Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەرەسی کاریزما و ڕۆڵی میدیای نەتەوەیی

هەرەسی کاریزما و ڕۆڵی میدیای نەتەوەیی

Closed
by December 30, 2012 گشتی

 

 

بایبلی عیبری و کریستیانی، هەردووکیان یەك بە دوای یەكدا قۆناغەکانی گەشەسەندنی کاریزمایان وەکو بەخشینێکی خودایی ( divinely conferred) بۆ یاداشت کردووین. لە تێکستە عیبرییەکاندا سەرکردەی دینیی کاریزمی بە (hen (favor))، واتە “چاکە” ئاماژەی پێ کراوە. دواتر لە یۆنانیدا ئەم وشەیە بە چاوگی (charis (grace) ) جێگەی پێ گیرایەوە و سەبجێکتڤەکەشی بوو بە (Charisma). پێغەبمەران بۆ نموونە لە ڕێگەی ئەو بەخشندەییە خواییەوە بە کاریزما/ چاکەکەر ناونراون. ماکس ڤێبەر، سۆسۆلۆژی بەناوبانگی ئەڵمانی، کە بە داینەمۆی سەرەکیی گەشەی ئەو تێرمە هەژمار دەکرێت کاراکتەرەکانی کەسایەتیی کاریزمای بۆ دیاری کردووین. سەرکردایەتیکردنێکی کاریزمی لە سەر بنەمای توانای دواندن و هەڵسوکەوتی سەرکردە بەرانبەر بە دواکەوتووەکانی (followers) درووست بووە. ئاسان نییە سەرکردەیەکی کاریزمی لە سەرکردەیەکی تری ناکاریزمی جیا بکەیتەوە، بەڵام توانای گەیاندنی پەیام و پێکاندنی ئامانجی پەیامە گەورە و نەتەوەییەکان فاکتەری ئەو جیاکاریەن. کاریزما کۆنترین شێوازی سەرکردایەتیکردنی مرۆفەکانە، کە لە سەر بنەمای  جیاوازی کواڵیتی کەسایەتی تاکەکان درووست بووبێت. 

کەسایەتیی کاریزمی (Charisma)   بە  تەنها لە کەژ و هەوای سیاسیدا درووست نا بێت، بەڵکو لە بوارە جیاجیاکانی بازرگانی، دینی، هونەری و وەرزش، هەروەها سیاسیشدا دەتوانێت خۆی درووست بکات. هەموو کەس ناتوانێت ببێتە کاریزما، بوون بە کاریزما پێویستی بە بار و دۆخی تایبەت هەیە. کەسایەتیی کاریزمی مەرج نییە تەنها پۆزەتیڤ بێت و کاری چاکە بکات، بەڵکو کەسانی وەك مۆسۆلۆنی، ئەدۆلف هیتلەر، سەدام و،،،، هتد،یش بە کاریزمی هەژمار دەکرێن. ئەو کەسایەتیانەی بە ڕێکەوت و لە ئاکامی هەڵوێستێك، کە بە وەڵامێکی ژیرانەی پێداویستییەكی نەتەوەیی لە قەڵەم دەدرێت دەردەکەون و دەستەڵات لە دەستیاندا چەق دەبەستێت، دواتر ئەو دەستەڵاتە بە خراپ بە کار دەهێنن و دەبنە تێکدەر. سیحر(charm)ێك ئەو کەسانە هەیانە و بە دەستی دێنن وا دەکات خەڵك بە کۆمەڵ دوایان بکەون بێ ئەوەی دواجار بیخەنە ژێر پرسیارەوە. ڤێبەر ئەم دیاردەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو بۆشاییە گەورەیەی لە نێوان توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگادا بوونی هەیە لەگەڵ ئەو بار و دۆخەی ئەو سەرکردەیەی تیادا درووست دەبێت. شارەزایانی بواری کاریزما سێ فاکتەری سەرەکی بۆ دەستنیشانکردنی سەرکردەی کاریزما دیاری دەکەن: 

١/ سەرکردە و سیماتەکانی (attributes). لێرەدا مەبەست لەو تایبەتمەندیانەیە، کە سەرکردەیەكی پێ جیا دەکرێتەوە لە سەرکردەیەکی تر،  ئەو سیماتانە هەموو ئەوانەنە، کە تاکو مردن لە گەڵ مرۆڤدان و قابیل بە گۆڕان نین، دەشێت بریتی بن لە: شێوازی ڕۆیشتن، قسەکردن، جلوبەرگ لەبەرکردن، شكڵ و شێوەی بەژن و باڵا و دەموچاو،،، هتد.

٢/ ئەو بار و دۆخە کۆمەڵایەتییەی، کە خوازیاری سەرکردەیەکی لەو وێنەیەیە.

٣/ خاڵی پێکدادان و مامەڵەی نێوان سەرکردە و دواکەوتووەکانی (followers).

(Mark van Vugt) پسپۆڕ لە بواری سایکۆلۆژیدا پێی وایە کواڵیتی کەسایەتیی کاریزمی تاکێکی خاوەن بەهرەیە، کە بەدەرە لە تواناکانی کەسانی ئاسایی، بەوەی ئەمیان خاوەنی مەوههیبە(talent) و ئیدەی ستراتیژییە، کە لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت کۆمەڵگا ڕزگار بکات!  لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا (Mark van Vugt) دەگاتە ئەو ئاکامەی، کە کەسی کاریزمی خاوەنی ئەم کاراکتەرانەی خوارەوەیە:

١/  توانایەکی زمانەوانی بێسنووری هەیە، کە جگە لە دۆستان و لایەنگرانی دەتوانێت بیرو هۆشی نەیارانیشی بخوێندێتەوە. لەم بۆچوونەدا کۆنتێکست زالە بە سەر کەسایەتیی کەسی کاریزمادا. کەسایەتی مەسیح، غاندی، چێرچڵ، ماندێلا و کەسانی تر زۆرن لە لیستی کاریزمادا، کە خاوەنی ئەو توانایەن.

٢/  ئەو کەسانەن، کە لە کاتی درووستبوونی داواکارییە گشتیی، مەزهەبی و نەتەوەییەکاندا زیرەکن و دەتوانن وەڵام بدەنەوە و یاری بە ئەڵتەرناتیڤەکانیش بکەن.

٣/  ئەو کەسانەن، کە جیاواز بیر دەکەنەوە و هەڵسوکەوت دەکەن، یاخود هەڵگری مانای گۆڕانگارییەکانن لە هەرەمی تێکچرژانە سیاسیەکاندا.

٤/ ئەوانەن پەرە بە شان و شەوکەتی خۆیان دەدەن.

 بە پێی هەموو ئەو پێوەرانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا سەرەککۆماری عێراق (تاڵەبانی)، هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسییەوە لە سەر ئاستی کوردوستان کاریزمی بووە. بارو دۆخی ناوچە و هەرێمەکەش لە دوای هەرەسهێنانی ڕژێمی مەرکەزی بەغداد کاریزمییەتی تاڵەبانی لە لۆکاڵییەوە بەرەو جیهانی گواستەوە. بار و دۆخی ئاڵۆزی عێراق لە لایەك و هەڵوێستی سەرەککۆمار بۆ وابەستەیی کوردوستان بە عێراقەوە لەگەڵ کەیسی ناوچە دابڕاو و بەعەرەبکراوەکان کارێکی وایان کرد،کاریزماییەکەی تالەبانی سنووری ستانداردەجیهانیەکەی خۆی ببەزێنێ و بە هەمیشەیی تیشکی لە سەر بێت!

لە سەروبەندی نەخۆشکەوتنی ئەو کەسە کاریزمیەدا گوێبیستی هەڵوێستی میدیاکان، بەتایبەت کەناڵە ئاسمانی و ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات و ئەو کەسایەتیە سیاسیانە بووین، کە لەو بارەیەوە لێدوانیان دەدا. هەڵوێست و لێدوانەکان، مەخابن تووشی شۆکێکی گەورەیان کردین. لە کەیسێکی وا گەورەدا چاوەڕاوانمان دەکرد، کە ئەو کەناڵ و کەسایەتیانە زۆر ڕیالیستیانە شیکارییان بۆ ڕووداوەکە بکردایە. بەڵام ئەوەی بەدی کرا دوور بوو لە هەموو شیکارییەکی زانستی و لۆژیکی، دوور بوو لە بنەماکانی میدیای مۆدێرن. هەر لە سەرەتای نەخۆشکەوتنیەکەیەوە، گەر بۆیان بکرابایە و دڵنیا بوونایە لەوەی هەواڵەکە دزەی شەقام و فەیسبووك ناکات، ئەوا دەشیا هیچ لێدوانێکیان نەدابایە. کاێكیش کەوتنە لێدوان، بەتایبەت گروپە پزیشکیەکەی سەرەککۆمار خۆی، شێوازی لێدوانەکانیان زۆر گوماناوی بوو، دوور بوو لە ڕاستی و درووستی تەندرووستیی تالەبانی خۆیەوە. لە لێدوانەکانیاندا، جگە لەوەی لە دەموچایاندا قورسیی نەخۆشیەکەمان دەخوێندەوە لە هەمان کاتدا گوێشمان لە دەستەواژەی “هەموو ئەندامەکانی لەشی کار دەکەن” دەبوو. بە لێکدانەوەی من ئەم دەستەواژەیە بە مانای ئەوە دەهات، سەرەککۆمار مێشکی ئیش ناکات، بەڵام تەواوی ئەندامەکانی تری لەشی کار دەکەن! من ماف بە خۆم نادەم وەکو پزیشك بدوێم، بەڵام لۆژیك ڕەنگە پێمان بڵێت، کە مێشك بەشێك نییە لە ئەندامەکانی لەش! ئەم جۆرە دەربڕینە دواتریش لە چاوپێکەوتنە جۆراوجۆرەکاندا و لەلایەن پسپۆڕانەوە چەند جارێك دووبارە بووەوە. خۆ ئەگەر سەرنجی سەردانە ٢٠ خوولەکیەکەی سەرۆکی هەرێم بدەین، لەویدا دەردەکەوێت نەخۆشییەکەی سەرەککۆمار زۆر لەوە قورسترە، کە گروپە پزیشکییەکەی باسیان لێوە دەکرد.

 ئەوەی لێرەدا دەمانەوێ بیخەینە ژێر پرسیارەوە، نە کاریزمایی ئەو کەسایەتیەیە وە نە ئاستی قورسی و سووکی نەخۆشیەکەیەتی، بەڵکو ئاستی ڕاگەیاندن و لێدوانەکانە، هەڵوێستە و مامەڵەکردنی دەستەڵاتە لەگەڵ کەیسەکەدا. ئامانجی ئەم کورتە نووسینە هەوڵێکە بۆ وروژاندنی هەندێك پرسیار:

 ئایا ئاستی لێپرسراوەتی تاڵەبانی و ئاڵۆزیی دۆخی سیاسیی هەرێم و بەغداد بەو شێوەیەیە ئێمە پێویستمان بەوە نەبێت بزانین، کە سەرەککۆمار چی لێ بەسەر دێت؟ ئایا لەبەر کرژی و نائارامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیە، نایانەوێ شەقامێك، کە ئەو کاریزمایەی درووست کردووە ئاگاداری باری تەندرووستیی ببن؟ بۆ دەبێت هەمیشە ڕاستی و درووستیی ڕووداو و کارەساتەکان لای خۆیان بێت و شەقامی لێ مەحروم بکەن؟ کۆمەڵگایەک نەتوانێ مردن قەبووڵ بکات چۆن دەتوانی بە زیندوو هەژماری بکەیت؟

مادام ئەوان ڕاستی و درووستی کەیسەکە ناخەنە ڕوو ئەوا هەموو ئەو ئەگەرانە و ئەگەری زیاتریش دەکەوێتە ئیختیاری میدیای ئازاد و ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی بازنەی دەسەڵات و قسەیان لە بارەوە دەکرێت. 

بە پێی لۆژیك و ستانداردی گلۆبەڵێ، جگە لەوەی دەبوو حوکومەت  زۆر ڕاشکاوانە قسەی لەسەر ئەو کەیسە بکردایە، لە هەمان کاتیشدا دەبوو ئەگەرەکانی دوای کۆچی دوایی سەرەککۆماری بخستایەتە ژێر دیباتەوە. مردن حاڵەتێکی بایۆلۆژی هەموو زیندەوەرێکی ئۆرگانییە، سەرەککۆماریش لە بازنەی دەستەڵاتدا ئێستا لە هەموو کەس زیاتر لە ژێر ئە هەڕەشەیەدایە، ئیتر بۆ دەبێت زۆر سۆزدار/ عاطیفی(emotional)ی سەیر بکرێت، یاخود بۆ دەبێت بشاردرێتەوە؟ تەنانەت لە لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکەی سەرۆكی هەرێمدا یەکێك لە ڕۆژنامەنووسەکان پرسیاری ئەگەری نەگەڕانەوەی سەرەککۆماری کرد، یاخود بە ڕوونتر، پرسیاری دوای کۆچی دوایی تاڵەبانی کرد، کەچی سەرۆکی هەرێم لە وەڵامەکەیدا بە ئاشکرا وتی “با ئێستا باسی ئەوە نەکەین”. بەلای منەوە، ئەو پرسیارە وەکو هێڵی سوور لای سەرۆکی هەرێـم نەخشێندرا. کەسایەتیەکی وەکو تاڵەبانی، جگە لەوەی سەرەککۆمارە، کە ڕاگری کۆمەڵێك کێشمەکێشی سیاسی قورسی ناو بەغدادە لە هەمان کاتیشدا سکرتێری گشتی پارتێکی سیاسیی گەورەی نێو دەستەڵاتی هەرێمە. مەکتەبی سیاسی ئەو پارتە هەر لە سەرەتای درووستبوونیەوە لە حەفتاکانەوە تاکو ئێستا چەندین جار توشی لەتبوون و لێکترازان بووە، کە نەمانی سکرتێرەکەی دەشێت لێکترازانی جددیتر بەدوای خۆیدا بهێنێت. لە بری ئەوەی گوێبیستی ئەو دیبات و گفتوگۆیانە بووینایە دەمان بینی، ڕاگەیاندنەکانیان سەرقاڵی چاوپێکەوتنی لایەنگر و دۆستانی تاڵەبانی بوون بە مەبەستی بە نەمر نواندنی، بە مەبەستی پاڕانەوە و دوعاکردن بۆ هێشتنەوەی لە ژیاندا. جگە لەوانە ڕاگەیاندنەکانیان چووبوونە ناو مزگەوتەکانەوە و لە کاتی نوێژی هەینیدا پاڕانەوە و لاڵانەوەی بە کۆیان ڕاستەوخۆ پەخش دەکردەوە، بە ناوی شارو شارۆچکەکانەوە، بێ ئەوەی کەسی لێ دەربکەن قسەیان دەکرد، گوایە خەڵکی فڵانە شار، یاخود فیسارە ناحیە  خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن بە بۆنەی چاکبوونەوەی سەرەککۆمارەوە، یان ناخۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن بە بۆنەی ناساغی سەرەککۆمارەوە. هەر وەکو پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەو کەسایەتیە دەشێت ئەو کاریزمایە بێت و ئەو جەماوەرەشی هەبێت، بەڵام بۆ دەبێت لایەنە فەرمیەکانی دەوڵەت و حیزبە سیاسیەکان ڕاستیەکەیان قەبووڵ نەبێت، خۆیانی لێ لا بدەن و بە دوعا و پاڕانەوە بەرەو ڕووی کارەساتەکە ببنەوە؟ کار گەیشتبووە ئەوەی بە شێوازێکی پڕ لە هەڵەی زمانەوانی  لە مانشێتی کەناڵە ئاسمانیەکانیانەوە تێکستی لە جۆری : “زیاتر جێگیربونی باری تەندروستی سەرۆك کۆمار، باشتربوونی باری تەندروستی، جێگیرتربوونی باری تەندرووستی و،،،، هتد”مان بەر چاو دەکەوت. لە کۆتیادا پرسیارێك خۆی قووت دەکاتەوە: ئایا کۆمەڵگایەك، بیەوێت پایتەختەکەی بکات بە دوبەی و یەکێکی تر لە شارە گەورەکانی بکاتە پایتەختی ڕۆشنبیری و سیستمی خوێندنیشی سویدی بێت، دەتوانێت لە ڕێگای دوعا و پاڕانەوە و مەڕسەربڕینەوە کەسە کاریزمیەکانی چاك بکاتەوە؟

 

ئاراس وەهاب

دیسەمبەری ٢٠١٢

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.