Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
١١١١ کاندید … هێمن ڕەئوف

١١١١ کاندید … هێمن ڕەئوف

Closed
by September 5, 2013 چیرۆک

 

 

 

 

سڵاو ١١١١ کاندیدەکەی پەرلەمان:

من گەنجێکی شاری هەڵەبجەم و تەمەنم سی ساڵە. دوای شەهیدبوونی شارەکەم بە ماڵەوە ڕوومان کردە ئێران و لە ڕاپەڕینەکەدا گەڕاینەوە کوردستان. لەو ماڵە سەرەتاییانە بووین کە پێمان بە جەرگی خۆماندا نا و دوای ئەو هەموو دیمەنە تراژیدیەی ناو دەرون و بیرکردنەوەکانمان هەڵەبجەمان ئاوەدان کردەوە. لەبەر نەبوونی و گرانی، باوکم بوو بە چەکداری حیزب و لە شەڕی براکوژیدا لەلایەن ماممەوە کوژرا. دایکم و هەر نۆ منداڵەکەی باوکم بەتەنها ماینەوە و بە عەلاگە فرۆشتن و مریشک پاککردن خۆم و دوو برای ترم بژێوی ژیانمان بە دەردەسەرییەکی بێوێنە پەیدادەکرد. نە دایکم و نە ئێمە تا ئێستا بەخۆمان ڕەوا نەبینیوە موچەی شەهیدانەی باوکم وەربگرین، لەکاتێکدا مامم لە حیزبەکەی تر کوشتویەتی و شەهیدی هیچ ڕێگایەکی ڕاست و پاک نەبووە، جگە لە براکوژی حیزبەکان. 

هەر لەبەر ئەو هۆکارە ڕقم لە هەموو حیزب و قەوارە و لیستەکانە. بگرە ڕقی تەواوم لە زۆربەی کاندیدەکانیشە کاتێک دێنە سەر تیڤی و درۆ دەکەن. باوەڕم بە بەرنامە و ئەجیندا و پلانەکانتان نیە و ناتوانم ئەوەندە گەمژە بم بەو قسە قۆڕانە دڵم نەرم ببێت. ئاخر درۆی زۆر گەورە دەکەن. من بە تەواوی بێزارم لە بینینتان و بیستنتان و خوێندنەوەتان. وەلێ ناچارم لەگەڵ ئەم گەڕەلاوژەیەدا لەخۆم بپرسم ” تۆ بڵێی من لەم عالەمە زیاتر بم وا کەوتوم بە کینا لەگەڵ ئەم هەموو ژن و پیاوەی هەروەلەی پێش بوون بە ئەندام پەرلەمانی دەکەن؟” هەر لەبەر ئەوەی باوەڕم نیە من بە تانها ڕاست بم و ئەو خەڵکە هەمووی چەوت، ناچارم وەک تاکێکی دەیانجار بریندار و باوک کوژراوی شەڕی براکوژی و گەنجێکی هەڵەبجەی شەهید لە زروفی خۆم ئاگادارتان کەم و بزانم کێ هەیە بەرنامەکەی یارمەتی من بدات لە داهاتوودا تا دەنگی خۆمی پێ بدەم. 

دوای ئەوەی گەورەتر بووم، وازم لە عەلاگە فرۆشتن هێنا و ڕوومکردە شاگردی ئاسنگەرێک لەناو شار. دوای ساڵێک بەباشی دەمتوانی وەک ئاسنگەرێک شت لە ئاسن دروست بکەم.. ئەوەی هەرگیز بیر ناچێتەوە ئەو پەنجەرەیە بوو کە یەکەمجار دروستم کرد. ئەو شەوە تا بەیانی لە خۆشیا نەخەوتم. ڕێک وامدەزانی دوای ١٧ ساڵ خوێندن بڕوانامەیەکی گەورەم بەدەست هێناوە و بەری ڕەنجی چەند ساڵەمم لە نێوان دەستەکانمدا دەدی. بیرمە بەرەبەیان کاتێک خەوم لێکەوت خەونم بینی. لە خەونم دا لەناو ئاپۆرەی ئاهەنگێکی گەورەدا بە جلی تەخەروجەوە جیا لە هەموو هاوڕێکانم، من پەنجەرەیەکی بچوکم بەدەستەوەبوو ڕاست ئەو پەنجەرەیەبوو کە دروستم کرد ڕۆژی پێشتر.. هەر لە خەونەکەمدا باوکم هات و دەستی کردە ملم و پێی ووتم ” کوڕم شانازیت پێوە دەکەم ” . 

پاش ئەوەی سەدامی گۆڕ بەگۆڕ ڕووخا و هەموو بە هیوایەکی گەورەوە لە ئایندەیەکی نزیکمان دەڕوانی.. زۆری نەبرد من توشی قەیرانێکی نوێ هاتم. زووزوو نەفرەتم لە خۆم دەکرد و لەگەڵ کفرکردندا ڕووم دەکردە ئاسمان و دەمگووت ” خودایە.. تاوانم چیە وا ناهێڵیت پێبگەم پێ!!!!”. ئەو قەیرانەی بۆ کلۆرکردنی ژیانی من درووست بوو دوای سەدام، بەسەرچوونی دەرگا و پەنجەرەی ئاسن بوو. ووردە ووردە ئیش کەم دەبۆوە، بە دیاریکراوی دوای ئەوەی پلانم دانا ژێرزەمینەکەی خۆمان بکەمە ئاسنگەری و ناوی بنێم ” ئاسنگەری خاکوخۆڵ”. وایلێهات خاوەن ئیشەکەم ئیزنی دام و ووتی ئیتر مەیەرەوە. 

چوومەوە بۆ ماڵەوە و بە دڵێکی پڕ لە داخەوە باسەکەم گێڕایەوە. ئەوەی پەستتری کردم ئەو هیوا سەوزەی دایکم بوو بۆ ژیان، کە چۆن بێ پەروا هەمیشە دەیگووت” خوا گەورەیە کوڕم، کەس لە برسا نەمردووە، سبەینێ ئیشێکی تر دەدۆزیتەوە و ژن دەهێنیت و منداڵیشت دەبن، بۆ ئەوەندە بێ سەبری ؟” 

قسەی دایکم بوو، ئیشم دۆزیەوە و ئیشێکی خۆش، هەمان دەرگا و پەنجەرە دروستکردن، لێ ئەمجارە بە پلاستیک و تەختە. بەهۆی دەستڕەنگینیم لە ئیشە کۆنەکەمدا، زوو فێرە ئیش بووم. تا وایلێهات بە کەمتر لە ساڵێک بووم بە وەستا و پارەیەکی تا ڕادەیەک باشم بەدەست دەکەوت. ئەو کاتە سەرەتابوو، کەم کەس هەبوو لەو ئیشە بزانێت. زۆرێک لە دوڵەمەندەکانی نزیکم تەماحیان تێکردبووم، تا بمکڕن و بمکەن بە وەستا لە کارگەکانی خۆیانا.. منیش وەک هەمیشە کە ڕقێکی زۆرم لەو دەوڵەمەندە چاوچنۆکانەی دوروبەرم بوو، ئازایانە نەچوومە ژێر باری هیچ کام لەوان. دوای ساڵێک چووم لە تورکیا هەندێ مەکینەم کڕی و لە ژێرزەمینەکەی خۆماندا ” پلاستیک خانەی خاکوخۆڵ” م کردەوە. 

لێتان ناشارمەوە بەقەد تەخەڕوجەکەی یەکەم جارم پێ خۆش بوو. پاش ماوەیەک بووم بە وەستا و خەڵکی گەڕەک و زۆرینەیەکی شار بە وەستا بانگیان دەکردم. ئیشم باشبوو. ئەوەندە باشبوو بیر لە معاشی حکومەت و تەعینات و چەک هەڵگرتن نەکەمەوە. دەمتوانی لەگەڵ براکانم ژیانێکی ڕێکوپێک و تێروپڕ دەستەبەر بکەین. خوشکەکانم لە مەکتەب بوون و دەیان خوێند.. من و برایەکی لەخۆم بچوکتر نەبێت هەموویان دەیانخوێند. لەگەڵ دەرچونی هەر یەکەیان ئاسودە دەبووم و بە هی خۆمم دەزانی. 

بەهەر حاڵ.. ساڵ هات و ڕۆی وا ئێستا ١٠ ساڵ دەبێت سەدام ڕوخاوە و زۆرینەی خوشک و براکانم تەخەروجیان کردووە، وابزانم دوانیان ماون. هەرچەند من لە هەموویان گەورەترم بەڵام چواریان ژیانی هاوسەرییان پێک هێناوە و لەگەڵ خێزانی خۆیاندا بە جیا دەژین. هەرچەند ئەرکی من کەم بۆتەوە و ئێستا لەسەرمە خێزانێکی بچوکتر بژێنم، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا ئیشوکاری منیش ڕووی لە کزی کردووە. بەهۆی ئەو دەوڵەمەندە چاوچنۆکانەی کە لە مەڕوماڵات و زەوی و زاری ئێمەوە دەستیان بە ڕنینەوەی جەستەمان کردو هەموو شتەکانیان لە ئێمە و ماڵە هەژارەکانی تر دەکڕی، ئێستاش بە هەمان ڕیتم چاویان لە میهنە و کارەکەی ئێمە بڕیوە و دەیان کارگەی گەورە و گرانیان لە چواردەورمان قوت کردۆتەوە، ئەوان بە پارەکانیان زۆرینەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیان قۆرخ کردووە بۆ ڕیکلام و دیعایەی کارگەکانیان. دەیان وەستا و خەڵکی خاوەن پیشەیان لە خۆیان کۆکردۆتەوە و دەستیان گرتووە بەسەر هەموو ئیش و کارەکاندا کە لە ڕاستیدا ڕزقی ئێمەی لەسەر بوو. ئێستا وای لێهاتووە تاک و تەرا پەنجەرە و دەرگا دروستدەکەم، نایشارمەوە لە ڕەمەزانی ڕابردووەوە تا ئێستا ئیشم نەکردووە، ئاخر نیە بۆیە نەمکردووە. وا چاوەڕێی عەقار و مەقارین بکرێتەوە تا خەڵک دەست بکەنەوە بە خانوەکانیان و ئێمەش بە پەنجەرە و دەرگاکانیان. وەلێ هەرچەند سەر دەبەم و دەهێنم تازە ئێمە کەوتین و کارگە گەورەکان زاریان لە ئێمە فروانترە بۆ لوشدانی هەموو پارەی عەقارات. بڕوا ناکەم تازە بێینەوە سەر خۆمان و وەک چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئیشێکی باش سەرقاڵمان بکات. 

 

بەڵێ .. بە کورتی ئەمە ژیانی منە ئێستا. هەر بەهۆی ئیشەوە من و برای لە خۆم بچوکتر خوێندنمان بۆ تەواو نەکرا. براکەم چەند ساڵێک پێش ئێستا لەکاتی ئیشدا هیچی نەمابوو چاوێکی کوێر ببێت. کاتێك پارچەیەک پلاسیک لە یەکێک لە ماشینەکان پەڕی و خەڵتانی خوێنی کرد. ساڵێک زیاتر لە ئیش دابڕا، چەند جارێک سەردانی ئێرانی کرد و خەرجیەکی گەورەی لە چاویا خەرجکرد، بەداخەوە تا ئێستاش چاوی نەچۆتەوە شوێنی خۆی لە بینینیا یەکسەر هەست بە خواریەک لە چاوەکانیا دەکەیت.. ئەمەش ناشارمەوە هەر کاتێک دەیبینم لە دڵەوە دەکوڵێم و دەمرم و زیندوو دەبمەوە. ئاخر زۆر خەمی خوارد زیاتر لە هەشت مانگ لە ماڵەوە ڕووی نەدەهات بچێتە دەرەوە. کێشی بە ڕژەیەکی بەرچاو زیادی کرد و توانا و حەوسەڵەی بۆ ژیان وەک جاران تێدا نەما. ئێستا بێدەنگییەکی مۆچ بەشێکی زۆری ژیانی داگیر کردووە و بۆ هەتا هەتایە لە دەروونی ئەو و مندا کاریگەریی خۆی بەجێ هێشتووە ئەو پارچە پلاستیکەی کە دەبوو پەنجەرەیەکی پێدروست بکەین. 

من نامەوێت لەم نامەیەدا داوای پارەتان لێ بکەم.. نامەوێت دەستم بگرن و کۆمەکم بکەن و تاعینم کەن. نامەوێت کارگەیەکی گەورە بۆ من و براکەم بکەنەوە و بمانخەنە ڕیزی ئەو دەوڵەمەندە چاوچنۆکانەوە. بەڵام دەمەوێت بپرسم کام لە ئێوە هەزارانی وەک منی ” هەژار، نا حیزبی، باوککوژراو، نەخوێندەوار، گەنج، بێ ئایندە، بێ ئیش، خاوەن کەرامەتێک کە هەرگیز ڕازی نابم بۆ پارە سەر دانەوێنم” بە خەمی خۆتان دەزانن؟ کەی دەبینە بەندێک لە بەلێن و بەرنامە و پلانی ئایندەتان؟ 

ڕۆژانە دەبینم هەمووتان باس لە ” خوێندکاران و قوتابیان، خانەنشینان، فەرمانبەران، منداڵان، ژنان، بودجە. نەوت، داهاتی گشتی، دادپەروەری، یاسا، بەخشینەوەی زەوی و دەمانچە و پارە، بە دادگا گەیاندنی جاش و موستەشارەکان و تاوانبارانی شەڕی ناوخۆ و ١٧ی شوبات دەکەن” لێ کەستان بیری من و ئەوانی تری وەک منتان نەبوو. ئێستاش درەنگ نیە، کێ دەتوانێت ژیانێکی سەقامگیر و پارێزراو  لە دەمی گەورەی دەوڵەمەند و بازرگانەکان بۆمن دەستەبەر بکات، کێ دەتوانێت ئەگەر ئیشێکی ترم دۆزیەوە و هیوام لەسەر هەڵچنیەوە لێم تێک نەدات و بە پارەکەی هەموو سەرچاوەی داهاتەکەی من بۆخۆی نەنۆشێت؟ 

تەواو

_________________

تێبینی : چیرۆکەکانی ناو ئەم چیرۆکە کەمێکیان ڕاستین و زۆرینەکەشی خەیاڵکرد. ئێوە هەمووی وەک ژیان و نامەی گەنجێکی سی ساڵ بۆ کاندیدەکان وەریگرن، کەچۆن فەرامۆش کراوە و بە ١١١١ کاندید و دەیان هەزار پلان و بەرنامە هیچی بۆ ژیان و داهاتووی ئەو تێدا نیە.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.