Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
پلاندانان و نەخشەسازى….ئەنوەر. س. مەسیفى

پلاندانان و نەخشەسازى….ئەنوەر. س. مەسیفى

Closed
by February 9, 2009 گشتی

 پلاندانان و نەخشەسازى
    ئەنوەر. س. مەسیفى

    
   لە هەموو وڵاتانى دونیادا وا باوە، پێش دروستكردنى هەر شار و دێهات و شەقام و پرۆژەیەك پێشتر لە هەموو روویەكەوە پلان و نەخشەسازى تەواوى بوَ دەكرێت، جا تەلارسازى بێت یان لەرووى خزمەتگوزارییەكانەوە بێت، بەم شێوەیە بەپێى ئەو نەخشەو پلانەى كە پێشوو بوَى دارێژراوە، ئینجا بە نۆرە دەست بە كارەكان دەكرێت، ئیشوكارەكان لەكاتى خۆیان تەواو دەكرێن و بىَ ئەوەى دواى تەواوبوونى پرۆژەكان دووبارە دەستبكرێت بە هەڵوەشاندنەوەى پرۆژەكە یان بەشێك لە پرۆژەكە، لەبەر ئەوەى حیسابى شتێك نەكراوە.
 لە وڵاتانى رۆژئاوا پێش دروستكردنى گەڕەكێك و بۆ دانانى نەخشەى سەرەتایی چەند پسپۆڕێك دادەنیشن پلان و نەخشەسازى سەرەتایی دادەنێن. بۆ نموونە پۆلیس تەماشاى نەخشەكە دەكات لەرووى ئاسایش و پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و لێكۆڵینەوەى وردى لەسەر دەكات، ئاخۆ لە كاتى روودانى هەر كارەساتێكدا یان راوەدوونانى تاوانبارێك چۆن دەتوانرێت بە زووترین كات و بەئاسانترین شێوە تاوانبارەكە دەستگیر بكرێت، دەبىَ  هەر یەكێك بەپێى گەورەیی و بچووكى گەرەكەكە یەك یان دوو رێگا بۆ چوونە ژوورەوەو هاتنە دەرەوەى هەبێت تاوەكو بتوانرێت بەزووترین كات كۆنترۆڵى گەرەكەكە بكرێت.
 بەرگرى شارستانى بەهەمان شێوە لەرووى پسپۆڕى خۆیان تەماشاى خاڵەكانى سەلامەتى هاوڵاتیان دەكەن، بۆ نموونە چۆن بتوانرێت سوود لە بوارى ئاو وەربگیرێت لە كاتى ئاگر كەوتنەوەدا. بەم شێوەیە هەر یەكە بەپێى پسپۆڕى خۆى سەرنج و تێبینى دەدات، ئەوان بەراستى پسپۆڕن، نەك بەناو پسپۆڕ و نەخشەساز. نەخشەكە بەتەواوى لێكۆڵینەوەى لەسەر نەكرێت و هەڵنەسەنگێنرێت نایەتە بوارى جێبەجێكردنەوە، نەوەكو دووبارە پرۆژەكە هەڵبوەشێنرێتەوەو سەرلەنوىَ دروستبكرێتەوە ، بۆیە ئەوان هەر لەسەرەتا حیسابى هەموو شتێك دەكەن كە ئەمەش ستانداردێكى جیهانییەو پەیڕەو دەكرێت لە ئەنجامدانى پرۆژەكان.
 لە وڵاتى ئێمەدا هەندىَ كارى زۆر جوان كراون و بەردەوامیش هەوڵدەدرێت بوَ ئەنجامدانى پرۆژەى گرنگ و جوان، بەڵام بەداخەوە هەندێجار پرۆژەكان تەواو دەبن و پاشان بەبیریان دێتەوە كە شتێك لە بیركراوە و كەموكوڕى لە پرۆژەكەدا هەیە، نموونەش زۆرن، یەكێك لەو نموونانە شەقامێك بوَ گەڕەكێك دروستدەكرێت و پاشان زێرابى بوَ دروستدەكەن یان بۆڕى ئاو نۆژەندەكەنەوە، یان كێبلى كارەبا دەخەنە ژێر زەوى كە ئەمەش لەسەر حیسابى تێكدانى شەقامەكەو دووبارە چاككردنەوەى دەبێت كە ئەمەش یەكێكە لە نموونەكان.
 ئەگەر بێت و لە هۆكارەكەى بگەڕێین دەبینین پێشووتر پلان و نەخشەسازى تەواوى بوَ نەكراوەو دواتر دەبێتە هۆى كەموكوڕى لە پرۆژەكەدا و لە بیركردنى شتێكى گرنك كە دەبێت هەبێت. جارى واش هەیە لەبەر هۆى گەندەڵى چاوپۆشى لە زۆر شت دەكرێت ، لە یەكێك لە بەرێوەبەرایەتییەكان پرۆژەیەكى گەورەیان بۆ دەرچوو، جەنابى بەرێوەبەر بۆتە بەڵێندەر و بەناوى باوكى پرۆژەكەى وەرگرتووەو جێبەجێى دەكات.
 لەكام جێگاى دونیادا شتى وا هەیە؟ زۆر جار گوێمان لێدەبێت بەرێوەبەر لەگەڵ بەڵێندەر شەریكن، بەڵام لێرە هەر خۆى بۆتە بەڵندەرو پرۆژەكە جێبەجێدەكات و هەرچى كەموكوڕیەكیش هەبێت وەردەگیرێتەوە، لە 90% ى كارەكەش بەخراپى ئەنجام دەدرێت ، بۆ ئەوەى دواى ماوەیەكى كەم دیسانەوە دووبارە ببێتەوە، هەروەها دەبێت حكومەت بودجەیەكى ترى بوَ دابین بكاتەوە، لەوانەیە كە هۆكارگەلێكى تریش هەبن كە دەبنە هۆى بەرێوەنەچوونى كارەكان و جارى وایە كەسانێكى وا كراون بەبەرێوەبەر و نەخشەساز كە هیچ شارەزاییان نییە لە نەخشەسازى و پلاندانان، جارى واش هەیە هەر بڕوانامەشیان نییە، تەنیا بەهۆى واسیتەو خزم خزمێنەوە ئەم پۆستەیان دراوەتىَ.
 چەند خۆشەو مرۆڤ چەند سەر بڵند دەبێت ، كاتىَ دەبینىَ هەندىَ كارى جوان لە كوردستان كراون و بەردەوام هەوڵى ئەنجامدانى كارى جوانتریش دەدرێت، خۆ پرۆژەكانیش گەلێك زۆرن و لەگەڵ ئەوەشدا جار ناجار شتى زۆر بىَ سەروبەریش دەكرێن، بۆیە پێویستە بۆ ئەنجامدانى هەر كارێكى خزمەتگوزارى لە سەرەتادا پلان و نەخشەسازى وردى بوَ دابڕێژرێت و دواتر دەست بەجێبەجێكردنیان بكرێت و لێكۆڵینەوەش لەسەر دۆسیەى بەڵێندەران بكرێت و بزانرێت تا چەند دەتوانن پرۆژەكە بەرێكوپێكى ئەنجام بدات بوَ ئەوەى نەبێتە هۆى  گەندەڵى و نارێكوپێكى لە پرۆژەكاندا.
 massif_77@yahoo.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.