Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پرشى پژمە ى سەفەرێک…حەمە سەعید کەلارى

پرشى پژمە ى سەفەرێک…حەمە سەعید کەلارى

Closed
by January 25, 2008 ئەدەب

لە توانەوەى دوو رۆح و یەک خواردنەوەى دوو جەستەدا
لە موچڕک و لەزەتێکى سەرتاپا یەکبونێکدا
وەک پرشى پژمەى پەنگ خواردوى ناخێک
لە ئەو بە رەوە پەڕیمەوە ئەم بەر و
لە کۆتایى دوا مەنزڵى سەفەرێکى بێئارە  زوودا ،
سەفەرێکى پڕ گوناه
پاک و بێگەرد
 وەک بێگەردیى عەشقى من بۆ ئێوە
عەشقى ئێوە بە گشت گوناهەکانتانەوە
نەفامانە کەوتمە رێ
سەفەرێک بوو سەخت و تاڵ
لە تەک تاڵیى ساڵە کاندا واخەریکە تاڵ تاڵە
موو بە مووى نامۆیم سپى دەکەم
وا خەریکە پەشیمانیم شەرمى ئەتکى و
بە رۆژى نیوە ڕۆ خۆى رون و قووت دەکاتەوەو
بۆ ئێوە ئەدوێ
                     ***
حەزەکانم بەبێدەنگى سەر ئەنێنەوە
شەرم رۆحم دەخواتەوە
شەرم لەخۆم
شەرم لە ئێوە
شەرم لە درکاندنى  حەقیقەت ،
شەرم لە گەورە شەرمنەکان و
لە کیژۆڵە تولەک و عاشقبازەکانى گەڕەک و
لە پیاو ماقووڵانى دیوەخان
شەرم لەو گەورە کچە ى کە حەزەکانی بە گۆى مەمکیەوە پیر بوون
شەرم لە خەونە خۆشەکانى "" دانا ""کەدەیبنێ و نایەتە د ى
لە خەونە ناخۆشەکانى کە ڕایدەچڵەکێنێ
شەرم لە چل وسێ هەنگاو ساڵ گەڕانەوە بەرەو پشتى ئەو پیاوەى
 نەیزانى چى گوناهێکى کرد
شەرم کوشتمى
ئابڕوى خواردمەوەو نەیهێشت تکێکى لێ بتکێ
باوەڕى پێهێنام بە هەموو شتێ
باوەڕ 
بە هیچ
                   ***
لە برسیەتیمدا تێربوون وێڵ بوو
لە عەشقمدا حەرام مەملەکەتى جەلادەکان و
لە هەنگاوەکانمدا ئاوڕدانەوە تاوان بوو
دێتە بیرم پاپۆنە ى سوورهەڵگەڕاوى یەکەمین گۆرانیم
بە بێدەنگى قرتێنراو تکێ خوێنیشى لێ نەتکا
ئیتر لە ئاوبەندەکانى خۆشەویستیمدا
گوڵە شەرمنەکان
دەمیان نەنا بەلێوى کانیەکى تینوومەوە
لە تینویەتى رۆحمدا لە وانەیە بە رێکەوت
رێبوارێکى زۆرزانى عاشق تینویەتى لێم شکابێ
ئاخر ئێمە هەر لە منداڵیەوە چاوى عەشقمان داپێچرا
تا رۆژەکانیش بە شەو حاڵى بین و بنوین
بۆیە تا ئێستاش حەزمان بە تاریکیەو لە رۆشنایدا چاو دا ئەخەین ،
تا لە تینویەتیدا رەش نەبووین     قومێ ئاویان نەکرد بە دەممانەوە
بۆیە تینویەتیمان کەوت و تا فەنا بوون پاراو نابین
ئەوان عەشقیان بێنوێژ کرد…………….. عەشق
ئیتر چۆن بەڕەجمکردنێک شەیتان وازمان لێدێنێ
گۆماوەکانیان لێخن کرد و نازانین
کامە ئاوى قولەتێنە تا  وسڵى خۆمانى لێدەرکەین
لێشاوى ماچى درۆ لێوە وشکەکانى لە بێخ دەرهێناین
ئاخر بۆ هەتا ئێستەش نەزانین 
کام پێغەمبەر
خەمەکانمان لە کۆڵ دەگرى َ و پاکانە بۆ گوناهەکانمان دەنووسێ
وا حەقیقەت باڵغ دەبێ وقۆزاخەى ئاوریشمە کەروو گرتوەکان کون دەکا ت و
لە سەر قوبەى مزگەوتێکى بە ساڵا چوو (حەى عەلە سەلالالا ) بانگى هەق ئەدا
ئیتر کاتى ئەوە هاتوە شوێن پێى حەقیقەت هەڵبگرین و وێڵ نەبین
وریا بین رۆحمان مۆمیا نەکرێت و عەشقمان نەبێتە سەراب
بەر لەوەى بەرائەتمان بدەنە دادگا با ئیعتراف بۆ یەک بکەین :
من کە تەنیاى ئەمخواتەوەو شیعر ئەمدوێنێ
ئەو ساتانە بونى خۆم ئەدۆزمەوەو
 هەر هەمووتانم خۆش ئەوێ
کە دڵم لە کەمەرى حۆریەکانیش تەنگتر ئەبێ ویەئس دامئەدوورێ
بڕوا بکەن رقم لێتان نابێتەوە .
                  ***
ئاىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىىى
پشتم هەر وەختە بتەقێ ئاااااااااااىىىىىىىى
زەمەنێکە  چەند گرێیەک لە بڕبڕەى پشتى خۆمم لێون بوە
ئازار دڵم ئەگوشێ
جا بەر لە وەى سەرم شعوور بە جێ بێڵێ
پرسیارى زۆرم لا ماوەو                نایکەم
چونکە وەڵامەکان تسکینیم نادەن……….ناااااااااااااااااااااا .
ئەوەى لەم سەفەرە مەینەتاویە ى خۆمدا تێى گەیشتم ئەوەیە:
هەموو شەوێک بۆ عەشقى ئینسانى ئێمە "" لەیلەتول قەدرە "" و
مەلائیکەتەکان بە دزەڕێى خۆشەویستیدا دێنە خوارێ و
               نوێژ بۆ بەرائەتى شیعرم دەکەن .
                                   *
 " دانا " جگەر گۆشە ى  لێدابڕاوى  شاعیرە
ئەم شیعرە لە ساڵى 1996  نووسراوەو  وام بە پەسەند زانى جارێکى تر بیخەمە بەر دیدى خوێنەرە ئازیزەکانى شیعر ، گەر چى کاتى خۆى کە بڵاو کرایەوە هەڵایەکى نایەوە .

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.