Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
هەڵپەرستى و دەرەنجامە كۆمەڵایەتى و سیاسیە مەترسیدارەكان

هەڵپەرستى و دەرەنجامە كۆمەڵایەتى و سیاسیە مەترسیدارەكان

Closed
by October 14, 2008 گشتی

 هەڵپەرستى و دەرەنجامە كۆمەڵایەتى و سیاسیە مەترسیدارەكان
 ئەنوەر س. مەسیفى

 زۆربەى هەرە زۆرى خەڵكان هیواو ئاواتیان گەلێگ زۆرن و هەندێكیان خەبات و تێكۆشانى بىَ وچان دەكەن بوَ گەیشتن بە هیواو ئاواتەكانیان
 خۆ ئەگەر هیواو ئاواتیش لاى تاك و كۆمەڵگەكان نەمێنێت ئەوا ماناى كۆتایی هاتنى ئەو كۆمەڵگایانەیەو بوَ تاكیش ماناى كۆتایی ژیانە.
 ئێمە زۆربەمان هیواى زۆر شت دەخوازین بوَ نموونە زۆربەى هەرە زۆرى لاوانمان  ئاواتى ئەوە دەخوازن خۆشەویستى و دڵدارى بكەن و پاشانیش ژیانى هاوسەرگیرى پێك بهێنن، هەندێكى تریش هیواو ئاواتى ئەوە دەخوازن خۆێندنێكى باش و رشتەیەكى باش بخوێنن تا بتوانن لەم رێگایەوە دواڕۆژ بوَ خۆیان دا بین بكەن و خزمەتى كۆمەڵگاكانیان بكەن، هەندێكى تر خۆزگەى ئەوە دەخوازن لەرێگاى بازرگانى كردن بە خواستەكانیان بگەن.
  لاوانى پێش راپەرین هەوڵیان دەدا لە رێگاى خەبات و تێكۆشان بەهەموو شێوازەكانیەوە هیواو ئاوات و خەونەكانی خۆیان و نەتەوەكەیان بێننەدى ، لەوێش كەسانێك هەبوونە هەوڵیان داوە لەرێگاى ئازایەتى و قوربانى دان خۆیان پىَ بگەیەنن وهەندێكى تریش لەرێگاى كارى رێكخستن ، بەهەزاران كەسیش بەدڵ و بەگیان لە گەڵیان بوون، بەڵام پەیوەندى راستەوخۆیان نەبوو ئەوانیش هیواو ئاواتیان ئەوەبووە وەك خۆشك و براكانیان بەشدارى كۆڕى خەباتیان بكردبایە، كەسانێكى تریش هەبوون نۆكەرى رژێم بوون و دژى گەلەكەیان بوون تەنیا لەپێناو پارە گەل ونیشتمان و نەتەوەكەی خۆیان دەفرۆشت دواڕۆژى خۆیان لەو پارەیە دەبینى كە رژێم پێى دەدان خۆ ئەوانیش بەشێك بوون لە كۆمەڵگاى ئێمە.
 ئەو بابەتەى ئەم جارە دەمەوێت بیخەمە بەردیدى خوێنەران خەسڵەت و رەفتارەكانى تاكى ماستاوچییە لە كۆمەڵگەى خۆمان.
 ماستاو یاخود ئاوماست لەتێكەڵ كردنى ئاو و ماست پێك دێت و خەڵك زۆر حەزى لىَ دەكەن لەگەڵ خواردن بیخۆنەوە، بەڵام ماستاوچى و هەڵپەرست لە كۆمەڵگەى خۆمان بەو كەسانە دەڵێن كەوا پێگەى كۆمەڵایەتیان زۆر نزمەو……. هتد.
 ئەم جۆرە كەسانە هەوڵ دەدەن بەهەرچى شێوەیەك بێت تەنیا خۆیان ببەنە پێش و لە هزرى خۆیان پێگەیەكى كۆمەڵایەتى یان پێگەیەكى سیاسى یان ئابوورى  بوَ خۆیان پەیدابكەن لەناو كۆمەڵگادا.
 ئەم جۆرە كەسانە رۆژانە سەدان جار دەشكێنەوەو ئابڕویان دەبردرێت و كەرامەتیان دەشكێندرێتەوە، بەڵام لاى ئەوان نەباى دێت و نەباران،  ئەو جۆرە كەسانە هەرزوو دەناسرێن لاى خەڵك بەڕەفتارە ناشیرنەكانیان و بەدرۆكردن و فرتوفێڵ كردن لە خەڵك  و یاخود ئەشهەدو بیلاكردن بوَ بەرپرسەكان.
 زۆر بەداخەوە هەندێكیان بەو هەڵسوكەوتە ناشیرینانەیان دەتوانن كاریگەرى لە هەندىَ بەرپرس بكەن و بگەنە پلەو پایەى بەرز ، زۆرجار لە دڵ سافى هەندىَ لە بەرپرسەكان بەبىَ ئاگا لە خۆبوون دەكەونە بەر كاریگەرى ئەم جۆرە  كەسانە و لە خشتە دەبردرێن. بەڵام هەندێك بەرپرسى تر بە دیراسەت پلەوپایە بەو جۆرە كەسانە دەدەن تاكو كەسى زیرەك و شیاو پىَ نەگەن نەبادە قسە لەقسەى ئەوان بكەن و لەوان زیرەكتربن لە ترسى كورسى دەسەڵاتیان تاوەكو خۆیان وەك نەزانێكى دیكتاتۆر هەر لە سەر كورسى دەسەڵات بمێنەوەو سەد ماستاوچیشس ئەشهەدوبیللایان بۆ بكەن. هەر كاتێك ئەو كەسانە بەرپرسیارێتیان نەما ماستاوچیەكانیش خۆیان لىَ نەناس دەكەن و  واز لەوان دەهێنن و ماستاوچیاتى بۆ كەسانى تر دەكەن .
 خوێنەرى بەرێز لەكاتى خوێندنەوەى ئەم بابەتە چەندین كەست بە خەیاڵدادێت كە لە كۆمەڵگەى ئێمە بەماستاوچى دەناسرێن و هەڵسوكەوتى زۆربەى هەرە زۆریشیان لەیەك دەچن و لەو سەردەمەش ژمارەیان یەكجار زۆرەوبۆتە نەریت .
 وەك لە سەرەتا ئاماژەم پێدا خەڵكانێكى زۆر بەهۆى هەوڵ و تێكۆشانى خۆیان هەوڵ دەدەن خۆیان پێبگەیەنن و خەونەكانیان بێتەدى  بە پێچەوانەى ئەوانیش خەڵكانێك بەبىَ خەبات و خوێندن و خزمەتكردن تەنیا بە ماستاوچیەتى خەونى هەزاران تاكى دڵسۆز پوچەڵ دەكەنەوەو نائومێدیان دەكەن لە ژیان لەسەر حسابى ئەوان و تەنیا بەماستاو چیەتى هەوڵ دەدەن خەونە نەزۆكەكانیان بێتەدى.
 ئەوەى جێگاى خۆشحاڵیە ئەو كەسانە هیچ پێگەیەكیان نییەو هەر پلەو پایەیەكیش وەربگرن هەر نوشست دەهێنن و دەكەونە بەر شەقى كۆمەڵگا و زبڵدانى مێژوو چونكە ئەوان هیچ زانیارى و زانستێك و بەرنامەیەكیشیان نیە و هەر بڕواشیان بە خۆیان نیە و ، هەر خۆشیان باش دەزانن زوو یان درەنگ ئاشكرا دەبنن و لە ناو كۆمەڵگادا ڕسوا دەكرێن . بەڵام بەرلەوەى ئاشكرا بكرێن و ڕسوا بكرێن هەوڵ دەدەن زۆرترین دەسكەوت و پارەوپول بە دەست بێنن و دەستیش ناپارێزن لە دزى و گەندەڵى و هەر چ كارێك كە بۆیان بكرێت دەیكەن ، جابۆیە دەبێت هەموومان ئاگادارى ئەم جۆرە كەسانە بین و ڕێگەیان پێنەدەین خۆیان بخزێننە ناو دامودەزگاكانى حكومەت و ڕێكخراوە ناحكومیەكان و دامودەزگاكانى تر تاكو نەگەنە مەرامە گڵاوەكانیان كە بریتین لە تێكدانى ڕەوشت و دابونەریتە جوانەكانى كۆمەڵگاى كوردەوارى / ئەم جۆرە كەسانە گشت یاساو رێساكان تێك دەدەن و دەبنە مایەى گەندەڵى دام و دەزگاكان تا بگرە گەندەڵى كۆمەڵگاش سەرەنجام زیان بە میللەت و دەسەڵاتى سیاسى و ئیدارى و ئایندەى گەلەكەمان دەگەیەنن و دەسەڵاتى سیاسیش دەخەنە بەر مەترسییەكى گەورە ، چونكە تێكدانى ئەخلاقیەتى كۆمەڵگا بەواتاى لەدەستدانى هەموو شتێك بەكیانى سیاسى و نەتەوەییشەوە دەبنە سەرەتاى هەرەس هێنانى سیاسى و ئیدارى وڵاتیش  >
 
 Masifi_77@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.