Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هێڵی سوور

هێڵی سوور

Closed
by July 20, 2008 ئەدەب

دەستم ناچێتە خوێنی کەس ،
وەلێ تۆ ، ڕۆژێک دێت بەو دەستانەی خۆم
لە چۆڵەوانییەکدا بتکوژم ،
نە هاوارت بە کەس بگا و
نە ، منیش لەو تاوانە حەڵاڵە دوو دڵ بم ،
ئەتکوژم ،
وەک کەسێک دوژمنی باوە کوشتەی کەوتبێتە دەست ،
ئەزانم سێبەرە تەڕو بڕەکەی خۆم ،
هەناسە قووڵەکانی خۆم ،
هەنگاوە گورجەکانی خۆم ئەکوژم ،
ئەو ڕۆژە ،….
ئەکرێت ئاوڕ نەدەمەوە و    
دەستە سوورەکانیشم  ،
لە ئەستێڵکێکی پڕ شەونمی دڵنیاییدا بشۆم
ئەو ساتەی  کەسێک دێ و
پێ لەو هێڵە سوورە ئەنێت
کە ، بەزاندنی داڕمانی  هەموو پایەکانی کەونە لای من
یەک هێڵی سوور شک ئەبەم و بەس ،
شکاندنی ، تێکەڵبوونی تخووبی …..
وڵاتە ئاوەدانەکەی ژیان و
خەراباتەکەی مردنە
هێڵێکی سوور ،
شکاندنی ؛…
 گڕگرتنی ئۆقیانووسەکانی لێ ئەکەوێتەوە
تاقە هێڵێکی سوور  ،
سڕینەوەی ، ئەبێتە پەرکەمێکی ئەبەدیی  ئاسمان و
تا قیامەت خۆش ناکاتەوە ،
لە هیچ دڵنیا نەبم ، لەوە گومانم نییە
ئەو ساتە ئەبمە بکوژ و
ڕۆژنامەکان بە مانشێتێکی گەورە باسم ئەکەن ،
وێنەیەکی گەورەم ، لاپەڕەی یەکەمی داگیرکردووە
چەقۆیەکی خوێناویی بە دەستمەوە و
ڕووخساریشم ُپڕ لە" نور"ێکی ئارام بەخش ؛
بێژەرێکی دەنگ گڕ لە" تی ڤی "وە
هەواڵی شێتبوونم ڕائەگەیەنێت و
لە پەیوەندی نێوان  " خۆپەرستیی " و " تاوان " ،
" خۆپەرستیی " و "عیشق " لە شیعرێکی بڵاونەکراوەی  مندا ، ئەدوێت
ئەو کاتە تۆ لەوێیت ، تۆی کوژراو ،
ڕۆژنامەکە لە نێو دەستتا و
ئەبڵەق بوویت و لە مەرگی خۆت ڕائەمێنیت
لەوێیت و سەر  لە هیچ دەرناکەیت
وەک من لە مانا سەیرەکانی ….
ئەم  " خۆ پەرستیی "یەم تێ ناگەیت
تۆ ، بە تەنها لاپەڕەکانی بەرایی عیشقت موتاڵا کردووە و
جارێک لە دۆزەخە فێنکەکانەوە
تەماشای بەهەشتە تاقەت پڕووکێنەکانت نەکردووە
دەنا ئەبوایە هێندە لە خۆتا ونم کەیت ،
هێندە بمشاریتەوە
کە داتمەوە دەست هەتاو
بە هەموو شتێک غەوارە بم ، تۆ نەبێت ،
بە شەوارەی هەموو شتێک بکەوم ،…..
شەوچراغی  زیندانە ئارامەکەی ، دڵی تۆ نەبێت !
تۆ لە من حاڵیی نیت ،
دەنا ناهێڵیت  لە بری شیعر ،….
کتێبە ناشرینەکەی خوێن ڕشتن بنووسمەوە
 ******
ئەتکوژم ، بۆ ئەوەی وەجاغی  عیشقیش کوێر بێتەوە و
کەس نەبێت بزانێت ،عیشق بەری کام درەختە ،
چی دەنکە یاقووتی وەریوی مەرگ هەیە
ڕۆ ئەکەمە نێو کۆشت و
خۆم بە دیار مەرگتەوە مۆسیقا ئەژەنم
ئەتکوژم ، بۆ ئەوەی کەس دەمی نەگاتە
گێلاسی عیشقی تۆ ؛
ئەتکوژم ، بە واتا  "خۆم " و  "خۆت " ،
"خۆم " و " خۆم " ئەکوژم !

حوزەیرانی 2008
         ئەڵمانیا / کۆلن
 bhastiar@yahoo.de

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.