هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ كه‌ریم كاكه
+ ئایا ده‌ته‌وێت لێره به ناوی خۆت بانگت بكه‌ین، یان ناوێكی دیكه‌ی خوازراوت هه‌یه؟ كه‌ریم كاكه ناوی ته‌واوی خۆته؟
– ئه‌گه‌ر ناویدیشم هه‌بێ هه‌ر به‌و ناوه بانگمبكه‌ن، چما چ ناو هه‌یه له ناوی خۆم جوانتر لێم بێ!! مه‌گه‌ر (كافكاف) كه ئاوێته بوونی ته‌واوی ناوی خۆم(كه‌ریم) و بابم(كاكه)یه، راستی من كه بابم چ پیاوێكی دنیا جێی ناگرێته‌وه، به ناچاری نه‌بێ ناوه‌كه‌شی به چ نازناوێك ناگۆڕمه‌وه، ئه‌گه‌ر حه‌زده‌كه‌ن به كافكاف بانگمبكه‌ن..
+دوا پیتی لاده‌ی كافكا ده‌ممێنێته‌وه، پێتخۆشه ببیت به مه‌ی دواییان، یان هه‌ر خۆت بمێنیته‌وه؟ رات چیه به‌رانبه‌ر ئه‌م رۆماننووسه؟
– ده‌مێكه كافكا ده‌ناسم، له رێی دادگاییه‌وه ناسیم، یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه‌یه كه لێیه‌وه فێر ده‌بم، جا كێ هه‌یه لێیه‌وه فێر نه‌بێ، به ماركیزیشه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نامه‌وێ ببمه كافكا و ده‌مه‌وێ كافكاف بم
+ ئیش و كارت ره‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌ر نووسینه‌كانت درووستكردووه؟
– من كه وانه ده‌ڵێمه‌وه، كاتێكی زۆرم ده‌باو چی وا بۆ خوێندنه‌وه‌و نووسین نامێنێته‌وه، خوا خوامه وه‌رزه‌كانی خوێندن ته‌واو بن و بگه‌مه وه‌رزی پشوو، له به‌دبه‌ختیش پشووه‌كه ده‌كه‌وێته هاوین ، هاوینیش لای من سه‌ختترین وه‌رزه بۆ خوێندنه‌وه و نووسین، من هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌م كه‌لێنی وانه‌كان به نووسین پڕ بكه‌مه‌وه، دیاره به‌خت یاره له‌و كه‌لێنانه‌وه وشه خۆی به ده‌سته‌وه ده‌دات و رۆژی وایه سێ چوار لاپه‌ڕه به‌رهه‌می كه‌لێنی وانه‌كانه، به‌وه‌ی باشه كه چوومه سه‌ر لاپتۆكه‌م و په‌نجه‌م به گه‌ڕ خست، قسه و باسی مامۆستاكانی ژووره‌كه نابیستم، كه به ده‌نگی به‌رز ده‌دوێن و هه‌ریه‌كه‌ی له ئاشێك لێده‌كات.. ئه‌وجا وه‌ره له گه‌رمه‌ی نووسین به له پڕ ده‌نگی ئه‌و زه‌نگه بێ كه ده‌ڵێ: (ده‌ست له نووسین هه‌ڵگره كاتی وانه گوتنه‌وه‌یه)، ببینه، له دنیایه‌كه‌وه بڕۆ دنیایه‌كیدی ئه‌و دوو دنیایه‌ی له هیچ له یه‌ك ناكه‌نه‌وه، بۆیه من به هه‌موو ئه‌و زه‌نگانه په‌ست ده‌بم كه زه‌نگی چوونه‌وه ژووره‌وه‌ن، به زه‌نگی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ش ده‌گه‌شێمه‌وه، زۆر جاریش ده‌بینی وا له ناو پۆڵم رسته‌ی زۆر جوان سه‌ره‌دیقانێ ده‌كه‌ن، هه‌ندێ جار گوێ به پۆڵ ناده‌م و به نیوه‌چلی ده‌یانخه‌مه سه‌ر كاخه‌ز، وا بزانم ته‌نها له‌و بارانه پێنووس به كاردێنم، به‌ڵام به زۆری ئه‌و رسته جوانانه به به‌ر چاومه‌وه هه‌ڵدفڕن و دواتر دوای زه‌نگی چوونه ده‌ره‌وه كه‌میان ده‌بینمه‌وه، هه‌میشه چاوم له دووی ئه‌و رسته بزربووانه‌یه، حه‌یف،كه‌میان ده‌بینمه‌وه، ئه‌و رستانه‌ی له په‌نجه‌ره‌ی پۆڵه‌وه دێن و له سه‌ر مێزه‌كه هه‌ڵده‌نیشن، به‌ڵام كاتم نیه بۆ گرتنیان، ئیدی ده‌فڕن..راستی من جگه له كاری نووسین حه‌زم له هیچ كارێكیدی نیه، ئه‌و كاره‌ی نه‌ك هه‌ر ناتژیێنێ بگره ده‌بێ كارێكیدی بكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته خوێنه‌ر..
+ ئه‌و رستانه شیعرن، یان هه‌ر قسه‌ی ئاسایین و له‌م قسه‌یه‌ت له‌وه حاڵی ده‌بین كه تۆ هه‌میشه له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی چیرۆكه‌كانت ده‌ژیت، یان بابه‌ته‌كان به پێی رۆژن؟
شیعری چی! برا، من قسه‌ده‌كه‌م، باسی ئه‌وه ده‌كه‌م نوسین جه‌م و ده‌می نیه، كه هات دێ، زۆر جاریش له كاتی نا كات دێ، تا له نووسینی رۆمانێك ده‌بمه‌وه به هه‌میشه‌یی ئاگام له كه‌سه‌كانه، به دوایانه‌وه‌م، چاوم هه‌ر له سه‌ریانه، ((ده‌ترسم تووشی به‌ڵایه‌ك بن!)) راستی من تا ئه‌و جێیه ده‌مه‌وێ كۆنترۆلی رووداو و كه‌سه‌كان بكه‌م كه چنینه گشتیه‌كه‌ی رۆمان له بار یه‌ك نه‌ترازێ، ده‌نا كه‌سه‌كان ئازادن و رووداوه‌كان له ده‌ست ده‌رده‌چن، منیش وه‌ك خوێنه‌ر تا نه‌گه‌مه رووداوه‌كان نازانم چ رووده‌دات، كه‌سه‌كان تا كرده‌یه‌ك نه‌كه‌ن گوته‌یه‌ك نه‌ڵێن نازانم چ ده‌كرێ و ده‌گوترێ، ده‌مه‌وێ بڵێم نازانم به دوای ئه‌و كێشه‌یه چ كێشه‌یه‌ك دێ، به دوای ئه‌و گرته‌یه چ گرته‌یه‌ك دێ، كه كه‌سێك قسه‌یه‌ك ده‌كات نازانم قسه‌ی كه‌سه‌كه‌یدی چی ده‌بێ، به كورت و پوختی ئه‌و رسته‌یه‌ی ئێستا ده‌ینووسم نازانم چ رسته‌یه‌كی به دوادا دێ..
+ تا چه‌ند سوودت له ته‌كنۆلۆژیای سه‌رده‌م بینیوه بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر خوێنه‌ره‌كانت به خۆت ئاشنا بكه‌یت؟
-راستی هه‌رگیز هه‌ڵپه‌ی خوێنه‌ر له خۆ خركردنه‌وه‌م نه‌كردووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌نام بۆ هیچ نه‌بردووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ئاساییه‌كه‌یه، ناوه ناوه كتێبێك ده‌خه‌مه بازاڕه‌وه، له سایتێك دوان نووسینێك بڵاوده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام بۆ خۆم ده‌مێكه وازم له‌كاخه‌ز و پێنووس هێناوه، به كۆمپیته‌ر ده‌نووسم و كیبۆرد بۆ من چێژبه‌خشه…
+ رات چیه به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆیان ده‌نووسنه‌وه؟
– وه‌خته بڵێم ده‌قی جوان خۆنووسینه‌وه‌ی جوانه، هه‌یه خۆی ده‌نووسێته‌وه، ناخوێنرێته‌وه، هه‌یه خۆی ده‌نووسێته‌وه به تۆ بێ ئه‌زبه‌ری بكه‌یت و هه‌میشه بیڵێیته‌وه، هه‌رچی ده‌نووسی بنووسه،به‌ڵام چۆنی ده‌نووسی؟ ده‌یخه‌یته چێوه‌ی ده‌قێكی ئه‌ده‌بیه‌وه یان له گۆڕایی قسه ده‌یهێڵیته‌وه؟
+ پێت وایه خوێنه‌ری رۆمانه‌كانت خۆی له چه‌ند خوێنه‌ر دا بێت
– ره‌نگه هه‌شتیه‌كی ژماره‌ی مزگه‌فته‌كانی شاری هه‌ولێر بن
+ شتێك ده‌رباره‌ی خوێنه‌ری به‌رهه‌مه‌كانت بڵێ..
له رێی دیدار یان ته‌له‌فۆنه‌وه، ئاگام له چه‌ند خوێنه‌رێكی كه‌م هه‌یه، تێڕوانین هه‌مه چه‌شنه: پێدا هه‌ڵگوتنه، لێكدانه‌وه و سه‌رنجی جوان و جوانكردنه، سووكایه‌تی و به په‌ندبردنه..
+ تۆ چ جۆره خوێنه‌رێك به په‌سه‌ند ده‌زانی؟
– ره‌نگه مافی ئه‌و جۆره هه‌ڵبژاردنه‌م نه‌بێ، هێنده‌ی خوێنه‌ر مافی هه‌ڵبژاردنی نووسه‌ری هه‌یه نووسه‌ر ئه‌و مافه‌ی نیه، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت له‌وانه بێ كه باسم كردن، بێگومان سه‌رنجی جوان و جوانكردنه‌كه‌یه، پێداهه‌ڵگوتنم ناوێ، گوێ له سووكایه‌تیش راناگرم..
+ به‌و پێیه‌ی تا ئێسته سێ رۆمانت نووسیوه ئه‌و بابه‌تانه چین كه ویستی خوێنه‌ر ده‌وروژێنن و وای لێده‌كه‌ن بخوێننه‌وه؟
– ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت ئه‌وه بێ كه من له ساتی نووسین ویستی خوێنه‌ر له به‌ر چاوبگرم- دیاره نووسه‌ری له‌و بابه‌ته هه‌ن- نه‌ك سێ، سی رۆمانیش بنووسم، ناگه‌مه وه‌لامی ئه‌و پرسیاره‌ی تۆ، چونكێ مه‌به‌ستم نیه، خوێنه‌ر به چی ده‌ورووژێ ناورووژێ، په‌یوه‌ست نیه به منه‌وه، ئاخر نووسین زۆر خودییه، من به‌ر له هه‌ر كه‌سێك بۆ خۆم ده‌نووسم، خۆم ده‌نووسمه‌وه، من نه‌كتێبفرۆشم نه ته‌ڕه‌فرۆش تا هه‌ست له بازاڕ راگرم بزانم چ كتێبێك و ته‌ڕه‌یه‌ك هه‌ڕمێنی هه‌یه، چی تۆزی لێده‌نیشێ و ده‌ڕزێ، من له ده‌ره‌وه‌ی حه‌ز و ویستی خوێنه‌ر ده‌نووسم، به‌ڵام كه نووسینی من له‌گه‌ڵ حه‌ز و ویستی خوێنه‌ر دێته‌وه، خۆشیه‌كی شاگه‌شكه‌ییه
+ پێت وایه له دوا رۆژدا كه‌ریم كاكه ببێته رۆماننووسێكی جیهانی؟
– جارێ با ببمه رۆماننووسێكی گه‌ڕه‌كی، واته له (به‌لاشاوه)ی هه‌ولێر بخوێنرێمه‌وه، هه‌ینێ قسه دێته سه‌ر جیهانی!!
+ له‌گه‌ڵ به‌لاشاوه چ یادگاریه‌كتان هه‌یه، به راست ئه‌و كه‌سانه كێ بوون كه له‌گه‌ڵ تۆ ده‌ستیان به نووسین كرد؟
– ئه‌وجا ئه‌گه‌ر به‌لاشاوه وه‌لانێی، له یاده‌وه‌ریی من چی ده‌مێنێته‌وه، به‌لاشاوه ته‌مه‌نه، به‌لاشاوه ته‌مێكی سپیی ته‌نكه به دوامه‌وه‌یه، ماڵمان له مه‌نتكاوه‌وه به عه‌ره‌بانه‌یك چووه به‌لاشاوه، منداڵ بووم هێند منداڵ له جۆگه‌له‌ی گچكه‌ش ده‌یانپه‌ڕاندمه‌وه، له بیرمه ده‌یانویست بمخنه سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كه و له نزیك كه‌ڵه‌بابه‌كه دامنیشێنن، گڕناگه‌م به رۆیشتنه‌وه گرت و سوار نه‌بووم، له ترسی كه‌ڵه‌باب نا، له خۆشیی بازبازێنێ له‌و ئاقاره، ئه‌وده‌مانێ، نێوان مه‌نتكاوه و به‌لاشاوه ده‌شتێك بوو چی كه‌متر نه‌بوو له ده‌شتی هه‌ولێر! ئه‌وده‌مانێ چه‌ند خۆش بوو راكردن به دوای كۆچ و كۆچباره‌وه!! ئیدی من به منداڵی و گه‌نجیمه‌وه به‌لاشاوه‌ییم، تا بوومه پێشمه‌رگه هه‌ر له به‌لاشاوه بووین، ئێستاش زوو زوو ده‌چمه‌وه كۆڵانی منداڵی و تیچاوێك ده‌گرمه سه‌رده‌رگای گه‌نجی، حه‌زده‌كه‌م خانووه‌كه‌ی خۆمان بكڕمه‌وه و بچمه‌وه ئه‌و ژووره گچكه‌یه‌ی كه دره‌نگ له ماڵێم داگیركرد و كردمه كتێبخانه، له‌وێ منداڵیی خۆم بنووسمه‌وه، ئه‌و منداڵییه‌ی تا نه‌ینووسمه‌وه خۆشم نازانم چۆن بوو، چۆن هات و چوو.. كێ بوون ئه‌وانه‌ی پێكه‌وه ده‌ستمان به نووسین كرد؟ نازانم، ئه‌و ده‌مه‌ی من ده‌ستم به خه‌تخه‌تۆكه كرد، له كه‌س و براده‌ره نزیكه‌كان له بیرم نیه كێ ده‌ینووسی، له به‌لاشاوه پێشه من كوڕێك وا بزانم ناوی ته‌ها پیر خدر بوو، ده‌ینووسی،له بیرمه ده‌مویست رووی لێبنێم تا فێرم بكات چۆن بنووسم، شه‌رممكرد و رووم لێنه‌نا، ئه‌و ته‌واوێك له من گه‌وره‌تر بوو، هه‌ر له به‌لاشاوه و له‌و سه‌روه‌خته كوڕێك ئه‌ویش له من گه‌وره‌تر بوو، شیعری زۆر ده‌خوێنده‌وه و ده‌مبیست ده‌نووسێ، ئه‌و دووه نازانم چیان به‌سه‌ر هات، دره‌نگتر هه‌ر له به‌لاشاوه ده‌مدیت سه‌عدولا شێخانی كۆڵان كۆڵان به دوای به‌ند و به‌سته كه‌وتووه، خریده‌كردنه‌وه، ده‌ینووسینه‌وه، قسه‌مان له باره‌ی فۆلكلۆره‌وه ده‌كرد له به‌لاشاوه له‌وانه‌ی ده‌یاننووسی هه‌ر ئه‌وانه‌م له بیرماوه..
+ ئه‌ی نێوانت له‌گه‌ڵ شیعر چۆنه خۆ تۆش به شیعر ده‌ستت پێنه‌كردووه؟
– تا ئه‌و ساڵانه‌ی دواییش جگه له شیعر چیدیم بڵاونه‌كردۆته‌وه، ره‌نگه به چیرۆكه شیعر ده‌ستمپێكردبێ!!
+ ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێین رۆمانه‌كانی كه‌ریم كاكه به زمانێكی جوان نووسراون جیهانێكی جوانیان هه‌یه؟
– به دڵی خۆت! چما ئه‌وه‌ی ده‌یڵێی هێند كه‌مه، زمانی جوان و دنیای جوان؟ رۆمان رووتیبكه‌یته‌وه له‌و دووه، چی پێوه ده‌مێنێ؟ به ئاگا له‌وه‌ی رۆمان له سه‌ر كۆمه‌ڵێ كۆڵه‌گه هه‌ڵده‌چنرێ- خۆ دنیا و زمانیش وه‌ها تێكنه‌چرژاون به من لێكدی جودا ببنه‌وه، زمانی جوان هه‌میشه دنیای جوان له بینایی داده‌رێژێ، له دنیای جوانیش زمانی جوان قسه‌ده‌كات.. به‌ڵام به راست له رۆمانه‌كانی من ئه‌و جمكانه جوانه هه‌یه؟ وه‌ڵامه‌كه لای خوێنه‌ری وشیاره، حه‌زده‌كه‌م زمانه‌كه‌م جوان بێ، ئه‌وانه زۆر ده‌خوێنمه‌وه كه زمانیان جوانه، شێوازیان جوانه..
+ له پاڵ ئه‌م دوانه چ شتێكی تر رۆمان جوانتر و سه‌ركه‌وتوو ده‌كات؟
– هونه‌ركاری له‌هه‌موو هونه‌ركارییه‌كانی رۆمان، رۆمان جوانتر ده‌كات..
+به‌و شێوازه حیكایه‌تخوانه كاریگه‌ره و ئه‌و شێوه‌زاره هه‌ولێریه توانیوته زمانێكی جوان به ده‌ست بێنیت و ره‌نگدانه‌وه له‌سه‌ر شێوازی نووسینی رۆمانه‌كانت دروست بكات، رووداوی ورد‌و دره‌وشاوه بگێڕیته‌وه له ته‌شقێكی سۆز ئامێزدا
-ئه‌و شێوه‌زاره‌ی من پێی ده‌نووسم هی چ شار و ده‌ڤه‌رێكه، له جێگه‌یه‌كیدی قسه‌م لێی كردووه دووباره‌ی ناكه‌مه‌وه، پێموانیه شێوه‌زار شێوازی رۆمان دیاربكات، نووسه‌ری جواننووس به هه‌ر شێوزارێك، به هه‌ر زمانێك كه تێیدا قاڵبووبێته‌وه بنووسێ جوان ده‌نووسێ، من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه نیم كه زمانی له زمان جوانتر هه‌یه، شێوه‌زاری له شێوه‌زار جوانتر هه‌یه، ئه‌وه نووسه‌ری جواننووسه ده‌توانێ زمان جوانتر بكات، نووسه‌رێكی كورد كه به زمانێكی گێڕووێر یان وشكوبرنگ ده‌نووسێ، گێڕووێری و وشكیه‌كه له زمانی كوردیدا نیه، له نووسه‌ره‌كه‌یه، ئه‌و نووسه‌ره كوردانه‌ی زمانیان جوانه و زمانیان جوانتر كردووه كه‌من، زۆر كه‌م، له چاو ئه‌وانه‌ی له زمان كرێتن، هێمن و هه‌ژار و شوكر مسته‌فا و عه‌زیز گه‌ردی و شێرزاد حه‌سه‌ن و شێركۆ بێكه‌س و عه‌بدولا په‌شێو زۆر كه‌من، ده‌زانی ئه‌و نووسه‌رانه و هه‌ندێكیدی چ جوانیه‌كیان به زمان به‌خشیوه، زۆر به تایبه‌تیش هێمن، هێمن له دیدی منه‌وه جوانیه‌كه جوانیی زمانی لێوه ده‌ڕژێ و جوانیی رژاندۆته زمانه‌وه، من لای خۆمه‌وه هه‌وڵمداوه له‌و جوانیه‌ی وی بخۆمه‌وه، نازانم لێوم ده‌یگاتێ یان نا، من هه‌میشه زمانی هێمنم له زمانی گۆران لا شیرین‌تر بووه، دوور نیه ئه‌و هێمنویستیه به ده‌ر له ویست جێگه‌ی جێهێشتبێ له سه‌رم كه به‌و شێوه زاره بنووسم، ئه‌و شێوه‌زاره‌ی كه هه‌ندێ كه‌س ناویان ناوه ناوچه‌یی وه‌ك ئه‌وه‌ی له پاڵ وی زمانی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بیمان هه‌بێ! هه‌میشه ئاواته‌خوازم زمانێكی وه‌ك هێمن جوانم هه‌بێ، دوور نیه هه‌ر له هێمنیشه‌وه فێری گێڕانه‌وه بووبم، هێمن به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی كه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی هێند جوانی له گێڕانه‌وه‌ی كوردی تۆماركردووه، كه‌س هه‌یه ئیره‌یی پێنه‌با؟!، بگه‌ڕێنه‌وه بۆ پێشه‌كیه‌كه‌ی (تاریك و روون) و بیخوێننه‌وه و بیگێڕنه‌وه!
+ باسی زمانی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بیت كرد، چ بكرێت بۆئه‌وه‌ی زمانێكی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بیمان هه‌بێت؟
– هه‌رچی بكرێت كه ناكرێت، به‌لاشه، ئه‌و زمانه له به‌ری ئه‌سته‌مدایه، نایگه‌یتێ، ده‌وله‌تی كوردی له چاو زمانی یه‌كگرتووی ئه‌ده‌بی ئاو خواردنه‌وه‌یه..
+ پێتوایه ره‌خنه مافی تۆی داوه و به گوێره‌ی پێویست ئاوڕی لێتداوه‌ته‌وه؟
– شتێكی ئه‌وتۆ له باره‌ی رۆمان و یاده‌وه‌ریه‌كانمه‌وه نه‌نووسراوه، چه‌ند كه‌سێك سووكه ئاوڕیان لێیانداوه‌ته‌وه، به‌ڵام من مافم به سه‌ر كه‌سه‌وه نیه و گلله‌یشم له ئاوڕنه‌دانه‌وه نیه، لێره ئه‌گه‌ر له پرسیاره‌كه‌ت دوورنه‌كه‌ومه‌وه حه‌زده‌كه‌م شتێك بڵێم، زۆر جار له كاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی نووسینێكم، كتێبێكم كۆمه‌لێك نووسه‌ر له ناویان نووسه‌ری زۆر به تواناش په‌یوه‌ندیم پێوه ده‌كه‌ن و ده‌ستخۆشیم لێده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌ك به نووسینه‌كانم هه‌ڵده‌ڵێن شه‌رمده‌مگرێ و ئاره‌قه ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر بێرێزی بكه‌م ئه‌و قسانه تۆماربكه‌م و بڵاویان بكه‌مه‌وه، هه‌ینێ ده‌بینن هیچ نووسه‌رێكی كورد وه‌ها پێیدا هه‌ڵنه‌گوتراوه، مه‌به‌ستمه بڵێم ئاوڕدانه‌وه‌كه پتر له رێی قسه‌وه‌یه(به ته‌له‌فۆن یان رووبه‌ڕوو) نه‌ك له رێی نووسینه‌وه، به هه‌ڵه تێممه‌گه‌ن مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه ئه‌و نووسه‌رانه قسه‌كانیان بكه‌نه وشه بڵاوی بكه‌نه‌وه، نا من هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه نیم رسته‌ی پێدا هه‌ڵدانم له سه‌ر بنووسرێ، وه‌ك له باره‌ی كۆمه‌ڵێك نووسه‌ره‌وه رۆژانه پێداهه‌ڵكوتن بڵاوده‌بێته‌وه كه فڕیان به سه‌ر ره‌خنه‌وه نیه، به‌لارێدا بردنی خوێنه‌ری ساده‌یه، دیاره چ پێداهه‌ڵدان چ پێ لێنان هه‌ردووكیان خوێنه‌ری ساده به‌لارێدا ده‌به‌ن، خوێنه‌ر هه‌یه شه‌ڕ له سه‌ر رۆماننووسێك ده‌كات كه‌چی به‌رهه‌می ئه‌و رۆماننووسه‌شی نه‌خوێندۆته‌وه هه‌ر قسه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌ڵێته‌وه كه پێیانداهه‌ڵگوتووه، به پێچه‌وانه‌وه‌ش، نموونه‌یه‌ك له باره‌ی خۆمه‌وه:
خوێنه‌رێك:
هه‌ر سێ به‌رگی ( گوڵه‌ستێره‌كان كوژانه‌وه)م خوێنده‌وه، به‌ڵام رۆمانی (ماچی یه‌كه‌م) ناخوێنمه‌وه
من:
لۆ نایخوێنیته‌وه؟
خوێنه‌ر:
چونكه سووكایه‌تی به ژن كراوه..
من:
كێ وای گۆ؟
دیار بوو خوێنه‌ره‌كه نووسینێكی خوێندبۆوه، بۆنی شتێكی وای لێهاتبوو.
به خوێنه‌ره‌كه‌م گوت:
خۆت بیخوێننه‌وه به‌لكو نووسه‌ری نووسینه‌كه سه‌رچیخ چووبێ
خوێنه‌ره‌كه:
نا من متمانه‌ی ته‌واوم به‌و نووسه‌ره هه‌یه و له خوێندنه‌وه‌دا هه‌ڵه ناكات..
ئیدی ره‌نگه نموونه‌ی ئه‌وها زۆر بێت كه خه‌ڵك له باتیت بخوێنێته‌وه و خه‌ڵك له باتیت بیربكاته‌وه‌و بڕیاربدات، گرفته گه‌وره‌كه ئه‌وه‌یه..
+ له‌و نموونه‌یه‌ته‌وه ئه‌وه حاڵی ده‌بین، كه تا ئێسته ره‌خنه‌گری ئه‌كادیمیمان نیه له كاتێكدا ره‌نگه به‌م دواییه، واته له دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه تا ئێسته به ده‌یان نامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆرا له سه‌ر بابه‌ته ئه‌ده‌بییه‌كان هاتبێته‌وه و پێت وایه پاش به‌ده‌ست هێنانی ئه‌و نامه ماسته‌ر و دكتۆرایانه هه‌ندێك له مامۆستایانی زانكۆ بۆچی پشت له نووسن ده‌كه‌ن، واته ناویان ته‌نها له سه‌ر ناسنامه‌كه‌یان هه‌یه و كه‌س نووسینێكی ره‌خنه‌یی ئه‌ده‌بیان نابینێت؟
– ئه‌و مامۆستایانه‌ی پشت له نووسین ده‌كه‌ن، له بنه‌ره‌ت نووسه‌ر نین، ئاساییه كه نووسه‌ر نه‌بن، نامه‌كه ناچارییه ده‌بێ ئاماده‌ی بكه‌ن، من كه‌مێك له‌و نامانه‌م دیتیه، دوور و نزیك ناكه‌ونه خانه‌ی ره‌خنه‌وه، راپۆرتی قوتابیه‌كی پۆلی ده‌یه‌م له هی ئه‌وان ره‌خنه‌ییتره..زۆر له‌وانه سه‌روكاریان به خوێندنه‌وه‌و نوسینه‌وه نیه..
+ بابه‌تی رۆمانه‌كانت زیاتر له جوغزی كۆمه‌ڵایه‌تی و سێكس ده‌خوڵێنه‌وه، بۆچی؟
– به راست؟ تۆ (خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل)ت خوێندۆته‌وه؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو بابه‌ته‌كانی ناو ئه‌و رۆمانه به دوای یه‌كدا بنووسیه‌وه، ژماره‌یان چه‌ند ده‌بێ و به پێی قورسایی بابه‌ته‌كانیش رێزبه‌ندیه‌كه چۆن ده‌بێ؟ برا، ئه‌و رۆمانه چه‌ند گرته‌یه‌كی سێكسی تێدایه، به‌ڵام ئه‌وه چه‌ق نیه، كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیشی تێدایه ئه‌وه‌ش چه‌ق نیه، ئه‌ها: سیاسه‌ت، خه‌باتی نیشتمانی، بزووتنه‌وه‌ی چه‌كداری، ئه‌نفال و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، شه‌ڕی پارتیزانی، پێشمه‌رگه، جاش، شه‌ڕی مرۆڤ له‌گه‌ڵ سه‌ختیه‌كانی سرووشت، مرۆڤ و گۆرانی و ئاواز..هتد ئه‌وه (خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل) له‌وێ، رۆمانی ( ماچی یه‌كه‌م) یش هێنده‌ی عه‌شق تارمایی به‌سه‌ردا گرتووه، كه‌متر زۆر كه‌متر سێكس رووی خۆنیشاندانی نه‌بووه، ئه‌و رۆمانه پڕیه‌تی له كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، پڕیه‌تی له خه‌باتی نهێنی، پڕیه‌تی له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پێشمه‌رگه و ناپاكیكردن، پڕیه‌تی له شه‌ڕی براكوژی وحزبحزبێنه و و وێرانه‌یی، دره‌ختی كه‌تناوه‌ش بابه‌ته‌كانی هه‌مه‌جۆرن، ئیدی به چی وه‌ڵامی (بۆچی) تۆ بده‌مه‌وه؟ تۆ ده‌زانی ژیانی مرۆڤ چه‌ندی سێكس یان خه‌یاڵی سێكسی ده‌یبات؟ له نووسین و رۆمانی كوردی زۆر كه‌م خۆ له قه‌ره‌ی سێكس دراوه..
+ ئه‌وانه‌ی باست كرد هه‌ریه‌كه‌یان به ته‌نیها بابه‌تی رۆمانێكن و بۆچی هه‌وڵت نه‌داوه هه‌ر یه‌كه‌یان به ته‌نیا رۆمانێكیان لێ چاك بكه‌یت؟
– پۆلینه‌كه با وا نه‌بێ، ئه‌وه رۆمانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌وه رۆمانی سیاسی، ئه‌وه حزبحزبێنه، ئه‌وه براكوژی، ئه‌وه….ده‌كرێ له رۆمانێكدا هه‌موو ئه‌وانه كۆبكرێنه‌وه، تۆ ده‌زانی له رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) چه‌ند بابه‌ت خراوه‌ته روو، له رۆمانی (براكوژی) چه‌ند كێشه هه‌یه؟
+ ئه‌و نووسه‌رانه كامانه‌ن كاریگه‌ریان له سه‌ر كاكه درووستكردووه؟
– ئه‌رێ من له بن كاریگه‌ری كێ ده‌نووسم؟ سێبه‌ری چ نووسه‌رێك به سه‌رمه‌وه‌یه؟ چ پێناچێ ده‌قێ هه‌بێ ئه‌گه‌ر به ته‌نكایی نه‌بینراویش بێ سێبه‌ری ده‌قیدی به سه‌ره‌وه نه‌بێ، راستی به دیاریكراوی نازانم سێبه‌ری ده‌قی چ نووسه‌رێك و به چ ته‌نكی و چڕیه‌ك به سه‌ر ده‌قه‌كانی منه‌وه‌یه، ره‌نگه خوێنه‌ری به ئاگا یان ره‌خنه‌گری به توانا سێبه‌ره‌كان بناسنه‌وه، بۆیه وه‌ڵامی وردی ئه‌و پرسیاره لای من ده‌ستناكه‌وێ، ئه‌وه هه‌یه من زۆر سه‌رسامم به كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و ده‌یانخوێنمه‌وه، له به‌رایی هه‌موویان نیكۆس كازانتزاكی كه به‌رده‌وام ده‌یخوێنمه‌وه، ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌ك لێی دووركه‌ومه‌وه هه‌ست به وشكبوونه‌وه‌ی خۆم ده‌كه‌م، سه‌رسامم به دیستۆڤسكی و زۆر ده‌یخوێنمه‌وه، سه‌رسامم به یه‌شار كه‌مال، به خۆزی ساراماگۆ، سه‌رسامم به شێرزاد حه‌سه‌ن به….
+ بێگومان ئه‌مانه به زمانی ره‌سه‌نی خۆیان ناخوێنیته‌وه، به‌ڵكو به زمانه وه‌رگێڕدراوه‌كه‌ی، ئه‌وجا كامه‌یان كوردیه‌كه‌ی، یان فارسیه‌كه‌ی، یان عه‌ره‌بییه‌كه‌ی و پێت وانیه وه‌رگێڕان ئه‌و تام و چێژه ده‌كوژێت، كه ئه‌و زمانه‌ی ده‌قه ئه‌سڵییه‌كه‌ی پێ نووسراوه و له وه‌رگێڕه‌كانی كورد كامه‌یان زیاتر به په‌سند ده‌زانیت؟
– من هێنده سه‌روكارم به وه‌رگێڕانه‌وه نیه، هێنده‌ی تێیگه‌یشتبم ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ وه‌رگێڕ بێ، شیعری لێ ده‌ربكه، له ژانره‌كانیدی تاموچێژ تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌مێنێته‌وه، من له‌و ساڵانه‌ی دواییه‌وه پتر به كوردی ده‌خوێنمه‌وه، هه‌تا به كوردی هه‌بێ به عه‌ره‌بی ناخوێنمه‌وه، من كه به كوردی ده‌نووسم ئه‌گه‌ر به زمانیدیش بخوێنمه‌وه، له سه‌رمه به كوردیش بخوێنمه‌وه، ناكرێ به زمانێك بنووسی و هیچ به‌و زمانه نه‌خوێنیته‌وه، ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه بۆ زمانه‌كه‌ت، بۆ ده‌ربڕین، زۆر گرنگه، راستی له ناو كورد وه‌رگێری زۆر باش هه‌ن له‌وانه، شوكر مسته‌فا، عه‌بدولا حه‌سه‌ن زاده، عه‌زیز گه‌ردی، ره‌ئوف بێگه‌رد، ئازاد به‌رزنجی، به‌كر شوانی..
+ هه‌ندێك پێیانوایه رۆمانی كوردی شێوه نموونه‌ییه‌كه‌ی و بێ وێنه‌ییه‌كه‌ی له سه‌ر ده‌ستی به‌ختیار عه‌لی وه‌رگرتووه و له‌مباره‌یه‌وه چ قسه‌یه‌كت هه‌یه؟
– نموونه‌یی و بێ وێنه‌یی یانی چی؟! له سات و جێیه‌كی دیاردا، له سه‌ره‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌یه و چ له‌و بالاتر نیه و چ شان له شانی وی نادا؟ هه‌رچی هه‌یه له خواره‌وه‌ی وی چاویان لێیبڕیوه به خه‌یاڵیش نایگه‌نێ؟ به‌و واتایه من نه هه‌ر له رۆمانی كوردی له هی جیهانیش رۆمانی نموونه‌یی و بێ وێنه‌یی نابینم، ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه‌یه له هیچ ده‌روازه‌یه‌كه‌وه رێ له فه‌رهه‌نگی ره‌خنه ناكه‌نه‌وه، پتر ده‌سته‌واژه‌ی ئایینین و گوازراونه‌ته‌وه ناو سیاسه‌ت، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له باره‌ی رۆمانی كوردیه‌وه ده‌سته‌واژه‌ی وای به ده‌مدا هاتبێت، هه‌ر شتێك بێ رۆمانخوێن نیه، له ناوكورد چه‌ند رۆماننووسێكی جواننووس هه‌ن هیچیان نموونه‌یی و بێ وێنه نین، هه‌ریه‌كه‌یان تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه و له‌وانیتر ناچی و جیاوازه، جیاواز به واتای نموونه‌یی و بێ وێنه‌یی نا، ده‌كرێ كۆمه‌لێك جیاواز هاوشان بن یان نزیك لێكدی، له‌و رۆماننووسانه: شێرزاد حه‌سه‌ن، كاروان عومه‌ر كاكه سوور، به‌ختیار عه‌لی…
+ ئه‌ی عه‌بدوڵڵا سه‌راج، سه‌ڵاح عومه‌ر…؟
– ئه‌وانه‌ش تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه
+ له رۆمانی ماچی یه‌كه‌م له هه‌ندێك شوێن په‌نات بردۆته به‌ر هۆنراوه، گۆرانی فۆلكلۆری، وه‌ك( هاته‌وه هاته‌وه ته‌یره‌كه‌ی گه‌رمێنێ)… گۆرانیه‌كانی سێوه‌و.. بۆچی هه‌وڵت نه‌داوه هۆنراوه‌ی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵوێسته‌كان بنووسی؟
– ماچی یه‌كه‌م پڕه له گۆرانی، ره‌نگه به‌بێ گۆرانی ماچی یه‌كه‌م نه‌بێته رۆمان، نه‌بێته رۆمانی عه‌شق- ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێ به ناوی رۆمانی عه‌شق من ئه‌و ناوه له ماچی یه‌كه‌م ده‌نێم- زۆر گۆرانبێژ له ماچی یه‌كه‌م گۆرانیان چڕیوه، وه‌ك: زیره‌ك، سێوه،مامڵێ، خالقی، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ر، عه‌لی مه‌ردان، ناسری ره‌زازی…هتد دیاره ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه به گۆرانیی خۆیانه‌وه به‌شداریان كردووه! خه‌ڵك گۆرانیه‌كانیان ده‌ناسنه‌وه، ئاماده‌نه‌بوون هۆنراوه‌ی من بڵێنه‌وه!! قاله‌مه‌ره‌ش به دیار ماچی یه‌كه‌مه‌وه شمشاڵی ژه‌نیوه، ئه‌و گۆرانیانه له ماچی یه‌كه‌م پێویست بوون، (كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه) به نموونه حه‌زیكردووه له ساتی ژواندا له‌گه‌ڵ عه‌لی مه‌ردان ئه‌و گۆرانیه بۆ په‌ری بڵێته‌وه:
(شه‌كره سێوه شه‌كره سێ‌و
ئه‌و ده‌م و لێوه شه‌كره سێ‌و
لێوی ئاڵت
لیمۆی كالت
گه‌ردن و خاڵت شه‌كره سێ‌و)
یان په‌ری دوای ده‌ستلێكبه‌ردان، له‌گه‌ڵ ماملێ بڵێ:
ساڵه‌كه‌ی ئه‌وساڵ به ژه‌هری مار بێ
هه‌مووی به قوربان رۆژێكی پار بێ
یان له دیتنه‌وه‌ی كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه گوێ بۆ ره‌زازی ده‌گرێ:
هاته‌وه هاته‌وه ته‌یره‌كه‌ی گه‌رمێنێ..
یان له‌و ساته‌ی بابی ماچ پێ له ده‌رگای حه‌وشه ئاودیو ده‌كات، په‌ری له به‌ر خۆیه‌وه گۆرانی
( سه‌فه‌ر مه‌كه
دڵم ده‌ڵێ ناتبینمه‌وه) ده‌ڵێته‌وه
گۆرانیه‌كانی سێوه و شمشاڵه‌كه‌ی قاله‌مه‌ڕه هه‌ر زۆر پێویستن بۆ بابی ماچ، هیچ مۆسیقا‌و گۆرانیه‌ك جێی ئه‌وانه ناگرێته‌وه، من هه‌رچیم نووسیباو پێشكه‌شی بابی ماچم كردبا وه‌رینه‌ده‌گرت، ده‌بێ بڵێم كۆپله‌یه‌ك له گۆرانیه‌كی سێوه له رۆمانه‌كه په‌ڕیوه
( وه من چاك وه‌یه
دوگمه‌ی سینه‌و مه‌مكێ خۆ بترازینم…) ئه‌و گۆرانیه له ساتی تۆرانی بابی ماچ، بۆته گۆرانیی په‌ری و هه‌میشه سێوه بۆی ده‌ڵێ، نازانم بۆچی گۆرانی په‌ری له چاپ په‌ڕی؟ له چاپی دووه‌م ده‌بێ ئه‌و گۆرانیه له جێی خۆی گوێمان لێیبێ، من له خۆمه‌وه هه‌ستده‌كه‌م به په‌ڕینی ئه‌و كۆپله‌یه غه‌در له په‌ری كراوه، له‌ویشه‌وه له ماچی یه‌كه‌م، هه‌رچه‌نده ده‌زانم هیچ خوێنه‌رێك له‌و باره‌یه‌وه له‌نگی نابینێ و له‌نگ نیه… به‌ڵام ئه‌و گۆرانیه‌ی له شه‌وه به‌فریه‌كه پیاوه مه‌سته‌كه ده‌یڵێته‌وه هی منه و ئه‌و ده‌یڵێته‌وه، پیاوه مه‌سته‌كه له ده‌ره‌وه‌ی ماچی یه‌كه‌م كه‌س گوێی له ده‌نگی نه‌بووه، بۆیه به باشم زانی خۆم گۆرانیه‌كی بۆ دانێم، هه‌روه‌ها، ئه‌و دێره شیعره‌ی په‌ری به دیار خوێنی بابیه‌وه ده‌یڵێ هی خۆمه، ئیدی نه‌ده‌كرا له جێی ئه‌و گۆرانیانه هۆنراوه‌ی خۆم بنووسمه‌وه، ئه‌گه‌ر رۆمانی (خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل) بخوێنیه‌وه ده‌بینی كۆمه‌ڵێك گۆرانی یان سروودی تێدایه، ئه‌وانه‌ی ئه‌وێ به پێچه‌وانه‌ی گۆرانیه‌كانی ناو ماچی یه‌كه‌م وای پێویست كرد هی خۆم بن..
+ كه‌وابێت له رۆمانی ماچی یه‌كه‌م مافی هه‌موو پاڵه‌وانه‌كانت داوه، ئه‌ی له رۆمانی دره‌ختی كه‌تناوه و خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل به هه‌مان شێوه مافی پاڵه‌وانه‌كانت داوه، ئه‌گه‌ر به چه‌ند نموونه‌یه‌ك بۆمان باس بكه‌یت حۆشحاڵ ده‌بین؟
-باش تێنه‌گه‌یشتم مه‌به‌ستت چیه، به هه‌رحاڵ له كاتی پێویست ده‌كرێ باس له گرته‌یه‌ك یان گوته‌یه‌كی ناو رۆمانه‌كانم بكه‌م، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به گۆرانی و هونه‌ره‌وه هه‌یه، من خۆم زۆر شه‌یدای ده‌فه‌كه‌ی ده‌ستی (مه‌ستان)ی دره‌ختی كه‌تناوه‌م، ئه‌و ژنه‌ی پرچی كردبۆوه و ده‌فی ده‌ژه‌ند و حه‌ی حه‌ی ده‌كرد، ئه‌و ژنه‌ی تا ئه‌و ده‌م چ ده‌روێشێك وه‌ك وی حاڵی نه‌گرتبوو، راستی من زۆر كه‌ڕه‌ت بۆ بینین و بیستنی مه‌ستان و ده‌ف و حه‌یحه‌یه‌كه‌ی ده‌چمه‌وه سه‌ر ئه‌و دوو سێ لاپه‌ڕه‌یه‌ی دره‌ختی كه‌تناوه ده‌یخوێنمه‌وه و لێی تێر نابم، هه‌ر به راستی له‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه من مه‌ستان ده‌بینم، له‌گه‌ڵ (پیری به‌فر) به یه‌كه‌وه له كولانكه‌ی دیواره‌وه ته‌ماشای مه‌ستان ده‌كه‌ین و له‌گه‌ڵ مه‌ستان مه‌ست ده‌بین.. له رۆمانی (خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل) یش من زۆر ده‌چمه‌وه ئه‌و جێیه‌ی كه (مه‌ستووره‌ی خوشكی بابه‌تایه‌ر) له سه‌ر جۆلانه‌یه‌كه ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌سێكه له كه‌سه‌كان و رووداوه‌كان به شمشاڵ ده‌گێڕێته‌وه، شمشاڵ بۆ مه‌ستووره ده‌ژنێ و به ئاسمانه‌كاندا ده‌گه‌ڕێن، ئا هه‌ندێ به‌ش هه‌یه له رۆمانه‌كانم و له یاده‌وه‌ریه‌كانیشم زوو زوو ده‌یانخوێنمه‌وه و چێژی زۆریان لێوه‌رده‌گرم كه ره‌نگه جگه له خۆم كه‌س چێژێكی ئه‌وتۆیان لێوه‌رنه‌گرێ..
+ پاڵه‌وانه‌كان به تایبه‌تی له ماچی یه‌كه‌م به‌رانبه‌ر یه‌كتر لێبوورده‌ن، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و لێبوورده‌ییه له چیه‌وه‌یه؟
– تۆ بڵیی ئه‌و لێبوورده‌ییه‌ی باست كرد له ماچی یه‌كه‌م هه‌بێ؟ سه‌رسامیم به دیستۆڤسكی پتر له‌وه‌وه‌یه كه كه‌سایه‌تیه‌كی وا له‌ناو رۆمانه‌كانی نابینیه‌وه هه‌موو جوانیه‌ك یان راستیه‌كیان تێدا كۆبووبێته‌وه، یان هه‌رچی و كرێتی و نا راستی هه‌یه تێیاندا ببینرێت، منیش هه‌ر وا له مرۆڤ ده‌ڕوانم، من له ژیانی تایبه‌تی خۆم ئه‌و كه‌سه لێبوورده‌یه نیم كه پێویسته وابم، به‌ڵام هه‌میشه سه‌ر سام بوومه به لێبوورده‌یی بابم، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌م پیاوی وا لێبوورده‌م دیوه، ئه‌وه پیاوه‌ی له‌وه‌ته‌ی ناسیومه تا ئێستاش كه ته‌مه‌نی له سه‌ره‌وه‌ی هه‌شتایه هه‌ر لێبوورده‌یه، ئه‌وانه‌ی قۆڵیشیان بڕیوه هه‌ر زوو گه‌ردنی ئازادكردوون، هه‌میشه ده‌ڵێ: (ره‌نگه خه‌ڵكێك هه‌بووبێ رقی له من بووبێته‌وه، به‌ڵام من رقم له كه‌س نه‌بۆته‌وه) هه‌روه‌ها زۆر سه‌رسامم به لێبوورده‌یی و میهره‌بانی هاوسه‌ره‌كه‌م، ئه‌و ژنه‌ی له لێبوورده‌یی پێناچێ چ ژن بیگاتێ، ئه‌و ژنه‌ی ئه‌گه‌ر دراوسێكه‌مان له مانگی ره‌زبه‌ر لنگه پێڵاوێك له ده‌رگای حه‌وشه‌مان بگرێ، ئه‌و ده‌ست بۆ دارمێوه‌كه ده‌با و هێشووه ترێیه‌ك ئاودیوی حه‌وشه‌ی ماڵی پێڵاوهاوێژ ده‌كات، ئیدی ره‌نگه لێبوورده‌یی ئه‌وانه له نووسینه‌كانم به تایبه‌تیش له یاده‌وه‌ریه‌كانم ره‌نگیاندابێته‌وه..
+دوور له ماڵه‌وه‌تان، واته له ده‌ره‌وه له ناو هاوڕێ و هاوكاره‌كانتان له ئێسته‌دا و پێشتریش له پێشمه‌رگایه‌تی رێكه‌وتی ئه‌و جۆره لێبورده‌ییانه‌ت كردووه‌و ئه‌مان چۆن بووه؟
– ئا، زۆر، براده‌رێك هه‌بوو فازیلی ناو بوو، من ناوم نابوو فازیل ره‌یحانه، له هه‌شتاكان له شه‌ڕی گه‌رمی براكان له‌و قه‌راسنجه‌ی سه‌فین به گولله‌یه‌ك ساردبۆوه، ئه‌و ره‌یحانه‌یه نموونه بوو بۆ لێبوورده‌یی، له پێشمه‌رگایه‌تیش، پێشمه‌رگه‌یه‌ك خه‌ڵكی ئه‌و سه‌ری قه‌راجه، حاجی ده‌هامی ناوه، جاران قه‌راج چه‌ند به گه‌نم و جۆ بوو، ئه‌و پیاوه‌ش هێنده پڕ بوو له لێبوورده‌یی…
+ له ماچی یه‌كه‌م وه‌ك له نامه‌كه‌ی بابی ماچ به دیار ده‌كه‌وێت:
(( -په‌ری له بن كۆمپیوته‌ره‌كه دوو نامه هه‌یه، بۆ تۆ و بۆ ماچ…
+ تۆ له كوێیت؟ كه‌نگێ دێیته‌وه)) كۆتاییه‌كی كراوه به جێده‌هێلیت، بۆچی؟
– ره‌نگه بۆ ئیسپاتكردنی ئه‌وه‌ی ماچی یه‌كه‌م رۆمانێكی كراوه‌یه یان كۆتاییه‌كه‌ی كراوه‌یه، نموونه‌ی پتری بوێ، راستی كۆتایی رۆمان نابێ داخراو بێ رۆمان به كراوه‌یی جوانه، بۆیه نابێ پرسیار له‌وه بێ بۆچی كراوه‌یه، پرسیار له پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی، من كه زانیم بابی ماچ له‌و تۆرانه گه‌شته چه‌ندی پێده‌چێ؟ كه زانیم ده‌گه‌ڕێته‌وه ماڵ، یان كه زانیم ئیدی ناگه‌ڕێته‌وه- هه‌رچه‌نده خۆی ده‌ڵێ: هه‌ر دێمه‌وه – ره‌نگه هه‌ندێ پرسیار هه‌یه كه پێویسته سه‌رهه‌ڵبدا، سه‌ر هه‌ڵنه‌دا، ره‌نگه تووشی نیگه‌رانی نه‌بم، ئێ خۆ رۆمانیش ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵێك پرسیار بورووژێنێ، كه پڕت بكات له نیگه‌رانی .
+ ئه‌و پرسیارانه كامانه‌ن، كه پێویست بوو له كۆتایی ماچی یه‌كه‌م سه‌رهه‌ڵبدات سه‌ری هه‌ڵنه‌دا و ئایا پێت وایه هێشتا كۆمه‌ڵێك پرسیاری تێدایه وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه
– من نازانم، ئه‌َگه‌ر تۆ ده‌زانی بیڵێ
+ پێتوایه له رۆمان‌دا پاله‌وان جوغزی ده‌ق و تاكه كاریگه‌ر بێت له رووداوه‌كان كه ره‌حنه‌گر و نوێخوازه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، یان كاریگه‌ری له كه‌سایه‌تیه ناسه‌ره‌كیه‌كان وه‌ربگرێت واته له رێگه‌ی ئه‌مه‌ی دواییانه‌وه بناسرێت؟
– پاڵه‌وان دۆن‌كیشۆت بێ، زۆربا بێ یان پاڤێل، راسكۆلنیكۆف بێ یان حه‌مه‌دۆك، یۆهان بێ یان ئه‌و ژنه‌ی به سه‌ر مناره‌وه‌یه یان فاتیمه‌كه‌ی قه‌ندیل( خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل)یان… پاڵه‌وان تاقه كاریگه‌ره یان نا، كێشه‌یه‌ك نیه، گرنگ جواننووسیی رۆماننووسه، گرنگ ئه‌وه‌یه له خوێندنه‌وه‌یدا بتباته ئه‌و دنیایه‌ی كه هه‌ر له رۆمان‌دا هه‌یه و به‌س..
+ وه‌ك رۆماننوسێك كاكه جواننووسی له چیدا ده‌بینێت؟
– له جواننووسی‌دا، ئێ، زمانی جوان، شێوازی جوان، خه‌یاڵی جوان، دنیابینی جوان..
+ ماچی یه‌كه‌م له هه‌ولێره، پاڵه‌وانه‌كان لێی دوورناكه‌ونه‌وه، بۆ هه‌ولێر؟
– له خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیلیش كه له قه‌ندیله، هه‌ولێر پانتاییه‌كی زۆری گرتووه، خۆ ئه‌و كه‌سه‌ی به شمشاڵ هه‌موو خه‌وی پساوه‌ی قه‌ندیل ده‌گێڕێته‌وه، كێ ده‌ڵێ له‌سه‌ر ده‌رگای كۆڵانێكی هه‌ولێر دانه‌نیشتووه! له دره‌ختی كه‌تناوه‌ش كه كه‌تناوه‌یه_ كه‌تناوه جێگه‌یه‌كه ره‌نگه كه‌س نه‌زانێ كه‌وتۆته كوێ_ هه‌ولێر دیاره، وا بزانم (په‌نجه خوار) ئه‌و كه‌سه‌ی كه كه ده‌فته‌ره‌كه‌ی كه‌تناوه ده‌خاته سه‌ر كۆمپیته‌ر، له هه‌ولێر دانیشتووه، هه‌رچی ماچی یه‌كه‌مه له نزیك مناره‌ی چۆلیه، له باخی گڵكه‌نده، به دیار قه‌راته‌وه‌یه، له چایخانه‌ی قه‌رداران و فلكه‌ی به ته‌مای خوایه، له زیندانی مه‌حه‌ته و یانه‌ی مامۆستایانه له له خه‌سته‌خانه‌ی كۆماری و مزگه‌فتی خاجی له‌قله‌قان و گردی قالینجاغا و سه‌ر پردی ته‌ڕه فرۆشانه.. راستی ئاساییه كه جێگه له رۆمانه‌كانی من هه‌ولێر بێ، ره‌نگه نائاسایی بكه‌وێته‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ولێر له رۆمانی من جێگه‌یه‌كی دیاری نه‌بێ، چونكێ من كوڕی هه‌ولێرم، كوڕێك هه‌رگیز له گه‌ڕان به هه‌ولێردا تێر نابێ، ئه‌و چوار پێنج ساڵه‌ی به هۆی پێشمه‌رگایه‌تیه‌وه له هه‌ولێر دابڕام پڕ نابێته‌وه، تا ئێستا هه‌میشه به ناویدا ده‌گه‌ڕێم دابڕانی ئه‌و چه‌ند ساڵه پڕ نابێته‌وه، من تا نیوه‌ی هه‌شتاكانی سه‌دی بیسته‌م شاره‌زای كون و كه‌له‌به‌ری هه‌ولێر بووم، ده‌مزانی گه‌ڕه‌كه‌كان له چ شه‌قامێك كۆتاییان دێ، ده‌مزانی چه‌ند كۆڵانی داخراو یان بازنه‌یی هه‌یه، ده‌مزانی كچه زۆر جوانه‌كان له بازاڕه‌وه ده‌چنه‌وه چ گه‌ڕه‌كێ، ده‌مزانی ده‌رگای مزگه‌فته‌كان له كی لان و چه‌ند ده‌رۆزه‌كه‌ر ده‌حه‌وێننه‌وه و شێته‌كان له كوێ رۆژ ده‌كه‌نه‌وه، ده‌مزانی كام گه‌ڕه‌ك شۆرشگێری زۆره، ده‌مزانی یه‌كه‌م گزنگی رۆژ له كام خانووی قه‌رات ده‌دات، له ئاوابوونیشدا سێبه‌ری مناره تا كام گه‌ڕه‌ك درێژده‌بێته‌وه، ده‌مزانی له قه‌یسه‌ری كام دوكان له پێش هه‌موان ده‌یكرده‌وه و كامیان دوای هه‌مووان دایده‌خست… ئێستاش له گه‌ڕان نه‌كه‌وتووم ناوه ناوه به گه‌ڕه‌كه كۆن و تازه‌كاندا ده‌گه‌ڕێم، هیچ كۆنه كڕ و فرۆشێ هێنده‌ی من ناگه‌ڕێ.. رۆماننووس كه جێگه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێ ده‌بێ شاره‌زای ئه‌و جێگه‌یه بێ، من شاره‌زای هه‌ولێرم، من له‌و رۆمانه‌ی له بن ده‌ستیشمه جێگه هه‌ولێره، من له رۆمان‌دا ئه‌و ئیشه‌ی كه له سه‌ر هه‌ولێر ده‌یكه‌م ره‌نگه نه‌توانم له سه‌ر شارێكیتر بیكه‌م..
+ پێده‌چێت تۆ هه‌ر وابیت، واته، ئه‌گه‌ر له هه‌ر شارێكی تر چاوت هه‌ڵنابووایه به‌لای تۆوه جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بوو له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به راست، ئه‌گه‌ر له هه‌ولێر له دایك نه‌بوویتایه پێت خۆش بوو له چ شارێكی ئه‌و جیهانه چاوت به دنیا هه‌ڵێنابووایه و بۆچی؟
– من په‌یوه‌ندیه‌كی بژێوی نا، گیانیم له‌گه‌ڵ هه‌ولێر هه‌یه، له‌گه‌ڵ قه‌رات و مناره و قه‌یسه‌ری و باته و باخی شار و گڵكه‌ند و پردی سه‌یداوه و ته‌عجیل و سینه‌ما حه‌مرا و مه‌یدانی مریشكان و گۆڕستانی سه‌ید مارف و به‌لاشاوه‌و..راستی من شار و وڵاتان نه‌گه‌ڕاوم، له‌و شارانه‌ی دیومن كرماشان جوانه و حه‌زده‌كه‌م زوو زوو سه‌ردانی بكه‌م..
+ سه‌ردانێكت بۆ تاران كرد هاتیه‌وه كتێبێكت له سه‌ری نووسی و زۆر به وردیش باسی شوێنه‌كانی تێدا ده‌كه‌یت و پرۆسه‌ی نووسین به‌لای تۆوه په‌یوه‌ندی به شوێنه‌وه هه‌یه زیاتر، یان كات
– حه‌زمده‌كرد پرسیاره‌كه به شێوه‌یه‌كیدی با، ئێ، (دیده‌نی تاران) به سه‌رهاته، گه‌شتنامه‌یه نووسینه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێكی تارانه، دیاره ئه‌گه‌ر گه‌شته‌كه نه‌با، گه‌شتنامه‌كه‌ش نه‌ده‌بوو، وا ده‌بینم پرۆسه‌ی نووسین له سه‌ری سه‌ره‌وه‌یه…
+ پێتوایه رۆمانی مێژوویی خزمه‌ت به دوا رۆژ بكات، واته كاره‌ساته مێژووییه‌كان كه به سه‌ر میلله‌تی كورددا هاتووه، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوودا په‌ندی لێوه‌رگرێت، له‌م باره‌یه‌وه نیازت نیه ئه‌سپی خۆت تاوده‌ی؟
– رۆمانی جوان جوانه، مێژوویی بێ، یان نا، هه‌موو جوانیه‌كیش چێژبه‌خشه، له رۆمانیش به‌ر له هه‌ر شتێك چێژ گرنگه، خۆ ئه‌گه‌ر له دیدی دیاله‌كتیكیه‌وه ته‌ماشای بكه‌یت، له‌و سه‌ری سه‌ره‌وه چێژیش خزمه‌ته، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی تۆ خزمه‌تی راسته‌وخۆ و راسته‌و راست په‌ند وه‌رگرتن بێ، ئه‌وا بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو، ره‌نگه نووسینه‌وه‌ی راسته‌وخۆی مێژوو له رۆمانی مێژوویی پتر خزمه‌ت بكات، راستی پتر له جۆرێكی رۆمانی مێژوویی هه‌یه، یان رۆمانی مێژوویی پێناسه‌ی دیاری نیه، هه‌یه هه‌ر مێژووه به‌ڵام به زمانێكی ئه‌ده‌بی و له جێجێش شتێك له خه‌یاڵ تێكه‌ڵی رووداوه مێژووییه‌كان ده‌كات، ئه‌وه‌یان ره‌نگه به قه‌د مێژوو خزمه‌ت به‌خش بێ، خزمه‌تێكی كه‌م چێژ، رۆمانی مێژوویی رووداوێكی مێژوویی ده‌گرێ ، مێژووێك ده‌گێڕێته‌وه و سه‌ر رێژی ده‌كات له خه‌یاڵ ئه‌وه‌یان سه‌راپا چێژه، هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی دواییان، هه‌یه ناوی رۆمانی مێژوویی لێنانێ، راستی من هه‌رگیز بڕیاری پێشوه‌خته‌م نه‌داوه كه له باره‌ی چیه‌وه ده‌نووسم، زۆر جار چه‌ند لاپه‌ڕه‌ش ده‌نووسم نازانم چیه و به چی ده‌گات..
+ رۆژێ چه‌ند دێڕ له‌و رۆمانه ده‌نووسیت، كه ئێسته له‌به‌ر ده‌ستته و پێمان خۆشه بزانین ناوی چیه و باسی چی ده‌كات به كورتی، ئه‌گه‌ر بكرێت؟
– له رۆمانه‌كه گه‌ڕێ، به‌ڵام رۆژی چه‌ند دێر ده‌نووسم، دیار نیه، رۆژ هه‌یه دێرێَك، رۆژ هه‌یه چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌ك، وه‌رز هه‌یه هیچ..
+ ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ی له ماچی یه‌كه‌م به‌رچاوده‌كه‌وێت گوزارشت له كۆمه‌ڵی كورده‌واری ده‌كات؟
– به تێگه‌یشتنه كۆنه‌كه‌ی گوزارشت له كۆمه‌ڵ، گوزارشت ده‌كات یان ناكات كێشه‌یه‌ك نیه، من كه رۆمان ده‌نووسم بیر له‌وه ناكه‌مه‌وه گوزارشت له چه‌ندی كۆمه‌ڵ ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئاشكرایه من له ناو كێشه و ئاڵۆزیه‌كانی كورده‌واری ده‌ژیم، ناتوانم لێیان هه‌ڵبێم یان له خۆمیان راماڵم، بۆیه كورده‌واری له رۆمان‌دا به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ره‌نگ ده‌داته‌وه، تۆ ئه‌گه‌ڕ بگه‌ڕێی و سۆراخبكه‌یت ره‌نگه چه‌ندان ژنی نزیك له په‌ری ببینیه‌وه، پیاوی نزیك له كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه ببینیه‌وه، -ره‌نگه كه‌متر بابی ماچ به‌ر چاو بكه‌وێ!- به‌ڵام ده‌بێ په‌ری له هه‌موویان جیا بێ، كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه له هه‌موویان جیا بێ، جیاوازیه‌كه رۆمان درووستده‌كات، ئه‌گه‌ر نا ماچی یه‌كه‌م ده‌بێته یاده‌وه‌ری، ده‌بێته مێژوو، له رۆمان‌دا ده‌كرێ مێژوو ببینیه‌وه، به‌ڵام مێژوو ناخوێنیته‌وه، ده‌زانی براده‌رێك كه خوێنه‌ری رۆمانه، پێیوابوو له ماچی یه‌كه‌م مێژووی هه‌ولێری له سه‌ره‌تای هه‌شتاكان تا كۆتاییه‌كانی دووهه‌زاری بینیوه‌ته‌وه..
+ تا چه‌ند شاره‌زاییت له كۆمه‌ڵگه‌كانی تر وه‌ك رۆژ ئاوا هه‌یه و پێت وانیه پرۆسه‌ی نووسین تۆزێك گشتگیره بۆ ئه‌وه‌ی به نه‌مری بمێنێته‌وه پێویسته مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی به گشتی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه، ئه‌وجا به نه‌مری بمێنێته‌وه
– گشتگیری چیه؟ مرۆڤایه‌تی خۆی له چی ده‌بینێته‌وه؟ نه‌مری ئه‌گه‌ر هه‌بێ له چی دایه؟ به نموونه خۆشه‌ویستی، دنیایه‌ك نووسین له باره‌ی خۆشه‌ویستیه‌وه نووسراوه، چه‌ندیان به نه‌مری ماونه‌وه‌ته‌وه؟ ئه‌دی مردن، ئیره‌یی، شه‌ڕِ، چه‌وسانه‌وه…؟ مه‌به‌ستمه بڵێم گرنگ نیه تۆ له چی ده‌دوێیت، شه‌ڕێكی جیهانی یان شه‌ڕه گه‌ڕه‌ك، كێشه‌ی مردن ده‌خه‌یته روو یان ده‌رۆزه‌كه‌رێك به دیار جامی داخراوی ترومبێلێكه‌وه، به وشه گرته‌یه‌ك له زه‌ویله‌رزه‌یه‌كی ژاپۆن نیشانده‌ده‌یت، یان خشتێكی كه‌وتووی خانووێكی به‌لاشاوه، گرنگ ئه‌وه‌یه تۆ چۆن باسی ده‌كه‌یت، چه‌ند جیاوازه له‌وه‌ی كه پێش سه‌رده‌می تۆ خراوه‌ته روو، تۆ چ پرسیارێكی نوێ ده‌ورووژێنی…. به نموونه په‌ری له (ماچی یه‌كه‌م) هه‌ر جارێ ده‌چێته ژوانی كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه و ده‌یه‌وێ چێژی رامووسان وه‌رگرێ، یه‌كسه‌ر ده‌نگی بابی دێته گوێی و راده‌چله‌كێ، چێژه‌كه نابینێ، دواتر كه ده‌بێته ژنی بابی ماچ دیسان بێبه‌ری ده‌بێ له چێژ چه‌شتن، چونكێ كوڕی پیاوه مه‌سته‌كه دێته به‌رچاوی، ئه‌و كێشه ده‌روونیه‌ی په‌ری ره‌نگه له كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتوو له كن هیچ ژنێك بوونی نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه ده‌روونیه‌م جوان خستبێته روو، پرسیاری سه‌رده‌میانه سه‌ریهه‌ڵدابێ، ره‌نگه ماچی یه‌كه‌م له‌وێ پتر په‌سه‌ندبكرێ..
+ ئایا له نووسینه‌كانت تا چه‌ند ره‌چاوی لایه‌نه مرۆڤایه‌تییه‌كه‌ی ده‌كه‌یت؟
– له ساتی نووسین هیچم له بیرنیه و ره‌چاوی هیچ ناكه‌م، نه كوردایه‌تی، نه مرۆڤایه‌تی، نه دڕندایه‌تی، ئیدی ئه‌و نووسینه‌كانمه بزانه چیان تێدا ده‌بینیه‌وه، ئاگادارم بكه‌وه!!
+ ده‌ته‌وێت له رێی نووسینه‌كانته‌وه چ بكه‌یت؟
– چ ده‌كرێ!! نازانم..
+ ده‌توانین (دیده‌نی تاران) بخه‌ینه خانه‌ی نۆڤلێته‌وه؟
– هێنده‌ی من له نۆڤلێت گه‌یشتبم، دیده‌نی تاران ناكه‌وێته ئه‌و خانه‌یه‌وه..
+ حه‌زده‌كه‌ین بزانین چ تێگه‌یشتنێكت بۆ نۆڤلێت هه‌یه و پێت وا نیه نۆڤلێت رۆمانێكی كورت بێت، یان ئه‌ی رۆمان چیرۆكێكی درێژ و پاڵه‌وان گه‌لێك رۆڵی تێدا نابینێت و به كورتی مه‌رجه‌كانی بوون به نۆڤلێتی نووسینێكی وه‌ك دیده‌نی تاران چین؟
– هه‌رگیز حه‌ز به خوێندنه‌وه و بیستنی پێناسه‌ی ژانره ئه‌ده‌بیه‌كان ناكه‌م، خۆشم هیچ پێناسه‌یه‌كم بۆیان نیه، هه‌ر شتێك له له‌و جیاوازیه بڵێم نزیكده‌بێته‌وه له پێناسه، بۆیه چ ناڵێم، چ قه‌یدیه، تۆ دیده‌نی تاران وه‌ك نۆڤلێت بخوێنه‌وه..
+ له میانه‌ی ده‌نگ و دووره‌په‌رێزیت هه‌ست ده‌كه‌م له شتێك تووڕه‌یت، ده‌كرێ بزانم ئه‌وه چیه؟
– تووڕه نیم، تووڕه دیارم!
–
+ باشترین رێزلێنان به لای تۆوه چیه؟
– ئه‌و ساتانه‌ی له گه‌رمه‌ی نووسینم، ده‌ستێك به نه‌رمی پیاڵه چایه‌ك، یان پێكێ له پێشم دانێ..
+ له كۆتایی پێمان خۆشه سیره‌ی زاتی خۆتمان بۆ باس بكه‌یت به كورتی
– دایكم وه‌رزی هاتنه دنیای هه‌ر یازده منداڵه‌كه‌ی له یاده‌وه‌ریی خۆیدا وه‌ك گواره‌كه‌ی پاراستووه، ناوه ناوه هاتنه دنیای منداڵه‌كانی به زیندوو و مردوو به سه‌ر ده‌كاته‌وه، كه ده‌گاته سه‌ر من ده‌ڵێ: ((ئه‌و رۆژه‌ی له دایكبوویت، ئێواره‌ی
پێشتر هه‌موو دنیا ئاگری كرده‌وه)) ئه‌وه رۆژ و وه‌رزی هاتنه دنیام و زانیم نه‌ورۆزه، به‌ڵام كه پرسیاری ساڵه‌كه‌ی لێده‌كه‌م، ده‌ڵێ(( ئه‌و ساڵه بوو كه تازه حه‌ره‌س قه‌ومی به دنیا وه‌رببوون، نا نا، حه‌ره‌س قه‌ومی ده‌مێك بوو مه‌حفببوونه‌وه) ته‌سكه‌ره‌كه‌م (1964)ه من منداڵی سه‌یداوه‌ی هه‌ولێرم، له به‌لاشاوه گه‌وره بوومه، بابم باخچه‌وان بوو كرێكاری و جه‌له‌بوانی كردووه، له سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی زێوه‌ر بووم، هاوپۆلی كاروان عومه‌ر كاكه سووری رۆماننووس و سه‌رهه‌نگ خامۆشی شاعیر بووم، له ناوه‌ندی له قوتابخانه‌ی كووران هاوپۆلی حه‌مه عه‌باسی شاعیر بووم ، له ئاماده‌یی له قوتابخانه‌ی رزگاری هاوپۆڵی نه‌جمه‌دین بابه‌كری موسیقار و دلشاد حه‌یرانی حه‌یرانبێژ بووم، چوومه به‌شی كوردی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات له‌وێ هاوپۆلی په‌خشان سابیری نووسه‌ر بووم، كامه‌ران موكری وانه‌ی پێمگوتووه، له كۆلیژه‌وه چوومه چیا و بوومه پێشمه‌رگه، دوای راپه‌ڕین كۆلیژم ته‌واو كرد، ئێستا له ئاماده‌ییه‌ك وانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی كوردی ده‌ڵێمه‌وه، هه‌ر ئه‌وه و چ كاریدی ناكه‌م، پێنج سه‌ر خێزانین و مووچه‌كه‌م حه‌فتسه‌د دۆلارێكه..