Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
پشتیوانی داوا رەوکانتان دەکەم

پشتیوانی داوا رەوکانتان دەکەم

Closed
by February 23, 2011 گشتی

لە رۆژی ١٧ ی شوباتەوە لاوانی شاری سلێمانی ڕژانە سەر شەقامەکان و چەند داوایەکیان بە شێوەیەکی سادە بۆ دەسەڵاتداران بەرزکردەوە کە بریتی بوو لە بەڵێ بۆ دادپەروەی کۆمەڵایەتی، بەڵێ بۆ هەلی کار، بەڵێ بۆ ئازادی بیروڕا، نا بۆ قۆرخکردنی دەسەڵات، نا بۆگەندەڵی و هتد، بەڵام کاتێ کە خۆپیشاندەران چونە بەردەمی لق لەوێ بەداخەوە بە گوللە وەڵامی بەردبارانی گەنجە خوێنگەرمەکانیان دایەوە، هەروەها هێزە ئەمنیەکانیش لەڕۆژانی دوای ئەوە بە هەمان شێوە، سەرەنجام ئەو ناوەیان خەڵتانی خوێن کرد، بەدەیان شەهیدو برینداری لێکەوتەوە.

لە کاتێکدا پێم ڕاست نیە کە خۆپیشاندەر بە شێوەیەکی ناشارستانی بجوڵێنەوە، وەک بەرد هاویشتن و سوتاندن و تاڵانکردنی بارەگا و دامەزراوە گشتی و حکومیەکان، چونکە دەسەڵاتداران وەک پێشەیانە لەخوایان دەوێ تۆمەتی ئاژاوەچی و تێکدەر، یان فیتنەچی بدەنە پاڵتان هەتا ناشرینتان بکەن و  ڕێڕەوی خۆپیشاندانانەکە بگۆڕن، هەندێ خەڵکی سادەو نەفامیشی پێ فریو بدەن. بەڵام لەهەمان کاتدا دەڵێم دەسەڵات هیچ پاساوێکی نە یاسایی و نە مرۆڤایەتی بەدەستەوە نیە، کە بە گوللەی بیکەیسی وەڵامی سڤیل و بێچەک بداتەوە هەتا ئەگەر بەبەرد چەند شووشەیەکیش بشکێنن. ئەم شێوازی وەڵامدانەوەی گوللەو تەقەیە بۆ تۆقاندنی جەماوەرە تا نەوێرن جارێکی تر خۆپیشاندان بکەن، نەوێرن دەنگی ناڕەزایی و ئازاد بەرز بێتەوە، نەوەک پەتای شەپۆلی ئەم ناڕەزاییانە ببێتە ڕاپەڕینیکی مەزن و کورسی گەرمی دەسەڵاتیان لەدەست بدەن.

لێرەوە منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوە، لە ناخەوە هاوار دەکەم، ئەی خۆپیشاندەرە چاو نەترسەکانی کوردستان، لەگەڵ داوا ڕەواکانتانم، ئێوە بە هەق دەربڕی ئازاری کەڵەکەبووی ناو هەناوی گەلی کوردستانن، ئێوە دەتوانن مێژوو بە شێوەیەکی نوێ داڕێژنەوە، بەڵام پێویستە بە هێمنانە، شارستانیانە خۆپیشاندان بکەن، داخوازیەکانتان بە شێوازی جۆراوجۆر بەرزکەنەوە، مافی خۆتانە داوای دادگایی بکوژان بکەن، داوای گۆڕانی بنەڕەتی بکەن، بە وەعدو گفتی بریقەدار مەخلەتێن، سووربن لەسەر داواکانتان، بەردەوام بن و بڕۆن بۆ پێشەوە. لێمەگەڕێن خەڵکی بەڵتەجی ناو دەسەڵات بخزێتە ناوتانەوە ریزەکانتان تێکبدات، کە هیچ بەدووریشی مەزانن لەنێو ڕیزەکانتانا ئاژاوە دروست بکات، یاخود سیناریۆی تەقینەوە ئەنجام بدات هەتا بڵێن ئەها نەمان گوت ئەمە مەترسیدارەو دەستی دەرەکی لەپشتە! بۆیە خۆتان ڕێکخەن و ووریا بن!!

ئێوە ڕۆلەی ئەم گەلەن کە بنکە سەختەکانی بەعستان لە کوردستان هەڵتەکاندو وەدەرتان نان، بێگومانم کە گوللەی دەسەڵاتدارە خۆبەزلزانەکانی خۆشمان ناتانترسێنێ، هیچ گومانم لەوەدا نیە کە دەتوانن بە خۆپیشاندانی هێمنانەتان، بە سووربوونتان، بە خۆسازدانتان، بە هوشیاریتان، داواکانتان بەدیبهێنن.

دەسەڵاتداران دەیانەوێ ئەم خۆپیشاندانانە بخەنە پاڵ هەندێ لایەنی وەک گۆڕان و یەککرتوو و کۆمەڵ، بۆ ئەوەی ڕاستی مەسەڵەی هاواری  چەوسانەوەی مێژوویی کۆمەڵایەتی خەفەکراوتان، کوڵان و هەڵچوونی دەیان سالەتان لەبەرچاوی خەڵک بشێوێنن. دەیانەوێ وەهای نیشانبدەن کە ئەوە جوڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی نیە بە هەموو چین و توێژەکانەوە، بەڵکو چەند گەنجێکی ئاژاوەگێڕن، تێکدەرن، یاخود فیتنەچین، یان دەستی  ئەم و ئەوو دەرەکیان لە پشتە، پیلانێکە بۆ ئەوەی ئەزمونەکەمان تێکبدەن. دەسەڵاتدارانی میسرو تونس و ئەوانی تریش هەر هەمان قسەیان دەگوت. بۆیە داواتان لێدەکەم بەم جۆرە قسانە باوەڕ مەکەن، ئەوە دەسەڵاتداران خۆیانن کە ئەم ئەزموونەیان خستۆتە مەترسیەوە، ئەوانبوون ئەم دەرفەتەی دوای ڕووخانی ڕژێمیان لەدەستدا، کێ ڕێی لێگرتبوون چەندی ساڵە چاکسازی بکەن، بۆیە دیواری بێدەنگی بڕوخێنن، ڕۆژ بەڕۆژ هەقیقەتی بیچمی ناشرینیان جوانتر دەکەوێتە ڕوو. هەر بژیین و سەرکەوتووبن.

Hoshmend-salih@hotmail.com
22-02-2011

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.