Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پرسى مانەوە … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

پرسى مانەوە … عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا

Closed

 

 

 

ئەو هێزە شیعرییەى، کە بانگەوازى (روانگە) لە 25/4/1970  بەرزى کردەوە  و لە دواى روانگە مایەوە، هەستى شیعریى و تواناى دەربڕین و وێنەى شیعریى (شێرکۆ بێکەس) بوو، نەک سیماى بزوتنەوەیەکى رەخنەیى و شێوازێک، کە بشێ بە روانگە ناوى بەرین، ئەوەش زۆر بە جوانى لە قەسیدەى (کۆچ)ەوە دەست پێدەکات. 

لە دواى (دەربەندى پەپولە) ئەوەى بەشێکى زۆرى ئەو گوتار و هێزە شیعرییەى راگرتووە، هەر تەنها بەکارهێنانى وشە و دەستەواژەى نوێ نییە، بەڵکو بەرفرەوانکردنى فەزاى شیعرییە، بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى ئازادانەتر (گوتارى مانەوە)ى  لەخۆ بگرێت. بەڵام ئەوەى بەرە بەرە ئەو گوتار و پرسە شیعرییە لە جۆرێک لە شێوازگیریى نزیک دەکاتەوە کۆنتێکستى شێرکۆییە، دواجار ئەو سیاقە لە (خاچ و مار) بە ترۆپک دەگات. لەدواى خاچ و مار ئەوەى بەشى زۆرى شێرکۆ دەنووسێتەوە (ئیلقاى شێرکۆییە)؟!

بە گشتى دەشێ بڵێم کۆى ئەو قسانەى لەسەر بزوتنەوەى روانگە کراوە، بە هەموو رووەکانییەوە، قسەکردن بووە، لەسەر شێرکۆ بێکەس وەک (دەرکەوتە) و (هەژموون)!! ئەگەر بتوانین دەرکەوتنى شێرکۆیى لە (پرسى مانەوە)  و (ئیلقاى شێرکۆیى) درێژ بکەینەوە، ئەوە دەشێ بەشێکى زۆرى هەژموونى شێرکۆیى لە پەردەپۆشکردنى جیاوازییەکانەوە هەڵبگرینەوە؟!

 دەمەوێ بڵێم بەشى یەکەمى قسەکانم بە ئامادەیى هێزى شیعریى و (پرسى کۆ)وە بەندە، ئەو پرسەش زۆر بە جوانى لەنێوان (جێکەوتەى بەرهەم) و (وەرگر)دا خۆى دەدۆزێتەوە. بەڵام بەشى دووەمى، پەیوەندى بە پرسیارێکەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە: بۆچى لە دواى روانگە بۆ نموونە لە هەولێر کۆمەڵە شاعیرێکى جیاوازى وەک (عەباس عەبدوڵڵا یوسف، دلشاد عەبدوڵڵا، هاشم سەراج، جەلال بەرزنجى، ئەنوەر مەسیفى، محەمەد باوەکر) سەر هەڵدەدەن، کەچى لە سلێمانى بەشێکى زۆرى جیاوازییە شیعرییەکان لە فەزاى شێرکۆیى و دواتر لە ئیلقاى شێرکۆییدا دەخنکێن؟!  

(لە دەستنیشانکردنى ئەو ئیشکالەوە دەشێ بڵێم لە دواى شێرکۆ بێکەس، مەحاڵە ئەدەبى کوردى شاعیرێکى گەورە بەو قەبارە بەخۆیەوە ببینێ) 

بەڵام ئەگەر ئەو بەدواداچوونە، تەرجەمەى سەر روانگەى چیرۆک بکەین، بە شێوەیەکى گشتى پێچەوانەکەى دەبینرێت؟! دەپرسم ئایا دەتوانین نکۆڵى لە هێز و دەسەڵاتى ئەدەبیانەى روانگەى چیرۆک و بە تایبەتى (حوسێن عارف) بکەین؟! ئەگەر ویژدانى ئەدەبى رێگامان پێنەدات، ئاڵاى ئەو نکۆڵى کردنە بەرز بکەینەوە، کەواتە ئەو دەستنیشانکردنەى من پەیوەندى بەو شێوازگیرییە شێرکۆییە دایە، کە رووبەرەکانى (ئاسۆى چاوەڕوانى خوێنەرى کورد) داگیر دەکات، خوێنەریش بەو پەیام و پرس و ریتمە زاڵە راهاتووە و هەرگیز دووچارى گرفتى بەدحاڵیبوون نایەتەوە، لە پشت ئەو گرفت نەبوونە، جیهانبینیەکى یەک رەنگ وەستاوە، بەو مانایەش گوتارى (پرسى مانەوە) لە شیعریى شێرکۆدا بە (دەوڵەمەندبوونى ئەزموون) بە خوێنەران دەفرۆشرێتەوە. بەڵام ئایا کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە بەشێکى زۆرى ئەو دەوڵەمەندییە، پەیوەندى بە تاک ئاسۆیى و یەک پرسیارییەوە هەیە؟!

بە دیوەکەى دیکە لە چیرۆکدا حوسێن عارف ئاسۆیەکى کراوە و رەنگاو رەنگى هەڵناوە و واى کردووە خوێنەر هەڵگرى پرسیارى جیاواز بێت. بۆیە نەوەى چیرۆکى دواى روانگە بۆ نموونە لە سلێمانى (عەتا محەمەد، رێبوار حەمە رەحیم،  ئاکۆ کەریم مەعروف، فاروق هۆمەر) لە دەمەتەقێیەکى کراوەى پرسیار و وەڵامدا دەردەکەون. بێگومان دەرکەوتنى نەوەى جیاوازى چیرۆک لە دواى روانگە و دواى (شێرزاد حەسەن)  … بە هەڵدانى پرسیارى جیاواز و دنیابینى جیاواز و کەشفکردنەوە بەندە.

1- هەڵبەتە لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ هاوڕێکانى دیکەى روانگە و بە تایبەتى چیرۆکنووسان.

  2- گوتارى مانەوە، بەشێکە لە ویست بۆ ژیان. لێرەدا تەعبیر لە گوتارێکى دەستەجەمعى و نەتەوەیى و گشتى دەکات، دواتر لە ئەزموونى شێرکۆدا تەرجەمەى (پرسى مانەوە) دەبێت.

  3- لەگەڵ خۆشەویستى زۆرم بۆ هەندێ لە شاعیران و بە تایبەتى (محەمەد عومەر عوسمان) لەلایەک و لە لایەکى دیکە ئەو پرسیار و ئیشکالە ئەدەبییە و بە هیچ شێوەیەک پەیوەندى بە ناوچەگەراییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە قەیرانێکەوە دەکات، قەیرانێک کە نەیتوانیوە بەر لەوەى خۆى بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، ئەو دەرکەوتە و هەژموونە شێرکۆییە بخاتە ژێر پرسیارەوە.

  4- لەگەڵ رێزم بۆ هەندێ لە چیرۆکنووسان و بە تایبەتى (حەمە فەریق حەسەن)

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.