Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پرسیار..گومان..خەیاڵ..خۆپیشاندان..بەرەنگاری.. خوێن ،بۆ ئازادی..!

پرسیار..گومان..خەیاڵ..خۆپیشاندان..بەرەنگاری.. خوێن ،بۆ ئازادی..!

Closed
by February 24, 2011 گشتی

کامەران عەزیز

هەڵوێستی دووەم:

 کێ پێشمەرگەیە..؟!

هەر کاتێک خەڵکی ئازادیخوازی کوردوستان ، باسیان لە پێشمەرگە کردبێت ، ئەوا زۆر بە سادەیی و سانایی باسیان لە مرۆڤی کردوە  کە تەنها دوو بەرە دەبینێت..وە بەرەی  سەرەکی لە بیر و هۆشیدا هەیە، بەرەی داگیرکار و داگیرکراو..بەرەی چەوساوە و چەوسێنەر، بەرەی زۆردار و زۆر لێکراو ، بەرەی عەدالەت و ناعەدالەت ، بەرەی ئازادی خوازو بەرەی سەرکوتگەر، بەرەی تێر و بەرەی برسی..! بەرەی هەژار و بەرەی پارەدار..!
پێشمەرگە لە دیدی هاوڵاتیاندا ئەو مرۆڤەیە کە لەم ژیانەدا یەکەمین و گەورەترین هیواو ئومێدی تەنها ئازادی و رزگاری و خۆشگوزەرانی میللەتەکەیەتی و، بێجگە لە تموحی مەعنەوی کە دەیەوێت و بەتواناتر بیت..چاوی تیژتر بێت..خوێنی زیاتر بێت..خۆڕاگری و بەرگری زیاتر بێت..تا بتوانیت بەردەوامبێت لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ پاراستن و بەرگری لە کۆمەڵگاکەی..هیچ تموحێکی مادی و ئابووری لە ژیانیدا نی‌یە!!
وە خەڵكی کوردستان پێشمەرگە و ڕۆڵەکانیان لە یەکدی جیا ناکەنەوە، وە پێشمەرگە هەرچەند لە ڕووی بایەلۆژی و خوێنەوە  ڕۆڵەی  هەموو میللەت نی‌یە بەڵام هەموو میللەت بە ڕۆلەی خۆیانیان دەزانن.! بۆیە پێشمەرگە زۆر بە ئاسانی بە بێ پرس..بەبێ ترس..دەتوانێت لە نێو میللەتەکەیدا بێت و بچێت..!! هەموو سات دەرگای ماڵی ماڵاکانی میللەتەکەی بۆ ئاواڵایە..! پێشمەرگە شەو و ڕۆژ..بە سەرما و گەرما..خۆی وون ناکا..هیچ کارێکی نهێنی و شاراوەی نی‌یە لە میللەت، چونکە پێشمەرگە بەشێکە.. ئەندامێکە لە جەستەی میللەتەکەی..، پێشمەرگە دەینەمۆی هێزی بەرگری و ڕاپەڕین و ڕووبەڕووبونەکانە لە گەڵ دەستەڵاتدا..هێز و دەینەمۆی بیرە جیاوەزەکانی یەک میللەتە..هێزی دێنەمۆی پێشکەوتن و گۆڕانکاریەکانی وڵاتە گەر پێشمەرگە دابەش بوو ناو و نیشانی سروشتی خۆی لە دەست دەدات و دەبێتە میلیشیای حیزبی ..دەبێتە چەتە و چەکداری مافیایی..!!
وە میللەت ناتوانیت واز لە پێشمەرگە بهێنیت و پێشمەرگەش ناتوانیت هەرگیز واز لە میللەتەکەی بهێنیت، بە جیابونەوەی میللەت و پێشمەرگە هەردوو تووشی بێهێزی دەبن و بەرەو مەرگ دەچن..!! کەواتە پێشمەرگەو گەل تەواوکراو و هاوخەم  و هاو هیوای یەکن..!
پێشمەرگە هەرگیز ناتونێت لە نێو گەڕەک و دێ و شار و وڵاتەکەیدا، لەبەر جیاوازی سیاسی و بیروڕا، هاوڵاتەکیەک ئازار بدا ڕاپێچی زیندانی بکا یان خەڵتانی خوێنی بکا ..چونکە خۆی بۆ ئازادی خەبات دەکات..! وە پێشمەرگە هەرگیز نەک ناتوانێت بەرەنگاری هەستان و ڕاپەڕین و شۆڕشی گەل و میللەتەکەی ببێتەوە، بەڵکو دەبێتە هێزی پشتیوان و بزوێنەر و قوربانی و خۆی لە پێناویدا بەخت دەکات.. وە پێشمەرگە نە دەتوانێت پرچی کیژیكی عاشق بە دەستیەوە بئاڵینێ و بەرەو شوێنی ونبونی ببات..وە نە دەتوانێت گوللە بە سەر سنگی گەنجێکی ئازادیخوازەوە بنێت و شەهیدی بکات، جوونکە  پێشمەرگە خۆی عاشقی ئازادی‌یە..،وە هاوپشتی هەموو ئازادیەکانە..ئازادی پرسیار و گومان..ئازادی بیروڕا..ئازادی رەخنە..ئازادی بڕیار و خۆپیشاندان و هاوارکردن دژ بە نا عەدالەتی و ستەم..ئازادی ڕەتکردنەوەی هەر دەستتەڵات و سەرۆکێكی نەویسترا و نەخوازراو ..ئازادی چٶنیەتی ژیان کردن…هتد..!!
وە پێشمەرگە دژی بڵاوکردنەوەی هیچ ڕۆژنامەیەکی هەواڵی‌ و فکری و سیاسی نی‌یە، وە پێشمەرگە هەرگیز ڕۆژنامەنوس و نوسەر  تیرۆرناکات .. زیندانی ناکات .. ئازاری نادات چونکە پێشمەرگە خۆی هەڵگری هەواڵ و موژدەیە..هەڵگری بەیان و پەیامە و دەیەوێت بە ئازادی پەیامی میللەتەکی بە دەست بگات..وە پەیامەکانی خودی خۆشی بە میللەت بگەیەنێت ..!
وە نەبونی ئەم ئەنانیەتە لە سروشتی کەسایەتی پێشمەرگەدا، ئەوە لە دەروونی هاوڵاتیاندا دروست دەکات کە گەورەترین متمانە بە پێشمەرگە ببەخشن و کەمترین گومانی ناپاکی لێ نەکرێت..وە بونی ئەم دیسپلین و مەبدەئە لە کەسایەتی پێشمەرگەدا، وا دەکات کە هیچ حیزب وڕێکخراو و تاقمێکی دژ بە گەل نەتوانێت هێزی یەکگرتو و سەربەخۆی پێشمەرگە، دەستەمۆ و تەخوین و تەخریب بکات و بیکاتە یاساوڵ و پاشکۆی دەستەڵاتی خۆیی و بە دژی بەرژەوەندی میللەت بەکاری بهێنێت.. وە مێژوو ئەو ڕاستیەی بۆ سەلماندوین، کە هێزی هەموو حیزب و دەستەڵاتێک، دژی هەستان و ڕاپەڕینەکانی سەربەخۆی میللەتە..!!
بە پێ‌ێ ئەم پێوەرانەی سەرەوە، ئایا پێشمەرگە وەک هێزێکی ئامادە و سەربەخۆ..وەک هێزی هاوپشتی و بەرەی ستەملێکراو و چەوساوە، لە ئێستای کوردستاندا بونی هەیە..؟! ئایا ئەگەر هێزێک بە ناوی هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستن و بەرگری لە کوردستان و هاوڵاتیان بونی هەیە..؟ ئەی بۆچی خەڵکی کوردستان لە شەڕی ناوخۆی نێوان هێزە چەکدارەکانی بە ناوی(پێشمەرگەوە)، دەترسن ..؟! ئەی ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین چی کە ڕێگا لە داوا وخواستەکانی خەڵک دەگرن..؟! ئەو هێزە چەکدارانە دەبێت ناو بنێین (چ هێزێکی چەکدار ) کە گوللە دەنێت بە سنگی کوڕان و کچانی خۆپیشاندارانەوە..؟! وە لە هەل و مەرجی ئێستای کوردوستاندا ئەرکی بەرگری و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان، لە دەستی داگیکاران و دەستەڵاتە هەمەجی‌یەکان، چ هێزێک هەیە جێی متمانە پێکراوی خەڵکە، تا پشتیوانی لێ بکات..؟! ، ئەو هێزە ناوی چی‌‌یە و کام هێزە..؟ ئەگەر وەڵامی باو، یان وەڵامی حیزبەکانی دەستەڵات ئەوە بێت کە (هێزی چەکداری حیزبەکانە) یان هیزی ( زێرەڤانی‌یە)، خوێنڕشتن و بریندار و شەهید بونی لاوەکانی ئەم میللەتە لە ڕۆژەکانی (١٩،١٨،١٧-شوباتی ٢٠١١) کە بە دەستی هێزەکانی پدک روویدا، ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرکەوت کە ئەمانە نەک پێشمەرگە و هێزی بەرگری و پارێزەری خەڵکی کوردستان نیین بەڵکو کۆمەڵی چەکداری کوێری بێ کۆنتڕٶل و دوور لە هەر بیرکردنەوەکی ئیناسنین، واتا هیزێکی چەکداری میلشیایی و بەربەری دژ بە بەرەی ئازادیخواز و بەشمەینەتی کوردستانن..!
وە هەر لە شەڕی ناوخۆی شارەکانەوە هێزی پێشمەرگە مانایەکی نەماوە..! جەستە و هێزی پێشمەرگە لە سروشتی خۆی سڕاوەتەوە و مەهامی ئەسڵی هێزی پێشمەرگە لە نێوان حیزبەکاندا وون بوە و تواوەتەوە و پارچە پارچە بووە..! دەستەکانی چەند حیزبێک گرتویەتی و بۆ پاراستنی دەستەڵاتی گەندەڵ و نا عەدالەتی خۆیان بەکاری دەهێنن..! وە قاچی چەپی حیزبێکی دی گرتویەتی و قاچی ڕاستی حیزبێکی پێچەوانەی دی گرتویەتی، کە بە دژی ئاراسەتە و ئامەنجەکانی ئەسڵی خەڵک بەبێ ویستی خۆی هەنگاوی پێ دەنێن..وە مێشکی کە بەرهەمهێنی تێڕامان و هوشیاری و بیرکردنەوەیە لە هەر مافێک، ئەوا هەر ساتەی حیزبێک بە پێ‌ی باوەڕ و سیاسەتی وەهمی خۆی بێ هۆشی دەکات..! کەواتە (هێزی پێشمەرگە) بەو پێوەرانەی سەرەوە، وە بە دیدی سەربەخۆی خەڵکی کوردستان، ئێستا بونی نی‌یە..!
بۆیە دەبێت هەموو هەوڵ بدەین بۆ دۆزینەوەی جەستەی وونبوی پێشمەرگە و هاوسەنگ و هاوتاکردنی لەگەڵ بەرژەوەندی  و ئامانجی سەربەخۆی گشتی میللەت ..تا ئەم هێزە بتوانێت بەرگری و پاراستن لە ئیدارە و گوزەران و ژیانی گشتی میللەت بکات..!

ئەوە پێشمەرگە نی‌یە، کە ئێستا جەستەی سەربەخۆی خۆی لە سایە و باوەشی حیزب و دەستەڵاتدا داناوە، وە لە خزمەت دەستەڵاتدا، کۆێرانە بەبێ ئامانج دەستی لە سەر پەلەپیتکەی چەکێکە کە لوولەکەی ڕووی لە سنگی هاوژیان و هاوخەم و هاوکێشەکانی میللەتەکەیەتی..بەڵکو ئەوە هیزێکی بێهۆش و بێ ڕۆحە، وە خاڵی‌یە لە هەر مۆرکێکی ئینسانی خاوەن هەست و بیرکرنەوە..!

20.02.2011

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.