Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
پرۆژەی پێكھێنانی سەنتەری پشتیوانی كورد بە قازانجی كێ یە…؟

پرۆژەی پێكھێنانی سەنتەری پشتیوانی كورد بە قازانجی كێ یە…؟

Closed
by October 11, 2010 گشتی

لە چەند مانگی رابردوودا چەند كەسێكی رۆشنبیری بەرواڵەت سەربەخۆ لە حزبە دەسەڵاتدارە ملیشاو  دژی  ئازادی یەكانی خەڵكی كوردستان ، دەستیان  كردووە بە پەیوەندی كردنو ھاتوو چۆ و سازدانی كۆبونەوە، بەمەبەستی پیكھینانی ناوەندێك، بەناوی  پشتیوانی كورد لە ئوسترالیا، ھەروەك ئامانجەكانیان لە  یازدە خاڵدا راگەیاندوەو بڵاوكردۆتەوە .
 رۆژی سێی ئەم مانگەش كۆبونەوەیەكیان، لە نوسینگەی حكومەتی ھەرێم لە شاری سدنی – ئوسترالیا ،و  بە پشتیوانی ئاشكرای پارتی سازداوە. دیارە ھەركەسێكی ئازادیخوازو بەرگریكار لە مافو ئازادی یەكانی خەڵكی كوردستان گەر چاوێكی خێرا بخشێنێت بەو بەرنامەو ئامانجانانەی كە بڵاویان كردۆتەوە بە ئاسانی بۆی دەردەكەوێت كە ئەوانە بە شیوەیەكی گشتی لە قازانج و بەرژەوەندی ئەو كۆمەڵە سەرمایەدارە دەسەلاتداریە كە ئەمرۆ بریتین لە، بەربرسە حزبی یەكان ، لەسەرو ھەمویانەوە بنەماڵەی بارزانی و، بەرپرسەكانی تریان ،و ئەوانەش بە شیوەی جۆراوجۆر لە دەوری پارتین، یاخود یەكیتی و حزبە ھاوپەیمانەكانی ترن. ئەوانەی كە بە ھەزارو یەك شیوە سەروەت و سامانی كوردستانیان لوش كردوەو بە یەكێك لە دەسەڵاتە ناودارە گەندەڵەكانی جھان بە ئەژمار دێن.
لەو ئامانجانەی كە ئەوانە ڕایانگەیاندووە جگە لە دوو خاڵی كۆتایی كە باس لە مافی چارەنوس  و مافی مرۆڤ دەكات، كە ئەمەش تەنھا بۆ ترش و خوێ كردن  پرۆژەكەیانە، تا ھەرچی زیاتر خەلكی لە خۆیان كۆكەنەوە، ئیتر بەشەسەرەكی یەكانی ئامانجەكانیان زیاتر لە دەوری ئەوە دەخولێتەوە كە چۆن پەیوەندی یە بازرگانی و پیشەیی  و دبلوماسی و رۆشنبیر ی و… پتەو بكەن لە قازانجی دەسەلاَتداران.بی گومانە ئەمانەش بە بی سەرپەرشتی و رێنوێنی و كۆمەكی سیاسی و دارایی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی ھەرگیز مەیسەر نابێت: بۆیە لەھەر گۆشەیەكەوە سەرنجی ئەم پرۆژەیە بدەیت ھەر بە قازانجی دەسەڵات دەشكیتەوە.
دیارە ھەوڵی پێكھینانی ئەم سەنتەرە، لە لایەن ئەمانەوەو بە ھاوكاری راستەوخۆی پارتی، لە كاتیكدایە كە ھیچ كات ناوەرۆكی سەركوتگەرانەو دژی ئازادی ھەمەلایەنەی پارتی ویەكێتی ئەوەندەی ئەمرۆ ئاشكراو دیار نەبووە. بە تایبەتی لەم یەك دوو ساڵەی دوایی دا، كە تەرازووی ھیزەكان بە تەواوی لە كوردستان بە قازانجی پارتی وپاشكۆیەتی ئەوانی تر شكاوەتەوە. وە ئەم راستیانە لە ھیرشەكانی ئەم دواییانەی پارتی بۆ سەركوتی ئازادی یەكان بە گشتی و ئازادی رادەربرین و رۆژنامەگەری بە تایبەتی ، لە كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان و، راگەیاندنی سیناریۆیی گاڵتەجارانەی ئاكامی لێكۆڵینەوەكەیەوە، بگرە تا راكێشانی چەندین رۆژنامە بۆ دادگا بێ دادەكانی ژێر دەسەڵاتەكەیان، روون و ئاشكرا دیارە.
ھەڵبەت سەرەرایی ئەوەی بە ئاشكرا ئەوە دیارە كە ئەو ئامانجانەی ئەمانە رایانگەیاندووە بە شێوەیەكی گشتی لە دەوری سیاسەتەكانی پارتی و حزبە ھاوكارەكانی دەخولێتەوەو  لە قازانجو بەرژەوەندی زیاتری كەڵەكەی سەرمایەو گەندەڵكاریو مشەخۆرییاندایە ،ھاوكات لە باریكی تریشەوە راستەوخۆ بۆ لە خشتە بردن و لاواز كردنو تەفرەدانو بەلاریدابردنی سەرنج و راو نارەزایەتی  ئازادیخوازانەی ھاووڵاتیانی كوردستانە لە ئوسترالیا لە دژی پارتی لە چەند مانگی رابردوودا.بە تایبەتی ھەروەك تیبینی كراوە دەسپیشكەرانی ئەم پرۆژەیە زۆربەیان لە كەیسی تیرۆری سەردەشت و راگەیاندنی ئاكامی لێكۆلینەوەی گاڵتەجارانەو سەرجەم نارەزایەتی یەكان، ئەمانە نقەو جقەیان لێوە نەھاتووە.
خاڵێكی تر كە شایانی ئاماژە پێكردنو رۆشنكردنەوەیە ئەوەیە، كە ئەمانە لە سەرەتاوە،  سەرەرای ناوەرۆك پوچی ئامانجەكانیان بۆ بەرژەوەندی یەكانی خەڵكی كوردستان، بە بەھانەی سەربەخۆ بوونەوە، خەریك بوو كەسانیك لە خشتە بەرنو لە ریزی نارەزایەتی یەكانی دژی پارتی دەریان كێشن وبە چاوی بەستراوەوە بیان خولێننەوە بە دەوری سیاسەتەكانی پارتی دا. بەڵام خۆشبەختانە پاش ئەوەی بۆیان ئاشكرا بوو كە سەریان دەكەن بە نوسینگەكەیاندا ئەوكات بۆیان روون بۆوە كە ئەم كارە ئەگەر دەستی پارتیشی لە پشتەوە نەبێت ئەوە ھەر بە قازانجی دەسەلات دەشكێتەوەو ھەر بۆیەش بەشیكی بەرچاو لەوانەی كە خۆشخەیاڵ بوون پێیان راستییان بۆ دەركەوت و كۆبونەوەكەیان بایكۆت كرد.
بۆیە پیویستە لەسەر ھەركەسێك كە دڵی بۆ مافو ئازادی یەكانی خەڵكی كوردستان لێ دەدات و دژی سیاسەت و كردەوەكانی ھەمو ئەو حزبە دەسەڵاتدارە دژی ئازادییانەیە، لەسەروو ھەمویانەوە پارتی، كە بەرچاوو رۆشنتر بنو تەفرە نەخۆن بە  كارو كردەوەی ئەو رۆشنبیرانەی كە بەھەر پلەو بیانوویەكەوە لە خولگەی ئەم حزبە قەومی _عەشیرەتیانەو بزووتنەوەكەیان دەخولێنەوە.وە ریزی ئەو نارەزایەتیانە بەجی نەھێڵنن كە بۆ بەرگری لە مافو ئازادی یەكانی خەڵكی كوردستان لە ئوسترالیا و دەرەوە  بەرێدەخرێت.وە ھەمیشە ئەو راستی یە لەبەرچاو بگرن كە قازانج  و بەرژەوەندی یە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی یەكانی خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان لە ھیچ كات و شوێن و برگەیەكدا لەگەڵ قازانج و بەرژەوەندی یەكانی  پارتی و یەكێتی و دەستەوتاقمە ھاوكارەكانیان لە دەسەڵاتەكەیان  یەكناگرێتەوە.

5-10-2010

موزەفەر عەبدوڵا
mozafar_as@yahoo.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.