‌مه‌وێ هه‌ورێك بمبارێنێ
یه‌كه‌مجار به‌لووت بیبینم
بۆنی بپڕژێ
دڵ له‌جه‌سته ده‌رپه‌ڕێ
ئه‌و جوانییه شایانی ئه‌و دیتنه‌یه.
ده‌چمه پاریس
مردنمان لێ نزیك بۆته‌وه
ئه‌یقونه یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌شكێن
ساڵۆنه‌كان له‌كوێن؟ كێیان لێیه كێ؟
له‌تۆفانه‌وه تا سه‌رده‌می عه‌وله‌مه هه‌ر شاعیران ئێشكچین
هه‌قیان چییه ئه‌و شوێنه فرانكفۆنییه یائینگلۆساكسۆنیی
ئاریاییه یا سامی
موسڵمان یاجوو، فه‌رقیان چییه؟
ده‌چمه پاریس لای شاژنی لۆڤه‌ر ده‌حه‌سێمه‌وه ـ ئه‌گه‌ر تاقه‌تی مابوو ـ
دنیا به‌داوی ئه‌و سیحره گرێدراوه كه‌به‌ده‌ستی ژنه‌وه‌یه
هه‌تا دنیا دنیایه نه‌ئه‌و ژنه هیلاك ده‌بێ نه‌ئه‌و داوه ده‌پسێ.
ده‌چمه پاریس شیعر ده‌كه‌م به‌ئایین
ئه‌وجا ئه‌فلاتوون ده‌بێته بۆقێكی ده‌نگ نووساو به‌لێواری گۆمه‌وه.
كۆتایی حوزه‌یرانی2011