Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
پکک و پارتی بۆ وا لە خەڵکی ڕۆژئاوا ئەکەن؟

پکک و پارتی بۆ وا لە خەڵکی ڕۆژئاوا ئەکەن؟

Closed
by June 30, 2013 گشتی

 

 

 

 

پەیەدە ٣٠ خۆپێشاندەری کورد ئەکوژێت و برینداریان ئەکات ئەڵێ “ئەوانە چەتە بوون و کەسێکمان گرتوە کە لە ناو ماشێنەکەیدا حەشیش بینراوە”. ئایا ئەو هەموو خەڵکەی کە ماوەیەکە گرتوتانە هەموویان حەشیش فرۆش بوون؟!!!

تەلەفزیۆنەکانی پارتی: “لە ڕۆژئاوا پکک سیستێمی دکتاتۆری و تاکە حیزبی پەیڕەو ئەکات”. وەکو بڵێی ئەوە ٢٠ ساڵە سیستێمی هۆڵەندا لە بادینان پەیڕەو ئەکرێ!!.

ڕێکخراو و کەسایەتیە مەدەنیەکان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ و بەشێک لە ڕاگەیاندەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی پارتی، ناوێرن باسی ڕوداوەکەی دوێنێی عامودێ بکەن، نەوەک بۆچونەکانیان بکەوێتە خزمەتی پارتی. ئەوان بەتانیا باسی ئەو کردارانە ئەکەن کە ڕاستەوخۆ پارتی پێ سوک و بچووک ئەکرێتەوە. 

ماوەیەکە پارتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوانەی نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق بە پشتگیری مێدیایی، ماددی و سیاسی حکومەتەکەی نێچیرڤان بارزانی چەندین چالاکی مەدەنی وەک مانگرتن لە خواردن و خۆپێشاندان دژ بە پارتی یەکێتی دیموکراتی “پەیەدە”ی نزیک لە پکک لە شاری عامودە ئەنجام ئەدەن. “پەیەدە” ماوەیەکە چەند کادرێکی پارتەکانی ڕۆژئاوای دەستگیر کردوە و ئەڵێ ئەوانە حەشیش فرۆشن. لە بەرانبەر ئەوە، لایەنگری ئەو پارتانە بە پشتگیری و ڕێنمایی حکومەتی هەرێم، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد، دژ بە پەیەکە. ئەو کارە دوێنێ گەیشتە ئاستی تەقینەوە و هێزەکانی “پەیەدە” تەقەیان لە خۆپێشاندەرانی سەربەو حیزبانە کردو نزیکەی ٣٠ کەس بریندار و ٦ کەس کوژران. ئەو ڕوداوە هەروا ڕوداوێک نیە سەرپێیانە قسەی لەسەر بکەین، ئەوە پێویستی بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد هەیە ئەگەرنا شەڕی ناوخۆیی، واتە شەڕی پکک ەو پارتی لەسەر ڕۆژئاوا ساز ئەبێت و ئەو دەرفەتەی لەوێ هاتۆتە ئاراوە لەدەست ئەدەین. 

دوای ئەوەی بەهاری عەرەبی لە دەستی گەنج و لاو، ئافرەتە پێشکەوتوخوازەکان دەرهێندراو کەوتە دەستی ئیخوانەکان و مێدیاکانی وڵاتانی کەنداو وەک ئەلجزیرە، ئەل حەیات و … چەندین دەزگای ڕاگەیاندنی دیکەی سەربە وڵاتانی کەنداو، ڕووی ڕاپەڕێنەکە گەیشتە سوریا. هاتنی بەهاری عەرەبی بۆ سوریا کە لە بەهارەکەی خەسێندرابو، هاوسەنگی سیاسی لە بنەڕەتدا گۆڕی و کوردی هەرچواربەشی کوردستانی بەسەر بەرەی ئێران – سوریا – حیزب اللە لە لایەک و بەرەی وڵاتانی کەنداو – تورکیا لە لایەکەی دیکە دابەش کرد. پکک کە تا ئەوکاتە لە سەر تەپۆڵکەکانی قەندیل و سنور، گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە کوشت ئەدا و ڕاوە پاسداری ئەکرد، بە شەوو ڕۆژێک گردەکەی تەسلیم کردنەوە و پەژاکی خانەنشین کرد و سەرچۆپی هەڵپەڕکێکەی دایە دەستی دەستەخوشکەکەی کە پارتی یەکێتی دیموکراتی “پەیەدە” بو لە سوریاو ڕۆژئاوای کوردستان. 

ئەو نان و پەنیرە چەورەی کە لە قامیشلۆوە ئەهات هەناسەیەکی گەورەی بە پکک داو، ئەو پارتە توانی خۆی لەو چەمبەر و قەیرانە ڕزگار بکات کە بەهۆی نەزۆکی شەڕی کلاسیکی پارتیزانی تێیکەوتبو. لەگەڵ ڕاوەستاندنی شەڕی نێوان پکک و ئێران و کرانەوەی بەرەی سوریا و ڕۆژئاوا بەڕوی کادرانی، پکک توانی گۆڕەپانی سیاسی، دبلۆماسی و سەربازی فراوان بکات و لە ئاستی سەربازیدا تەکتیکی نوێ پێش بخات و زەبرێکی زۆری بە هێزی سەربازی تورکیا گەیاند بەتایبەتی لە ناوچەی شەمزینان و حەکاری. ئەوە وایکرد ئەردۆغان جگە لە شەڕ بیر لە ڕێگای دیکە بکاتەوە و پڕۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆجالان، هاتە ئاراوە.

پکک و حکومەتی مالیکی ناچاربوون بەشێوەیەک لە شێوەکان بچێتە ناو بەرەی ئێران – سوریا – حیزب اللە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش خۆی لە تورکیا نزیکتر کردەوەو چوە بەرەی سونی و دژە سوریاوە. 

پکک گۆڕەپانی باشوری کوردستانی بۆ پارتی و ڕۆژهەڵاتی بۆ ئێران چۆڵکرد، بەڵام ئامادە نەبو یەک هەنگاو لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پارتی بێتە دواوە. 

پارتی بە سیستێمە ڤەرتیکاڵیەکەیەوە واتە لە سەرەوە بۆ خوارەوە هەوڵیدا، بە پارە، گوشاری دیبلۆماسی و داخستنی دەروازەکان پکک ناچار بکات هەنگاو بۆ دواوە بنێت و کەمێک ڕۆڵ بە حیزبۆکەکانی نزیک خۆی بدات کە لە ئوتێلەکانی هەولێر نیشتەجێن. هەموو ئەوکارانەی پارتی لە ژێرناوی تۆلێرانسیەت، فرەحیزبیەت و دژبەرایەتی کولتوری دکتاتۆریەت ئەکران. پارتی لە بیریچو کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە لە بادینان سیستەمی تاک-حیزبی و ناتۆلێرانسیەت بەڕێوە ئەبات. بەتەنیا لە ساڵی ١٩٩٣ لە ژێردەستەڵاتی ئەو پارتیەدا، دەیان سەرکردە و کادری بەرزی حیزبەکانی کوردستانی لە بادینان تێرۆر کران. سیاسەتی ڤەرتیکاڵی پارتی نەک بەتەنیا لە ئاستی ڕۆژئاوا، بەڵکو لە ئاستی باشور و هەرچواربەشی کوردستان و کوردانی تاراوگەدا، شکستی خواردو ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بۆتەوە. خانەنشینکردنی کۆمەڵگە، بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار پرۆژەی  حیزبی بێبەرهەم و شێورمەندی نەزۆک، بچوککردنەوەی کوردستان لە دەستی ئەلیتێکی بچوک و بنەماڵەیەک، وایکرد تەنانەت هاوپەیمانەکەشی لێی هەڵگەڕێتەوە.ئاخر ئەو میتۆدە لە سعودیەو کەنداودا شکستی خواردوە و ئەوە خەریکە بەرە بەرە کۆمەڵگە دژی سیستێمی شانشینە بنەماڵەییەکان سەرهەڵئەدات، تۆ چۆن لە کوردستانێکی فرە حیزبی و فکری، فرە کولتور و ئاینی، فرە ئەتنێکی و جوگرافییایی ئەتوانی بە کۆکردنەوەی چەند دەزگایەکی مێدیایی، موچەبڕینەوەیەک، کۆکردنەوەی چەند حیزبێکی ئێکسپایەر کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە بکەیت؟ ئەتۆ چ کارت بە دیموکراتیزەکردنی قامیشلۆ دایە. بڕۆ جارێ بادینانی کەڕوڵال دیموکراتیزە بکە، ئینجا باسی فرەحیزبیەت لە قامیشلۆ بکە.

پکک ئەبێ دەستبەرداری ئەو سیستێمە کلاسیکیە بێت کە لە باکوری کوردستان و ڕۆژئاوا سازی کردوە. ئەو سیستێمەی کەجەکە کە پکک پەیڕەوی ئەکات، تاڕادەیەک لە ناوەڕۆکەوە لاساییکردنەوەی سیستەمی دەوڵەتی کەمالیستی تورکیایە. تا ئەو ساڵانە، لە تورکیا چەپ هەبوو، نەتەوەپەرست هەبوو، سۆسیال دیموکرات هەبوو، لیبراڵ هەبوو، بەڵام ئەوانە هەموویان لە ژێر یەک سیستێمدا کۆکرابوونەوە و هەموویان ئەو سیستێمە کەمالیستیەیان قەبوڵ بوو. ئێستاش پکک لە هەرچوار بەشی کوردستان حیزبێکی تایبەت بەو بەشەی هەیە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و مانگی سوری هەیە، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆمەڵەی ئیسلامی هەیە، ئەوانە هەموویان لە ژێر چەتری کەجەکە ڕێکخراون و ڕێنماییەکانی خۆیان لە کەجەکە وەرئەگرن. کەجەکە ئەندامانی کۆنسەی سەرۆکایەتی پکک ەن. ئەوان هەر کاتێک بیانهەوێ، بەبێ هیچ میکانیزمێکی دیموکراتیانە، بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوانەو تەنانەت سەرکردەکانیان ئەگۆڕن. ئایا ئەو جۆرە سیستێمە چەند دیموکراتیەو چەند ئەتوانێ بڕیاری ڕاست بدات؟ تا چەند ئەتوانێ لە کوردستانێکی فرە کولتور و فرە فکریدا سەرکەوتن بەدەست بێنێ؟ ئەبێ پکک چارەسەریەکی دیکە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بدۆزێتەوە. ئەگەرچی من بەتەواوەتی دژی دەستێوەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانم لە ڕۆژئاوا و بەڕاستی نازانم لەو ڕەوشەدا پارتی هێزێکی دیکەی ملیشیایی ساز بکات، بەڵام ناکرێ ئەو ناوچەیە تا چەند مانگ و ساڵێکی دیکە لەلایەن یەک حیزب، یەک ئایدیۆلۆجیا، یەک هێزی چەکداری کە هیچ ئینتیمایەکی یاسایی و نیشتیمانی نیە کۆنتڕۆڵ بکرێ. لە حاڵێکی وادا پکک ڕوبەڕوی زۆر کرداری ورووژێنەر ئەبێتەوە. 

پارتی سورە لەسەر ئەوەی ببێتە ڕیشسپی سەرجەم کوردەکان. ئاخر واقعی نیە کە پکک ەو ئۆجالان ٣٠ ساڵە لەو بەشەی کوردستان خەباتی ڕێکخستنی ئەکەن، هەزاران شەهیدیان هەیە. لە هەر ماڵێکدا چەند کادر و ئەندامیان هەیە، تۆش بتهەوێ بچیە سەر سفرەی حازر و بە دوو ڕۆژ بەڕەکە لە ژێر دەستی پکک دەربێنی.

 ئەگەرچی هەست ئەکرێ پارتی لە پشت هاندانی ئەو خەڵکە بێ کە دژ بە پەیەدە خۆپێشاندانیان کردوە، بەڵام ناکرێ پارتی ناوبراو لە ژێرناوی جۆراوجۆر کادری پارتەکانی دیکە دەستبەسەر بکات و تەقە لە خۆپێشاندەران بکات. ئەوە جگە لە تۆتالیتاریەت هیچی دیکە نیە.

لەگەڵ ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پارتێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن قوربانی و نرخی بەهێزە، چەند ساڵێکە ئەو پارتە خەریکی سیاسەتێکی خۆپەرستانەیە کە بەتەنیا خەڵکی ڕەشوڕوت و خەڵک تیایدا ئەبنە قەربانی. ئەوان لە کاتێکدا هیچ دەستکەوتێکی باشوری کوردستانیان قەبوڵ نەبوو، ٣ جۆرە پارتی سیاسیان دژ بە سیستێمی سیاسی باشور سازکردن. لە ئەنجامی کۆمەڵێک شەڕی ناوخۆییدا هەزاران کەس لە هەردوولادا بونە قوربانی، کەچی ئەوڕۆ جگە لە کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ ئۆجالان و گەیاندنی ئازوقەو دەرمان بۆ سنورەکان، چاویان هیچ ئازارێکی خەڵک نابینێ. لە هەڵبژاردنێکی پێشودا، موراد قەرەیلان گوتی: “بارزانی گونجاوترین کەسە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم”. بەرپرسیارانی بەدەپە بە “گی پی ئێس” یش ناتوانن ماڵی هەژاران، گۆڕی سەردەشت  عوسمان و ڕێژوانەکان بدۆزنەوە، بەڵام چاویان ببەستی، بە سەعاتێک لە ئەنکەرەوە ئەگەنە سەر گۆڕی بارزانی و سەری ڕەش. ئەوە خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی پرەنسیپە سۆسیالیستەکانی ئەو حیزبەیە. کام پرەنسیپی سۆسیالیستی ڕێگا ئەدات، ئازارەکانی خەڵک لە بەشێکی کوردستان بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی لە بەشێکی دیکەی کوردستان؟

من چارەسەری ئەو ڕەوشە تەنانەت بەتەنیا لە ئیتیفاقی نێوان پکک و پارتیشدا نابینمەوە کە هەندێک مێدیا و کەسایەتی باسی ئەکەن. ڕێککەوتنێكی لەو جۆرە، ئەگەری دووبارەبوونەوەی جۆرێک لە جۆرەکانی ئەزمونی سیاسی دووحیزبی باشوری کوردستانی لێ ئەکەوێتەوە. باشترین چارەسەری لە دەستی پکک خۆی دایە. ئەگەر پکک هەندێک بە دڵفراوانی و دیموکراتیانە بجولێتەوە و کۆتایی بەو تموح و خەونی کۆکردنەوەی کوردستان لە ژێر یەک چەتردا بێنێ، پێموایە بەشێک لە لایەنەکان پشتگیری لێ ئەکەن. ئەگەر هاتو پارتی بە هەمان شێوە هیچ نەبێ ماوەیەک خۆی بگرێ تا ڕەوشی ئەسەد یەکلایی ئەبێتەوە و گوێ لە ئەندامە ئوتێل نشینەکانی هەولێر و هەندێک کەس نەگرێ کە بەرژەوەندیان لە ئاژاوە دایە، ئەوا کێشەیەک لە ئارادا نامێنێ و هەڵومەرجی هەڵبژاردن یان ڕێفراندۆمێک لەو ناوچەیە دێتە ئاراوە.

 

هیوا عەبدوڵا

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.