وێڵ بوون به‌دوای زمانێكی تردا.!
ئه‌وه‌ی جیام ده‌كاته‌وه له نووسه‌رانی پێش خۆم، ته‌نها زمانه.! هارۆڵد پنته‌ر
جیاوازی زمان
زمان له كایه‌ی به‌رهه‌مهێنانی تێكستدا، یه‌كێكه له ڕه‌گه‌زه بنچینه‌ییه‌كان و به‌بێ ده‌ركه‌وتنی زمانێكی باڵا و جیاواز مه‌حاڵه باس له به‌رهه‌مێكی ئه‌ده‌بی سه‌ركه‌وتوو بكرێت، ته‌نانه‌ت زمان له ئه‌ده‌بیاتی كلاسیكیدا شفره و كلیلی خوێندنه‌وه‌ی تێكسته، جیاكارییه‌كانی ده‌قی كلاسیك له ئه‌ده‌بیاتی دونیادا یه‌كه‌م پێوه‌ری به زمان ده‌پێورێت، به‌و پێیه‌ی زمان كارلێكێكی گرنگه بۆ به‌ركه‌وتنی به هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه ژینگه‌یی و سۆسیۆلۆژییانه‌ی كه به‌سه‌ر ده‌قدا دێت له سنوور و جوگرافیایه‌كی كراوه‌دا، یه‌كه‌م تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و جیاوازی و كاریگه‌رییه‌ش له‌سه‌ر ده‌ق له زمانه‌كه‌یه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت، خوێندنه‌وه‌ی زمانی ده‌قه كلاسیكییه‌كانی ئه‌ده‌بیاتی شانۆی ڕۆمانی و گریكی كۆن نموونه‌یه‌كی زیندووی ئه‌م نمونه‌یه‌مانه.
نزیكترین نموونه‌ی گۆڕانكاریی زمان له ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرن و ئه‌ده‌بیاتی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له‌و ئه‌ده‌بیاته‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه ناوده‌برێت به (ئه‌ده‌بی پوچگه‌را-absurd) به‌تایبه‌تیش له تێكسته‌كانی سمۆئیل بیكێت، یوژین یونسكۆ، ژان ژینیه، ئه‌دامۆف، تا ده‌گاته هارۆڵد پنته‌ر، هه‌موو ئه‌و جیاوازییانه‌ش له ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌و درووستكردنی كاره‌كته‌ر و چیرۆكدا هه‌ن له رێگه‌ی زمان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانییانه‌وه به خوێنه‌ر ده‌گات، ئه‌مه‌ش دیارترین ڕه‌گه‌زی شوناسی تێكستی مۆدێرنه. ته‌نانه‌ت ژان ژینییه، هه‌میشه له چاوپێكه‌وتنه‌كانیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه ده‌كرد، كه شانۆ و ئه‌ده‌بی پوچگه‌را هیچی نه‌كردبێت توانیوویه‌تی زمانێكی جیاواز و ناباو له ئه‌ده‌بی مۆدێرندا بهێنێته كایه‌وه.!(1)
سمۆئیل بیكێت رێبه‌ری ئه‌و ریتم و ریتواڵه له ئه‌ده‌بیاتی شانۆی پوچگه‌را، له زۆرێك له هاورێبازه‌كانی جیاكاری زمان و زمانی گێڕانه‌وه په‌یڕه‌وكردووه، له ڕۆمانه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا (مۆرفی) باس له پوچگه‌رایی و كه‌م بابه‌خی زمانی په‌یوه‌ندی ده‌كات، له گۆشه‌نیگایه‌كی ڕه‌شه‌وه كۆی ئه‌و تاریكبینانه نیشان ده‌دات كه كاره‌كته‌ره‌كان له زمانی خۆیانه‌وه له نه‌خۆشخانه‌یه‌كه‌وه گوزارشتی لێده‌كه‌ن به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌شبینییه له هیچ ئاستێكدا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زمانی به‌رزی نووسین درووست بكات، له مۆرفیدا تاكه فریادڕه‌سی گێڕانه‌وه‌و تاكه چه‌كی په‌یوه‌ندی و كۆنتڕۆڵكردنی خوێنه‌ر زمان و زمانی گێڕانه‌وه‌یه، به‌بێ زمانێكی ئاست به‌رز ناتوانرێت هیچ تێكستێكی باڵا پێشكه‌ش به خوێنه‌ر بكرێت، بیكێت خۆی له چاوپێكه‌وتنكێدا له‌گه‌ڵ (جێمس هاڵمێنسن) وای وتووه، كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی قسه‌كردن بوو له‌سه‌ر زمان و كاركته‌ر له شانۆییه‌كانیدا(2)
هارۆڵد پنته‌ر نوسه‌ری ئینگلیزی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیات له هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی تر زیاتر ئاماژه بۆ جیاوازی زمان ده‌كات له گێڕانه‌وه‌و نووسینی تێكسته شانۆییه‌كانیدا، ئه‌و ئاماژه به شانۆنامه‌ی خۆڵه‌مێش ده‌كات و ده‌ڵێت “ئه‌م شانۆگه‌رییه قسه له‌سه‌ر مێژوو ده‌كات، له خانوویه‌كی كۆنی ئینگلیزدا، خانوویه‌كی كۆن، ڕووداوێكی هه‌مه‌لایه‌نه و پڕ له ململانێ له رێگه‌ی هه‌ردوو كاره‌كه‌ته‌ری (دێڤیلین و رێبێكا)ه‌وه ده‌گێڕمه‌وه، ئه‌وه‌ی جیاوازی ئاستی ته‌كنیك و گێڕانه‌وه‌و ململانێی درامییه له‌م شانۆگه‌رییه‌دا هیچ نییه، زمان نه‌بێت، من به زمانێك له (خۆڵه‌مێش)دا ئه‌و دوو كاره‌كته‌ره‌م دواندووه جیاوازه له زمانی ئاخافتن، زمانی ڕۆژانه، زمانی په‌یوه‌ندی ژیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نانه‌ت جیاوازیشه له شكسپیر و ئه‌دامۆف و و‌لیامز و نووسه‌رانی تریش، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ئه‌م جیاوازییه له زماندا ناتوانین باسی شاكاری گه‌وره بكه‌ین له تێكسته شانۆییه‌كاندا، بابه‌ت و چیرۆك هه‌رشت و هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌ك بێت.!(3)
ئه‌كته‌ر و جیاوازی
تایبه‌تمه‌ندی له‌سه‌ر ئاستی تیۆریی تێكست به‌رهه‌م دێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی پراكتیك و هۆڵه و نمایش ڕه‌نگه جیاوازتر به‌ده‌ركه‌وێت، به‌تایبه‌تیش لای ئه‌كته‌ر، چونكه ئه‌كته‌ر به‌و زمانه‌ی پێی ده‌دوێیت چ له ژیانی ڕۆژانه‌دا چ له كاتی پڕۆڤه‌دا، زمانێكه به‌چه‌ندین شێواز به‌كاردێت، به‌ڵام زۆرجار دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه‌ی به‌یه‌ك شێواز بینه‌ر توشی بێزاری ده‌كات، دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانه باوانه‌ی نواندن لای ئه‌كته‌ر ناتوانێت ئاوازێكی نوێ به‌رهه‌م بێنێت و زۆرجاریش بێزاری لای بینه‌ران درووستده‌كات.!
هه‌ندێ جار به بیركردنه‌وه‌ماندا دێت بكه‌وینه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر و له‌گه‌ڵ به‌م شێوه‌یه بدوێین و پێی بڵێین “تۆ ئه‌ی ئه‌كته‌ر …..به‌رده‌وام وه‌ك كاره‌كته‌رێكی ئاڕاسته‌كراو له‌دوای ئیشی ڕۆژانه‌ت و به‌بێ مه‌به‌ست ده‌چیت بۆ پڕۆڤه، ڕه‌نگه چه‌ندین جاریش به حه‌ماسه‌وه ئه‌و دیالۆگه‌ی كاره‌كته‌ری سیمۆنی (پیته‌ر ڤایس)ت له پڕۆڤه‌دا وتبێت:(تۆ ئه‌ی مارا… به‌سه هێنده خۆت مه‌خورێنه پێستت پێوه نه‌ما، ده‌واز بێنه نووسین به‌سه‌و ده‌ستی لێهه‌ڵبگره، چونكه نوسین به‌و شێوه‌یه شتێكی بێ خێر‌و هیچ و پوچه!”
وتنی ئه‌م دیالۆگه به‌بێ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قوڵ و تێگه‌یشتن به‌دحاڵیبوون درووست ده‌كات، به‌تایبه‌تیش لای ئه‌كته‌ر، بۆیه پێویسته ئه‌كته‌ره‌كان له هه‌موان زیاتر بیر له‌و دیالۆگانه بكه‌نه‌وه كه له نمایشه‌كانیان و له به‌رده‌می بینه‌ره‌كانیاندا ده‌یڵێین.
پیته‌ر ڤایسی گه‌وره شانۆنووس و ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی ئه‌ڵمانی له دوای نووسینی (مارا ساد) ده‌ڵێت: (من دوای بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌موو شانۆنامه‌كانم هه‌رایه‌كی گه‌وره‌م دروست ده‌كرد به‌وه‌ی كێ زوترین جار شانۆنامه‌كه بخوێنێته‌وه‌و كێ زۆرترین مانا شاراوه‌كانی زمانی كاره‌كته‌ره‌كان كه‌شف بكات، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان دوای ماراساد خۆم پێش ئه‌و خوێنه‌ره به‌دوای زمان و بونیادی هه‌ردوو كاره‌كته‌ری (مارا، دی ساد) دا گه‌ڕام، هه‌ستم كرد ئه‌وه‌ی ئه‌م دووكاركته‌ره به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه زمانێكی جیاوازه له گفتووگۆكردن، كاتێك (دی ساد) باوه‌ڕی به‌بیری فه‌ردانی و تاكڕه‌هه‌ندی خودی خۆی هه‌یه‌و به ته‌نها ده‌ڵێت خۆم خۆم، به‌ڵام مارا بانگه‌شه‌ی گۆڕانی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كات و هه‌موو فه‌ردانییه‌ك به نه‌رجسی ده‌زانێت، ئاله‌م كاته‌دا بۆ دروسكردنی په‌یوه‌ندی، زمانێكی جیاوازم دۆزیه‌وه، كه زمانی گفتوگۆیه، نه‌ك ئه‌و زمانه شه‌قو شڕه‌ی كه ئه‌كته‌ر وه‌ك توتییه‌ك پێی ده‌دوێت، چ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ چ له زمانی ئاخافتنی ڕۆژانه‌یدا.(4)
بیركردنه‌وه له پیته‌ر ڤایس.!
گریمانه‌ی ئه‌وه بكه تۆ ئه‌كته‌ریت و دوا خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دێڕانه ده‌ته‌وێت به شێوه‌یه‌كی عه‌فه‌ویانه بیر له‌م چه‌ند په‌ڕه‌گرافه‌ی پیته‌ر ڤایس ده‌كه‌یته‌وه، ئایا هه‌موو ئه‌و وشه‌انه‌ی كه ئه‌و وتوویه‌تی ئه‌و جیاوازییه‌ی زمان و ئه‌فسوونی وشه‌ت لا درووست ده‌كات؟ ئه‌گه‌ر لای تۆ وه‌ك (خوێنه‌ر/بینه‌ر) ئه‌و هه‌سته‌ی درووست كرد ئه‌وه بزانه ئه‌فسونی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و زمانه چ گۆڕانێكی گه‌وره‌ی لای خوێنه‌ر و بینه‌ره‌كانی شانۆگه‌ری(مارا ساد) دروستكردووه له سنوورێكی دیاری كراودا، ئه‌مه گریمانه‌یه‌كه بۆ ئه‌كته‌ری كورد، ئه‌و ئه‌كته‌ره‌ی كه زیاتر له سی ساڵه ڕۆڵی كاره‌كته‌ره جیاوازه‌كان ده‌بینیت و هیچیان لێتێناگه‌یت.! ئه‌كته‌رێك ڕێكه‌وت و بارودۆخێكی ناهۆشیاریی پاڵی پێوه‌ناوه بۆ رۆڵ بینین، ئه‌مه مه‌حاڵه له ڤایس بگات.!
گریمانه‌یه‌كی تر بۆ بیكردنه‌وه له تێكسته‌كه‌ی پیته‌ر ڤایس، تۆ وه‌ك ئه‌كته‌رێك بیربكه‌ره‌و سه‌ردا بخه و به‌چاوێكی تر ئه‌م شانۆنامه‌یه بخوێنه‌ره‌وه. به‌دوای ئه‌و زمانه‌دا بگه‌ڕێ كه له‌م شانۆنامه‌یه‌دا هه‌یه، به‌ڵام له ناو هۆڵه خۆڵاویی و په‌ڕپوته‌كانی خۆماندا نا، له ژووره‌كه‌ی خۆتداوگوێ له زمانی (كۆردی و سیمۆن و ساد و مارا )بگه‌ره، بزانه زمانی دیالۆگه‌كانیان ڕاتده‌چڵه‌كێنێت؟ یان وه‌ك ئه‌و سی ساڵه‌ی ڕابردووی خۆت، توتی ئاسا ده‌چیته سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ‌و ڕۆڵه‌كانیان بۆ ئێمه نمایشده‌كه‌یت، گه‌ر یه‌كه‌میان بوو، ئه‌وا ئه‌بێت زمانی خۆت بگۆڕێت و به‌و شێوه‌یه له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ قسه‌نه‌كه‌یت، گه‌ر دووه‌میان بوو، ئه‌وا دڵنیابه تا مابیت له‌و زمانه ناگه‌یت و ده‌بێت هه‌ر به كه‌ڕو ڵاڵی بمێنیته‌وه!
كامه‌ران سوبحان
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان
1- ئینسكلۆپیدیای ویكپیدیا- مێژووی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م و رۆڵی له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌ده‌بیاتێكی ڕه‌شبین و تێكشكاودا، ئه‌ده‌بیاتێكدا له رێگه‌ی زمانێكی تایبه‌تمه‌نده‌وه گوزارشتی له خه‌م و ئازار و خوێن و ماڵوێرانییه‌كانی ئه‌و دوو جه‌نگه خوێناوییه كرد به زمانێكی ئاست به‌رزی جیاواز.
2 -شانۆگه‌ری خۆڵه‌مێش، نووسینی هارۆڵد پنته‌ر، ئه‌م شانۆگه‌رییه بۆیه‌كه‌مینجار له ساڵی 1966 له‌لایه‌ن ڕۆیاڵ كۆرت له له‌نده‌ن نمایشكراو هارۆڵد پنته‌ر خۆی ده‌رهێنه‌ری بوو، خۆڵه‌مێش له هه‌موو ئاسته‌كانی بینینی كاره‌كته‌ر و چیرۆك و گێڕانه‌وه‌و زماندا له تێكسته شانۆییه‌كانی تری پنته‌ر جیاوازتر بوو.
3 – صمویل بیکیت و الفن الروائی- سمیر سلمان
4- شانۆگه‌ری مارا-ساد نووسینی پیته‌ر ڤایس-وه‌رگێڕانی شێرزاد حه‌سه‌ن