Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
وەرزش و سیاسەتی رەگەزپەرستی

وەرزش و سیاسەتی رەگەزپەرستی

Closed
by August 31, 2008 گشتی

 وەرزش و سیاسەتی رەگەزپەرستی
  كرمانج عەلی

 
       دەستەٍواژەیەكی باو هەیە ئەگەر كەسێك سینگ فراوان و رۆحیەتی سەردەمی و بیری نوێخواز بێ دەڵێن ئەو كەسە سپۆرتە. یان ئەگەر كەسێك خراپ مامەڵەی لەگەڵ كرابَێ داوای لێدەكرێ كە بە رۆحی ریازی وەریبگرێ. ئەمە مانای وایە كە لە وەرزشدا گیانی قبووڵكردنی یەكتر و رۆحیەتی هاوكاری و لێبووردەیی بە ئەندازەیەكی زۆر بوونی هەیە. بەهۆی ئەوەی كە لە وڵاتانی رۆژهەڵات و بەتایبەت لە لایەن عەقڵیەتە دواكەوتووەكان وەرزش بە شێوە راستەقینەكەی خۆی  لە زەمینەی زهنی خەڵك سەری هەڵنەداوە، بۆیە دەبینین ئەویش تێكەڵ بە سیاسەتی زاڵ و بیركردنەوەی شۆڤینیانە بووەو زۆرجار دەسەڵاتدارانی رۆژهەڵات لە پەنای گۆڵی یاریزانەكان دەیانەوێ گۆڵی سیاسی خۆیان بكەن.
       دەسەڵاتدارانی عەرەب و فارس و تورك چونكە تاكو ئێستا لە روانگەی خۆ بەزلزانین لەگەڵ بەرامبەرەكانیان مامەڵەدەكەن، بۆیە لە وەرزشیشدا ناتوانن سپۆرت بیربكەنەوەو لە ئاستی پێشكەوتنی وەرزشی جیهاندا روخسارو سیمایان تۆزێ جوان بكەن.
       لە چەند رۆژی رابردوودا لە پاڵََەوانێتیەكی تۆپی پێی هەرێمەكانی ناوچەكە كە لە شاری ورمێ رێكخرابوو، تیپی ئەرزرۆمی توركیا قایل نابن بەرامبەر بە تیپی تۆپی پێی كوردستان یاری بكەن تەنها بەهۆی ئەوەی لەسەر درێسەكانیان نووسرابوو هەڵبژاردەی كوردستان. خۆشبەختانە بەهۆی ئەوەی یارییان نەكرد تیپی كوردستان بە براوەی ئەم یارییە دانرا بە سێگۆڵ بەرامبەر بە هیچ بۆ توركەكان.
       لە یەكێك لە یارییەكانی تیپی هەڵبژاردەی ئێراق لە یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی ئاسیا بۆ پاڵەوانێتی جامی جیهانی، كاتێك هاوار مەلا محەمەد نیشانەی كاپتنی ئێراقی پێدەبەخشرێ، هەندێك لە یاریزانە عەرەبەكان پەست و بێزار دەبن و رادەی توورەبوونی نور سەبری، سەرگۆڵَی ئێراق گەیشتە ئەو رادەیەی بڵێ لە تیپێك یاری ناكەم كاپتنەكەی كورد بێ. خۆش ئەوەبوو نور ئەوكاتە بە پارەیەكی زۆر بۆ یانەی دهۆك یاری دەكردو ئەوكات ئەستێرەی هەمیشەیی و بەردەوامی سەتەلایتی ڤین بوو؟
       ئەگەر سەیری دەموچاوی ئەو بەرپرسانەتان بكردبا كە لەچەند رۆژی رابردوو لە یاری كۆتایی خولی یانە نایابەكانی ئێراق لە بەغدا كاس و میداڵیان بە یانەی هەولێری پاڵەوان دەبەخشی، ئاشكرا لە قووڵیی ئەسەف و دڵگرانیان تێدەگەیشتن، چونكە هەولێری كوردستان لە جەرگەی بەغداو لە بەرامبەر زیاتر لە پەنجا هەزار جەماوەری  ئامادەبوو بۆ ساڵی دووەم  هەر بە نازناوی پاڵەوانی ئێراق مایەوە. ئەمە بە شۆڤینیستان هەرسناكرێ.
 لە مێژووی خەباتی كوردستانی بندەستی سوریا، راپەڕینە شكۆمەندەكەی خەڵكی ئازادیخوازی قامشلولە ساڵی 2004 لاپەرٍەیەكی پرشنگدارەو هەموو كوردێك و كوردستانییەك شانازی پێوەدەكا. راپەرٍینەكەش دوای ئەوەهات كە عەقڵیەتی شۆڤینی بەعسی سوری قبوڵی نەبو تیپێكی كوردی سەركەوتن بەسەر تیپێكی عەرەبی بەدەست بێنێ.
 ئیسرائیل كە هەمیشە بۆتە سەرچاوەی ئیلهامی خیتابە ئاگرینەكانی دنیای عەرەب و ئیسلام. دیارە لە ئەرزی واقیعدا دروشم و خیتابەكان بۆ دەسخەرۆكردنی حەڵكی سادەیەو مەبەست درێژكردنەوەی تەمەنی دیكتاتۆرەكانە. لە وەرزشیش بەهەمان رۆحیەتی رەگەزپەرستانە مامەڵە لەگەڵ تیپەكانی ئیسرائیل دەكرێ. وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كە لە خەرەندی ریزبەندی بەدەستهێنی نازناوەكانن و ئەنجامەكانیان مایەی ئەوەیە بەخۆدابچنەوە، كەچی لەبەرامبەر سوكایەتیكردن بە تیپی ئیسرائیل پاڵەوانن و لەسەرووی ریزبەندییەكانن. مەلەوانێكی فارس ئامادە نەبوو لە تەنیشت مەلەوانێكی ئیسرائیلی مەلە بكا لە ئۆڵۆمپیادی بەكین. بەڵام دواتر لەژێر هەڕەشەی یاسای وەرزشیانەی ئۆڵۆمپیاد پاشگەز كرایەوە. لە كاتی رێورەسمی كردنەوەی ئۆڵۆمپیادیش كاتێك تیپی ئیسرائیل هاتە ناو ستادیۆم دەمی بێژەرە عەرەبی و ئیسلامییەكان دەبوە تەڵەی تەقیو بە یەك وشە باسی ئەو تیپەیان نەدەكرد.
 ئەمە چەند نموونەیەكی كەمی عەقڵیەتی شۆڤینی و دواكەوتوانەی رۆژهەڵاتن. كە سنووری تەنانەت وەرزشیشیان بریوە. ئیدی هەڵكردن لەگەڵ ئەو عەقڵیەتانە دەبێ چەند زەحمەت بێ و ئاخۆ ئەوانەی دەیانەوێ ئەم بیروڕایانەلە كوردستان بڵاو بكەنەوە  دەزانن خەریكی هەڵبەستنی چ تەونێكی ژەهراوین؟
   
     kirmanjali@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.