Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەولێر، وەک زیندان..!

هەولێر، وەک زیندان..!

Closed
by March 23, 2011 گشتی

    لە هەر وڵاتێکدا ئەگەر ئازادی عەدالەتی و یەکسانی و ئومێد و بەختەوەری بونی نەبێت، ئەوا لەو وڵاتەدا زیندانێکی گەورە  بوونی هەیە..!!
 زیندانە گەورەکان، کۆت و قفڵەکانی جودایە و لە کۆت و قفڵی زیندانە تەقیلیدیەکان ناچێت، زیندانی گەورەی وڵات و نیشتمان دیوارەکانی بە  بە هێزی سەرکوتگەر دەتەنرێت.. دەرگای زیندانی گەورەی نێشتمان  بە جەلادە ریزکراوەکان کڵوم دەدرێت.. یەکە بە یەکەی هاوڵاتیانی نێو ماڵەکانی بە باوەڕ و سیاسەتی چەواشەکارانە گۆش دەکرێن..وە بە مژدە و ئاییندەی وەهمی سڕ دەکرێن و دەیانکەنە مرۆی نا چالاک و ڕازی و بێدەنگ..وە بە هەژاری و نەبونی لاواز دەکرێن..! لەم کاتەدا جیاوازیەکی  کەم لە نێوان ژیانی مرۆکانی دەرەوەی زیندانەکان و ژیانی مرۆکانی ناوەوەی زیندانەکان بەدی دەکرێت..! واتا هەر یەکە لە مرۆکان لە نێو زینداندا گوزەر دەکەن، بەڵام لە نێوان دوو زیندانی گەورە و بچوکدا، یەکێکیان زیندانی گەورەی نیشتمان و ئەوی دیکەیان زیندانە بچوک و تەقیلدیەکانی دەستەڵاتداران..!
وە هەر دەستەڵات و سیستەمێکی دیکتاۆری ئەگەر دەست بگرێت بە سەر هەر وڵات و کۆمەڵگایەکدا، ئەوا خۆ بەخۆ ئەو وڵاتە دەبێتە زیندانێکی گەورەی هاوڵاتیان، وە دیکتاتۆرەکان بەو فەزایە سەرکوتگەریە ڕاناوەستن کە بە خۆڕسکی دروستی دەکەن، بەڵکو دیکتاتۆرەکان لە نێو ئەو زیندانە گەورەیەشدا، چەندەها جۆری دی لە زیندانی بچوک لە نێو شار و شارۆچکەکانی وڵاتدا دروست دەکەن، هاوڵاتیان لە سایەی دیکتاتۆرەکاندا لە هیچ مافێکی ژیانکردن و بیرکرنەوە و خەیاڵات و خەون بینینی خۆیان ئازاد نابن، وە لەو زیندانە گەورەی دیکاتۆرەکاندا چۆنیەتی ژیانی ئێستا و ئاییندەی هاوڵاتیان لە دەستی دەستەڵاتداراندا دەبێت و هەر ئەوانیش دەتوانن بڕیاری مانەوە ونەمانەوەیان بدەن..! وە چەندەها یاسا و دەستور دادەنێن بۆ ئەوەی بتوانن کە مرۆکان بە پێ‌ی خواستە ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی‌یەکانیان لەو چاورچێوەیەدا لە قاڵب بدەن…!
وە زیندانیانی هەر زیندانیەک بە تاوانێک تەخوین دەکرێن..لە خواستێک حەرام دەکرێن..لە شتێک بێ بەش دەکرین..بۆ نمونە لە ڕووناکی لە خواردن لە گەرمی و فێنکی لە ئاو و خۆششتن، لە تێکەڵ بون و پەیوەندی، لە بێنیی کەسوکار و هاوسەر ومنداڵەکانیان..هتد
گەر لە سەر مەتنی ئەم دیدگایەی سەرەوە شاری هەولێر لەگەڵ زینداندا بەراورد بکەین، ئەوکات دەزانین چ جۆرە زیندانێکە.؟! وە پرسیار ئەوەیە، ئایا لە سایەی ئەو فەزایەی کە دەستەڵاتداران بە سەر شاری هەولێردا سەپاندویانە، تا چ ئاستێک دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان هاوڵاتیانی شاری هەولێر و زیندانیەکی نێو زیندانی گەورەی نیشتمانی دیکتاتۆرەکان..؟! ئایا چۆنیەتی ژیانی ئێستای هاوڵاتیانی شاری هەولێر لەگەڵ میکانیزمی ئیدارەی زیندانێکی گەورەی ئەبەدی نایەتەوە..؟!
چۆنیەتی ئیدارە کردنی ئێستای شاری هەولێر کە بەڕێوە دەچێت، دەتوانم بڵێم  کە شاری هەولێر زیندانێکی بچوکی ناو زیندانی گەورەی کوردستانە..! چونکە هاوڵاتیانی ئەم شارە ئێستا بە تۆمەتی هاوپشتی و بەشداری کردنیان لە خۆپیشاندان تەخوین کراون ..لە شارەکانی دی تەحریم کراون..وە لە ماف و ئازادیەکانیان بێبەش کراون..!! هاوڵاتیانی شاری هەولێر بێجگە لەوەی بە هێزی سەربازی و کوشتن ترسێنراون، بەڵام وەک زیندانیانێکی تەقلیدی لە ئاو و کارەبا و خورادن و کارکردن و دەرچون و سەفەر کردنیان بە (یەک ئاراستە) لە هەولێرەوە بۆ هەر کوێ‌یەک تەحریم نەکراون.. بەڵام لە شتێکی زۆر گەورە تەحریم کراون..! لەهاوار و ئازادی، لە ئازادی ناڕەزایەتی و خۆ پیشاندان و هاوپشتی کردنیان لە هاوژیان و هاوخەمەکانیان..بێ بەش کراون لە پیشاندانی هێز و ئیرادەیان بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری..وە بۆ ماوەی چەندەها ڕۆژە لە هاوتوچۆ و کۆبونەوە و سەردان و تێکەڵبونی یەکدی بێبەش کراون..لە گفتوگۆ و ڕەخنەی ئازادەنەیان بەرامبەر بە دەستەڵات بێبەش کراون..بە کورتی لە ووشەی  (نا) بەرامبەر بە دەستەڵات بێبەشکراون..!
کەواتە ئێستا ژیان لە شاری (هەولێر)دا وەک شارێکی ئاسایی ..وەک کاتێکی ئاسایی ژیانی تێدا ناگوزرێت، گەر شارو شارۆچکەکانی دی رۆژانە شەقام و مەیدانەکانی بە دەنگی ناڕەزایەتی خۆپیشاندان پڕ دەکرێتەوە، وە هەر بە زەبر و زۆری خۆیان ترسی هێرشی دەستەڵاتیان تێکشکاندوە..تێپەڕاندوە، واتا  ترس لە شارو شارۆچکە خرۆشاوەکاندا پێچەوانە بۆتەوە،وە ئەوەندەی دەستەڵات لە هێرشی هاوڵاتیان دەترسێت هاوڵاتیان ئەو ترسەیان لە دەستەلات نی‌یە. شکاندنی ئەم تەوقی ترسەی دەستەڵات، هۆیەکە بۆ بەردەوامی و ڕۆژانەی خۆپیشاندان لەم شارو شارۆچکانەدا، تەنانەت دەستەڵات گەشتۆتە ئەو ڕادەیەی گەر خۆپیشاندانەکان مەترسی زۆر گەورەیان بۆ دروست نەکەن، ئامادە نی‌یە ڕێگیریان بکات و وەڵامیان بداتەوە، وە هێزی پۆلیس و سەربازی زۆر دوور کەوتونەتەوە لە خۆپیشاندەرانی مەیدانەکانی ئازادی..!
بەڵام لە شاری هەولێرەدا بە پێچەوانەی شارەکانی دی‌یەوە، دەستەڵات فەزایەکی وەهای خولقاندوە..فەزایەکی پڕ لە زەبر و زەنگ و ترسی خولقاندوە، ترس لە دەستەڵاتەوە دژ بە هاوڵاتیان لە هەموو شوێن و کاتەکاندا بونی هەیە..وە تا ئێستا هەر لەلایەن دەستەڵاتەوە ترس کاری خۆی دەکات، دەستەڵات کار بە ترس دەکات بۆ ئەوەی ڕێگا بگرێت لە شکاندنی تەوقی ترس لە لایەن هاوڵاتیانی توڕە و نارازی شاری هەولێرەوە، بۆ ئەوەی ترس پێچەوانە نەبێتەوە بەرامبەر بە دەستەڵات..تا ترس نەتوانێت کار لە سەر دەستەڵات بکات و پێگەی دەستەڵاتداریەتیان کەم و بچوک بکاتەوە..بۆ ئەوەی ترس نەگاتە ڕادەیەک کە دەستەڵات نەتوانێت خۆی لەبەرامبەریدا ڕابگرێت..! وە هەر ئەو ترسەی کە دەستەڵاتداران خولقاندویانە، لە مۆرکی شاریەتی.. لە مۆرکی شوێن و ژینگەیەک بۆ ژیان سڕاوەتەوە و وەک زیندانێکی نێو ئەم زیندانە گەورەیەی کوردستان سەیر دەکریت..!! وە مرۆکانی وەک زیندانێکی فراوانتر ژیان تەی دەکەن..!
لە سایەی دەستەڵاتدارانی حیزبیدا، ئێستا هاوڵاتیانی شاری هەولێر بێبەش کراون لە هاتنی میوانەکانیان، بێبەش کراون لە پێشوازی کردنی میوانەاکانیان کە لە شار و شارۆچکەکانی ناوچە خرۆشاوەکان دێن بۆ سەردانیان..!ئێستا هاوڵاتیانی ئەم شارە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هەر هێرشێکن..ئێستا هاوڵاتیانی ئەم شارە ناتوانن بە سەربەستی لە سەر شەقام و مەیدانەکانی شار و نێو کۆڵانەکاندا کۆ ببنەوە..هاوڵاتیانی ئەم شارە ڕۆژانە بە بینینی چەک و چەکدارەکان چاو هەڵدەهێنن و ئەم چەکدارانە وەک مۆتەکەیەک لە سەر ڕێگاکانی هاتوچۆیان وەستاون..بەردەوام دێن و دەچن..!! هاوڵاتیانی ئەم شارە بەردەوام لە بەدەم چاودێری چاوی سوری هێزی تایبەتی شاراوە و نهێنی.. وە هێزی ئاسایش  و پۆلیس و زێڕەڤانی ئاشکرادان..!! واتا هاوڵاتیانی ئەم شارە بە هێزە تۆقێنەرەکان هەموو ئیرادە و مۆرکێکی ئازادانە و سەربەخۆییان لە مرۆکانی ئەم شارە سڕیوەتەوە و خاوەنی بونی خۆیان نیین..!
لە ئاکامدا، ئەم شێوەکار و بەرخوردەی دەستەڵات نەک ناتوانێت هاوڵاتیانی ئەم شارە بترسێنیت و لە توڕە بونەکانیان هێوریان بکاتەوە، بەڵکو هاوڵاتیانی ئەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ بە خەم و ئازارەکانیان پڕ و پڕتر دەبن..! هاوڵاتیانی ئەم شارە تا بێت هاوار و دەنگەکانیان لە گەروویاندا پەنگ دەخواتەوە..ڕۆژ بە ڕۆژ هاوڵاتیانی ئەم شارە بێزار و بێزارتر دەبن لەو فەزا پڕ لە تۆقێنەرەی کە دەستەڵاتداران  بۆیان دروست کردوون..ڕۆژ بە ڕۆژ پرسیار و گومانەکانیان بەرامبەر بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سیاسی و ئیداری زیاتر و زیاتر دەبێت..وە ڕق ئەستورتر و توڕەتر دەبن..!
لە کۆتاییدا دەڵێم هیوادارم دەستەڵاتی هەولێر خۆی بە زوویی دەرگاو دەروازەکانی ناوەوە و دەرەوەی شاری هەولێر ئاسایی بکاتەوە، ڕیگا بدات کە خەڵکی کوردستان لە بەردەم پەڕلەمان و وەزارەت و سەرۆکایەتی حکومەتەکەیاندا بە ئازادی کۆ بببنەوە و خۆپیشاندانی ئازادانەی خۆیان بکەن..وە بتوانن بە ئازادی داوا و داخوازیەکانیان بە حکومەت و دەستەڵات بگەیەنن..گەر وا نەکەن، ئەوا دڵنیا بن کە خەڵکی شاری هەولێر ئەگەر شارەکانی تریش بوەستن، ئەوا ئەوان بە توڕەییەکی زیاترەوە..بەبێ لێ بوردەیی..لە سبەینێدا ئەو هەستان و خۆپیشاندانەیان هەر ئەنجام دەدەن…!!
وە دڵنیا بن گەر هەر ڕۆژێک هێزی هاوڵاتیانی شاری هەولێر بتەقێتەوە بە ‌هێزێکی پڕ و کامڵ دەتەقێتەوە.. بەهێزێکی خێرا و نەوەستاو دەتەقێتەوە..، کە هێزی ئەم دەستەڵاتە هەرگیز ناتوانێت خۆی لە بەرامبەر شەپۆلەکانیدا ڕا بگرێت..!! بۆیە دەڵێم واز لە کاری چەواشەکاری..بەڵێنی درۆ و مەتاتی بهێنن.. تا زووە وەڵامی (عەمەلی و فەوری و جێ بەجێکراو) بە هاولاتیان بدەنەوە…!!

نەورۆزی، ٢٠١١
کامەران عەزیز

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.