Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هۆکار و ئەنجامەکانی ١٧ی شوبات

هۆکار و ئەنجامەکانی ١٧ی شوبات

Closed

 

 

 

 

لە یادی قوربانیانی ١٧ی شوباتدا

 

بۆ قسەکردن لەسەر هۆکارەکانی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات، بەڕای من دەبێت کەمێک لەسەر هەندێ بابەت بوەستین و چەند لاپەڕیەك لە لانی کەم چارەکە سەدەیەکی ڕابردووی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی هەڵبدەینەوە کە ڕەنگە ئەمڕۆ لەم دەرفەتەدا فریای هەمووی نەکەوین. بەڵام ئەتوانین ئەگەر بەخێراییش بێت هەندێ لەو خاڵانە بخەینە قسەکردن .  سەرەتا دەمەوێت لەو دابڕانە تەواوەی نێوان دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیەوە دەست پێبکەم لە خواستی هاوڵاتیان. بەڕای من سەرەتای ئەو دابڕانە تەواوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی حیزبەکان  لە ١٩٩١دا  خۆیانکردەوە بە شارەکاندا و یەکەم ئیشیان کە دەستیان بۆ برد لەناوبردنی شوراکان بوو. لێرەدا ئەمەوێت شوراکان لە وە جیابکەمەوە کە تەنها بە کۆمۆنیستەکان دەناسرێتەوە، لەڕاستیدا ئەگەر ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە هەڵەی شیکار و  کۆمەڵێك دروشمی هەڵەی کۆمۆنیستەکانەوە هەیە جیابکەینەوە ڕەنگە بتوانین وێنەکە کەمێک ڕۆشنتر ببینین. بەڕای من شوراکان جگە لەوەی کە نەوەیەکی یاخی لە دەسەڵاتی بەعس و یەکێتی و پارتی لەخۆگرتبوو، یەکەم وێزگەی ئازادیش بوو، یەکەم جێگابوو کە ئەو نەوە یاخیە ئەیتوانی بە ئازادی تەواوە هەناسە بدات و تەعبیر لەخۆی بکات. بۆیە یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەی حیزبەکان لەگەڵ ئازادی جەماوەردا بە داخستنی شوراکان دەستی پێکرد و لەوێوە ئیشیان لەسەر بەحیزبی کردنی تێکڕای کۆمەڵگای کوردستان کرد، بەجۆرێك کە ئیتربەئاشکرا ئەوە دەبینین چۆن کۆمەڵگایان دەبەشکردوە بەسەر کۆمەڵێك شانەی حیزبیدا و هیچ دەرفەتێکیان بۆ بێلایەنی و سەربەخۆ بوونی تاك نەهێشتۆتەوە. جگەلەوەی گومانیان گەیاندۆتە قووڵترین ئاستی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە و هەرکەس بەدوای شوناسی حیزبی ئەویتردا دەگەڕێت بەرلەوەی تێڕوانینەکانی ببیستێت.ئەوان هەر لەسەرەتاوە کاریان بۆ ئەمە کردوە تا لەڕێگای ئەم شانە حیزبیانەوە کە سەرجەمی کۆمەڵگا پێکدەهێنن نەمری بۆ دەسەڵاتی خۆیان و نەوەکانیان مسۆگەر بکەن. هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، لە هەڕەشەو تۆقاندنەوە تا کوشتنی نەیارانیان، لە داخستنی ڕۆژنامەکانەوە تا تیرۆرکردنی ناڕازیان و تا کوشتنی ئاشکرای زەردەشت عوسمان و ناردنی پەیامێک بۆ سەرجەم کۆمەڵگا لەڕێگەی فیشەکێکەوە کە نابویان بەدەمیەوە، لەڕێگای خستنەکاری هەموو توانای سیخوڕی خۆیانەوە بەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگاوە ، لە ڕێگای بەکارهێنانی زەبروزەنگ و زیندانەکانەوە، ئیشیان بۆ ئەبەدیکردنی دەسەڵاتی خۆیان کردوە. ئەبەدی کردنی دەسەڵاتی خۆیان بەو مانایەی کە بە هەموو جۆرێك ئەو بەربەستانە پاکبکەنەوە کە بە هەرجۆرێك کەمترین مەترسی  لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەوان دروست بکات، بۆ  درێژەدان بە دزینی سامانی گشتی بۆ خۆیان و نەوەکانیان.  جگە لەوەی کە لەڕێگای میدیاکانیشەوە ئیشیان لەسەر ئەوە کردوە کە جەماوەر وردەوردە لەگەڵ پێشهاتەکاندا ڕابێت و شتەکان ئاسایی ببینێت، بەڕاددەیەك بێئومێدیان بکات کە هەمووشتەکان بە ئاسایی ببینن. مەبەستم ئەوەیە لە ڕێگای هەموو تۆڕەکانی خۆیانەوە ئیش لەسەر یادەوەری گشتی هاوڵاتیان بکەن بۆ تێپەڕاندن و بە ئاسایی بینینی هەر شتێک کە ڕوودەدات ،هەرچەندە ئەو ڕوداوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و ئایندەی هاوڵاتیانیشەوە هەبێت بەڵام بە شێوەیەکی ئاساییش بەسەریاندا تێبپەڕێت و دەسەڵاتی ئەوان نەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نموونە ئەو هەموو ملکەچیەیان بۆ وڵاتانی ئیقلیمی کرد (لە هێنانی ئێران و عێراق و تورکیاوە بۆ سەر ژیانی ئەوان ) کەچی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بیردەچوونەوەو ئاسایی تێدەڕن. یادەوەری(بینەرانی خۆشەویست)یان بەجۆرێك ڕاهێناوە کە ئاسایی بێت لە تەلەفزیۆندا سەرۆکی حکومەت ببینیت بڵێت بەڵێ ئێمە یارمەتی تورکیا دەدەین بۆ لێدانی پەکەکە، ئاسایی بێت کە سەرۆکی پارتی (مەسعود بارزانی)هێڵە سورەکان بە ئاشکرا بەدەوری جەماوردا بکێشێت و هەموو گڵۆپە سەوزەکانیش بۆ خۆی و بنەماڵەکەی داگیرسێنێت. ئاسایی بێت سکرتێری یەکێتی ئیهانە بە خوێنی هەموو شەهیدان بکات و بڵێت دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە. ئاسایی بێت کاتێك لە خۆپیشاندانەکانی هەڵەبجەدا ئەو کاتەی مۆنۆمێنتەکەیان سوتاندو وتیان بەسە بازرگانیکردن بە قوربانیانی ئێمەوە، لە ڕێگەی گەڕانەوەی میوانەکاندا بۆ سلێمانی  پشکنینێکی زۆر سەخت لەسەر هاتوچۆکەران دابنێن و تەنانەت مۆبایلەکانیان و کامێراکانیان بپشکنن تا وێنەیەك لەو خۆپیشاندانانەی هەڵەبجە نەگاتە دونیا. ئاسایی بێت لە کەلارو دەربەندیخان و چەندین شوێنیتر تەقە لە خۆپیشاندەران بکرێت و خەڵکی تێدا شەهید و بریندار بکرێت، ئاسایی بێت نەوشیروان مستەفا بەناوی خۆیەوە ١٧ی شوبات بەکاری گێرەشێوێنی نوبنێت و دوای دووساڵ ڕوناکبیرێك بێتە سەر تەلەفزیۆن و بڵێت ئەوە قسەی منەو ئۆباڵەکەی بەئەستۆی من، ئاسایی بێت لەکاتێکدا خۆپیشاندەران داوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی دەکەن کۆمەڵێك نوسەر نامە ئاراستەی سەرۆکی عێراق بکەن . ئاسایی بوونەوەی هەموو ڕوداوەکان لە کۆنەستی ئێمەدا بەڕای من تەنها پەیوەندی بەوەوە نیە کە ئێمە نەوە لەدوای نەوە جەنگەکانمان بۆیەکتر تەواوکردوەو یادەوەریمان پڕە لە چیرۆکی تراژیدیاکانی خۆمان و خیانەتی سەرکردەکان،بڵکو لەسەروو ئەوەشەوە ئەو ئیشکردنە نێگەتیڤەی حیزب و میدیاکانیان(بە میدیای ئازادیشەوە)لەسەر بەچیرۆککردنی ڕوداوەکانی ژیانمان.پڕکردنەوەی ڕوبەری ڕۆژنامەو سایتەکان و هەواڵەکانی تەلەفزیۆن بە چیرۆکەکانیاوەڕوانکراوەکان.داماڵینی ماهیەتی ڕوداو لەڕوداوەکان و گۆڕینیان بۆ چیرۆکی بەسەرچوو وە ڕۆحلێداماڵراو.

١٧ ی شوبات درێژکراوەی ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانایە کە لە هەر چرکەساتێکدا بێت دەبوایە ڕوبدات وهێشتاش بەردەوامە. دەبوایە بە دەسەڵات بڵێن “نەخێر” ئاسایی نیەو، نەخێر بۆ بەحیزبیکرنی کۆمەڵگاو نەخێر بۆ بەچیرۆککردنی ژیانمان و نەخێر بۆبەرتەسکترکردنەوەی ئازادی ومانەوەی ئێوە بەخۆسەپێنی بەناوی دیمۆکراسیەتەوە. ئەم درۆ گەورەیەی کە ڕۆژانە دەیبیستین کە ووڵاتەکەمان بەرەو دیمۆکراسیەت دەڕوات. دیمۆکراسیەت خۆی چیە جگە لە “بە عیبارەکەی هابرماز” جگە لە درۆیەکی ئیعلامی. پەرلەمان ئەو جێگایەیە کە کۆمەڵێك خەڵکی بێئیرادە لەخۆی دەگرێت کە بەتەواوی بەسراونەتەوە بە بڕیارەکانی حیزبەکانیانەوە، کەی پێیوترا دەست هەڵبڕە دەست هەڵدەبڕێت و کەی پێی وترا ناکۆک بە ناکۆک دەبێت، کەچی کە خەڵکیش لە تەلەفزیۆندا دەیبینن وا ئەزانن سیاسیە. وێڕای ئەمانەش بەتایبەتی لەم دواییانەدا لە سایت و هەندێ نوسیندا زۆرجار ئەو قسەیە بەرچاو دەکەوێت گوایە دیکتاتۆر لە دیوار نەهاتۆتە دەرەوە و لە زەوی هەڵنەقوڵاوە،بەڵکو دیکتاتۆر کۆمەڵگا پەروەردەی کردووە. ئەم قسەیەش بە جۆرێك دەچێتە چوارچێوەی ئەو ئیهانە بەردەوامەوە کە لەم ووڵاتەی ئێمەدا بە هاوڵاتی دەکرێت، ئەو ئیهانە سیستماکیەی کە دەسەڵات لە ڕێگەی هەموو شەبەکەو سلکەکانی کۆنترۆڵگەری خۆیەوە ئیشی بۆ دەکات بۆ بچوکتر کردنەوە و لێدان لە کارەکتەر و کیان و کبریائی مرۆڤی ئێمە. ئەو جۆرە لە کۆنترۆڵگەری کە دواجار نرخی بەها مرۆڤایەتیەکانت پێ یەکساندەکات بە موچە وپارە و سەرتاپا سەرقاڵیەکانی کۆمەڵگا دەخاتە سەر پێڕاگەیشتن بەو شتانەی کە تەنها بە پارە دەکرێن و دەیان  ڕێگای ناشەرعی بۆ دەستکەوتنی پارەو سامان دەکاتەوە کە لە کۆتاییدا جگە لەوەی بەهەمووی ناکاتە ئەوەندەی کە  هەر هاوڵاتیەك  پێویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی خۆیی  پێ بەڕێبکات. لە بەرامبەریشدا چ بەملکەچکردن بۆ حیزبی بوون و چ بە سەرقاڵکردنێکی بەردەوامەوە بەو بابەتانەوە کە پەیوەندیان بە پارەو بەڕێکردنی ژیانێکی ئاساییەوە هەیە کارەکتەری هاوڵاتی لە بوونێکی فیعلیەوە دەگۆڕن بۆ بوویەکی دەستکردو کارپێکراو، لە کارەکتەرێکی خاوەن بڕیار و ئیرادەی سەربەخۆوە دەگۆڕن بۆ کارەکتەرێکی ملکەچ و دەستەمۆ.   ئەم ئیهانەیەش هیچی لەو ئیهانانەی تر کەمتر نییە، ئێمە نەشایانی ئەو ئیهانە بەردەوامە و  نە شایانی ئەو دەسەڵاتە دیکاتاتۆر و تۆتالیتارەین و نە شایانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە  خودپەرستەین کە لە چوارچێوەی پەرلەمانێکی خەوتودا شەڕی پارە دەکات و دەیەوێت سەرنجی خەڵك بۆ خۆی ڕابکێشێت ولە هەڵبژارنی ئایندەدا دەنگی زیاتر بۆخۆی مسۆگەر بکات . ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ دەسەڵاتێکدا دەرگیرین کە بەهەموو جۆرێك  مۆراڵی لە جوگرافیای خۆی کردۆتە دەرەوە ، کاتێك بەو شێوە دڕندانەیە بەرەنگاری خەڵك دەبنەوە و هاوڵاتی دەکوژن، ئیتر لەویادا قسەکردن لە دیمۆکراسی هیچ مانایەکی نامێنێت، بێمانایی ئەوەیە لەویادا باس لە دیمۆکراسی بکەیت و هەوڵبدەیت کێشەکانت لەڕێگەی دوو حیزبی خۆسەپێنەوە کە پەرلەمان وەك یارییەکی مناڵان تەماشا دەکەن، کێشەکانت چارەسەر بکەیت . بتوانیت لە پەرلەمانێکدا دابنیشیت کە وێنەیەکی گەورەی پیرۆزی تێدایە(وێنەی بارزانی). وێنەکە هی هەرکەس بێت، بەخشینی پیرۆزی بەسەرکردەکان و کردنیان بە کاریزما لەو نەخۆشیانەیە کە هەقی وایە ئیش لەسەر کاڵکردنەوەیان بکرێت. ئێمە دەزانین کە دانانی ئەو وێنەیە بەو گەورەییە تەنها بۆ پیرۆزکردنی کاراکتەرێکی سیاسی نیە، بەڵکو لەپاڵ ئەمەدا بۆ دڵنیایی بەخشینە بە ئەبەدیەتی ئەم جۆرە لە حوکمڕانێتی کە بنەماڵەی بارزانی نوێنەرایەتی دەکەن.

لێرەوە دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر ئەو خاڵەی کە ١٧ی شوبات ئەنجام نیە ، بەڵکو درێژکراوەو بەردەوامییە. درێژکراوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی شار و شارۆچکەکانە لە چەندین ساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا، نە گۆڕان و نە کۆمۆنیستەکان و نە ئیسلامیەکان و نە هیچ لایەنێکیتر ناتوانن خۆیان بکەن بە خاوەنی. جیاوازی ١٧ شوبات لەوەدایە کە سنوری داواکاریەکانی لە داواکاریە ڕەواکانی  مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانەوە بردە ئاستێکی گرنگتر و حەساستر ، بردیە ئاستی گەڕاندنەوەی کارەکتەر بۆ هاوڵاتی . لەو شوێنەدا کە ئۆپۆزیشن و ڕۆشنبیران و خەڵکانیتر کە مجامەلەی دەسەڵات و نێوەندەکان دەکەن، لەوشوێنەدا کە دەستی ئەمانەی تێدا نیەو خۆپیشاندانە عەفەوی و خالسەکە وەك خۆی دەبینین، گوێمان لە دروشمی ئازادی..ئازادی و بڕوخێ… بڕوخێ و دەرەوە…دەرەوە دەبێت. ئەو دروشمانەی کە سەرتاپا ئەو دەسەڵاتەی چەندین ساڵە ئیش لەسەر بە سلعە کردن و بە پارە گۆڕینەوەی کەرەکتەر و بوونمان دەکات  ڕادەتەکێنێت. لەویادا بەدەسەڵات دەڵێت کە ئیتر من بەشێک نیم لە شتومەکەکانی تۆ، تۆ ئیتر ناتوانیت بوونی من بە پارەیەك بکڕیت کە لەخۆمت دزیوە. دروشمی ئەوان بریتی بوو لە ئازادی بەبێ لەچوارچێوەدان و پێناسەبۆکردن، بەڵام کە ئیسلامیەکان و گۆڕان و کۆمۆنیستەکان و بەشێك لە ڕۆشنبیران  کە هەریەکەو لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیانەوە خۆیان دەگەیاندە سەکۆی ئازاد، هەوڵی لە چوارچێوەدانی ئەو ئازادیەیان دەدا. ئیتر لەو  گۆشەیەدا کە ئەوان کاریان تێدا دەکرد، زۆر بەتایبەتیش ئیسلامیەکان، کە وای لێهاتبوو ڕۆشنبیر و ئیسلامیەکانت بۆ لەیەک جیانەدەکرایەوە ئالەویادا هەندێ وێنەی دژە ئازادی بینران، وەکوو ئەو کچەی کە شیعری لەسەر ئەنفال دەخوێندەوە و خەریکبوو لەناو ئاپۆرەی ئیسلامیەکاندا خۆی ئەنفال بکەن، یان گۆڕینی سیمای خۆپیشاندانە خۆڕسکەکە بۆ شێوەی پۆل و قوتابی و مامۆستا و سنوردارکردنی دەرفەتی قسەکردن . لێرەوە ئیتر ئەو خۆپیشاندانە خۆڕسکە عەفەویە گوازرایەوە بۆ کێشەی لایەنەکان و مفاوەزاتی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتدا، بە چاوپۆشی لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکان، ئۆپۆزیسیۆن کۆتایی بەهەموو شتێك هێناو لەسەر مێزی مفاوەزات بەتاڵیکردنەوە. بەڵام ١٧ی شوبات وەك خۆپیشاندانە خۆڕسکەکە دوبارەی دەکەمەوە کە ئەنجام نەبوو بەڵکو درێژکراوە و بەردەوامی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکانە کە ئێستاش لە کوڵاندایە و بە یاریەکانی شەڕی پەرلەمانی و پەیمانە درۆکان ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێدەنگ بێت، دواجار سەرهەڵدەداتەوە، چونکە ئیتر خۆپیشاندانەکان تەنها دژی گەندەڵی نین بەڵکو دژی ئەو دەسەڵات و کەس و لایەنانەشن کە بازرگانی بە ئیرادەو کەرامەتی هاوڵاتیانەوە دەکەن و دەیانەوێت بوونمان و کارەکتەرمان پێ هەرزانفرۆش بکەن، ئیتر پرسیارەکە بەتەواوی لەسەر بوون و کارەکتەرمانە لەو ڕوبەرە جوگرافیەدا.

 

 

ڕزگار حەمە ڕەشید

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.