په‌یوه‌ندی و ئه‌رکی ڕۆشنبیریی و سیاسه‌ت لای به‌ختیار عه‌لی،
په‌یوه‌ندی و ئه‌رکی ڕۆشنبیریی و سیاسه‌ت لای به‌ختیار عه‌لی،
چه‌مکێکی سه‌قه‌ت!
Kazmkader72@yahoo.comبێگومان ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی له‌م نوسینه‌ی به‌ختیاردا په‌یوه‌ندی و ئه‌رکی ڕۆشنبیره له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت، ئه‌گه‌رچی په‌ل به هه‌موو لایه‌کدا ده‌کوتێت و زۆرجار له خه‌ته گشتییه‌کانی لاده‌دات،وه‌ک له‌مه‌ڕ مارکس بینیمان.به‌ختیار وه‌ک چۆن له هه‌موو بابه‌تێکیدا،به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی و هاوئاهه‌نگیی به بابه‌ته‌که‌یه‌وه هه‌بێت،له وشه‌یه‌ک یان ڕسته‌یه‌کی بێڕیشهو پڕکینهدا شاڵاو ده‌کاته سه‌ر مارکس و کۆمۆنیزم،به‌لشه‌فیزم،به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز بتوانێت بزانێت کۆمۆنیزم چییه،به‌لشه‌فیزم چییه،چ بوو؟ کۆمۆنیزم و فاشیزم له په‌نای یه‌کدا داده‌نێت به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆ خوێنه‌رانی ڕوون بکاته‌وه که ئه‌م دووانه‌یه چی‌یان له یه‌ک ده‌چێت! به هه‌مان شێوه خه‌ریکی داتاشین و دیاریکردنی په‌یوه‌ندی و ئه‌رکی ڕۆشنبیره له مه‌ڕ سیاسه‌ت.
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی بچمه نێو ئه‌و پهیوهندییهوهو پێش ئه‌وه‌ی ڕوانگه‌ی خۆم له مه‌ڕ ڕۆشبیرو ڕۆشنبیریی بده‌م،پێویسته ئه‌م پرسیاره بکه‌م و هه‌وڵبده‌م وه‌ڵامێکی بده‌مه‌وه،ئه‌ویش ئه‌مه‌یه:لای به‌ختیار کێ ڕۆشنبیره؟بێگومان به‌ختیار ئه‌گه‌رچی پێناسه‌یه‌ک له ڕۆشنبیر به ده‌سته‌وه نادات،سیفه‌ته‌کانی ڕۆشنبر نه‌ک_ڕۆشنبیر وه‌ک بکه‌رێک که به‌ختیار ده‌ڵێت_ده‌ست نیشان ناکات،به‌ڵکو لای ئه‌و ڕۆشنبیران له چه‌ند که‌سێک یان له چه‌ند براده‌رێکی که به‌بێ قه‌له‌ق نوسین و بۆچوونه وه‌همییه‌کانی ئه‌و قه‌بووڵ ده‌که‌ن، تێناپه‌ڕێت.که‌سێک به هه‌رجۆرێک ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کی لێبگرێت،به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی غه‌زه‌بی لێبگرێت و ملی بگرێت و له‌و چوارچێوه‌یه فڕێی بداته ده‌ره‌وه،به نێو فه‌رهه‌نگ و زمانی پرسووکایهتی ناسێونالیزمدا گه‌شت بکات و ناشیرین‌ترین و بریندارکارترین ووشه‌و گوزارشتی فهرههرنگ و کولتوره ناسێونالیستییهکهی هه‌ڵبژێرێت و ئاراسته‌ی ڕۆح و جه‌سته‌ی نه‌یارانی بکات.ئه‌وه‌ی به‌ختیاری خویندبێته‌وه شاهێدی ئه‌و زمان و فه‌رهه‌نگه کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووانه‌یه،شاهێدی داهێنانی ده‌یان و سه‌دان وشه‌ی ناشیرین و تووندوتیژو پڕسووکایه‌تییه که به ته‌واوی نوسینهکانێوه دیاره،وشه‌گه‌لێکی تازه‌و ڕیسواکار که به‌ختیار دایهێناون و له مێژووی ده‌ست پێکردنی نوسینی ئه‌وه‌وه هاتوونه‌ته نێو زمان و ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه،زمان و فه‌رهه‌نگێک که ده‌کرێت به ڕه‌وشت و فه‌رهه‌نگی فاشیزم له زماندا نێو زهدی بکه‌م،دواتر له سه‌ر ئه‌مه ده‌دوێم.
به‌ڵام چۆن بزانین کێ ڕۆشنبیره‌و ڕۆشنبیر کێه؟بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بڕێک ئاڵۆزه.هه‌روه‌ها به چاوپۆشین له هه‌ر پێناسه‌یه‌ک که بۆ ناساندنی سیفه‌تی ڕۆشنبیر کراوه،هه‌ڵ ده‌ده‌م به پێی بۆچونی خۆم قسه‌یه‌ک له مه‌ڕ ڕۆشنبیرو پێگه‌و سیفه‌ته‌کانی بکه‌م،هه‌ڵبه‌ته نه‌ک وه‌ک دوا قسه‌و به‌به‌تێکی ته‌فسیر هه‌ڵنه‌گر، به‌ڵکو وه‌ک سه‌ره‌تای وروژاندنی بۆچوونێک له مه‌ڕ ئه‌م کایه‌یه.پێش هه‌ر شتێک ئه‌وه‌ی پێی ئێژن ڕۆشنبیر مرۆڤێکه،تاکێکی بهشهرییهو له نێو کۆمه‌ڵگه‌دایه.ئه‌م تاکه وه‌ک هه‌ر تاكێکیتر به‌رپرسیاره‌و ده‌بێت به‌رپرسیار بێت له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤهکانیتردا،وه‌ک هه‌ر تاکێکیتر ده‌کرێت له نێو پرۆسه‌ی ژیاندا چالاک بێت،له‌م پرۆسه‌یه‌دا له لایه‌ک تاکێتیی خۆی ده‌سه‌لمێنێت و له لایه‌کیتریشه‌وه ئه‌رک و په‌یوه‌ندی خۆی وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به کۆوه گرێ ده‌دات.
به‌ڵام وه‌ک نه‌رێت بڕێک له‌م تاکانه،له به‌ر ئه‌وه که له باری مه‌عریفیی و فه‌رهه‌نگی و فکرییه‌وه،به هۆی هه‌ر هه‌ل و مه‌رج و خه‌ون و خولیا‌و ته‌قه‌لایه‌کی فهردییانهوه بێت،واته پاڵنه‌رو هۆکاره‌کان هه‌رچییه‌کبن، ئه‌وانی له بڕێك زانیاری له بواره جۆربه‌جۆره‌کاندا به‌هره‌مه‌ند کردووه،واته سیفه‌تی ئه‌وانی له چهندایهتییهکهوه بۆ چونایهتییهکی بانتری زانیاریی له خه‌ڵکانیتر بردووه‌و لێره‌شه‌وه سیفه‌تی ڕۆشبیریان به‌باڵادا بڕاوه.واته به پێی ئه‌و پێناسه‌و سیفه‌ته نه‌رێتییه که بۆ ڕۆشنبیر کراوه ئه‌وه‌یه، ڕۆشنبیر که‌سێکه ده‌نوسێت،ده‌خوێنێته‌وه،شیعر چیرۆک ڕۆمان ده‌نوسێت،له بواره‌کانی ئه‌ده‌ب وهونه‌رو کایه جۆربه‌جۆره‌کاندا،شاره‌زایی و زانیاری یان پسپۆریی هه‌یه…وتاد.ده‌مه‌وێت بێژم ئه‌وه‌ی شووناسی که‌سی ڕۆشنبیر دیاری ده‌کات ئه‌و سیفه‌تانه‌یه که ئاماژه‌م پێکردن،نه‌ک دووریی ئه‌و که‌سه له سیاسه‌ت و سیاسه‌تکردن بکه‌ینه پێوه‌ری ڕۆشنبیربووون وه‌ک لای به‌ختیار ده‌یبینین،واته ده‌کرێت سیاسییه‌کیش ڕۆشنبیر بێت، که‌سێک بۆ نمونه ئه‌گه‌ر هه‌مان ئه‌و زانیاری و تواناییه جۆربه‌جۆرانه‌ی هه‌بێت که به‌ختیار(هه‌یه‌تی)وه‌ک شیعر نوسین(شاعیر)ڕۆمان و بواره‌کانیتر که به‌ختیار کاری تێدا کردووه،به‌ڵام سیاسه‌ت بکات و ئه‌گه‌ر له نێو پارتێکیشدا بێت،به چ پێوه‌رێک بتوانین و ده‌توانین شوناسی ڕۆشنبیربوونی لێوهربگرێنهوه! واته ئه‌وه که که‌سێک هه‌ر هێنده‌ی بووه سیاسی ئیتر خه‌سڵه‌ته‌کانی ڕۆشنبیریی دۆڕاندووه؟ئایا ڕۆشنبیران به‌وه ده‌بنه خاوه‌نی شوناسی ڕۆشنبیریی که تێکه‌ڵاوی دنیای سیاسه‌ت نه‌بن؟ئایا به‌ڕاست هیچ لۆژیکێک له‌م بۆچوونه‌دا هه‌یه؟ئه‌وه که ئه‌گه‌ر شاعیر بیت،چیرۆک و رۆمان نوس بیت،له کایه‌کانی ئه‌ده‌ب و هونه‌رو تێورو فکردا جێده‌ستت دیار بێت،به‌ڵام به هۆی سیاسهتکردنتهوه خه‌سڵه‌تی ڕۆشنبیربوون بدۆڕێنیت!به‌بۆچوونم ئه‌م بۆچونه هێنده‌ی ده‌چێته‌وه سه‌ر وههم و سه‌رگه‌ردانی فکریی،هێند په‌یوه‌ندی به تێورو لۆژیکه‌وه نییه.ڕۆشنبیریی خه‌سڵه‌ته نه‌ک ئه‌وه که دووری و نزیکی ئه‌م کایه‌یه له سیاسه‌ت شوناس و خه‌سڵه‌ته‌کانی ئه‌و دیاری بکات.بۆیه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ته‌واوی ئه‌و بۆچوونه‌ی به‌ختیار سه‌قه‌ته‌و هه‌ر تهقهلایهکیش له بواره‌دا بیدات ته‌نها ده‌بێته دووکه‌ڵ.
واته پایه‌ی ته‌قه‌لاکه‌ی به‌ختیار که ئه‌و به نێوی تیوره‌و له ڕێگه‌ی تیورهوه ده‌یه‌وێت ئه‌رک و په‌یوه‌ندی ڕۆشبیرو سیاسه‌ت دیاری بکات و شوناسیان پێبدات هیچ بنه‌مایه‌کی تێوریی و زانستیی نییه‌و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به وههم ده‌ستی پێکردووه‌و ته‌نها وه‌همی به‌رهه‌م هێناوه،واته شتێک که به‌ختیار به نێوی تێورهوه ده‌ستی بۆ بردووه‌و ده‌یه‌وێت لێیه‌وه ته‌فسیری دیارده‌یه‌کی پێ‌بکات تێوره نییه،ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ختیار تێوریی بێت ئه‌وا ده‌بێت بێژین هه‌موو که‌سێک تێوریسێونه!به‌ڵام به بۆچوونم لێره‌دا ئه‌گه‌ر خۆمان فریو نه‌ده‌ین ڕووبه‌ڕووی گرفتێکی‌تر_هه‌ڵبه‌ته گرفتێکی گه‌وره ده‌بینه‌وه،که ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به لێکدانی وشه یان زاراوه‌ی(ڕۆشن)و(بیر)ه‌وه هه‌یه،واته ڕۆشنبیر.واته چۆن بتوانین و باوه‌ڕ به خۆمان بهێنین هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و بڕه زانیارییه به‌هره‌مه‌ندن به(ڕۆشنبیر) یان بزانین؟ئایا ڕۆشنبیر ته‌نها به‌هره‌مه‌ندییه له‌و زانیارییانه‌ی که باسم کرد،یان په‌یوه‌ندی به سیفه‌تی ئه‌وان وه‌ک (بیر) ڕۆشنییه‌وه هه‌یه،واته به لایه‌نی چۆنییه‌وه هه‌یه؟بۆ نمونه چۆن که‌سێکی فاشیستی به‌هره‌دار له‌و زانیارییانه به ڕۆشنبیر بزانین؟له کاتێکدا بیرێکی ڕه‌ش و تاریکی هه‌یه؟چۆن نوسه‌رێکی وه‌ک(فاروق ڕه‌فیق) به ڕۆشنبیر بزانین،له کاتێکدا کتێبێکی به نێوی(ماڵێکی ترازاو و ویژدانێکی بیمار)نوسیوه،به هه‌موو به‌هاو پێوه‌رێکی مرۆیی و ئهخالاقی و زانستی هاوتای کتێبه‌که‌ی(ئادۆلف هیتله‌ر) mein kampf_خه‌باتی من)ه!واته کتێبی لوتکه‌ی فاشیزم. که‌چی ئه‌م ته‌رزه له نوسه‌رو به نێو (ڕوناکبیرانه)له بواری کایه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی‌دا به‌های گه‌وره‌و خورافییان پێده‌درێت و وه‌کو مامۆستای فه‌لسه‌فی و به‌چکه فه‌یله‌سوف لێیده‌ڕوانن،که به‌بۆچوونم ئه‌و زانکۆیه‌ش گه‌نده‌ڵه که بڕوانامه‌ی به فاروق ڕه‌فیق به‌خشیوه‌و قوتابی وه‌ک فاروق به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
هه‌ڵبه‌ته نمونه‌گه‌لێکی له‌م ته‌رزه له کایه‌ی(ڕۆشنبیریی)کوردی‌دا هه‌یه،نمونه‌کانی له به‌ختیاره‌وه تا مه‌ریوان قانع و ڕێبین هه‌ردی و بازنه‌یه‌ک که به ده‌وریانه‌وه‌یه.ئه‌م به نێو ڕوناکبیرانه هه‌ژده ساڵه له په‌نا ژن کوژترین ده‌سه‌ڵاتی دنیادا ڕاوه‌ستاون،هه‌ر له‌وێشه‌وه،له به‌ره‌ی ڕاستی کۆمه‌ڵگه‌وه سه‌رنگه‌ریان له ڕه‌وت و مه‌یلی چه‌پ و به‌رابه‌ریخوازی پێسکهوتنخوازی گرتووه‌و له قێزه‌ونترین مایکرۆفۆنی دنیاوه، به پێکه‌نینه‌وه سوکایه‌تی به مارکس و کۆمۆنیزم ده‌که‌ن!
ڕوناکبیرییهکهی بهختتیاریش له چه‌ند شوێنێکدا له‌م هاوکێشه‌یه به‌ده‌ر نییه،واته له ڕه‌وشتی فاشیزم،ئه‌گه‌رچی جاوازیشیان زۆره،به‌ڵام له دوو خاڵدا زۆر له یه‌که‌وه نزیکن،یه‌که‌م:دژایه‌تی سه‌رسه‌ختانه‌ی به‌ختیار بۆ مارکس و کۆمۆنیزم،وه‌ک دڕنده سه‌یکردنی ئه‌و دووانه،(هیتله‌ر)یش دووژمنی سه‌رسه‌ختی مارکس و کۆمۆنیزم بوو،واته دژایه‌تی فه‌لسه‌فه‌یه‌ک که باوه‌ڕی به هیچ جاوازییهک نه‌بوو،ئه‌و دژایه‌تییه‌ش له هیتله‌رو فاشیزمدا به کووشتارگهیهک بۆ مرۆڤایه‌تی و تراژیدیا‌و قڕکردنی یه‌هودییه‌کان دوایی هات.دووه‌م:فاشیزم له زماندا وه‌ک پێشتر ئاماژه‌یه‌کی کورتم پێدا،زمانی به‌ختیار پڕه له تووندوتیژی، سڕینه‌وه‌و بههیچکردنی به‌رامبه‌ر،سوکایه‌تیکردن و هه‌وڵدان له ڕێگه‌ی زمانێکی ڕه‌قه‌وه بۆ ده‌مکوتکردن، داهێنانی ده‌یان وشه‌ی پڕ سوکایه‌تی و ڕیسواکردن که من ڕێگه به خۆم ناده‌م به نمونه‌ش بییانئاخنمه نێو تێکستهکهمهوه،به‌شێکی سه‌نتراڵن له فه‌رهه‌نگ و زمانی به‌ختیار،که به‌بۆچوونم ئه‌و ڕه‌مزو خه‌سڵه‌ته زمانییه نه‌ک له فاشیزم جیانابێته‌وه به‌ڵکو خانه‌یه‌کی زیندووی جه‌سته‌ی فاشیزمه.
ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه:له دژایه‌تیکردنی(ڕۆشنبیر)به‌ختیار بۆ مارکس و کۆمۆنیزم و خه‌ونی به‌رابه‌ریخوازی، گاڵته‌پێکردن و ناشیرین‌کردنی چه‌مکی عه‌داله‌تی ڕه‌ها،ئه‌وه که گوایه(عه‌داله‌تی ڕه‌ها ئه‌م سه‌رزه‌مینه ده‌کاته دۆزه‌خ_شاری مۆسیقاره سپییه‌کان) به‌هاو سیفه‌تی ڕۆشنبیربوونی ئه‌م ڕۆشنبیرییه نه‌رێتییه_به‌ختیار_ناخاته ژێر پرسیاره‌وه؟به بۆچونم نه‌ک ده‌یخاته ژێر پرسیار‌و گومانه‌وه به‌ڵکو له‌و به‌هاو سیفه‌تانه دایده‌ماڵێت.چ ڕۆشنبیریی و بیر ڕۆشنییهک له‌وه‌دا هه‌یه سه‌رت له نێو فه‌رهه‌نگی پیس و دژه به‌شه‌ریی ناسێونالیزم و سیسته‌می سه‌رمایه‌دا بێت،له سه‌نگه‌ری دژی خه‌ونی میلێونان کرێکار‌و خه‌ڵکی به‌شمه‌ینه‌تدا ڕاوه‌ستیت، دواجاریش به ده‌نگی به‌رز هاوار بکه‌یت و خۆت وه‌ک سوڵتانی ڕوناکبیریی و گه‌وره‌کردنی فکر بناسێنیت! که‌واته ئه‌م چه‌مکه ئه‌م زاراوه‌یه(ڕۆشنبیر،ڕوناکبیر)، له ژێر پرسیاری جدیدایهو چاره‌سه‌ر نه‌کردنی تا ئێستاشی،گرێدراوی هه‌ژاریی زمانه‌وانی و کایه‌ی (ڕۆشنبیریی) کوردییه.هه‌روه‌ها سیفه‌تگه‌لێک که ئه‌م زاراوه‌یه له خۆیدا هه‌ڵیگرتووه،له بناغه‌وه ڕۆشنبیربوونی بهختیارو هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ک به‌ختیار بیر ده‌که‌نه‌وه له ڕیشه‌وه ههڵدهتهکێنیت.
ده‌توانین به به‌ختیار بێژین نوسه‌ر،شاعیر یان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردۆست،یان ئه‌فسانه‌ساز(که به‌ختیار له چاوپێکه‌وتنێکدا ئێژێت من ئهفسانهسازم)(هه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم سوکایه‌تی نییه،چوونکه به ڕاستی ئه‌و زاراوانه هه‌ڵگری مانا‌و خه‌سڵه‌ت و ڕه‌هه‌ندی قووڵ و کۆنکریتین) یان هه‌ر زاراوهیهکیتر که هه‌ڵگری ئه‌و کۆمانایه بێت،که بێگومان ئه‌وه‌ش کاری پسپۆرانی بواری زمانه‌و من ئێستا هیچ زاراوه‌یه‌کم له به‌ر ده‌ستدا نییه که ئه‌و کۆسیفهتانه له خۆیدا جێبکاته‌وه.
لایه‌نێکیتری ئه‌م شانۆگه‌رییه که به‌ختیار نمایشی ده‌کات،خۆ حه‌شاردانی خه‌سڵه‌ته په‌ڕگیرو ئینتیهازییهکانی خۆیه‌تی له پشت ئه‌و چه‌مکانه‌وه،ئه‌وه که له لایه‌ک سیاسه‌ت و سیاسییه‌کان وه‌ک کۆمه‌ڵه بوونه‌وه‌رێکی سته‌مگه‌رو دژی ئازادی وه‌سف ده‌کات،له به‌رامبه‌ریشدا خۆی و(ڕۆشنبیره جێمهبهستهکانی)وه‌ک فریشته‌و ئازادیخواز‌و مرۆڤ دۆست نمایش ده‌کات!ڕۆشنبیران ده‌باته ئاستێکی وه‌ها باڵاوه که ده‌بێت کۆمه‌ڵگه کڕنووشیان بۆ ببات.به‌ختیار دوای ئه‌وه که نزیکه‌ی نۆزده لاپه‌ڕه له پیاهه‌ڵدان و به ئه‌فسانه‌کردنی ڕۆشنبیراندا ڕه‌ش ده‌کاته‌وه،دوای ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیران تا نزیکی تواناییه‌کانی(خودا) ده‌بات،دوای ئه‌وه که له کاتی نوسینه‌کانیدا هه‌میشه تارمایی مارکس و لینین و کۆمۆنیزم خه‌یاڵی داگیر ده‌که‌ن و ناتوانێت له‌و(دێوزمانه)خۆی ڕزگار بکات،ئێژێت:(ئایا بگەڕێینەوە بۆ هاوکێشە بەلشەفییەکە سەبارەت بە ڕۆڵی پێشەنگکاری ڕۆشنبیران، سەبارەت بەوەی ڕۆشنبیران پێشڕەوانی ڕووناکبیرن و هوشیاری لە کایە زانستییەکانەوە دەگوازنەوە بۆ کەسانی سادەی ناو کۆمەڵگا؟. هەڵبەت ئەمە ڕێگایەکی داخراوە و دواجار لە دیکتاتۆرییەتێکی لینینی ستالینیدا تەواو دەبێت، بۆیە لە ڕاستیدا دەبێت ڕێگا چارەی دیکە بدۆزینەوە.هەڵەی هەرە گەورەی ئەم تێزە لینینییە ئەوەیە کە ڕۆشنبیران دەکات بە ڕابەری «کۆمەڵگا»…)
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌م:ناڕاستی ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌ختیار بسه‌لمێنم،دووه‌م:بۆ ئه‌وه‌ی بێئاگهیی به‌ختیار له پێش و پاشی نوسینه‌که‌ی نیشانبده‌م،سێیه‌م:بۆ ئه‌وه‌ی بوغز‌و سایکۆلۆژی بوغزاوی به‌ختیار له به‌رامبه‌ر لینین و کۆمۆنیزم نیشانبده‌م،ناچارم چه‌ند گوزارشتی به‌ختیار سه‌باره‌ت پێگه‌و گاریگه‌ریی (خودا)ئاسای ڕۆشنبیران به نمونه بهێنمه‌وه‌و با خوێنه‌ر خۆیشی به‌راوردی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی لینین و ئه‌و حیکایه‌ته درێژه‌ی به‌ختیار له به فه‌یله‌سوف کردن و خوداکردنی ڕۆشنبیران بکات.
ببینن:(ئەوە حیزبە سیاسییەکان نەبوون کە یەکەمجار ڕوکارە ترسناک و ناشیرینەکانی مێژووی ئەمڕۆمانیان بینیوە، بەڵکو ڕۆشنبیرانی کورد بوون…) (..لەبەرئەوەی ڕۆشنبیر یەکێکە لە هەرە هێزە گەورەکانی کۆمەڵگا کە دەتوانێت سنوور بۆ دەسەڵات دابنێت و پەلاماری بۆسەر هەموو ئاستەکانی دیکەی ژیان بوەستێنێت. ڕۆشنبیریی هیچ نییە جگە لە بیرکردنەوەیەکی بەردەوام لە شوێنی مرۆڤ لە ناو ژیان و گەردون و کۆمەڵگادا.(… ( ، ئەوەی وادەکات هەمووان هەست بەوە بکەن ئەو زەوییەی لەسەری وەستاون جێگیر نییە، ڕۆشنبیرانن …ڕۆشنبیر کەسێکە هەم ئەو زەوییە دەلەرێنێتەوە کە لە ژێر پێی خۆیدایە، هەم ئەو زەوییەش کە لە ژێر پێی ئەوانی دیکەدای… وەزیفەی دروستکردنی زانستیان هەیە، وەزیفەی جوڵاندنی دیالۆگی ناوەکی ناو کۆمەڵگایان هەیە، وەزیفەی گەورەکردنی سنووری ئیشی عەقڵیان هەیە، وەزیفەی سازاندنی تۆڕێکی گەورەیان لە گووتارە جیاوازەکان هەیە، وەزیفەی خولقاندنی جیاوازیان هەیە…)…( . لەو ساتەدا کە ڕۆشنبیر وەک بکەرێکی فیکری و کۆمەڵایەتی دەکوژرێت، سیاسەت و کۆمەڵگا دینەمۆ ئەخلاقییەکەی خۆیان دەدۆڕێنن…)… (کوشتنی ڕۆشنبیر تەواوی دەزگا کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت بۆ دەزگای کارتۆنی و تەواوی سیستمی حوکمڕانی دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵێک پرۆسەی کلێشەیی و ڕۆتینی بۆش…) . ڕۆشنبیر تەنیا کەسێکە کە دەتوانێت وا‌بکات مێژوو لە خۆی تێبگات…)( . مێژوو ناتوانێت بەبێ ئەم بکەرە لە خۆی بگات، ناتوانێت بەبێ ڕۆشنبیر لەوە تێبگات چی دەبێت بگۆڕێت و چی دەستکاری بکرێت، چی دووبارەببێتەوە و چی نوێ ببێتەوە. بەبێ ئەم ڕەگەزە، کارەساتە سیاسییەکانمان چەند گەورەبن ناتوانن ببنە دروستکەری…) دواتر ئێژێت:( واتە هەڵەیەکی گەورەیە ئەمە بەو لۆژیکە لینینیە تەفسیربکرێت کە گوایە ڕۆشنبیران هوشیاری دروستدەکەن و کۆمەڵگا دوایان دەکەوێت…)
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بێژم من نازانم لینین ئه‌و قسه‌یه‌ی له کوێدا کردووه‌و بۆ چ مه‌به‌ستێک کردوویه‌تی، ده‌بوایه به‌ختیار ئاماژه‌ی به سه‌رچاوه‌که‌ی بکردایه تا خوێنه‌ر بۆی بگه‌ڕایه‌ته‌وه.به‌ختیار بۆ تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی لینین گه‌ڕاوه‌ته‌وه نه‌ک ئه‌وه که هه‌وڵبدات له ڕوانگه‌ی میتۆدێکی لانی که‌می زانستییه‌وه ڕه‌خنه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی لینین بکات و نادروستییه‌که‌ی بسه‌لمێنێت،ئه‌گینا هه‌ر که‌سێک زۆر نا که‌مێک ئاگهی له فه‌لسه‌فه‌ی کۆمۆنیستیی مارکس هه‌بێت،هه‌روه‌ها لینین وه‌ک ڕابه‌ری به‌رجه‌سته‌ی چینی کرێکار‌و مارکسیست و باوه‌ڕبوونی لینین بۆ پێشه‌نگی و هێزی گۆڕانخوازی چینی کرێکار ببینێت ئاماده نابێت گوێ بۆ ئه‌و قسانه‌ی به‌ختیار بگرێت.نه بۆ لینین و نه بۆ مارکس و هیچ ڕابه‌رێکی مارکسیستی باسێک له پێشه‌نگبوونی ڕۆشنبیران له گۆڕێ نییه،پێشه‌نگبوون به‌و مانایه ڕۆشنبیران بزوێنهرو پاڵنه‌ری ڕه‌وتی گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگه‌و مێژووبن،به‌ختیار ئه‌گه‌ر هیچ له مارکس و لینین نه‌گه‌یشتبێت به‌ڵام له‌مه‌یان باش تێگه‌یشتووه،من دڵنیام ئه‌گه‌ر لینین بۆ مهبهستیتر ئه‌و قسه‌یه‌ی نه‌کردایه،واته باوه‌ڕی به پێشه‌نگبوونی ڕۆسنبیران هه‌بوایه ئه‌وا به‌ختیار وه‌ک هه‌میشه ئه‌و دێڕه‌ی لینینی به خه‌تێکی گه‌وره‌و به(ئاوی ئاڵتون)له سه‌ره‌تای نوسینه‌که‌یدا ده‌نوسی.به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخ و نیگه‌رانییه بۆ به‌ختیار ئه‌وه‌یه که دڵنیایه لینین باوه‌ڕی به‌و به خودا کردنه‌ی ڕۆشنبیران نه‌بووه که به‌ختیار باوه‌ڕی پێیه‌تی و له‌م نوسینه‌دا نمایشی کردووه.
ئێستا به سه‌رنجدانێکی کورتی ئه‌و گوزارشتانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی به‌ختیار له مه‌ڕ پێگه‌و تواناییه بان سروشتییه‌کانی ڕۆشنبیران،بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌وه‌ی لینین گوتویه‌تی(هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش گوتبێتی)دڵۆپێک له چاو ده‌ریاکه‌ی به‌ختیاره!به‌ڵام به‌ختیار به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت ته‌ڵه‌یه‌ک به خه‌یاڵی خۆی بۆ لینینی داناوه به قاچی خۆیدا ده‌ته‌قێت!ئه‌و چوونکه له ڕقه‌وه هێرش ده‌کاته سه‌ر لینین و مارکس و کۆمۆنیزم،دواجار له مایه‌پووچی و تێزێکی کرچ وکاڵ زیاتر هیچ به ده‌سته‌وه نادات.لینین ئه‌فسانه‌یه‌کی بێڕه‌گ و ڕیشه نییه تا مرۆڤ سوک و ئاسان ڕێگه به‌خۆی بدات گه‌مه به مانا‌و خه‌سڵه‌ته‌کانی بکات،ئه‌و مرۆڤی به‌رجه‌سته‌ی مێژوو بوو،جێده‌ستی له سه‌ده‌کان تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌وه‌ی پێویسته به بیری به‌ختیاری بهێنمه‌وه ئه‌وه‌یه که(تیوره)به نێو بوغزدا کار ناکات(تیوره) ده‌بێت له بوغز پاک بکرێته‌وه‌و به نێو سروشتی ڕامان و قه‌له‌ق و بیرکردنه‌وه‌و ڕۆچوونی فکرو مه‌عریفه‌دا گه‌شت بکات،ئه‌گینا دواجار هیچ شین ناکات…وه‌ک ده‌بینین…!
ئایا به‌ختیار(ڕۆشنبیر)ێکی بێلایه‌نه !
هیچ شتێک له‌م بۆچوونه‌ی به‌ختیار سه‌باره‌ت بێلایه‌نبوونی ڕۆشنبیران کۆمیدیتر نییه،نه‌ک هه‌ر کۆمیدی به‌ڵکو فریوکارییه‌کی گه‌وره‌شه!به جیا له‌وه‌ی که به‌ختیار له‌م نوسینه‌یدا خۆی ڕووبه‌ڕووی ناکۆکی و هاوکێشه‌یه‌ک له په‌یوه‌ند بێلایه‌نی و لایه‌نگیریی ڕۆشنبیر بۆ سیاسه‌ت ده‌کاته‌وه،که ناتوانێت چاره‌سه‌ری ئه‌و ناکۆکییه بکات،بۆ خۆده‌ربازکردن په‌نا ده‌باته به‌ر ئه‌م گوزارشته ئایینییه(…لێرەوە ڕۆشنبیر بە حوکمی چۆنێتی ئیش‌کردن و پێگەی بوونی هەم دوورە لە سیاسەت و هەم قووڵیش لە ناویایەتی. ئەوەش ئەو پارادۆکسە وجودییەیە کە شوناسی ڕۆشنبیر دەست نیشاندەکات…)هه‌ڵبه‌ته(ئه‌و پارادۆکسه وجودییه) ئه‌و دیده ئایینی و ئه‌و فێڵ و ڕاکردن و دۆشداماوییهیه که به‌ختیار لێیه‌وه فێڵ له خوێنه‌ر ده‌کات و خۆی پێدهرباز ده‌کات! به‌ڵام من لێره‌دا هێند کارم به‌سه‌ر ئه‌و فێڵه وجودییه‌ی به‌ختیاره‌وه نییه،ئه‌گه‌رچی خاڵی لاوازی فکریی بهختیاریشه،به‌ڵکو ده‌مه‌وێت به دوای بێلایه‌نبوونی سیاسی به‌ختیاردا بگه‌ڕێم.
پرسیار ئه‌وه‌یه:ئایا به‌ختیار بێلایه‌نه‌و بێلایه‌ن بووه؟له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چه‌مکه وه‌همییه که به‌ختیار بۆ بێلایه‌نی ڕۆشنبیران تاشیوێتی،ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئێژێت گوایه کاری له سه‌ر جیاکردنه‌وه‌ی ڕۆشنبیریی له سیاسه‌ت کردووه،ئایا بێلایه‌نی مانای چییه؟بێلایه‌نی له چی؟ئه‌گه‌ر له نێو یه‌ک مانگی ڕیکلامی هه‌ڵبژاردندا بۆ بێلایه‌نی یان لایه‌نگریی بهختیارو هه‌ڵبه‌ته برادهرهکانیشی_مه‌ریوان قانع و ڕێبین هه‌ردی و … ئه‌وانیدیش… بۆ سیاسه‌ت و سیاسییه‌کان بگه‌ڕێین،ئه‌وا ئێمه شاهێدی یه‌ک مانگی ڕیکلامی ئه‌م (ڕوناکبیره)بێلایهنانهین بۆ لیستی به نێو گۆڕان،یه‌ک مانگی(ئاکتیڤیستی سیاسی)یه‌ک مانگی له پڕ له خهوڕابوون و په‌شۆکان ،مانگێک که نه‌یانده‌زانی له کوێوه ده‌ست پێبکه‌ن و چۆن ته‌فسیری ئه‌و شڵه‌ژان و ڕاته‌کاندنه کۆمه‌ڵایه‌تییه بکه‌ن.ئه‌وه‌ی نوسینه‌کانی ئه‌و یه‌ک مانگه‌ی به‌ختیاری خوێندبێته‌وه ئه‌و خۆ لێوونبوون و په‌شۆکان و سهرلێدهرنهکردنهی به‌ختیار ده‌بینێت،(بۆشایی)یه‌کان نمونه‌یه‌کی به‌رجه‌سته‌ی ئه‌و سه‌رگه‌ردانییه فکرییه هه‌ژارانه‌یه که له‌لایه‌که‌وه بێ مه‌عریفه‌یی به‌ختیار له ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوو به‌یان ده‌کات و له‌ولاشه‌وه ئاکتیڤیستی سیاسییه‌ک بۆ گۆڕانه‌که!
به‌ختیار که باوه‌ڕی وابوو ئه‌وه‌ی که پاڵ به مێژووه‌وه ده‌نێت بۆشاییه‌کانه،بۆیه باوه‌ڕیشی هێنابوو که لیستی گۆڕانه‌که له ئاستانه‌ی شۆڕشێکی ڕۆشنگهردایه.که‌سێک باوه‌ڕی وابێت که ئه‌وه بۆشاییه پاڵ به مێژووه‌وه ده‌نێت و مێژوو دروست ده‌کات،هه‌رگیز نا‌توانیت ئه‌وه ببینێت،ئاڵ و گۆڕ له سیاسه‌ت،له مۆراڵ و فه‌رهه‌نگ و کولتور،له یه‌ک وشه‌دا له جیهانبینی تاک و کۆمه‌ڵگه‌دا به خولانه‌وه به ده‌وری تهپۆڵکهیهکدا دروست نابێت.گۆڕان کاری بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌یه،به ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ له سه‌رتاپای سیسته‌می مه‌وجود شکڵده‌گرێت،به ڕه‌خنه‌گرتن له کولتور‌و فه‌رهه‌نگ و ته‌واوی سه‌مبول وبه‌ها کۆن و ڕزیوه‌کان و له پرۆسه‌یه‌کی پڕکێشمهکێشی مێژوویی‌دا گه‌شه ده‌کات و دێته‌بوون،نه‌ک ئه‌مڕۆ یه‌کێتیم و سبه‌ی گۆڕانخواز،ئه‌مڕۆ تاڵانچیم و سبه‌ی پارێزه‌ری سامان،ئه‌مڕۆ ژن کوژم و سبه‌ی یه‌کسانیخواز!
بهختیارو براده‌رانی گه‌مه‌یه‌کی ناشیرینیان کرد،ئه‌وان که مێژوویه‌که_هه‌ژده ساڵه له په‌نا ده‌سه‌ڵاتێکی ژن کوژو تاڵانچیدا قه‌راریان گرتووه،ناتوانن بزانن ڕه‌وت و گه‌شه‌ی مێژوو چییه،خه‌ڵک چی ده‌وێت، بزوتنه‌وه شۆڕشگێڕ‌و ئاڵ و گۆڕخوازهکان کامانه‌ن،میکانیزمه‌کانی ئاڵ وگۆڕ له فهرههرنگ و مۆراڵی تاک و کۆدا چییه.من له بهختیارو ئهواندیش ده‌پرسم:له‌و وڵاتانه‌ی که ئێوه تێیدا ده‌ژین،ئه‌گه‌ر که‌سێک له هه‌ر پۆستێکی ئیداریدا بێت،له پۆستی فه‌رمانگه‌یه‌کی بچووکه‌وه تاده‌کاته وه‌زیرو سه‌رۆکی حکومه‌ت، گومانی گه‌نده‌ڵی و تیرۆر‌و کۆکوژی ده‌یان و سه‌دان به‌شه‌ری له سه‌ر بێت،ده‌کرێت و ده‌توانن ببنه سه‌رۆکی حکومه‌ت و حکومه‌ت دروست بکه‌ن؟باوه‌ڕم وایه ئێژن نا…به‌ڵکو له‌وه‌ش زیاتر ئێژن:ده‌بێت دادگه‌یی بکرێن!ئه‌ی چۆن په‌رده‌ی بێلایه‌نیتان دڕاندو له پشتی که‌سێکه‌وه ڕاوه‌ستان مێژوویه‌کی له سه‌رکوت و سته‌مگه‌ریی و دیل کوشتندا هه‌یه!به‌ختیار…له ڕۆمانی(دواهه‌مین هه‌ناری دونیا)که‌تدا باسی دیل کوشتن ده‌که‌یت،له بیرته شه‌وێک چۆن دیله‌کانیان ده‌کوشت!ئه‌ی ده‌توانیت پێمان بێژیت ئه‌و دیل کوژانه کێن و کێ بوون…!خۆ ناکرێت بێژیت ئه‌وه ڕۆمانه‌و گه‌مه‌ی فه‌نتازیایه…!به‌ختیار ده‌زانیت دیل کوشتن چییه..!ده‌زانیت دیل نامۆترین و بێکه‌سترین ڕۆحله‌به‌ری دنیایه..ده‌زانیت دیل چه‌ند بێکه‌سه..! ئه‌ی پێم بێژه:که‌سێک،گروپێک،سیسته‌مێک دیل بکوژێت ده‌بێت چ دنیایه‌کی تاریک چ مۆراڵێکی ڕه‌ش له پشتی دیل کوژانه‌وه ڕاوه‌ستابێت!ئه‌ی ئه‌وه چییه وا له تۆ_ئێوه ده‌کات ئه‌و جیهانه ڕه‌ش و شه‌وه‌زه‌نگه نه‌بینن و دیل کوژان به ڕه‌مزی گۆڕان و په‌یامبه‌ری عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بناسێنن!چۆن ده‌توانیت جێگه‌ی ئه‌م تێکستهت بکه‌یته‌وه: :(ئەوە حیزبە سیاسییەکان نەبوون کە یەکەمجار ڕوکارە ترسناک و ناشیرینەکانی مێژووی ئەمڕۆمانیان بینیوە، بەڵکو ڕۆشنبیرانی کورد بوون…)بێگومان ئێوه نه‌بوون، ئه‌گه‌ر ناشیرینییهکانتان ببینایه مێژوویه‌کی ههژدهساڵیتان له سایه‌ی ده‌واری ژن کوژاندا نهدهنوسییهوه!
ئێستا پێویسته بۆ مێژوو بگه‌ڕێینه‌وه،له نێو مێژوودا بۆ بێلایه‌نی یان لایه‌نگریی به‌ختیار بۆ سیاسه‌ت بگه‌ڕێین،مێژوو ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌یه هه‌موو ئاسه‌واره‌کان ده‌پارێزێت،ئه‌و ئاوێنه‌یه‌یه هه‌رچه‌ند ئێستا له به‌رده‌میدا به ڕه‌نگ و بۆنی تازه‌وه ڕاوه‌ستیت به‌ڵام ئه‌و ڕۆخسارو ڕه‌نگ و بۆنی دوێنێت نیشان ده‌دات، هه‌ر ده‌مامکێک بپۆشیت ئه‌و سیما ڕاسته‌قینه‌که ده‌رده‌خات.
با له‌م تێکسته‌وه بچینه نێو مێژووی به‌ختیاره‌وه. ئێژێت:(بۆ نمونە لە ساتی ڕاپەڕیندا ئینتیمای گەورە بۆ «پرسی ئازادی و پرسی ڕزگاری نەتەوە» بوو، نەوەک مەسەلەی ئینتیما بۆ پارتی یان یەکێتی یان بیری چەپ یاخود ڕاست… ئەو ساتە هەموو دەمانزانی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان چ جۆرە هێزێکن، چ جۆرە ڕابوردوویەکیان هەیە، بەڵام لەو چرکە ساتە مێژووییەدا ئینتیما بۆ پرسێکی گەورەتر لە گۆڕی بوو، هیچ کەسیش نەبوو بتوانێت دژایەتی ڕاپەڕین بکات لەبەرئەوەی دەزانێت هێزە سیاسییەکانی چین و چ هێزێکن، وە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەش دەبوو کەسێک دژایەتی ڕاپەڕین بکات، لەبەرئەوەی شوناسی سیاسی ئەو هێزانە دەناسێت و بەدڵی نییە، چونکە لە ڕۆحی ئەو ساتەدا ماهییەت و چۆنێتی گۆڕانکارییە مێژووییەکە لە هەموو شوناسێکی سیاسی گرنگتر و گەورەتر بوو…)
به‌ختیار ئێژێت: ئەو ساتە هەموو دەمانزانی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان چ جۆرە هێزێکن، چ جۆرە ڕابوردوویەکیان هەیە)به‌ڵام له به‌ر خاتری نه‌ته‌وه ده‌بوا چاوپۆشی له هه‌موو بهربهرێتێک بکه‌ین.به‌ڵام به‌ختیار لیره‌دا گه‌مه‌یه‌کی فریوکاری ده‌کات،چوونکه به زۆر پرسی دژایه‌تی ڕاپه‌ڕین دێنێته گۆڕێ،چونکه که‌س دژایه‌تی ڕاپه‌ڕینی نه‌کرد،چه‌پ وڕاستی کۆمه‌ڵگه به‌شداری ڕاپه‌ڕینیان کرد،به‌ڵام به‌ختیار ده‌یه‌وێت له ژێر نێوی ئینتیمای گه‌وره بۆ پرسی نه‌ته‌وه،ئینتیمای ناسێونالیستی خۆی بۆ ناسێونالیزمی کورد_ پارتی ویه‌کێتی بشارێته‌وه،(واته سیاسه‌تکردن و لایه‌نگیری خۆی له‌و مێژووه‌دا)ئه‌مه هه‌وڵێکه بۆ شانخاڵیکردنه‌وه‌ی مێژووی هه‌ژده ساڵی بنده‌ستیی خۆی بۆ پارتی و یه‌کێتی،ده‌یه‌وێت له ژێر نێوی ئینتیما بۆ نه‌ته‌وه ڕه‌وایه‌تی به‌و مێژووه بندهستییهی خۆی بۆ پارتی و یه‌کێتی بدات.ئێژێت هه‌موو ده‌مانزانی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستان چ جۆره هێزێکن،چ جۆره ڕابردوویه‌کیان هه‌یه،به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وه‌ش ده‌بوا چاوپۆشیمان لێیان بکردایه،بۆچی؟چوونکه پرسی نه‌ته‌وه له هه‌موو شتێک گرنگتر بوو! واته له سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیندا بۆ به‌ختیار ئه‌وه جێی پرسیار نییه‌و نه‌بوو که ئاخۆ ج هێزێک ڕاپه‌ڕین ئاراسته ده‌کات و بۆ کوێی ده‌بات. به‌ختیار که ده‌زانێت پارتی و یه‌کێتی_ ناسێونالیزمی کورد بۆگه‌نیان کردووه،ئه‌و که هه‌ژده ساڵه(گوتاردهرو ئاکتیڤیستێکی سیاسی بێلایه‌نی!) نێو میدیاکانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بووه،کۆڕ‌و سیمینار‌و چاوپێکه‌وتنیان بۆ کردووه‌و سازداوه،ته‌واوی مایکرۆفۆنه ناشیرینه‌کانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له خزمه‌تدا بووه،ئێستاش ده‌یه‌وێت له ژێر ناو‌و پاساوی پرسی ئه‌فسانه‌ی ئازادی و نه‌ته‌وه چاوی تیژبینی مێژوو کوێر بکات!سه‌یری ئه‌م ته‌قه‌لا کۆمیدییه‌ی به‌ختیار بکه‌ن: لە ساتی هەڵبژاردنی نەوەدودوودا هەموو دەمانزانی پارتی و یەکێتی هەموو کورسییەکان دەبەن، بەڵام ئەوە نەبووە مایەی ئەوەی کە دژایەتی پرۆسەی دیموکراتی و هەڵبژاردن بکەین، هەر ڕۆشنبیرێکیش بە ناوی «خۆپاراستنەوە لە سیاسەت» دژایەتی ئەو پرۆسەیەی بکردبایە دەکەوتە هەڵەیەکی کوشندەوە…)به‌ختیار ڕاست ده‌کات دژایه‌تییان نه‌کرد،ئه‌م پێلێنانه زۆر گرنگه، تراژیدیاکه‌ی به‌ختیاریش و ئه‌وانیدیش لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات،دووباره‌کردنه‌وه‌ی مێژووش_واته کۆمیدیاکه‌ی _له لایهنگیریتان بۆ لیسته‌که‌ی گۆڕان،(مارکس وا ئێژێت،خه‌تای من نییه!)ده‌ڵێت ده‌مانزانی هه‌موو کورسییه‌کان ده‌به‌ن،به‌ڵام دروستتر ئه‌وه‌یه بێژیت ده‌مانزانی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌یان تاڵان ده‌کرد، هه‌زاران ژنیان تیرۆر ده‌کرد،فه‌رهه‌نگ و مۆراڵی کۆمه‌ڵگه‌یان گه‌نده‌ڵ ده‌کرد،ئازادییان ده‌کوشت و هه‌زار تاعونیتر… سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌بوا دهنمان پێبدابان!سه‌رباری ئه‌وه‌ش به نێوی(خۆپاراستنه‌وه له سیاسه‌ت)هه‌ڵه‌یه‌کی کوشنده‌مان ده‌کرد ئه‌گه‌ر ده‌نگمان نه‌دابایه…!به‌ڵام پرسیاری جدی ئه‌وه‌یه:ئه‌و کرێکاره(نه‌خوێنده‌واره‌ی)که ئه‌وساو ئێستاش ده‌نگی نه‌داو ده‌نگ نادات هه‌ڵه‌ی کوشنده‌ی کرد‌و ده‌کات، یان ئێوه‌ی(ڕۆشنبیرانی)ده‌نگه‌ده‌ر؟بێگومان ئێوه نه‌ک هه‌ڵه‌تان کرد،به‌ڵکو تاوانێک که هه‌ژده ساڵه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته تاڵانچی و ئازادی کوژه به حه‌قی خه‌ڵکی کوردستانی ده‌کات ناڕاسته‌وخۆ چمکی کراسهکانتان ده‌گرێت…!
ئێستا ئێمه له‌و تێکسته‌ی سه‌ره‌وه(به‌ختیار)ێکی سیاسی ده‌بینین،به‌ختیار ناتوانێت به‌م جۆره گوزارشتانه خۆڵ له چاوی دنیا بکات:(ئەوەی ڕۆشنبیر نابێت ببێتە سیاسی مانای ئەوە نییە کە ڕۆشنبیر لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی و مێژوویی خۆی ئیش نەکات…)هه‌ژده ساڵه له ژێر په‌رده‌ی(ڕۆشنبیری)بێلایه‌ندا له په‌یوه‌ندییه‌کی سیستماتیکیدان له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناسێونالیستی پارتی ویه‌کێتی،ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کیشیان گرتبێت زیاتر له‌وه‌ی ڕه‌خنه بێت ئامۆژگاری کردنی ده‌سه‌ڵات بووه.هه‌ژده‌ساڵه له‌لایه‌که‌وه خه‌ریکی ختوکه‌دانی هه‌ستی کۆنه‌په‌رستانه‌ی ناسێونالیستی و نهتهوهچێتین و له‌ولاشه‌وه تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و دژایه‌تییه‌کی سهرسهختانهو بوغزاوی مارکس و کۆمنیزم ده‌که‌ن،به‌مه‌ش ئێژن بێلایه‌نی!به خاتری پرسی ئازادی نه‌ته‌وه چاوپۆشی له به‌ربه‌رێتی پارتی و یه‌کێتی ده‌که‌ن،له دوای ئه‌وه که کۆمه‌ڵگه خه‌ریکه کاسه‌ی تووڕه‌ییان به سه‌رسه‌ری ده‌سه‌ڵاتداراندا قه‌ڵپ ده‌که‌نه‌وه،به‌ختیار به ئاگه دێت و ئه‌گه‌ری به‌ره‌و فاشیزم بوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان به‌یان ده‌کات!لێره‌دا به نه‌رمییه‌وه ئێخه‌ی به‌ختیار ده‌گرین و به پهستییوه ئه‌م پرسیاره‌ی لێده‌که‌ین:ئه‌گه‌ر هه‌ژده‌ساڵ به‌ر له ئێستا ده‌تزانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته_پارتی و یه‌کێتی چییه_واته سیسته‌می حوکمڕانی به‌ره‌و فاشییه‌ت ده‌به‌ن،مانای چییه هه‌ژده‌ساڵه بێده‌نگیت هه‌ڵبژاردووه‌و دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێک بۆگه‌ن ده‌کات به ده‌نگ دێیت؟!مانای چییه هه‌ژده‌ساڵه له مایکرۆفۆنه‌کانی ئه‌م فاشییهتهوه باسی(دیموکراتیزه‌کردنی)سیسته‌می حوکم ده‌که‌یت؟به‌ڕاست ده‌بێت ج پاساوێکت بۆ ئه‌و قسانه‌ت هه‌بێت؟ئه‌گه‌رچی باوه‌ڕم وایه که ئه‌و هێزه‌ت نه‌ناسیبێت و تازه ده‌رکت به‌و دنیا ڕه‌شه کردبێت که ئه‌و هێزه هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتبوو،به‌ڵام چوونکه ئه‌و ئیعترافه خۆت ده‌یکه‌یت ده‌بێت به هه‌ند وه‌ربگیرێت.
له کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه بێژم:تۆ_ئێوه ئه‌گه‌ر هیچ کارێکیترتان نه‌کردایه،ته‌نها قسه‌کردنتان له‌و مایکرۆفۆنانهوه(حه‌رام)بکردایه مێژوویه‌کی مه‌زن و بێوێنه‌تان بۆ خۆت_خۆتان تۆمار ده‌کرد!ئێوه که نه‌تانتوانی ئه‌و مێژووه تۆمار بکه‌ن،که‌چی مێژووتان دووباره کرده‌وه،جارێک به تراژیدیا‌و جارێک کۆمیدیا…ئاوای گوت مارکس!کازم قادر
31.07.2009