Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
نە بادا تەنهایی لاڵ بێ!  … بەکر ئەحمەد

نە بادا تەنهایی لاڵ بێ! … بەکر ئەحمەد

Closed

 

 

 

 

ئێوارەی رۆژێکی دییە و

 سینییە گوڵەبەڕۆژەی باوکم، دۆشەکەکەی، سەرینە باگردێنەکە و ڕادیۆکەیشی

گشت پێکەوە لەگەل ئەودا، هەموویان دێنە بەردەرگا

بۆ لوولەی گوولەبەڕۆژەکان

چەند دەفتەریكی کۆنی من، دوا ژمارەی گۆڤاری ئەلف با

لە بەردەم خۆیدا دادەنێ و 

پیالەیەکی بە تیپ پێچراو

قنج لە ناو گۆلەبەڕۆژەکەدا، ڕێک بە پێوە و 

لە حالەتی ئیستیعدادا، ڕادەگیرێ

 

 

ئەم سینییە  لە موگناتیسێکی ئیچگار گەورەی گەڕەک دەچێ

ها چەند دەقیقەیەک نابا و

لە ماڵان و لە کۆڵان و لەگەرەکی ئەودیوەوە

حەشاماتێک ، لە دەوری باوکم و سینییەکەی

دەوردەبەستن و کۆدەبنەوە.

 

باوکم فەیسبووکی  گەڕەک بوو:

حامید باسی سەوزە و میوە و  مشتەرییە سەیرسەیرەکانی

کاک کەریم بە سەرگوزشتەی: لە فیتەر جنێوفرۆشتتر کێ دیویەتی

خەرامان بە شەڕی خۆیی و ساحێبماڵی خۆیانەوە ئیسپات وجودی خۆی دەکا

سەرداری قوڕ  بە سەتڵە ئاوی دەستییەوە، مەجلیس فێنکدەکاتەوە

کاڵەک و کالیاری سەعە، بۆنپرژێنی دارگوێزەکە و کۆڵان دەکا 

دەڵێن: هورمز ناوکی کەوتووە، کەس ناچێت بۆی بگرێتەوە

باوکم بە کاک ڕەحیم دەڵێ: تا دێمەوە ، نیوەی سینییەکەم بۆ نەخۆی

عەلیی و ئایشێ کچییان بووە، بەیانی با سەرێکییان بەین

حاجی  ئەڵێ: سبەێ دەچین 

 

شەوێکی دی بەرێوەیە و 

 هورمز دێتەوە ناو مەجلیس

ساوای تازەبوو  دەهێنرێ و دەخرێتە ناو کۆشی باوکم 

دەوری سینی دەبێ بەچاو

باوکم کۆکەیەک دەکات و دەنگ هەڵدەبڕێ

  بانگ بە گووێی ساوادا  دەدرێ و  ریزێک چا خێرا تێدەکرێ 

ئایەتولکورسی دەخوێنڕێ و

جنۆکەی ژێرزەمینەکەی فەجە هین زل 

بە قسەی خەجیج هەمان لەحزە، ماڵ جێدێڵێ و سەرهەڵدەگرێ

بەختی کچە کرێچییەکەی گوولبەهاریش لە دەوری سینیەکەی باوکم  دەکرێتەوە

ڕەحیم ژنی دووەم دێنێ

باوکم گوێی عەبەی پینەچی تووند دەگرێت و

سووک پێیدەڵێ:  نەک ببیستم جارێکی تر دەنگ لە ئاسکە بەرزکەیتەوە

لە پڕ باڕەيشێک هەڵدەکا و  هەر کەس بۆ کونجی ماڵی خۆی

 

 

باوکم ئێستا

بۆ ئەوەی بژی، بۆ ئەوەی سینییە کۆنەکەی جارانی

تەنها نەبێ

هەموو شەوێک، تەنهایی دێنێتە ماڵ و

لە گەڵیدا، لە ژوورێکدا، پێکەوە دادەنیشن و

تا شەو دەنوێ، لە گەڵی دەدوێ 

باوکم ئێستا لە ژوورێکدا،دەرسی تەنهایی دادەدا

فێری دەکات چۆن  بتوانێ

لە مەملەکەتی جەدەلی چەند دەفتەر و 

نەمانی پەیژەی سەربان و

سەکۆی بەرماڵی جاراندا 

فێر بێ بژی و

زمانی خۆی،  لەبیر نەچێ

باوکم ئێستا   …..

20131110
Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.