Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
١٧ی شوبات  لە (چی روویدا)وە بۆ (بۆچی) روویدا

١٧ی شوبات لە (چی روویدا)وە بۆ (بۆچی) روویدا

Closed
by February 17, 2012 گشتی

ئەوەی کە رووداوەکانی ١٧ی شوباتی کردە وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردیدا، هەر بەتەنها گۆڕانکاری نەبوو لە شێوازی خەباتی جەماوەری ومەدەنیدا، بەڵکو تێکشکاندنی ئەفسانەی دەسەڵاتی خۆماڵی و هاوزمان بوو، ئەو وەهمەی کە بەردەوام دەسەڵاتی سیاسی و پارتە فەمانڕەواکانی کوردستان هەوڵیانداوە بیپارێزن وبیچەسپێنن.
 خەڵکی کوردستان ،لەو رووداوانەدا، بەئەزموون بۆیان دەرکەوت کە دەسەڵات هەر دەسەڵاتە، کوردبێت یا هەر نەتەوەیەکی تر، سڵ ناکات لە بەکارهێنانی هێزو گرتنەبەری چارەسەری ئەسەدییانەو قەزافییانە لە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران و کوشتنیان، دەستگیرکردن، ئیختیتاف، ئەشکەنجە، چەواشەکاری تا شەوکوت و سوتاندنی تابلۆو شکاندنی ئامێری موزیک. خەڵک بینیان کە (شۆڕشگێڕانی) دوێنێ ئامادەن(منەتی سەروەرییەکانیان)بکەنە قوربانی سەرمایەو کورسی دەسەڵاتەکەیان. لەراستیدا رەواندنەوەی ئەفسانەی دەسەڵاتی خۆماڵی لەناو ئەندێشەی خەڵکدا ئەزموونێکی عەمەلی بوو کە دەیان کتێب و سەدان وتار نەیاندەتوانی بە ئاسانی ئەنجامی بدەن.
بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە رووداوەکان بۆچی بەو شێوەیە کۆتاییان هات؟ کێ بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی( نەک یاسایی چونکە ئەمەیان روونە) خوێنی قوربانییەکانی لە ئەستۆیە؟ پاشان ئەگەر دۆخێکی وەک ئەوەی١٧ی شوبات سەرهەڵبداتەوە ئایا شایستەی پشتیوانی و لایەنگرییە یا نا؟…
سەرەتا بەبڕوای من گورزی جەرگبڕی رووداوەکان لە نێو خودی بزووتنەوەکەوە هات، لە نەبوونی ئامانج و روانینێک بۆ ئاییندە،هەر ئەمەش بووە ئەسپی تەروادەو بزووتنەوەکەی کردە قوربانیی ناڕوونیی ئامانجەکانی. ساڵی پار لە جەرگەی رووداوەکاندا لە وتارێکدا نوسیم خەڵکی دەزانن چییان ناوێت بەڵام نازانن کە چییان دەوێت. ئەمەش بەبڕوای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە خاوەن شوناسێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو نەبوو و زیاتر رەهەندی پۆپۆلیستییانەی بەسەردا زاڵ بوو، پاشان نەبوونی سەرکردایەتییەکی بەرچاو روون کە بزوتنەوەکە ئاراستە بکات. سەرکردایەتییەک کەسنوورەکانی ناوچەگەرێتی تێپەڕێنێت و وەک کەسێتییەکی مەعنەوی لەسەر ئاستی کوردستان دەربکەوێت.
ئەوەی کە دەکرا سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوە جەماوەرییەکان بوو لەلایەن ئەنجومەنە کاتییەکانەوە لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری، نەک سەرکردایەتی کردن. هەرچەندە ئەم ئەنجومەنە پلاتفۆرمێکی وەک رێگە چارە خستە روو، بەڵام ئەم پلاتفۆرمە پێگەی ئەنجومەنی نەبردە ئاستی سەرکردایەتی کردنەوە( لێرەدا مەبەستمان لەسەرکردایەتی کۆبوونەوەی چەند کەسێک نییە بەڵکو دەکرێت پارتی سیاسیش رۆڵی سەرکردە ببینێت).
 بەم پێیە نەبوونی ئامانج و نەبوونی سەرکردایەتی رێگر بوون لەوەی بزووتنەوەکە لە دۆخی خۆڕسکییەوە بچێتە دۆخی رێکخراوبوون و سەرجەم بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە. رێگربوون لەوەی بزووتنەوەکە لە جۆلانەکردن لەنێوان ئاراستەی بەردەفڕکێ و کۆوبوونەوە لەمەیدانەکانی ئازادیدا(بەئاشتی، بەئاشتی) دەرباز ببێت و شێوازی تری خەباتی مەدەنی(وەک مانگرتن) دابهێنێت. بۆ نمونە مانگرتن لەنێو فەرمانگەو دامەزراوە زیندووەکانی حکومەتدا رووینەدا، لەکاتێکدا لە میسرو تونس مانگرتنەکان کۆڵەکەی سەرەکی و بگرە فاکتەری یەکلارەوە بوون لە رووخاندنی رژێمەکانی میسرو تونسدا. راستە لەکوردستان کارگەی گەورە بوونی نییە بەڵام ناوەندەکانی وەک تەندروستی، کارەبا، پەروەردەو زانکۆکان زۆرترین توانا مرۆییەکانی ئەم کۆمەڵگەیەی کۆکردۆتەوەو بایەخی تایبەتیان هەیە. کرێکارو کارمەند هێندەی لەسەر کارو لەناو هاوکارەکانیدا هەست بەهێزی کۆمەڵایەتی و کاریگەری هەنگاوەکانی خۆی دەکات هێندە لەسەر شەقام و لەئاپۆرەی جەماوەریدا هەست بە هێز ناکات، بەتایبەت ئەگەر ئەو  ئاپۆرایە بەشێوەیەکی خۆڕسک دروست بووبێت.
لێرەوە دەکرێت قسە لەسەر هەڵگرتنی(تحمل)بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی قوربانییەکان بکەین، کە وەک پێشتر ئاماژەم پێیدا بەرپرسیارێتی یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی چەکدارەکان و بەرپرسانی تەقەکەرەکانی پارتی ویەکێتی کە تائێستا نەدراونەتە دادگا. بەڵام بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی دەکەوێتە سەرشانی بزووتنەوەکە کەخاوەنی قوربانییەکانە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و سیاسی واتە بەرگری کردن لەماف و خواستەکەنی قوربانییەکان. بەوەشدا کە بزووتنەوەکە بزووتنەوەیەکی خۆڕسک بوو کەسێک یا لایەنێکی دیاریکراو خۆی ناکاتە خاوەنی مەعنەوی قوربانییەکان، لەهەمان کاتدا هەمووان خۆیان بە خاوەنی قوربانییەکان دەزانن. هەر ئەمەشە هۆکاری نەچوونە پێشی فایلی دادوەریی تاوانبارەکان و بەدیوەکەی تریشدا مانەوەی دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی وەک دۆخی بەر لە رووداوەکانی ١٧ی شوبات.
 


حسن حسێن

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.