Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
وانەی سێهەمی چاڕلی چاپلن بۆ دەسەڵاتدارانی كورد

وانەی سێهەمی چاڕلی چاپلن بۆ دەسەڵاتدارانی كورد

Closed
by March 6, 2011 گشتی

        
چاڕلی چاپلن ،بەدوو رێگاوە ویستی هەمیشە نەك هەر بەتەنها لەناو دڵی گەلەكەیدا ،بەڵكو هەمیشە لەناو دڵی هەموو مرۆڤایەتیدا جێگەی خۆی بكاتەوە، فەرموون با بزانین  چاپلن چۆن لە خەمی ئەوەدا بووە، كچەكەیشی رێگای باوكی هەڵبژێرێت و روو لە جەماوەری هەژارو ستەمدیدە بكات و  رابردووی خۆی لەبیر نەچێت، هەر لە هەمان نامەدا بۆ(ژێراڵدین)ی كچی نووسیوە دەڵێت
((ژیانی ئەو کەسانەی، کە بە سکێ برسی و دنیایەک خەم و مەراقەوە کاری هونەریی خۆیان ئەنجام دەدەن، من خۆم یەکێک بووم لەوان، تۆ باش من ناناسیت!. كە منداڵ بوویت هەموو شەوێک چیرۆکێکم بۆ دەگێڕایتەوە، بەڵام هەرگیز باسی ئازارەکانم بۆ نەکردووی، ئازاریش چیرۆکێکی ناخۆش نییە، چیرۆکی ئەو لێبوکە( سەعلوك) ە برسییەیە کە لە پیسترین شانۆکانی لەندەندا گۆرانی دەگوت و خەڵکی خێریان پێ دەکرد، چیرۆکی منە!))
  چاپلن شانازی بەو رۆژە پڕ چەرمەسەرییانەی خۆی دەكات كە رۆژانێك  بە سكی برسییەوە كاری هونەری بۆ گەلەكەی کردووە ،بۆیە كچەكەی ئاگادار دەكاتەوەو دەڵێت ناشێ نەیزانی باوكت بەم رۆژگارە سەختانەوە تێپەڕ بووە، ئەم چیڕۆكە ئازارێكە بەڵام شیرین، بەسەرهاتێكە، بەڵام پڕ لە دروست بوون، داستانێكە بەڵام پڕ لە نەمریی. ئیرادەیەك نیشاندەدات كە بۆ هیچ كەسێك سەروەرییەكانی خۆی پێشێل نەكردووە، هەمیشە لەو روانگەوە  دونا بینی كردووە بەدوای جاویدانیدا وێل بووە چەند توانیویەتی لەناو خەڵكەكەی خۆیدا بێت.
  كاتێك لە بیرو بیركدنەوەی چاپلن بەرامبەر بە ئایندەی مناڵەكانی ورد دەبینەوە، هەست بەوە دەكەین و  دەبینین ئایندەی مناڵەكانی خۆی تەنها بە داكۆكیكردن لە ئەوانەی بۆ دەستكەوتنی بەهایەكی بچووك  لە پێناو بژێوی ژیانیاندا گۆرانی دەچڕن و خەڵكیش بەزەییان پێیدا دێتەوە،دەبینێتەوە،بۆیە رێك ئەڵێ كچەكەم نابێت ئەوانە لە بیربكەیت.

كەچی دەسەڵاتدارەكانی كورد لەو هەرێمەی كوردستاندا،دەسەڵاتەكانی خۆیان لەگەڵ كوڕەكانیان نیوە بە نیوە دەكەن، تا فێر ببن چۆن خەڵك هەژارو هەژار تر بكەن، تا فێریان بكەن بازرگانی ساختە  چۆن پەیڕەو بكەن،تا فێریان بكەن بەو مۆنیكایانەی لەدواوەی خۆیان  بەردەبنە شەقامەكان، چۆن خەڵكی پێ بترسێنن و لەدوور دوورەوە ئۆتۆمبیلە شەق و شڕەكانی ئەم خەڵكە رێگایان بۆ چۆل بكەن، نەمانبینی نەمانبینی رۆژێك  یەكێك لەو سەرۆكانەی ئەم هەرێمەم ، مناڵەكانیان تێكەڵ بە مناڵانی  خەڵكە رەشوورووتەكانی ئەم نیشتمانەم بكەن، خوێندنیان تایبەتەو مامۆستاكانیشیان هەر زۆر تایبەتن، لەهەموو شتێكدا جیاوازن،تەنانەت ژیان و گوزەرانیشیان ئەوەندەی لە وڵاتانی  رۆژئاوایە ، نیو ئەوەندە لە نیشتمانەكەیاندا ناژین، هێشتا ئەو انە گەڕەكێكی هەژارنشینی بێ ڕێگاوبانیان نەبینیوە، هێشتا ئەوانە ، نازانن ئاستی هونەرو رۆشنبیری وڵات لە چیدایە،هێشتا نایزانن، نایزانن  ژیان و گوزەرانی عەرەبانچییەكانی ئەم وڵاتە زۆر زۆر لە ژیانی ئەو عەرەبانچییەی كە لە تونس خۆی سووتاند ، خراپترە،هێشتا نایزانن  ژنە شەهیدەكانی گەرمیان چ ژیانێك دەگوزەرێنن، هەڵەبجە وەك ئەوە وایە رۆژانە كیمیاباران بكرێ و زامەکانی کراوەیە ،گەرمیان رۆژانە ئەنفالی لێ دووبارە دەكرێتەوە،  هێشتا نازانن،تا بێت منداڵانی سەرشەقام و  بێ نازبووی ووڵاتەکەم  لە زیاد بووندایە،  ئەو برینانەی بەعس لە جەستەی تاكی كورد دروستی كرد، ئەو ان قوڵتریان کرد  نایزانن،  تەنها ئەوەی دەیزانن ،ئەوەیە، ئەزانن دۆنمی زەوی لەو وڵاتە چەند بەرزبۆتەوە(پێیان عەیبە بە مەتر باسی بكەن!!)،دەزانن كەلوپەلە ئێكسپایەرەكانی لەدەرەوە دێن، چەندە خێری پێوەیە، ئیتر خەڵك تووشی شێر پەنجە دەكات ئەوە گرفتی ئەوان نییە، گرفتی خەڵكەكەیە!!،ئەزانن كام بەرپرس گوێڕایەڵیان نییە و دەبێ لایبدەن و گەندەڵێك بخەنە شوێنی تا سوژدەیان بۆ ببات، دەزانن نرخی هەر ڤێللایەكی پلە یەك   لە پاریس و لەندەن بە چەند ملیۆن دۆلارە،  ئەوەش دەزانن هەر گوندێكی ئیتاڵی یا ئەڵمانی یا ئینگلیزی  كە بە وەكالەت دەدەن بە كەسێك تا بیفرۆشێتە خەڵكی قازانجەكەی چەندە.

ناوی ئەم گوندانە ئەوەندە زۆر بووە ئەڵێی ئەوروپا هاتۆتە ناو كوردستان،بەڵام كێن ئەوانەی شەو لەو گوندانە رۆژ دەكەنەوە، جگە لە خۆتان .ئەزانم زۆر شت نازانن، بەڵام ئەزانن باشترین تەزویر بۆ هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەن، لەو بوارە پڕۆفیسۆرن، ئەزانن موڵكی خەڵك لەسەر خۆتان تاپۆ بكەن، لەوبارە یاسا ناسن، ئەشزانن چۆن لە دادگاكان  بە پێی یاسا فەرمانی گرتن بەسەر خەڵكیدا بسەپێنن. چونكە هەر ئێوە داڕێژەری یاسان.
  رۆژێكمان نەبینی ئەو بەرپرسە نابەرپرسانە، پەروەردەی مناڵەكانیان بە شێوەیەك بێت،بیانگەڕێننەوە ناو خەڵك،هێشتا پرسەی رۆیشتنی بن عەلی و نا موبارەك  بە كۆتا نەهاتووە،كەچی دەسەڵاتدارانی كورد شانازییان بەوە دەكرد، نا موبارەك جەمال ی كوڕی رادەهێنێ بۆ ئەوەی دەسەڵات وەربگرێت، بەڵام بینیمان دەسەڵات نەك هەر فریای جەمال نەهات ،تەنانەت فریای ئەو موبارەكە ناموبارەكەش نەهات،كە هەموو هەوڵێكی دا تەنها بۆماوەی (7)مانگی تر تا سێبتەمبەر بمێنێتەوە،بەڵام ئەوەشی نەبینی. دەسەڵاتدارانی كورد گوێیان لە  سەرۆكی یەمەن بوو كە وتی،نە خۆم و نە هیچ نەوەیەكیشم خۆیان بۆ سەرۆكی وڵات هەڵنابژێرن،ئەم دۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە،زۆر لە پاییزی ساڵی 1989 ی رۆژهەڵاتی ئەوروپا دەچێت،كەچی هێشتا دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەم، خۆیان پێ زۆرە، دەپرسم ئێوە هەرهەمووتان بەرامبەر نا موبارەك چین، كەچی  بینیتان فریای هیچ نەكەوت.
گەلی كورد گەلێكی زۆر ماندووە، بەدەست رژێمە دیكتاتۆرەكانەوە قوربانی زۆریداوە، بەڵام لە بیرمان ناچێت بەدەست  دەسەڵاتدارانی خۆشمانەوە ،زۆرمان داوە، ئێستاش بێسەرو شوێنانی  شەڕی ناوخۆمان هەن، ئێستاش داگیركردنی موڵك و ماڵی  یەكتریمان هەن، ئێستاش گرتووخانەی تایبەتیمان هەن، ئێستاش دادگاكانمان حزبین و فڕیان بەسەر یاساوە نییە،ئێستاش خەڵك لەسەر وشە شەهید دەكرێ. دەسەڵاتداران چیترتان ماوە بیكەن!.چیتان لەیاد چووە، بیریخۆتانی بێننەوە،ئێمە  راهاتووین،لەوەتەی هەین قوربانی دەدەینن بەڵام بیرتان نەچێ دوا قوربانی  ئێوە خۆتان دەبن.

شنە پێنجوێنی
 
هۆڵندا، ئارنهێم

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.