په‌راوێزێك بۆ كتێبی په‌راوێزنوسان
(ترسناكترین جۆری خوێنه‌ر ئه‌وانه‌ن، كه بیریان ده‌چێته‌وه خوێندنه‌وه له پێناو خودی خۆیاندایه و بۆ چێژكردنه).
(كتێبی په‌راوێزنوسان)ی (عه‌تا محمد)
سه‌ره‌تا
لای من خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر كتێبێك له هه‌ر بوارێكدا بێت، وابه‌سته‌یه به ئاستی ئه‌و چێژه‌ی ئه‌و كتێبه له شێوازی دارشتن و چۆنێتی گوتنیدا پێم ده‌به‌خشێت، دواتر ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌و كتێبه ده‌یه‌وێت له میانی خۆیدا چی پێبڵێت و چی به‌یان.
كتێب هه‌یه هه‌ڵگری گوتاری گه‌وره نییه، به‌ڵام له ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌یدا ده‌توانێت چێژێگی گه‌وره‌ت پێببه‌خشێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌كات له‌گه‌ڵی به‌رده‌وام بیت، ئه‌م بۆچوونه به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕاسته.
خوێندنه‌وه و چێژ
له ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ند كتێبێكم خوێنده‌وه و هه‌ریه‌كه‌یان به‌شی خۆیان چێژیان پێبه‌خشیم، وه‌ك خوێنه‌رێكیش مافی خۆمه ده‌ستنشانی بكه‌م كامیان له كامیان زیاتر چێژی پێبه‌خشیم و وایكرد بیر و دیدگای كارم تێبكات.
له‌ناو ئه‌و چه‌ند كتێبه‌ی خوێندمه‌وه ڕۆمانی (ئه‌فیون)ی (ماكسێنس فێرمین) له‌و كتێبانهبوو كه تاكو نزیكه‌ی چل لاپهڕهكیشم لێ خوێنده‌وه و له ساتێك‌دا ده‌ستم لێ هه‌ڵگرت و بڕیارمدا بچمه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی كتێبێكی دیكه، ئه‌مه‌ی ده‌یڵێم به‌و مانایه نییه بڕیار له باشی و خراپی ئه‌و ڕۆمانه بده‌م، به‌ڵكو مه‌به‌ستمه بڵێم: له خوێندنه‌وه‌دا چێژ گرنگه، دیاره چێژیش له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكی دیكه ده‌گۆڕێت.
هه‌ر له ناو ئه‌و چه‌ند كتێبه‌شدا ڕۆمانی (ته‌نیاییه‌كی پڕ هه‌را و زه‌نا)ی (بوهومیل هرابڵ)، كه (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی) له زمانی سوێدییه‌وه وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی، جگه له شیرینی و ڕه‌وانی زمانی كوردییه‌كه‌ی، خودی ڕۆمانه‌كه چێژێكی زۆری پێبه‌خشیم، كاراكته‌ری ئه‌و ڕۆمانه به وردی له‌گه‌ڵ خۆی بهلكێشی كردمه‌وه نێو ئه‌و جیهانه تایبه‌تییه‌ی كه له میانی ڕۆمانه‌كه‌دا خوڵقاوه، (ئاسمان مرۆڤانه نییه)، یه‌ك له‌و ڕستانه‌ی نێو ئه‌و ڕۆمانه بوو، كه بڕواناكه‌م هه‌رگیز بیرم بچێته‌وه و حه‌زیشم ده‌كرد ڕسته‌یه‌كی له‌و جۆره‌م هه‌بووایه.
یه‌كێكی تر له‌و كتێبانه‌ی چێژی پێ به‌خشیم و ته‌نانه‌ت ده‌مخواست ته‌واو نه‌بێت، (كتێبی په‌راوێزنوسان)ی (عه‌تا محه‌مه‌د) بوو، كه وه‌ك له‌سه‌ر به‌رگه‌كه‌ی هاتووه هه‌وڵێكه بۆ پۆلێنكردنی كتێبخوێن.
قسه‌كردن له‌م كتێبه هۆشیاری ده‌وێت، به‌وه‌ی ده‌بێت بزانیت له میانی قسه‌كانتدا ده‌كه‌ویته ڕیزی كامه جۆری كتێبخوێنهوه، چونكه هه‌ندێك جۆری خوێنه‌ر له‌م كتێبه‌دا باسكراوه ترسناكه بكه‌ویته ڕیزیانه‌وه.
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه، كه نوسه‌ری ئه‌م كتێبه به پێی ئه‌زموونی تایبه‌تی و دواتریش له میانی به‌سه‌رهات و ئه‌و ڕووداوانه‌ی به‌سه‌ر نووسه‌رانی دیكه‌دا هاتوون، ویستوویه‌تی شرۆڤه و وردبوونه‌وه‌ی له كاراكته‌ری كتێبخوێن بخاته‌ڕوو، له ئه‌نجامدا توانیویه‌تی به‌شێك له حه‌قیقه‌تی هه‌ندێك خوێنه‌ر بخاته ڕوو، ئه‌گه‌ر تاڵیش بێت.
خوێنه‌ر و چێژ
كتێبی (كتێبی په‌راوێزنوسان) خوێنه‌ری كردووه به چه‌ند جۆرێكه‌وه، به‌ڵام دوو جۆری خوێنه‌ر تێیدا زۆر جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانن و واده‌كات هۆشیارتر بیته‌وه به‌رامبه‌ر كرده‌ی خوێندنه‌وه و نه‌هێڵیت بكه‌ویته ڕیزی ئه‌و جۆره له خوێنه‌ره‌وه، ئه‌ویش جۆری ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه قاڵب و كڵێشه‌یه‌كی ئاماده‌كراویان بۆ تێكست هه‌یه و ئه‌گه‌ر هاتوو له‌وێدا جێگه‌ی نه‌بووه‌وه، ئه‌وا ڕاست و چه‌پ به‌و تێكسته‌دا ده‌هێنن، هه‌روه‌ها جۆری ئه‌و خوێنه‌ره‌ی، كه به ئامانجی ئه‌وه كتێب ده‌خوێنێته‌وه، ئه‌گه‌ر هاتوو له‌گه‌ڵ دیدگا و بۆچوونه‌كانیدا یه‌كینه‌گرته‌وه، ئه‌وا له به‌رامبه‌ریدا بجه‌نگێت و ئه‌مه‌ش بۆ زیاتر سوربوون له‌سه‌ر بیری خۆیان، نه‌ك ئه‌وه‌ی كتێب بتوانێت كاریگه‌ریی یاخود گۆڕانكاری له بۆچوونی بكات، له كاتێكدا وه‌ك له‌م كتێبه‌دا هاتووه و بۆچوونی هه‌ر خوێنه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ش وه‌هایه، خوێندنه‌وه له پێناو خودی خۆتدایه و بۆ چێژكردنه، هه‌روه‌ها خوێنه‌ر ده‌توانێت هه‌ر كاتێك ویستی ده‌ستبه‌رداری خوێندنه‌وه‌ی كتێبێك بێت و وه‌لای بنێت.
حیكایه‌ت و چێژ
له پاڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه له هه‌وڵی پۆڵێنكردنی خوێنه‌راندایه، هاوكات سه‌رقاڵی خوڵقاندنی حیكایه‌تی كورت.. كورته، كه پاڵپشتێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به خوێندنه‌وه‌ی بده‌یت و هه‌ر یه‌ك له حیكایهتهكانیش جوانی و به‌های گێڕانه‌وه‌یان تێدایه، وه‌ك ئه‌و حیكایه‌ته‌ی له به‌شی (تامی وشه)دا نوسه‌ر له‌گه‌ڵ (ئه‌حمه‌د هه‌ردی)دا دروستی ده‌كات، تێیدا پرسیاری (ست فاتیمه) له (هه‌ردی) ده‌كات و ئه‌ویش گه‌لێك قووڵ ده‌رباره‌ی وشه قسه‌ی بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت: ست فاتیمه هیچ نه‌بوو جگه له ڕۆحی وشه، كه من ڕۆژێك پێی گه‌یشتووم و توانیم تامی بكه‌م، ئه‌گینا ئه‌و نهێنی نه‌بوو تا ڕۆژێك ئاشكرای بكه‌م.
یه‌كێكی تر له‌و حیكایه‌تانه دیداری نوسه‌ره له‌گه‌ڵ (فاروق هۆمه‌ر)دا، كه باس له ساڵانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌كه‌ن، ده‌گێڕێته‌وه، كه له گازینۆیه‌كی نزیك به‌رده‌ركی سه‌رادا چه‌ندین گه‌نجی خوێنه‌ر هه‌بوون، هه‌ندێك له‌و گه‌نجانه خۆیان چوواندووه به كاراكته‌ر و نوسه‌ری كتێبه‌كان، له‌وانه خۆیان چواندووه به (كامۆ، زۆربا، گیڤارا و… هتد)، ئه‌م یاده‌وه‌رییه گه‌ڕاندمییه‌وه لای ڕۆمانی (بابا سارته‌ر)ی (عه‌لی به‌در) كه باس له ڕۆشنبیرانی ساڵانی په‌نجا و شه‌سته‌كانی شاری به‌غداد ده‌كات، ئه‌وانیش له‌و قۆناغه‌دا هه‌ندێكیان تێدا هه‌ڵده‌كه‌وێت خۆیان لێ ده‌بێته نوسه‌رانی وه‌ك (سارته‌ر و فۆكۆ…هتد) ته‌نانه‌ت به‌جۆرێك سه‌رسامی تێكسته‌كانی ئه‌و نوسه‌رانه ده‌بن له ژێر كاریگه‌ریی تێكستی (هێڵج)ی (سارته‌ر)دا ده‌ڕشێنه‌وه یاخود وه‌ك ئه‌وان جل و به‌رگ ده‌پۆشن و قسه ده‌كه‌ن، پێیان وایه بوونگه‌رایی ئه‌وه‌یه….
یاخود ئه‌و حیكایه‌ته‌ی له كۆتایی به‌شی (خه‌ونه‌كانی ئێنیشتاین)دا نوسه‌ر له ڕووداوێكی ڕاستییه‌وه دروستی ده‌كات، كه به پێویستی نازانم لێره‌دا حیكایه‌ته‌كه بگێڕمه‌وه و باشتره خوێنه‌ر خۆی به‌ریبكه‌وێت و وه‌كخۆی چێژی لێ به‌رێت.
له پاڵ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م حیكایهتانهشدا نوسه‌ر ناوی چه‌ندین كتێبی گرنگ ده‌هێنێت، كه ئه‌ویش بۆ خۆی ڕێنوێنیكردنێكی باشه تاكو خوێنه‌ر هه‌وڵی ئاشنابوون به‌و سه‌رچاوانه بدات، كه بۆ من سه‌رنج ڕاكێشترینیان كتێبی (ناشرینناسی)ی (ئهمبریتۆ ئیكۆ) بوو، ئومێدیش ده‌كه‌م له داهاتوودا بیخوێنینه‌وه.
كۆمیدیا و چێژ
كۆمیدیا گوتنی تراژیدیایه له فۆڕمێكی پێكهنینئامێزدا، كه زۆرجاران ئه‌و پێكه‌نینه له ناخه‌وه دهمانگرێنێت، ده‌نا ئه‌وه‌ی كۆمیدیا ده‌یڵێت له ڕووی گوتاره‌وه هیچی كه‌متر نییه له‌وه‌ی كه تراژیدیایه‌ك هه‌وڵی گوتنی ده‌دات، (خواجه نه‌سره‌دین، ئه‌و پیاوه‌ی له پێناو پێكه‌نینێكدا ده‌كوژرێت) كتێبێكی دیكه‌ی (عه‌تا محمد)ه و به ژانری ڕۆمان نوسراوه، یه‌كێكه له ڕۆمانه (تراژیك-كۆمیك)ه‌كانی ڕۆمانی كوردی، كه له ڕێگه‌ی وه‌رگرتنی كاراكته‌ری (خواجه نه‌سره‌دین)ه‌وه، كه كاراكته‌رێكی گاڵته‌ئامێزه و زۆر جاران به (مه‌لای مه‌شهوره)ش ناو ده‌برێت، به‌سه‌رهاتی گه‌نجێك ده‌گێڕێته‌وه كه له‌سه‌ر پێكه‌نینێك ده‌كوژرێت، ڕووداوی سه‌ره‌كی ئه‌م ڕۆمانه كوشتنی گه‌نجێكه له‌سه‌ر پێكه‌نین، كه له‌یه‌ك كاتدا هه‌م تراژیدیایه، هه‌میش كۆمیدیا، له‌وێدا تراژیدایه كه كه‌سێك ده‌كوژرێت، له وێشدا كۆمیدیایه، كه كوشتنه‌كه له‌سه‌ر پێكه‌نینه، ته‌نانه‌ت كۆمیدیا له‌م ڕۆمانه‌دا ده‌گاته ئاستێك، كه گه‌نجه‌كه له ساته‌وه‌ختی به‌ر له كوشتنیدا به بكوژه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ته‌قه نه‌كه‌ی، عاجز ده‌بم.
له (كتێبی په‌راوێزنوسان)شدا به‌سه‌رهاتی كتێبفرۆشه‌كه‌ی شه‌قامی پیره‌مێر بابه‌تێكی كۆمیدییه، به‌وه‌ی ئه‌و كتێبفرۆشه كاتێك به بیرۆكه‌ی نوسینی (كتێبی بهراوێزنوسان) ده‌زانێت، خۆی هه‌ڵده‌ستێت به نوسینی چه‌ند په‌راوێزێكی سه‌یر و سه‌رنج ڕاكێش بۆ چه‌ند كتێبێك، پاشان به منه‌ته‌وه و به نرخێكی گران ده‌یانفرۆشێته‌وه، كه وه‌ك نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ش به‌سه‌رهاتێكی تره و ده‌شێت ڕۆژێك له ژێر ناوی (پهراوێزنوسه ساخته‌كاندا) بینوسمه‌وه. یان حیكایه‌تی ئه‌و خوێنه‌ره‌ی ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (ئه‌و پیاوه‌ی دره‌ختێك بوو)ی (گۆران بابا عه‌لی)ده‌ڵێت: بۆچی كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و ڕۆمانه بوو به دره‌خت و نه‌بووه مه‌یمون، یاخود خوێنه‌رێكی دیكه ده‌رباره‌ی ڕۆمانی (خواجه نه‌سره‌دین….) ده‌ڵێت: له كاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه‌دا هیچ پێكه‌نینم نه‌هات، وه‌ك بڵێی ئامانج له كۆمیدیا پێكه‌نینی په‌تییه، كه ڕه‌نگه له ئه‌نجامدا هه‌ر یه‌كێك له‌م حیكایه‌تانه تراژیدیی بكه‌ونه‌وه، به‌وه‌ی له پشت ئه‌و كۆمیدیانهیهوه، تراژدیایهك ئاماده‌بێت، كه ده‌شێت هه‌ر به‌ڕاستیش وه‌ها بێت.
په‌رواێز و چێژ
دوایین به‌شی كتێبی (كتێبی په‌راوێزنوسان) به ناوی (منداڵێك نه‌خشه‌كان فریویاندا) جگه له‌وه‌ی به‌شێك له منداڵی خۆمم تێدا بینییه‌وه، ئه‌مه‌ش زیاتر ئه‌و بۆچوونه‌ی لا جێگیركردم منداڵی گشت نه‌وه‌كانی ئێمه له‌یه‌كتر ده‌چن، یاخود نزیكن له یه‌كتره، دواییین دێڕی كه دوایین دێڕی كتێبه‌كه‌شه سه‌رنجی زۆر بردم و وایكرد زیاتر له خوێنه‌ر ڕابمێنم، ئه‌ویش ئه‌م ڕسته‌یه بوو(چه‌ند ئاسته‌مه ببیت به خوێنه‌ر.) هه‌ر ئه‌و ساته‌ش بریارمدا له دوو لاپه‌ڕه‌ی سپی به‌شی دواوه‌ی كتێبه‌كه‌دا كه له دوای چاپكراوه‌كانی نوسه‌ره‌وه دێت، ئه‌م نوسینه‌ی به‌رده‌ستان وه‌ك په‌راوێزێك بنوسمه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دڵنیابووم له‌وێدا جێگه‌ی نابێته‌وه، خۆشم پێم باش بوو خوێنه‌رانێكی زیاتر بیخوێننه‌وه، بۆیه بڕیارمدا لێره‌دا و له‌سه‌ر ڕووی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه بڵاوی بكه‌مه‌وه، چونكه لای من نوسینی ئه‌م په‌راوێزه هێنده‌ی نوسینی تێكستێكی خۆم چێژی هه‌بوو.
داستان به‌رزان
ئه‌م نوسینه له ژماره (349)ی هه‌فته‌نامه‌ی ڕه‌خنه‌ی چاودێردا بڵاوبۆته‌وه.