Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
نەوەی فەیس بوك بەگوللە وەڵام نادرێتەوە

نەوەی فەیس بوك بەگوللە وەڵام نادرێتەوە

Closed
by February 23, 2011 گشتی

عومەرمحمەد

بیریاری گەورە محمد حسنین هیكەل لەكاتی خۆپیشاندانەكانی وڵاتەكەیدا ووتبووی :  نەگبەتی موبارەك لەوەدایە كە دەیەوێت بە حوشتر پەلامارى فەیس بوك بدات ، ئەم قسەیە بۆ كوردستانیش راستە، كە بەروی دەسەڵاتدارانی هەرێمیدا بدەینەوە‌وبلێین: وەڵامی فەیس بوك بەگوللە نادرێتەوە، هەروەك خۆپیشاندانە خوێناویەكەی 17ی شوباتی 2011  بە كوشتن‌و برینداركردنی زیاترلە پەنجا كەس نەچووە كونەوەوكۆتایی پێنەهات، بەڵكوخۆپیشاندانی خۆرسك‌و (توندتر)ی بەدوای خۆیداهێنا، ئەگەر سەركردایەتی كورد، نەرمی نەنوێنێ كورد وتەنی ” لەكەلەی شەیتان نەیەتەخوارەوە” وهەرچاوی لەلوللەی تفەنگ‌وتیڵای پۆلیسی چالاكیە مەدەنیەكان بێت رەوشەكەی بۆهێوربكەنەوە، نەك هەربەهەڵەدا چووە بەڵكوبەئەندازەی خێرایی پێشكەوتنی فەیس بووك لەستەمكاری نزیك دەبێتەوە.
سەركردایەتی حزبەكانی كوردستان، تاوان دەكەن كە زەمینە بۆ پەلاماردانی هێزە چەكدارەكانیان خۆشبكەن لەدژی هاوڵاتیانی خۆیان، كە وایانكرد ئەوسا لە بری كوردستانی ئازاد، ئێرە دةبيَتة كوشتارگای رۆح‌و جەستەی مرۆڤە خێرنەدیوەكانی جیهان، دەنا ئەمە چ لۆژیكێكە وەڵامی ئەوگەنجە بێبەش‌و مەحرومانەی وڵاتی نەوت‌وسەردەمی فەیسبوك بەدەسترێژی گوللەی بیكەی سی بدەنەوە..؟! لە دوای راپەرینی سالی 1991ەوە ئەم دەسەڵاتە هةر بەلێن بەخەڵك دەدات زیاد لە جارێك لەلوتكەی سەركردایەتی ئەم دوو حزبەوە بەڵینی ئەوەیانداوە (ببڕای ببڕجاریكی ترنابێت كورد بەدەستی كورد بكوژرێتەوە) وەك بلێی ئەوانەی لە دوای ئەوبەلێنانەوە بەدەستی چەكدارەكانیان كوژراون كورد نەبووبن..؟ ئةو سەركردایەتية كە خاوەنی خەرمانێك بەڵینی جێبەجێنەكراوە. هەقوایە ئەم بةلَيَنەیان جێبەجێبكات‌وچیتر كورد بەدەستی كورد نەكوژرێت.
حەوت ساڵی ڕەبەقە بەدوای سەرەداوەكانی تاوانی ئەنفالەوەم‌وبەكوڵ‌ودڵ بەدوای هەربەڵگەیەكدا دەگەرێم لەسەر ئەوتاوانە، منێك كە چیرۆكەكانی ئەنفال دەنوسمەوە كەچی ببینم چەكدارانی حزب‌وعەقلیەتی ئەم سەركردایەتیە هێشتا بەبێباكییەوە خوێنی ئەم نەتەوە جینۆسایدكراوە دەڕێژن‌، لەوەش خراپتر بەجستەی خوێناویانەوە بەئاژەوەگیڕ ناوزەديان بكەن..؟!  كە بەردەوام خوێنی تازەی لاوانی كورد بەدەستی چەكدارانی حزبی كوردی لە بەردەرگای بارەگای حزبەكان برذىَ ؟ ئیتركوا ئازادی‌و چۆن چێژلەئازادی دەبینرێ‌ ..؟ چۆن لە ڕومانبێت باسی ئەنفال بكەین..؟ ئیتركێ‌ گوێ‌ لە چیرۆكەكانی ئەنفال دەگرێ‌ كە 23 ساڵە قوربانییە بێسەرو شوێنەكانی لەبیابان دەست‌وپەنجەیان تێكەڵ بەلآم بووەوقوربانیە زیندووەكانیشی لە ئۆردوگاكاندا بەمەینەتیەوە دەژین. سەركردایەتیەكی سیاسی چۆن لەروی ئەخلاقییەوە بەوە قایل دەبێ‌ ضيتر بةكوشتنى كورد، تاوانی ئەنفال بخاتە خانەی لەبیرچوونەوەوە..؟
پێدەچێت گێژەڵوكەی ئەم توڕەبوونە سەرتاپاگیربێ‌‌وزۆرهاوكێشە لەكوردستان بگۆرێت، ئەمە ئەگەرنەلێین ئالوگۆڕِِِی ریشەیی دەكات، بەلای كەمەوە غروری حزبە سیاسیە دەسەڵاتدارەكان دەشكێنێ‌‌و ئەوحیزبانەش لەگەڵ خۆیدا لول دەداودەیانخاتە بەرمەحەكی رۆژگار، کە ساڵانێكە بەناوی ئۆپزسیونەوە موچەخۆر‌و بێهەڵوێستن وەك ئەوەی بینیمان لە بەرامبەربەتاوانی كوشتن‌و برینداركردنی خۆپیشاندەران بێدەنگبن..
 ئەوكاردانەوە توندەی پارتی لە سلێمانیدا ئەنجامیدا، وێنەیەكی سەردەمی شەڕی ناوخۆبوو، قۆناغێکی نوێییە لەتاوانی سیاسی، دەرهەق بە گەنجە توڕەو بێبەرنامەكانی كورد، قۆناغی بەرەنگاربوونەوەی خەڵكی نارازییە بە چەك.” ئەم بەرەنگاربوونەوەیەی پارتی بەرەنگاربوونەوەی حزبێكی ڕكابەری ساڵانی رابوردوو نیە، بەلكولولەی بیكەی سیەكانی روویان لەوگەنجە توڕانەبوو كە هێشتا ساغ نەبووەتەوە كێ‌ ئاراستەی كردوون‌و كێ‌ رێكیخستوون‌ولەدوای تاوانەكەش دەركەوت ئەوەی گیانی لەدەستدا كوڕەتاقانەیەكی تەمەن شانزە ساڵان بوو نەك مرۆڤێكی كامڵ‌و بارگاوی بەململانێی حزبایەتی ..!!
”ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی ئەوەی نیشانداین كە هێشتا دەسەڵاتدارێتی کوردیی (بەتایبەتیش هەردوو حزبە دەسەڵاتدارەكە) دەیەوێت بەزەبری هێزولوولەی تفەنگ چارەسەری قەیرانەكان بكەن، ئەو تێڕوانینەش نەك هەرچارەسەری ئەو قەیرانانە ناكات كە لەمێژە كەڵەكەبوون، بەڵكو رەوشەكە توندتروئاڵۆزتردەكات، چونکە دەبینین نەپارتی کەبەرپرسی سەرەکی كوشتن‌و برینداركردنی ئەوگەنجانەیە، وە نەیەکێتی هاوپەیمانیشی دانیان بەراستی‌و رەگ‌وریشەی روداوەكاندا ناوە، ئەمە سەرباری ئەوەش كە خوێنی خەڵكیان رشتووەو بەرێژنەی گوللە وەڵامی خۆپیشاندەرانیانداوەتەوە، كەچی هێشتا راگەیاندنی هەردولا خەڵك بە ئاژاوە گێرناوزەد دەكەن..!! . لەبری ئەوەی بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو رێزگرتن لەقوربانیەكانی ئەوخۆپیشاندانە، بێن هێزەكانیان بكێشنەوەو داوای خەڵك جێبەجێ‌ بكەن كەچی كوشتن‌وبرینداركردنەكەش وەکوتاوان تەماشاناكەن، پارتی‌و یەكێتی خۆیان لەو هەقیقەتەلا دەدەن كە لەوەتای دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە ئەم میللەتە بەگشتی‌وگەنجانیان بەتایبەتی زووخاوە سك كردووەو بەفۆرمی جیاوازماشێنی بەكەم گرتن‌و جۆرەها فۆرمی کوشتنیان خستووەتە گەڕهێشتا مافی قسەكردنیش بەخەڵك رەوا نابینن..؟ ئاخرکوشتن چیە ..؟ خۆمردن هەرئەوەنیە بەگوللەبێت..؟! سەیردەبێت بەزیندوومانەوەش ناوبنێن ژیان..؟! مەگەركوشتنی خەونی گەنجانی ئەم وڵاتە‌وحسابنەكردن بۆهەست‌ونەستیان كوشتن نیە ؟ داڵدەدانی تاوانبارانی ئەنفال هەرەشە نیە لەشعوری خەلك ئەو وێنەیەی لەم بابەتەدا دەیبینین كە لەماڵپەری نەواوە وەرگیراوە‌و گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆپیشاندانەكەو داركاری كردنی گەنجێكی خۆپیشاندەرە چیمان پێدەبەخشێ‌ ..؟ ئەو پۆلیسانەی بەدارلەگەنجێك دەدەن چ هێمایەكی توندرەفتاری‌و چ دەلالەتێكی تۆتالیتاریزمە لەوڵاتێكدا تا ئاستی جینۆساید خوێنی بۆئازادی رشتووە .؟
سەركردایەتی سیاسی كوردو بەرپرسانی شارەكان، باسی كام سەروەری یاسا و كام پاراستنی ئاساییشی هەرێم دەكەن..؟  كە دەبینین  لەسەرشەقامەکانی شاربەپێش چاوی یاساوە، بەبەرچاوی كامیرای ڕاگەیاندنەوە خۆپیشاندەران گوللەباران‌وخەڵتانی خوێن بکرێن..؟ ئاساییە كە دەسەڵاتێكی سیاسی هەڵەی گەورە بكات، بەڵام نائاساییە ئەوەیە حزبێك تاوان بكات‌وداوای لێبوردنیش نەكا، كەچی هێشتا خەلك بەقەرزاری خۆی بزانێت..؟
ئەوەی گوێی لەقسەكانی ووتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بووبێت، دەزانیت ئەو قسانە چەندە هەرەشە ئامێزبوون، ئەوەش لەبری ئارام بوونەوە خەڵكی تورەتردەكات، بەشبەحاڵی خۆم نەك سوتاندن تەنانەت، بەردهاویشتنیش بە توندرەفتاری دەزانم، پێمباشە خۆپیشاندان بەگوڵ بێت نەك بەبەرد، نارازاییەتیەكان بەمانگرتن بن نەك بەچوونە سەرجادە، گرنگ ئەوەیە نەجەماوەرو نەدەسەڵات بە ئاراستەی دوژمنكارانە كارنەكەن‌و بەلۆژیكی بەبەردكردن‌و بەدڕندەكردنی یەكتری ململانێ‌ نەكەن،  بەڵام ئەفسوس هێشتا لۆجیكی بەبەردكردنی هاوڵاتی‌و بەدرندەكردنی جەنگاوەر زەق بەبەرچاوانەوەیە، نێچیربارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لە كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكەیدا دانی بەوەدانا پێشتر زانیارییان هەبوو، ئەی كەوایە بۆچی پێشئەوەی بقەومێ‌ جگەلە پشت بەستن بەلۆژیكی چەك هیچ رێگە چارەیەكی تریان نەبوو..؟ بێگومان هیچیان لەدەست نەهاتایە دەیانتوانی ئەو رۆژە بارەگای لق چۆڵبكەن‌ودەوامی تێدا نەبوایە ئەوەش دەبووە باشترین كاردانەوەی شارستانیانە، بۆپارتی خۆئەگەر بەچۆڵی بشسوتێنرایە پارتی نەدەكەوتە ژێربەرپرسیارێتی ئەو روداوە خوێناوییەوە، بەڵكو تاكلایەنە خۆپیشاندەران دەبوونە كارەكتەرە توندرەفتارەكەی 17ی شوبات‌و ئەوسا پارتیش دەیتوانی بەیاسا قەرەبووی خۆی لە حكومەتی هەرێم وەرگرێتەوە.
 حزبێك تەمەنێكی درێژە پروپاگەندەی ئەوە دەكات كە “خزمەتكاری میللەتەكەیەتی” كەچی لەواقعدا بینیمان لەوەتای دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەكەیان میللەتیان كردووەتە خزمەتكاری خۆیان، ئاخرحیزبێک بیەوێت خزمەتكاری میللەت بێت چۆن دەستی دەچێتە خوێنی خەڵك چۆن دەستی خەڵک دەبڕێتەوە لەسەر خۆپیشاندان..؟ پارتی پێی خۆشبێت یان نا بەولۆژیكی قسەكردن‌وكاركردنەوەیە، ناتوانێت حیزبێکی سیاسی ومەدەنی بێت‌وهەرگیزناتوانێ‌ بەدیموكراتیەت قایل بێت، بەپێچەوانەی پەیامەكانی كۆنگرەكەیەوە كە باسی نوێ‌ بوونەوەی دەكرد، بەرەودواوە دەكشێتەوەودەبێتە ھێزێکی مەترسیداری كوردستان . ئەمەش نەلەقازانجی پارتیەونەلە قازانجی هەرێمی كوردستان، بۆیە باشتروایە یەكەم هەنگاو بۆهێوركردنەوە لای پارتی بێت ئەویش بەكێشانەوەی هێزەكەی نەك پشت بەستووبەهێزی سەربازی .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.