Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
وردەئێسکەکان و گەمەى کاپتن ….  یوسف عیزەدین

وردەئێسکەکان و گەمەى کاپتن …. یوسف عیزەدین

Closed
by December 25, 2011 چیرۆک

                             
 
    من و کاپتن لەیەک رۆژدا لەدایکبووین، ئیدى ناشزانم لەیەک رۆژدا دەمرین یان نا. ئەم چیرۆکەى کەلێرەدا هەوڵى گێڕانەوەى دەدەم، چیرۆکێکی زۆر سادە و ئاساییە و زۆربەى خەڵکى شارەکەى من و کاپتن، دەیزانن و لە نێو خۆیاندا دەیگێڕنەوە. 
    کاپتن کەسێکى زۆر ئاسایى بوو، وەک هەموو کەسێکى دیکەى ناوچەکە، پاش ئەوەى بەڕێکەوت و لەساتەوەختێکى تووڕەبوونمدا کەسێکى نەناسراوى شارم کوشت، خەڵکەکە وایانزانى ئەو کوشتوویەتیەتى و هەر ئەوەش بووە مایەى یەکەمین ناوبانگ و ناسرانى. بەحوکمى برادەرێتیمان هیچ دەنگم نەکرد و بگرە هێدى هێدى کۆمەڵێک حیکایەت و بەسەرهاتى ئازایەتى تریشم دایە پاڵ ناوى کاپتن و بەماوەیەکى کەم بووە یەکێک لەو کەسانەى کەچەقۆکێش و پیاکوژە راستەقینەکانیش لێى دەترسان و حیسابیان بۆ دەکرد.
    من و کاپتن هاوشێوە بووین، بەچەشنێک پاش ئەوەى کاپتن بووە سەرۆکى شار، لەزۆر بۆنەو مەراسیمدا کەخەڵکى شار حەزیان بەیادکردنەوەیان هەبوو، من لەجێى ئەو گوتارە دوور و درێژەکانم دەخوێندەوە، پاش ئەوەى دنیایەک وێنەى شیعرى و سەجع و رستەى نغرۆ لە رەوانبێژیم تێکەڵ دەکردو هەموو جارێکیش زیاد لەنیوەى ئامادەبووان لەنیوەى گوتارەکەدا دەخەوتن.
    خەونى هەمیشەیى کاپتن بەجەنگ و ماجەراکانى جەنگەوە واى لێکرد قەڵایەکى نزیک شار بکاتە بارەگاى خۆى کە زۆر لەمێژبوو دروستکرابوو، هێشتاکە کۆشکەکەى نێوى یەکێک بوو لەکۆشکە جوانەکانى دنیا. بەڵام جەنگى ئەندێشەکراو لاى کاپتن ئەو جەنگەى ئێستاى دنیا نەبوو، بەڵکو جەنگە دێرینەکان بوو ئەو جەنگانەى شمشێر و رم و مەتاڵ و هەموو شێوازە کۆنەکانى  جەنگى تێدا بەکار دەهات. کاتێک لە کاپتن-م پرسى:( چ پێویست دەکات بگەڕێینەوە بۆ شێوازە کۆنەکانى جەنگ). لەوەڵامدا گوتى:( بێجگە لەسیحر و چێژى تایبەتیى ئەو جۆرە جەنگانە، هەرخۆم بێزارم لەبۆنى بارووت و بینینى کەرستە نوێیەکانى جەنگ، ئەمە جگە لەوەى لەجەنگە نوێیەکاندا قارەمان ون و نادیارە، یان دەتوانم بڵێم هەر نییە. من پێویستم بەجەنگێکى روو بەرووە، جەنگێک بتوانم رووکارى دوژمنەکەم ببینم، دەبێت وەک رۆستەم بێپسانەوە لەگۆڕەپانى جەنگدا یەک لەدواى یەکى دوژمنەکانمان تێکبشکێنین).
    زۆر بەئاسانى کاپتن توانى سەرۆکى شارەکانى دەوروبەر بکاتە دوژمنى خۆى و بانگهێشتیان بکات بۆ نێو گۆڕەپانى جەنگ، هەرچەندە سەرەتا شێوازى کاپتنیان لەجەنگدا پێنامۆ بوو بەڵام دواتر بۆ خۆشیان گەیشتنە ئەو راستیەى کەواتاى راستەقینەى جەنگ، تەنها بەگەڕانەوە بۆ رابردوو، دەکرێت بەرجەستە بکرێت. ئەوە بوو لەکاتى جەنگدا بەشێوازى کۆن قارەمانێک لەهەر بەرەیەک دەچووە پێش و پاش ناوهێنانى خۆى و سولالەیەک لەناوى یەک لەدواى یەک، شەڕەشیر دەستی پێدەکرد و دواتر چەند کەسێکى تریش لەهەر دوو بەرەکە بەو شێوەیە خۆیان تاقیدەکردەوە، تا کار دەگەیشتە تێکچڕژانى جەنگاوەرەکانى هەردوولا. ئیدى جەنگى واهەبوو سێشەو وسێڕۆژى دەخایاند، هەشبوو هەر زوو بەتێکشکانى بەرەى دوژمن تەواو دەبوو. کاپتن لەهیچ جەنگێکدا تێکنەدەشکا، هەبوون دەیانگوت سیحرى سەرکەوتنەکانى لەوەدایە ئەو قەڵایەى کردۆتە بارەگا ، لاى ئەوانیش مانەوە لەنێو قەڵایەکى مێژوویدا بەواتاى ئەندێشەکردنى هەرچى باشترى جەنگ دێت. من فەرماندەى هەموو جەنگاوەرەکانى کاپتن بووم، لەهەموو جەنگەکاندا زۆرترین کەسم لەدوژمن دەکوشت، گەرچى حەزم بەجەنگى نێو بیابان نەبوو بەڵام بەوپێیەى قەڵاکەمان دەیڕوانییە سەر بیابان و بۆ راودوونانى دوژمنەکانى کاپتن کاتێک هەڵدەهاتن، دەبوو بەرەو بیابان وەدوویان بکەوم، تائەسپەکانمان بڕستى لێدەبڕا رانەدەوەستاین.
    من و کاپتن هیچ کاتێک یەکدیمان نەدەڕەنجاند، هیچ کاروبار و ئیش و کارێکى کاپتن لەمن شاراوە نەبوو، بێجگە لەنهێنى ژوورێَکى تایبەتى نێو کۆشکەکەى کەپێش لەدەستدانى  هەر پێنج پەنجەکەى دەستەراستم لەجەنگدا نەمبینیبوو. نهێنییەکى دیکەى کاپتن-یش کە جگە لەمن هیچ کەسێکى تر نەیدەزانى و نەشدەبوو بیزانێت، ئەوەبوو کە کاپتن بەهۆى نەخۆشییەکەوە کە لەهەرزەکارییەوە تووشى بووبوو، نەیدەتوانى بپەڕێت. هەر بۆیە ئەو کاتانەى بەبەرچاوى پاسەوانەکانییەوە بەپرچ کچۆڵە تازە پێگەیشتووەکانى دەبردە نێو ژوورە تاریکەکەى خۆى، ئەو کاتانە من لە قووڕنەیەکى ژوورەکەیدا چاوەڕێمدەکرد، ئیدى بەبێئەوەى لەو تاریکییەدا کچۆڵەکە هەست بکات، پاش ئەوەى کاپیتن دەچووە سەرى و هێندەى لێدەدا تا دەبوورایەوە ئەوکات من کارى خۆممدەکرد و هەمیشەش پاش تەواوبوونم لەکارەکە دەستى دەخستە سەرشانم و دەیگوت:( خۆزگە منیش وەک تۆ بوومایە، ئەوەى کەهەمە چ بەهایەکى هەیە ئەگەر نەتوانم). ئیدى پاش گوتنەوەى ئەو دێڕەى کەلەو کاتانەدا دەیگوت چاوەکانى فرمێسکى تێدەزا و حوزن و ماتەمێکى سەیر دایدەگرت.
    جەنگ گەمەیەکى بەردەوامى نەک هەر من بەڵکو هەموو جەنگاوەرەکانى کاپتن بوو کە بەتەواوى چێژمان لێدەبینى و بەراوەشاندنى شمشێرەکانمان ئارەزوویەکى شێتانەى کوشتنمان تێدا دەبزووا، لەو کاتانەدا دەمانویست جەنگ هەرئەوەندە نەبێت کەپێى راهاتبووین، بەڵکو زۆر لەوە زیاتر بێت و لەرۆژگارێکدا بتوانین دنیا داگیربکەین و ژمارەیەکى لەبننەهاتوو لە نێوگەڵى تازە تاقیبکەینەوە، دنیایەک شارى نەزانراو کاولبکەین، دەمانویست بڕِۆین و هەر نەوەستین. بەڵام دەبوو رێگەیەکى تر بدۆزینەوە چونکە لەرێى بیابانەوە تەنها ئەوەندەمان پێدەکرا کە کردبوومان، دەبوو رێگەیەک بدۆزینەوە ئەسپەکانمان ماندوو نەکات، جیاواز لەبیابان گەرم و وشکوبرنگ نەبێت.
    بەڵام لەدوا جەولەى جەنگێکدا هەموو ئەوەى کەبیرم لێدەکردەوە و بەتەمابووم بیکەم کۆتایى هات. ئەو جەنگەمان لەگەڵ سەرسەخترین جەنگاوەرەکانى شارێکى دوورە دەستبوو، کەبەساڵێک رۆیشتن گەیشتبوونە بەردەم قەڵاکەمان. لەدوا جەولەى ئەو جەنگەدا رووبەڕووى کەسێکى زۆر رک ئەستوور بوومەوە، کاتێک لەسەر ئەسپەکەم هەڵیدامە خوارەوە، چاوەڕێبووم بمکوژێت، کەچى گوتى:( ناتکوژم تەنها پەنجەکانى دەستى راستت دەبڕم و دەتکەمە عیبرەت، تۆ بەبێ پەنجەکانى ئەو دەستە ناتوانیت بجەنگیت و هەر دەبێت بەداخى لەدەستدانى ئەو پەنجانەوە سەر بنێیتەوە).
    رۆژانێکى زۆر لەجێگا کەوتم و ئاگام لەماجەراى جەنگ و بەسەرهاتى کاپتن نەما، ئەگەرچى هەر لەکۆشکەکەى ئەودا بووم و ژوورەکەم لەپاڵ ژوورە تایبەتە نهێنییەکەى ئەودا بوو.
    کاتێک زامەکانم ساڕێژ بۆوە و بیرم لەوەکردەوە بچمە لاى کاپتن و پێى بڵێم:( دەتوانم دەستى چەپم لەجەنگەکانى داهاتوودا بەکاربهێنم). نەک تەنها لەبەر ئەوەى دڵى خۆشبکەم، بەڵکو لەبەرئەوەى لەمابەینى وڕێنەکردن و وڕێنەنەکردندا خەیاڵێکى وام بەمێشکدا هاتبوو. شەو درەنگان لەکاتێکدا هێندەى نەمابوو دەرکەى ژوورەکەم بکەمەوە، ئاگام لێبوو دەرکەى ژوورە نهێنییە تایبەتەکەى کاپتن کرایەوە. کاتێک چوومەدەر سەیرمکرد دەرکەکەى  کراوەیە، بەبێدەنگى چوومە ژوور، دیوارى ژوورى یەکەم بەوێنەى جۆراوجۆرى ساتەکانى ئەو جەنگانەى کەکردبوومان رازابۆوە، وێنەى کوژراوەکانمان بەجیا و لەهەر سآ لاى دیکەى دیوارەکە هەڵواسرابوون. لەنێو وێنەى کوژراوەکانیشدا وێنەى ساتەوەختێکى جەنگ هەڵواسرابوو کەوێنەگرەکە زۆر زیرەکانە ساتەوەختى بڕینەوەى پێنج پەنجەى دەستەراستى جەنگاوەرێکى وێنەگرتبوو.
ژوورى دووەم پڕبوو لەکەرستە کۆنینەکانى جەنگ، هێشتاکە سەرى رمەکان بەخوێنێکى گەش سووربوون، پێدەچوو تازە لەجەنگ هێنرابێتنەوە. ژمارەیەک لەشمشێر و مەتاڵ و گورز و کەرستەکانى ترى جەنگیش بەدیوارەکانییەوە هەڵپەسێرابوون. ژوورى سێیەم یەکپارچە وێنەى ئەو کچۆڵانە بوو کەمن لەجێى ئەو هینمکردبوون، سەربارى ئاوێنەیەکى گەورەش کەبەرانبەر بەدەرکەى ژوورى سێیەم هەڵواسرابوو. کاتێک بەرانبەر ئاوێنەکە راوەستام، کاپتنم بینى رووکارى زەردبوو، ردێنى سپى و باڵاى نەوى، ئەو کوڕە باڵابەرزەى پێشووتر نەبوو، زۆر بەزەحمەت ناسیمییەوە، بەڵام دیاربوو چاوەڕێی دەکرد من دەست بەقسان بکەم. هەرچەندە هیچ فرمێسکێکم بەچاوییەوە نەبینى بەڵام گوتم:
(- گەورەم کاپتن بۆ دەگریت).
    زۆر کزۆڵانە تێیڕوانیم، بەشێوەیەک کەهەیبەتى جارانیم لەچاوەکانیدا نەبینییەوە، گوتى:( دەمێکە ئەمە ژوورى گریانمە).
    کاتێک لەنێو لەپى دەستەراستى وردبوومەوە، ژمارەیەک وردەئێسکم بینى، گوتم:( ئەى ئەو وردە ئێسکانە چین).
    پاش ئەوەى کەمێک سەیرى  وردەئێسکەکانى کرد، گوتى:( ئەوە وردە ئێسکى پەنجە قرتاوەکانى تۆن).
    گوتم:(گەورەم ئەوە نرخى نییەو گرنگ ئەوەیە تۆ سەلامەتى، ئێستاش ئەگەر رێم بدەن بەدەستى چەپ لەجاران باشتر دەجەنگێم).
    بەسارد و سڕییەکى بێزارکەرەوە گوتى:( جەنگى چى!؟ ئێمە لەوەتەى هەین لەم کۆشکە چۆڵ و هۆڵەى نێو ئەم بیابانە دوورەدەستەداین).
     گوتم:( ئەى ئەو هەموو جەنگەى کەکردمان).
     گوتى:( ئەوە خەونبوو یان گەمەیەک بوو، هەر لەمنداڵییەوە پێى راهاتبووین، من دەبوومە کاپتن و تۆش جەنگاوەرێکى دڵسۆز و ئیدى بەخەیاڵ هەموو ئەوەمان کرد کەکردمان، هەر لەمنداڵییەوە تۆ بەنەخۆشییەک پەنجەکانى دەستەراستت هەڵوەرین و ئیدى لەوڕۆژەوە پێکەوە لێرەدا دەژین).
     زۆر سەرسام بووم بەوەى کە کاپتن پێیگوتم، نەدەکرا هەموو ئەوەى کەبووبوو خەیاڵ بێت، روانیمە ئاوێنەکە، خۆمبووم لەجێى کاپتن لەئاوێنەکەوە دەمڕوانییە خۆم، لەکاپتن گەڕام لەوآ نەبوو.
    چوومە دەرەوە و تاوێک بەنێو کۆشکە چۆڵەکەدا گوزەرمکرد، سەیرمکرد دەمێکە شەو بەسەرچووە و واچێشتەنگاوە. بەرانبەر پانتایى بیابانەکە تاوێک رامام،  بیرم لەهەموو ئەو جەنگانە کردەوە کەبەخەیاڵ لەبیابانەکەدا کردبوومان، هەروەک ئەوەى بەڕاستى روویدابێت، هێشتاکە رینگەى تیر و دەنگى لێکدانى شمشێرەکان و حیلەى ئەسپە سەرکێشەکانى نێو گەرمەى جەنگەکانم دەهاتە گوآ، لەگەرمەى ئەو خەیاڵانەدا کاتێکم زانى وردە ئێسکەکان لەنێو دەستمدان و بێئاگا گەمەیان پێدەکەم.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.