Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
هەستكردن بەتەنیایی

هەستكردن بەتەنیایی

Closed
by April 24, 2008 ئەدەب

  كارۆخ فەهمى…..

 لەسەر جێگاكەمو لەم بەیانیە زووەدا گوێم لە (ئەوراد)ى كامكارانە، لەگەڵ شەپۆلی رادیۆكە هەندێك جار دەنگەكە دەپچڕێو پاش كەمێك نوزەى دەگاتەوە گوێم. بیرم بۆ ریشە سپییەكەى مەولەوى ئەچێ. لەوسەردەمەدا توانیویەتى هێندە جیاواز بنووسێ. من لەهەموو گۆرانىو شیعرو چیرۆكەكاندا بۆتۆ دەگەڕێم. هەوڵدەدەم بەهەر رێگایەك بێت بیبەمەوە سەر خۆشەویستیت. ئەوین سركترین مرۆڤ دەستەمۆدەكا، عەشق تێكەڵەیەكە لە سۆزو میهرەبانى، توندوتیژی لەهیچ ئەوینێكى راستەقینەدا جێگاى نابێتەوە. رەنگە گریانى هەمیشەیی ئەوینداران دەلیلى ئەم راستییەبێ، ناسكبوونەوە تا ئاستى شكان، بیسەلمێنێ كە ئەویندار كەسێكى دیكەیە. كەسێك لەهەموو شتێكدا خۆشەویستى دەبینێ، هەتا لە دزێوترینو بێژیانترین كەرەستەشدا.
 عەشق واتە سەداى(حەسەن زیرەك) لەبەیانیدا، واتە (ئیوارەى پەروانە) لەدوا ئێوارەیدا، عەشق رەنگە لەرزینو شپرزەیی (شێركۆ)بێت لەكاتى خوێندنەوەى (دەربەندى پەپوولە)دا، ئەوین ئارامى (خالقی)یە لەتەنیشت (رەشماڵی خێڵان)، خۆشەویستى پۆرترێتە خۆڵەمێشییەكانى (رێبوار سەعید)ە لەبەردەگاى هەڵەبجە. دەنگى كەمانەكەى (دڵشاد)ە لە مەنفاوە.
 ئەوین لەهەمووشتێكدا هەیە، شینى ئاسمانو تینوویەتى زەوى، تەقینى خونچەیكى بەهار، لەرینەوەى تەڵێ گیا، دواهەناسەى گەڵایەكى پاییزە، كاتى نیشتنەوەى كڵاوكوڕەیەك لەسەر هێلانەكەى، بانگى سەوزەفرۆشەكانى ئێوارەى هەینى، دانانى قاوەیەكى شیرین لەسەر مێزێكى تەختە لە چایخانەیەكى لاتەریك.
 چ بەدبەختێكن ئەوانەى تا ئێستا ئەوین خۆی نەكردووە بە كوچە ساردەكانى دڵیاندا، چونكە ناتوانن خۆشەویستى لەهیچ شتێكدا ببینن، تواناى دۆزینەوەى بەختەوەرى راستەقینەیان نیە، خودایە ژیان بۆ ئەوانە چ دۆزەخێكە! زۆرجار عەشق لە سەراب دەچێ پەیوەندییەكى فریودەرە. لەوێرانەیەكدا دونیایەكى قەشەنگت بۆ دەسازێنێ، رێك وەك كانیاوە سەرابییەكانى بیابان، بێئومێدمان ناكاو تواناى بەردەوامیمان پێدەبەخشێ.
 خۆشەویستى لەهەمووشتەكاندا هەیە، هیچ شتێك نیە لەدونیادا خاڵی بێت لەئەوین، مرۆڤ دەتوانێ لەناو (رق)یشدا بۆخۆشەویستى بگەڕێت، هێندەهەیە پێویستى بە رۆحێكى جوانو دڵێكى پڕ لەئەوین هەیە.
 لەگەڵ (شلێرە)ى كامكاراندا بیر لەتۆ دەكەمەوە، كەزۆرجار بەكراسە سوورەكەتەوە لەگوڵە شلێرێكى خەمگین دەچیت. تۆیەك كە نامەیەكت فێنكم دەكاتەوە، بینینێكت پڕم دەكا لەئومێدو رۆژەكەم جوانتر دەكا. لەگەڵ دەنگى (سەبا) بیر لەو گەشتانەدەكەمەوە كە تۆم لەگەڵ نیت، ئەو(چا)یانەى كەتۆ تێیان ناكەیتو من دەیانخۆمەوە، ئەوكۆڵانەى بێ تۆ هەنگاوەكانم دەگرێتە خۆی، پڕژەى ئەو تاڤگانەى كە تەنیا بەر دەموچاوى من دەكەون، ئەوفیلمو كتێبانەى كە بەتەنیا لەگەڵیاندا دەڕۆم. من دەمێكە بۆم دەركەوتووە خۆشەویستى لەم وڵاتە مرۆڤ لەتەنیایی رزگار ناكات. ئێمە كەدەچینە ناو ئەم پەیوەندیە ئیدى مەحكومین بەتەنیایی. كە رۆژەكانى مرۆڤ خاڵی بێت لەبوونى ئەو، ئیدى كوا مانایەك بۆ رزگاربوون لەتەنیایی دەمێنێتەوە؟ خۆشەویستى ئەوكاتە دەتوانێ مرۆڤ لەتەنیایی رزگار بكات كە هەواى ئازاد هەڵدەمژێ، كە وەك حەرامترین پەیوەندى سەیر ناكرێ. درۆیەكى گەورەیە گەر بڵێین مادام خۆشەویستى دەكەین ئیدى تەنیانین. ئەم وڵاتە پڕە لە عاشقی تەنیا، پڕە لە ئەویندارى گۆشەگیرو زەلیل.
 مرۆڤ زۆرجار تا خۆشەویستى نەكا هەست بەتەنیایی ناكا، چونكە لە نائامادەبوونى ئەودا، كەدەبێ ئامادەبێ، هەستى نامۆییو تەنیایی گەشەدەكا. ئێمە تا ئەوكاتەى نەچووینەتە ناو پەیوەندییەكى لەم جۆرەوە، كەمتر هەست بەتەنیایی دەكەین، بۆیە خۆشەویستى چەندە رۆیشتنە بەرەو(جووت)بوون، هێندەش رۆیشتنە بەرەو تەنیاییو گەڕانەوەیە بۆ تاكایەتى.
 هێشتا بەیانیەو تواناى هەڵسانم نیە، كامكارانیش دەنگیان نایە لەرادیۆكەوە. شنەیەك لەپەنجەرەكەوە دێتە ژوورێ، شەو مەست بووم كەنووستم، بۆیە شتەكان كەمێك ئاڵۆز دێنەوە بیرم. مۆبایلەكە پێم دەڵێ كە سێ نامەم بۆ هاتووەو من ئاگاداریان نیم. پێش ئەوەى وڵام بدەمەوەو یەكەمین هەنگاو بەرەو رۆژێكی نوێ بنێم، بیر لەتەنیایی خۆم دەكەمەوە.                                                                         
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.