Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
وەرزی پێنجەم…. داناعەسكەر

وەرزی پێنجەم…. داناعەسكەر

Closed
by February 26, 2008 ئەدەب

    لەئیحساسی گێلاسێكەوە هەتا مستیلە سەوزەكەی پەنجەی وەرزێك
  دەچمە سەرشەرعی سووتان
  لەكانوونی سەرمایەكەوە هەتا كوشتنی مەسجێك بەغەریزەی كاڵَبوونەوە
 دەچمە سەرفەتحی ژەنینی گریان
 لەریتمی ماچێكەوە هەتا خەیاڵاتی تێكەڵبوون
 لەغەمگینی پەپوولەیەكەوە هەتا عەرشی مردن
 دەچمە سەر جۆگەلەی عاتیفەو ..
 لەگەڵ رژانی یەكەمین نەغمەی ئاو ..
 پڕبەشەرحی باران
 دەچمە ژێر چەتری باڵاتەوە ئەی وەرز .
 لەخەونی چرایەكەوە هەتا نووسینی دێڕێك شەراب
 لەكەوتنی تارماییەكەوە هەتا شكانی بادی مەستبوون و..
 چنینەوەی قوڵپی شەربەیەك بەیاقوتی روانین
 دەچمە باخی سینە تەوە ئەی وەرز
 لەعارفی پرسیارێكەوە هەتا مەلەكووتی سەرنج
 لەرشتنی شەرمێكەوە هەتا كراسەشەفافەكەی حەنین
  دەچمە خەراباتی زەمەن ..
 كەتۆی بەچركەكانی دوودڵیی میقات كرد،
  ئەی حەسرەت
 لەناقوسی تووڕەبونێكەوە هەتا كەمانچەكەی ئومێد
 لەغوربەتی ئاوڕێكەوە هەتا شینبوونی سەفەرێك
 هەر رێگا دەمباتەوە سیراتی عیشق و..
 نەشئەی خۆشەویستی تۆ
  ئەی وەرز
  چ حیرەتێكە رژاوەتە رەنگی تۆ ئەی ئینسان
 ئەی تریفەی سەرچیمەنە كۆیلەكانی وشكایی
 ئەی شمشاڵە خۆشخوانەكەی لێوی (با)..
  ئەی وەرز .
  لەكەوتنی هەرمێیەكەوە هەتا عەزابی گەڵا
 لەژانی ئیمانێكەوە هەتا ئاسۆی فەرامۆشی
  لەبێدەنگی پێنووسێكەوە هەتا گەمژەیی نووسەر
 دەچمە روانینی سۆڵۆی چاوەڕوانییەوە ..
 دەچمەمیزاجی پەرداخێكی شكاو..
 نیشتمانێك ئاوس بەعەزاب
 ئاوس بەزیكری كەناڵەكانی دواكەوتویی
 لەجەبری ماڵێكی تاریكەوە هەتا ئەندێشەی روانین
 لەركوعی زانستەوە هەتا سەنگەرێكی خوێناوی
 لەخەیاڵی هەنگاوێكەوە  هەتا گەیشتن بەهیچ
  دەچمەسەر نیشتمانی شكستخواردوی نەورەسێك
 دەچمە سەر كێڵگەی سیسبوونی مەراقێك
 دەچمەسەر میراتی سەعاتێكی نوستوو
 هەتا ئێرە بێدەنگ ..
 لەحەڵاڵكردنی تفەنگەوە
  هەتا ئێرە بێشوێن لەژوانی عاشقێكەوە
 هەتا ئێرە ترس لەپیاسەیەكی رۆمانسییەوە
 چ گوناهێكە ئەی وەرز ..
 كەمن نەتوانم لەراستەڕێیەكدا دەستت بگرم
 چ حیرەتێكە ..
 كەتۆ نەتوانی لەمێرگێكدا خۆت رووت وقووت بكەیتەوە
 لێرە ماڵێك نیە بۆ رامووسانی پەنجەرەو (با)
 لێرە ژیان نیە وەرزێكی تر لەسێبەری خۆی رابخات
 لێرە قەڵەمێك نیە لەرۆحی تۆ بمنوسێتەوە ئەی وەرز
  ئەی شەفافتر لەئیحساسی ئاو
 لەهەڵدانەوەی كتێبێكەوە هەتا داخستنی مەعریفە
 لەبرینداركردنی چۆلەكەیەكەوە هەتا راوكەرێكی دڵڕەق
 لەگوڵێكی بێوەژنەوە هەتا چەمێكی پیر
 دەچمە سەر عەردێكی ئەتككراو
 دەچمە ژانی نیشتمانێك بەگولەی غەدر
 دەچمە سەر سووتانی باخچەیەكی بە ویقارو..
 ستیانی پرتەقاڵێك
 چ موغامەرەیەكی سەختە عیشق لێرە ئەی وەرز ..
 ئەی نووستوی ژێر چیمەنی سپی شیعر ..
 وەرە هەرمێیەكم پێببەخشە
 من وەرزی غافڵبوونم لەباخاتی میوە
 وەرە هەناسەیەكم پێببەخشە
 من زڕەی فینجانێكی شكاوم
 دە وەرە ئەى  وەرز.
 لەناقووسی نوێژێكەوە هەتا میحرابی شیعر
 لە(تەڵ) ە چوكلێتییەكانی قژتەوە  هەتا رەنگی گوڵەگەنم
 لەسیحری چاوانتەوە هەتا بەختەوەری من
 لەهەڵمی چایەكەوە هەتا دوكەڵی جگەرەیەكی وێڵ
 دەچمەخەیاڵی نیوەڕۆیەكی شەرمنەوە
 دەچمە شینی قەڵەمێكی هەناسەسوار بەتەعریفی تۆ ئەی وەرز
  وەرەو..هەنارێكم پێببەخشە
 من هەوری خاڵیی لەبۆنی بارانم
 دە وەرە ئەی وەرز
 لەشكستی یاساوە هەتا تلوعی شەڕ
 عیشق دێت و غەریب غەریب خۆی دەكوژێت
 لەرەهێڵەی ئازارێكەوە  هەتا حیلەی ئەسپێك
 لەهێلانەی شیعرێكەوە هەتا گمەگمی كۆتر
 لەپەیژەی مەراقێكەوە  هەتا شۆربوونەوە بۆلای لەزەت
 دەچمە بۆنی كراسەكەتەوە ئەی وەرز .
  لەتەفسیری نیگایەكەوە هەتا تێڕامان
 دێم و ..دەس لەقژت وەردەدەم
 دێم و ..لەمینای رۆحی تۆدا پشوویەك دەدەم
 دە وەرە ئەی وەرز ..
 وەرەو ..
 پێببەخشە  هەڵوژەیەكم
 تۆ وەرزی پێنجەمی تەڕ تەڕ ِلەمینای دڵی مندا هەڵدەكەی
 دە وەرە ئەی وەرز .
    25/1/2007     
 
    

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.