Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
وەرەوە من بە نیشتیمان ئەڵێم لێتخۆشبێت… فەرمان ساڵح

وەرەوە من بە نیشتیمان ئەڵێم لێتخۆشبێت… فەرمان ساڵح

Closed
by August 24, 2010 ئەدەب

 

 نینا رووتترین ژنی شار
كچە پێ خاوسەكەی گەڕەك
وەرەوە نیشتمان
با ژانی تەنیایی نەتكوژێ‌
ئێستە هەڕەتی خواردنەوەی شیعرە
لە بەرداخی رازدا
درەنگە بۆ دابارینە ناو خەیاڵ
ئێٍستە منداڵیت لە سەر جادە كەوتووەو
گەنجێتیت لە باخچەیەك ماچ دەكرێت
ئێستە لە قەرەباڵغیدا دەست بۆ كچێنیت دەبردرێت
لێرە بەدواوە پارچەكانی ژیان كۆناكرێنەوە
لەوێ‌ پایز دێت و یەكتر نابینینەوە
جەنگ دەگاتە ناو حەوشەی دیدار
لێرە بەدواوە نیشتمان لە كچەكانی نابورێت
دەستیان ناگرێت بۆ شایی
نایان باتە سەركانی و
لەبەر هەتاو قژیان شانە ناكات
چیتر دوا مەكەوە
تكایە هەر ئێستە وەرەوە
ئەوەتا لە پەنجەرەوە سەیركە
هیچ شتێك بەرگەی غەریبی ناگرێ‌
درەختەكان دەمرن و
گەڵاكان خۆیان هەڵدەواسن
وەرەوە نیشتمان
چیتر پەراگەندە مەبە
چیتر لە زەمینی ژەنگ چاوەرَێی ئیقامە مەكە
ئێستە نیشتمان لە گوڵ ئەچێ‌
چاوەڕێی تریشقەیەكە
رق لە ناخیدا بسوتێنێ‌
چاوەڕێی بارانێكە
بسمیلی كات لە شەڕ
نینا شەونمیترین گەڵا
كچە توڕەكەی ناو پۆل
هاروهاجەكەی سەرشەقام
وەرەوە من بە نیشتمان ئەڵێم لێت خۆش بێت
وەرەوە دەرسی یەكەم فیرار ئەكەین
بە هەردووكمان
گەزۆیەك لە دوكانەكەی تەنیشت مەكتەب ئەكڕین
پیاسەیەك ئەكەینە بن سێبەری مەمك و
لەماڵی ماچدا تێر ئەخەوین..

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.