Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
هەبوونى یاسا هەموو كاتێك مافەكان ناپارێزىَ

هەبوونى یاسا هەموو كاتێك مافەكان ناپارێزىَ

Closed

  محەمەدى مشیر….

 لەم ماوەیەى دواییدا پەلەرمانى كوردستان خەریكە لە رێگەى هەموواركردنى یاسا كۆنەكان و دەركردنى یاساى تازەوە كۆمەڵێك بوارى گرنگى ژیانى كۆمەڵگەى كوردستان رێك و بەرزەفت دەكاتەوە، رێكخستنەوەى پەیوەندى نێوان چین و توێژە جیاجیاكانى كۆمەڵگە و پاراستنى بەرژەوەندەكانیان بەهۆى قانوونەوە هەنگاوێكى گرنگە لە پێناو داڕشتنەوەى شێوازى پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانى نێوان خودى هاووڵاتیان و پارسەنگ راگرتنى ئەو پەیوەندییانە، لەهەمانكاتیشدا هۆكارێكى پڕبایەخە بۆ داڕشنەوەى شێوازى پەیوەندى نێوان دەسەڵات و هاووڵاتى بەمەرجێك یاساكان تابكرىَ پێشكەوتووخوازانە و سەردەمیانە بن، بەڵام قانوونناسان لەو باوەڕەدان كە یاساكان بەتەنها ناتوانن داكۆكى لەمافەكان بكەن ئەگەر دەسەڵاتى جێبەجێكردن رێوشوێن و میكانیزمى پێویست بۆ پڕاكتیزەكردنى یاساكان دانەڕێژىَ و بەبىَ جیاكارى رێگە لە پێشێلكارییەكان نەگرىَ. كەواتە ئەو كاتە یاسا كاریگەرى بەسەر رێكخستنەوەى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسى و كۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییەكانى نێو كۆمەڵگەدا دەبىَ كە دەسەڵاتى جێبەجێكردن(حكومەت) یاساكان كارا بكات و لەدەقى نووسراوى مردووەوە بیانكاتە كردارو پڕاكتیك. ئەمەش تەنها لەو كاتەدا دەبىَ كە ئەو حكومەتە بەبىَ جیاكارى یاساكان بەسەر تەواوى هاووڵاتیاندا بسەپێنىَ و یاسا تەنها بۆ ئەو كەسانە نەبێت كە لە چین و توێژەكانى خوارەوەى كۆمەڵگەن و ئەوانەى سەرەوەش وەك بەرزەكى بانان بۆى دەرچن.ئەگەر وابىَ یاساكان بىَ گیان دەمێننەوە و مافەكانیش هەمیشە بە ئاسانى پێشێلدەكرێن، بەشێكى زۆرى پێشێلكارییەكانیش كاردانەوەیەكى راستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆى ئەو جیاكارییەن كە وەك پەرچەكردارێكى ئەنقەسد زۆر جاران لە لایەن هاووڵاتیانى چینەكانى ناوەند و خوارەوەى كۆمەڵگە ئەنجامدەدرێن. كەواتە جیاكارى لە سەپاندنى یاسا و پشتیوانى نەكردنى یاساكان بەهەمان ئەندازە یاساكان دەكەنە ناوێكى بىَ ناوەڕۆك. بە قسەیەكى دیكە ئەگەر یاساكان تەنها بۆ ئەوەبن كە ئازادى چەوساندنەوە بۆ چینە باڵادەستەكانى كۆمەڵگە بەرفراوان ودابین بكەن و لە بەرامبەریشدا ئازادى هەڵبژاردنى ئارەزوومەندانەى بەكۆیلەبوون و گوێڕایەڵى كوێرانە بۆ چینەكانى خوارەوە بخوازن، ئەوا نەبوونى ئەو جۆرە یاسایانە بەلاى خەڵكانێكى زۆرەوە زۆر باشترە لە نەبوونیان ئەگەرچى هەندىَ یاساناسیش لەو باوەڕەدابن كە بۆ رێگرتن لە بەڕەڵڵایى و پاشاگەردانى هەبوونى یاسایەكى ستەمكار باشترە لە بىَ یاسایى، بەڵام لە هەردوو حاڵەتدا مافى سەرجەم  چین وتوێژەكانى خواروو پێشێلدەكرێ و یاساش ئەو هێزە بەرزەفتكارە نابىَ تا مافى تاكەكانى كۆمەڵگە مسۆگەر بكاو متمانەى پێبكەن.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.