Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاداچوونه‌وه‌یه‌کی کورت به‌ وه‌ڵامه‌که‌ی کاک فوئاد قه‌ره‌داخیدا

پیاداچوونه‌وه‌یه‌کی کورت به‌ وه‌ڵامه‌که‌ی کاک فوئاد قه‌ره‌داخیدا

Closed
by July 28, 2008 گشتی

 پیاداچوونه‌وه‌یه‌کی کورت به‌ وه‌ڵامه‌که‌ی کاک فوئاد قه‌ره‌داخیدا
      ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی کوردستان
 
 عارف که‌ریم- ستۆکهۆڵم
 
 هاوڕێی دێرین و ئازیزم کاک فوئاد قه‌ره‌داخی وه‌ڵامی به‌شێک له‌ زنجیره‌ وتاره‌که‌ی منی داوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هاولاتیدا ، ژماره‌کانی436 ، 437 ، 439  ڕۆژانی 2 ، 6 ، 13 / 07 / 2008 .
 له‌م پیاداچوونه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ڵامێکی کورتی ئه‌و خاڵانه‌ بده‌مه‌وه‌ که‌ سه‌رنجی منیان ڕاکێشاوه‌ و له‌ هه‌مانکاتدا  هیوادارم کاک فوئاد گرژی و ژاکاوی پێوه‌ دیار نه‌بێت و ته‌نها به‌و به‌شه‌وه‌ خۆی ماندوو بکات که‌ په‌یوه‌ندی به‌ دیداره‌که‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌یه له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا ‌ .
 پێش هه‌موو شتێک ده‌مه‌وێ ئه‌و ڕاستییه‌ بخه‌مه‌ پێش چاو که‌ زنجیره‌ وتاره‌که‌ی من ، به‌شێکی که‌می نه‌بێت ، وه‌کوو کاک فوئاد خۆی ڕوونکردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوه‌ ، ئه‌وی تری په‌یوه‌ندی به‌ ناوه‌ڕۆکی دیداره‌که‌ی ئه‌و و کاک فه‌ره‌یدونه‌وه‌ نه‌بووه‌ و نه‌یشم ویستووه‌ ئه‌مه‌ بکه‌مه‌ بارێکی گران به‌سه‌ر شانی ئه‌وانه‌وه‌ . ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی من ورووژاندوومه‌ ، له‌ هیچیاندا ڕووی ده‌م له‌ کاک فوئاد نه‌بووه‌ و نییه‌ و ناوی ئه‌وم نه‌هێناوه‌ ، بۆیه‌ به‌داوای لێبوردنه‌وه‌ نامه‌وێ وه‌ڵامی ئه‌وانه‌ هیچیان بده‌مه‌وه‌…….خوێنه‌رو ڕه‌وشه‌نبیر ده‌که‌مه‌ شاهید که‌ من به‌وپه‌ڕی ڕێزو حورمه‌ته‌وه‌ باسی کاک فوئادم کردووه‌ و نه‌یشم ویستووه‌ و نایشمه‌وێ ئه‌و ڕابکێشمه‌ ناو باس و مه‌سه‌له‌ی تره‌وه‌ که‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نییه‌ و هێرشم نه‌کردووه‌ و هیچ هێرش و قسه‌یه‌کی ڕه‌قیشم ئاراسته‌ی کاک فه‌ره‌یدون و کاک فوئاد نه‌کردووه‌.
  مه‌به‌ستم له‌ فاکته‌ره‌ جیاجیاکانی ڕێگه‌خۆشکردن بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ ، ته‌نها ساڵه‌کانی(1967- 1970)یه‌  ئه‌و ساڵانه‌ی براده‌رانی ( سازمان انقلابی حزب توده‌ ایران ) میوان بوون له‌ کوردستان و کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک له‌ کادر و سه‌رکرده‌ی ئه‌وسه‌رده‌مه‌ به‌ تایبه‌تی شه‌خسی مام جه‌لال . ساڵه‌کانی 1970- 1975یشم به‌ درێژه‌دان به‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ داناوه‌ ، چونکه‌ کۆمه‌ڵه‌ له‌و ساڵانه‌دا له‌ قۆناخی خۆدرووستکردندا بوو ، ڕێکخستنه‌که‌یشی ئاشکرا نه‌بوو ، زۆر نهێنی بوو ، ئه‌گه‌ر زلله‌ی ڕۆزگار نه‌بوایه‌ ، وا زوو خۆی ئاشکرا نه‌ده‌کرد و نه‌ده‌هاته‌ گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت .
 که‌باسی ئه‌و 13 مانگه‌م کردووه‌ له‌ شام ( سوریا ) و هه‌ندێ باسم ورووژاندووه‌ ، ڕووی ده‌م له‌ کاک فوئاد و کاک فه‌ره‌یدون نه‌بووه‌ و نه‌یشم ویستووه‌ دیداره‌کانی ئه‌وان تێکه‌ڵ‌ به‌و 13 مانگه‌ بکه‌م‌ و باسه‌کانیش په‌یوه‌ندی به‌ شه‌خسی ئه‌و دوو براده‌ره‌وه‌ نییه‌ ، به‌ڵام ورووژاندنی ئه‌و باسانه‌ چه‌ند سوودی هه‌بووه‌ ؟! ، با من و کاک فوئاد ، خوێنه‌ر و ڕه‌وشه‌نبیر بکه‌ینه‌ حه‌که‌م و ئه‌وان حوکمێک بده‌ن ، مه‌سه‌له‌یه‌کی کوردی هه‌یه‌ که‌ده‌ڵێت: که‌س به‌ دۆی خۆی ناڵێ ترش !
 ئه‌وه‌ی له‌و زنجیره‌ وتاره‌دا ورووژاندوومه‌ ، به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌شه‌کانی تری گێڕانه‌وه‌یه‌کی کورتی مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌ ، په‌یوه‌ندیکردن به‌ خه‌ڵک و کۆکردنه‌وه‌یان له‌ ڕێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا به‌ شێوه‌ی ئه‌ندام یان له‌ ئه‌ڵقه‌ی ڕۆشنبیریدا ، کاره‌کانی ناو کۆمه‌ڵه‌ ، ناکۆکی و ململانێکان ، جیابوونه‌وه‌و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئه‌م گروپ و ئه‌و تاقم ، ده‌رچوونی ئه‌و گروپی تر له‌ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ، شوێنی من له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا ، چ ئه‌وکاتانه‌ی له‌ناوه‌وه‌ی وڵات بووم و کارم کردووه‌ ، چ ئه‌وکاتانه‌ی ژیانی من ڕاونراوه‌ و له‌ سوریا خۆم گرتۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ده‌کات چۆنچۆنی ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌ مامه‌ڵه‌ کراوه‌وه‌ و غه‌دری مێژوویی لێکراوه‌ که‌ کاک فوئاد به‌زه‌یی پیامدا هاتۆته‌وه‌ به‌ ( موعانات ) ناوی ده‌بات ! ، له‌ کاتێکدا که‌سه‌که‌ یه‌کێکه‌ له‌ قوربانییه‌کانی خه‌بات و تێکۆشان ، چ پێش درووستبوونی کۆمه‌ڵه‌ و چ دوای درووستبوونی کۆمه‌ڵه‌ ( کاک فوئاد من و بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌ ده‌ناسێ ) . ئه‌مانه‌ به‌تێکڕایی په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌كۆمه‌له‌وه‌ هه‌یه‌ و ده‌چنه‌ خانه‌ی مێژووی کۆمه‌ڵه‌وه‌ تا ئه‌وکاته‌ی من وازم هێناوه‌ نه‌ک تا ئه‌وکاته‌ی که‌ کۆمه‌له‌ ، له‌ شاخ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه وه‌کو کاک فوئاد ناوی لێناوه‌‌ !! که‌ به‌ ویژدانه‌وه‌ له‌سه‌ری دواوم و چی ڕاسته‌ ئه‌وه‌م نووسیوه‌ و درۆ و بوختانم نه‌کردووه‌ و خۆم دوور ڕاگرتووه‌ له‌ موهاته‌راتی سیاسی و خۆم پێوه‌ی هه‌ڵنه‌کێشاوه‌ و خوێنه‌رو ڕه‌وشه‌نبیرم کردۆته‌ حه‌که‌م بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بابه‌ته‌که ‌. خۆیشم هه‌ڵناکێشـم ئه‌گه‌ر بڵێم له‌کوردوستان و وڵاتانی ئه‌وروپا و که‌نه‌دا و ئه‌مه‌ریکاوه‌ زیاتر له‌ 115 ئێمه‌یل و ته‌له‌فۆنم بۆ هاتووه‌ و ده‌ستخۆشی نووسینی ئه‌و وتاره‌ له‌ من ده‌که‌ن ، به‌مه‌رجێک له‌ په‌نجه‌ی ده‌ست که‌متریان لێده‌ناسم ،  ژماره‌یه‌ک له‌وانه‌ ئه‌کادیمیست و ئاستێکی به‌رزی ڕۆشنبییان هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ دۆست و براده‌ر و ناسیاوی نزیک به‌ خۆم لێره‌ و له‌وێ ، هندێک له‌وانه‌ پێشنیاری ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بابه‌ته‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌م و بیکه‌م به‌ کتێبێک .  جاری واش هه‌بووه‌ وتاری به‌که‌ڵک و باشم نووسیوه‌ و ژماره‌یه‌کی که‌م نه‌بێت ، که‌س به‌و لێشاوه‌ ده‌ستخۆشی له‌من نه‌کردووه‌ . هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ هۆی تایبه‌تی خۆی هه‌یه ! و ئێره‌ جێی باسکردنی نییه‌ .
 ئیتر نازانم بۆچی من په‌یره‌وی مێتودی زانستی و ڕێساکانی نووسینه‌وه‌ی مێژووم نه‌کردووه‌ ؟! بۆچی وتاره‌که‌م سیمای نووسینی منی تێکداوه‌ ؟! . کێ ده‌توانێ موتڵه‌ق قسه‌ بکات و حوکم بدات ، له‌کاتێکدا هه‌موو شت نسبییه‌ ! .
 پێشتر من وتارم نووسیوه‌ له‌سه‌ر ماده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک بۆ باوه‌شی کوردستان و له‌هه‌مان وتاردا چوومه‌ته‌ ناو باسی مێژوویی جیاجیاوه‌ و  کاک فوئاد خۆی یه‌کێک بووه‌ له‌وانه‌ی ده‌ستخۆشی له‌ من کردووه‌ ! دیسان وتارم نووسیوه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ، به‌ڵام به‌شێکی وتاره‌که‌م ته‌رخان کردووه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیی و گه‌نده‌ڵخوازه‌کان له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا و که‌سیش ڕه‌خنه‌ی له‌من نه‌‌گرتووه‌ ! بێگومان من سنگم فراوانه‌ بۆ هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌ک که‌ له‌ جێی خۆیدا بێت و درووستکه‌ربێت ، له‌ مێژه‌وه‌ ئه‌وه‌م له‌ خۆمدا په‌روه‌رده‌کردووه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بروای ته‌واوم به‌ ڕه‌خنه‌ه‌و ڕه‌خنه ‌له‌ خۆگرتن هه‌یه‌ ولێی ناترسم چونکه‌ لێوه‌ی فێرده‌بم ، جگه‌له‌وه‌ من که‌سه‌کان و شته‌کان و دیارده‌کان به‌ ڕاوه‌ستاوی نابینم و له‌وه‌ گه‌یشتووم که‌ یاسایه‌ک هه‌یه‌ و ده‌یانجووڵێنێ ، بۆیه‌ دنیا بینی ( روویا ) ی من ته‌م و مژی له‌سه‌ر نییه‌ . ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ و چاوپێکه‌وتنانه‌ی له‌ کاتی خۆیدا له‌ به‌غدا  کراوه سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی کۆمه‌له‌  که‌ هه‌مووی چه‌ند سه‌عاتێکه‌‌ ، به‌س نییه‌ بۆ مێژووی کۆمه‌ڵه و‌ ده‌بێ دواتریش باس بکرێت ، هه‌ر که‌سێک پێ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ دابگرێت ، غه‌درێکی مێژوویی له‌ کۆمه‌ڵه‌ ده‌کات .
 به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ده‌مه‌وێ به‌کاک فوئاد بڵێم که‌ زنجیره‌ وتاره‌که‌ی من چوار ناونیشانی بۆدانراوه‌ که‌ هه‌ر هه‌موویان سه‌ره‌کین و له‌ سه‌ره‌تای نووسینه‌که‌شدا ئاماژه‌م به‌ ناوه‌ڕۆکه‌که‌ کردووه‌ . دیسان نووسینه‌که‌شم په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رچوار ناونیشانه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و لێی جیانابێته‌وه‌ . نامه‌وێ ئه‌و ڕاستییه‌ش بشارمه‌وه‌ که‌ من خۆم به‌ته‌ما بووم به‌بێ دیداره‌که‌ی کاک فوئاد و کاک فه‌ره‌یدون ، ئه‌و زنجیره‌ وتاره‌ بنووسم و بڵاوی بکه‌مه‌وه‌ ، به‌ڵام که‌ دیداره‌کانی ئه‌وان بڵاو کرایه‌وه‌ ، هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی باشتر بۆ من ڕه‌خسا بۆئه‌وه‌ی بیکه‌مه‌ مینبه‌ر و سه‌کۆیه‌ک بۆ چوونه‌ ناو ئه‌و باسانه‌ی مه‌به‌ستم بوو . که‌وابوو ئامانجی سه‌ره‌کی له‌ نووسینی ئه‌و وتاره‌ ئه‌وان نه‌بوون .
 ده‌رباره‌ی مێژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌مان له‌ ساڵه‌کانی دامه‌زراندنی کۆماری مه‌هاباده‌وه‌ هه‌تا مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ ، من ویستوومه‌ وێنه‌یه‌ک بده‌مه‌ خوێنه‌ر و به‌سه‌ره‌ قه‌له‌م ئاماژه‌یه‌کی کورت به‌ ساڵه‌کان و ڕووداوه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌کان بکه‌م ، به‌تایبه‌تی من به‌ ته‌نها  بۆ توێژێکی ئه‌کادیمی و ڕه‌وشه‌نبیر نانووسم که‌ زوربه‌یان ئاگاداری ئه‌و مێژووه‌ن ، نه‌خێر من بۆ خه‌ڵکی ساده‌ و سه‌ره‌تاییش ده‌نووسم که‌ ئاگاداری هه‌موو شتێک نین ، بێگومان ئه‌م سه‌ره‌ قه‌ڵه‌مانه‌ ، هه‌ر یه‌که‌یان ده‌یان کتێبی له‌سه‌ر نووسراوه‌ و ده‌یان لێکۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌شی له‌سه‌ر کراوه‌ . قه‌ت ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌م نه‌کردووه‌ و نایکه‌م که‌ بڵێم ئه‌و مێژووه‌ی ڕابوردوو هۆکاری دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ بووه‌ ، نه‌خێر ! ویستوومه‌ بڵێم ئه‌وه‌ مێژووی گه‌له‌که‌ی ئێمه‌یه‌ ( بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ ) و هه‌موویان زنجیره‌یه‌ک پێکده‌هێنن و په‌یوه‌ندییه‌کی دیاله‌کتیکیان به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌مڕۆی ئێمه‌ به‌شێکه‌ له‌وه‌ی دوێنێ و ئه‌وه‌ی سبه‌ینێش به‌شێکه‌ له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ و لێی جیا نابێته‌وه‌ .
 بێگومان ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ ڕێبازی سیاسی و درووشم و سه‌رکردایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌ ڕه‌خنه‌ نایانگرێته‌وه و‌  هه‌روا به‌ئاسانی ده‌رباز ده‌بن .
 ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی که‌ وتوومه‌ کاک فوئاد و کاک فه‌ره‌یدون دوو براده‌ری نزیکن به‌ من ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ له‌ مێژه‌وه‌ یه‌ک ده‌ناسین و هه‌موومان له‌ ڕێخستنێکی جه‌لالیدا کارمان کردووه‌ .
 به‌ڵام ده‌رباره‌ی ساڵی په‌یوه‌ستبوونی من به‌ کۆمه‌ڵه‌وه‌ ، له‌وتاری پێشتردا ئه‌وه‌م ڕوونکردبۆوه‌ که‌ کاک فه‌ره‌یدون له‌ سه‌ره‌تای درووستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ کردووه‌ و ده‌ستم به‌ کارکردن کردووه‌ له‌و ڕێکخراوه‌دا .
 بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌مه‌وێ بڵێم :
 یه‌که‌م / له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا ناکۆکی و ململانێ درووست بوو له‌ ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ( کوردستانی بێت یان عێراقی ) دووکه‌س له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا کاریان ده‌کرد ( مه‌رحوم عه‌بدوره‌حمان قه‌ره‌داخی ) و کاک ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی بوو که‌ دوایی ڕیزه‌کانی ئێمه‌یان جێهێشت و به‌ زمانێکی زبر ململانێیان ده‌کرد له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ .
 ئێستا کاک ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی له‌ژیاندا ماوه‌ و په‌یوه‌ندی باشه‌ له‌گه‌ڵ کاک فوئاد قه‌ره‌داخیدا و هه‌ردوکیان له‌ سلێمانین ، کاک فوئاد ده‌توانێ پرسیاری ساڵ و به‌رواری ئه‌و ململانێیه‌ له‌و براده‌ره‌ بکات بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیا بێت که‌ ئێمه‌ چ ساڵێک ململانێمان کردووه‌ !!!!! .
 دووه‌م / له‌ساڵی 1972 دا من دیراسه‌یه‌کی دوورودرێژم نووسی له‌سه‌ر شۆڕشی دیموکراتی نوێ که‌ به‌ زنجیره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی هاوکاریدا به‌ناوی هوشیاره‌وه‌  بڵاو کرایه‌وه‌ ، که‌له‌نووسینه‌وه‌ی وتاره‌که‌ بوومه‌وه‌ ،  په‌یوه‌ندیم کرد به‌ کاک فوئاده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی یارمه‌تیم بدات و پێکه‌وه‌ پیایدا بچینه‌وه‌ و ڕزگاری بکه‌ین له‌ هه‌ڵه‌ و که‌موکوڕی . ئه‌ویش پیاوه‌تی کرد و هاته‌ ماڵی ئێمه‌و  تا عه‌سرێکی دره‌نگ پێکه‌وه‌ کارمان له‌سه‌ر کرد که‌ دواتر ناردم بۆ به‌غدا بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ .
 ئه‌و کاته‌ من و کاک فوئاد لای یه‌ک ئاشکرا بوبوین ( ئه‌و عێراقی و من کوردستانی ) ! جاروباریش مشتومڕمان هه‌ر هه‌بوو ! .
 پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ : ئه‌گه‌ر که‌سێک وتارێکی له‌و بابه‌ته‌ بنووسێ و خۆیشی مووچه‌خۆری ده‌وڵه‌ت بێت ،  پێویستی به‌وه‌ نییه‌ که‌ ده‌یان سه‌رچاوه‌ بخوێنێته‌وه‌ به‌ زوبانی عه‌ره‌بی و لێی تێبگات ، ئه‌وجا ده‌ست بداته‌ قه‌ڵه‌م بۆ کارێکی وه‌ها ؟ ئایا ئه‌م کاره‌ پێویستی به‌ کات و ماوه‌یه‌کی زۆر نییه‌ ؟ ئایا که‌سێکی سه‌ره‌تایی ده‌توانێ ئه‌م کاره‌ بکات ؟!
 سێیه‌م / شه‌هید شه‌هاب له‌ ژیاندا نه‌ماوه‌ ، به‌ڵام کاک فه‌ره‌یدون و کاک ئاوات عه‌بدولغه‌فور هه‌ردوکیان له‌ سلێمانین و کاک فوئاد ده‌توانێ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ بکات و چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ بکات ( ئه‌گه‌ر لای ئه‌و کێشه‌یه‌ ! ) و بزانێ من چ ساڵێک هاتوومه‌ته‌ ڕیزی کۆمه‌ڵه‌وه‌.
 چواره‌م / ماوه‌ له‌ نێوان چوار دامه‌زرێنه‌ره‌که‌ی کۆمه‌ڵه‌ ( وه‌جبه‌ی یه‌که‌م ) و ئه‌وانی تر( وه‌جبه‌ی دووه‌م ) ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک بوو ، ئیتر دوای ئه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی په‌یوه‌ندیکردن به‌ خه‌ڵکه‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌ و قورسایی و کاره‌کانیش له‌سه‌ر شانی وه‌جبه‌ی دووه‌م بوو که‌ من یه‌کێکیان بووم .
 پێنجه‌م / به‌قه‌ولی کاک فه‌ره‌یدون ، کۆمه‌ڵه‌ له‌ چه‌ند مانگی یه‌که‌مدا تووشی ئینشیقاق بووه‌ و دواتر به‌یانیان له‌سه‌ر ئه‌و 15- 16 که‌سه‌ ده‌رکردووه‌ که‌ بڕوایان به‌ ناسنامه‌ی عێراقی هه‌بووه‌ بۆ کۆمه‌ڵه‌ و ئه‌مان خۆیان ( کاک فه‌ره‌یدون و هاوڕێکانی ) له‌گه‌ڵ سه‌دان که‌سی تردا ماونه‌ته‌وه‌ و کاریانکردووه‌ ، کاک فوئادیش ده‌ڵێ : ئه‌و مێژووه‌ی له‌ ده‌رچوونی به‌یانی 11ی ئازاری 1970وه‌ ده‌ست پێده‌کات تا له‌ ئابی 1971 دا کۆتایی دێت ( واته‌ مێژووی کارکردنی ئه‌وان له‌ کۆمه‌ڵه‌دا ) ، به‌و پێیه‌ بێت ، هه‌موو ئیشکردنه‌که‌ی کاک فوئاد و گروپه‌که‌ی له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا له‌یه‌که‌م ڕۆژی دامه‌زراندنه‌وه‌ هه‌تا ڕۆژی وازهێنان چه‌ند مانگێک بووه‌ .
 له‌ڕۆژی وازهێنانیشه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هیچ یه‌کێک له‌و براده‌رانه‌ی که‌ ناسنامه‌ی عێراقییان بۆ کۆمه‌ڵه‌ ده‌ویست ، نه‌که‌وتنه‌ به‌ر هه‌ڵمه‌تی گرتن و ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ و ڕاونان و ئیعدامکردن و سه‌رکه‌وتووش نه‌بوون له‌ درووستکردنی حزبێکی عێراقی بۆ خۆیان .
 شه‌شه‌م / کاک فوئاد پرسیار ده‌کات و ده‌ڵێ : بۆچی فوئاد قه‌ره‌داخی که‌ ئه‌وکاته‌ ( ساڵی 1970 ) نزیکترین هاورێی بوو ( واته هی‌ عارف ) ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌نه‌کردووه‌ وه‌کوو هاوڕێی دیکه‌ی ….تاد
 له‌وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا ده‌ڵێم : ده‌بێ کاک فوئاد ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆی بکات !  تۆبڵێیت کاک فه‌ره‌یدون سه‌ری لێتێکچووبێ که‌ منی ده‌ستنیشان کردووه‌ بۆ کارکردن له‌ناو کۆمه‌ڵه‌دا وه‌کوو ئه‌ندام نه‌ک ئه‌ڵقه‌ی ڕۆشنبیری ! ، ئه‌گه‌ر کاک فوئاد خۆی که‌سێکی ڕانه‌کێشابێ بۆ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ ، مانای وانییه‌ که‌ ئه‌و که‌سه‌ ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا نه‌بووه‌ که‌ کاک فوئاد گه‌ره‌کی بووه‌ !! واته‌ مه‌رجی چوونه‌ ناو کۆمه‌ڵه‌ ! .
 ده‌رباره‌ی هه‌ڵچوونه‌ چه‌په‌که‌ی ساڵی 1968 که‌ کاک فوئاد به‌ شۆڕشی لاوان ناوی ده‌بات ، من باسی سه‌رکه‌وتن و ژێرکه‌وتنم نه‌کردووه‌ له‌وه‌ زیاتر که‌وتوومه‌ ئه‌وانه‌ نه‌یانتوانی گۆڕانکاری له‌ سیستمی سه‌رمایه‌داه‌یدا بکه‌ن له‌ ئه‌وروپا ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ شۆڕش نه‌بوو ….
 ئه‌مجاره‌ بۆ زیاتر ڕووناککردنه‌وه‌ پشتم به‌ ئنسیکلۆپپیدیای (Encyclopedia ) سویدی به‌ست بۆئه‌وه‌ی زانیاری زیاتر له‌سه‌ر شۆڕش( Revolution ) کۆبکه‌مه‌وه‌ . وه‌ڵامه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌  بوو :
 Genomgripande förändring واته‌ گۆڕانێکی قووڵ ، بنچینه‌یی ، حه‌قیقی ، پێی ده‌وترێ شۆڕش . منیش هه‌ر ئه‌وه‌م وتووه‌ و به‌ پێویستی نازانم زیاتر له‌سه‌ری بڕۆم . ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ شۆڕشی چین و کوبا و ڕێبازی گیڤارستی و چالاکی و هه‌ڵچوونی لاوان له‌ ئه‌وروپا ( 1968 ) کاریگه‌رییان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر خه‌ڵکی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستاندا ، ئه‌وکاته‌ هه‌ریه‌ک له‌ئێمه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ کتێب و نامێلکه‌ و ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ئه‌وانه‌مان خوێندبۆوه‌ ، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وانه‌ فاکته‌ری سه‌ه‌کی نه‌بوون بۆ درووستبوونی ڕێکخراوێک ….. کاک فوئاد ڕه‌وشه‌نبیرو سیاسه‌تمه‌داره‌ و ده‌زانێ ئه‌گه‌ر فاکته‌ره‌ زاتی و مه‌وزوعییه‌کانی وڵاتێک له‌بار نه‌بێت ، ئه‌وا هه‌رگیز فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کان نابنه‌ هۆی درووستبوونی حزبێک یان ڕێکخراوێک ! ئایا کاک فوئاد و هاوڕێکانی توانییان به‌ حوکمی فاکته‌ره‌ ده‌ره‌کییه‌کان حزبی جه‌ماوه‌ر و پێشڕه‌و بۆ خۆیان درووست بکه‌ن و جه‌ماوه‌ر له‌ خۆیان کۆبکه‌نه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی ده‌یانویست ؟!! هه‌ڵبه‌ته‌ باسی تیئوری و مێژوویی زۆرن ، به‌ڵام واقیع شتێکی تره‌ . سه‌رده‌مێک ئێمه‌ هه‌موومان بڕوامان وابوو که‌ شۆڕش و ڕاپه‌رینه‌کانی گه‌لان و میلله‌تانی دنیا به‌ هی کرێکارانیشه‌وه‌ پاڵپشت و سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زنه‌ بۆ گه‌لی کورد ، به‌ڵام زه‌مانه‌ ده‌ریخست ئه‌وانه‌ ته‌نها کاریگه‌ری فیکری و ئایدۆلۆژییان  هه‌بوه‌ و سه‌رکه‌وتنیان بۆ گه‌لی ئێمه‌ تۆمار نه‌کردووه‌ ، ده‌با کاتی خۆی سۆڤیه‌ت هه‌موو قورسایی خۆی فڕینه‌دایه‌ته‌ ناو چینه‌وه‌ و به‌سه‌روبه‌ماڵ پشتگیری له‌ شۆڕشی چین نه‌کردایه‌ و هێزی ئاسمانی وزه‌مینی و به‌شه‌ری خۆی  له‌خزمه‌تی ئه‌واندا دانه‌نایه‌ و چین سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست بهانیایه‌ ! ده‌با چین و وڵاتانی تر پشتگیرییان له‌ که‌مبۆدیاو ڤێتنام نه‌کردایه‌و ئه‌و سه‌رکه‌تنه‌ مه‌زنه‌یان به‌ده‌ست بهانیایه‌ !
 من له‌ مێژه‌وه‌ بڕوام وایه که‌ ده‌بێ کورد له‌ پێش هه‌موو شتێکدا خه‌رێکی خۆی بێت و خۆی کوبکاته‌وه‌ و خۆی ڕێکبخات ، ئه‌وجا بیر له‌ گه‌لان و ده‌وڵه‌تانی تر بکاته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر بیر له‌وه‌ بکه‌ینه‌وه‌ چالاکی و کاره‌کانمان تێکه‌ڵ به‌ خه‌ڵکی به‌سره‌ و ناسرییه‌ و کوت و دیوانییه‌ و…. بکه‌ین ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ تووشی کێشه‌و سه‌رئێشه‌ی ( کلتوری ، زوبان دابونه‌ڕێت ، ئایین ، مه‌زه‌ب و گه‌لێکی تر ) ده‌بین . چونکه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌دا یه‌ک ناگرنه‌وه‌ و تووشی چه‌قینی سیاسیمان ده‌کات !!
 ده‌رباره‌ی ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ : من وه‌کوو کۆمه‌ڵه‌ی عه‌هدی بائید قسه‌م نه‌کردووه‌ و نایکه‌م چونکه‌ پێشتر له‌ زنجیره‌ وتاره‌که‌مدا ئه‌وه‌م ڕوونکردۆته‌وه‌ که‌ من له‌وه‌تی چاوم کراوه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سیاسه‌تدا ، هه‌ر کوردستانی ونه‌ته‌وه‌یی بیرم کردۆته‌وه‌ و به‌و گیانه‌شه‌وه‌ چوومه‌ته‌ ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ و ئێستایشی له‌گه‌ڵدابێت که‌ ئه‌ندامی هیچ حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نیم هه‌ر وا بیرده‌که‌مه‌وه‌ ، ئه‌وسایش له‌ ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا ئێمه‌ هه‌موومان فێری مه‌بده‌ئه‌کانی شۆڕشی دیموکراتی نوێ بووین که‌ یه‌کێک له‌ ئامانجه‌کانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بوو ، ده‌وڵه‌تێک بۆ هه‌موان و له‌خزمه‌تی هه‌موان . که‌هه‌ندێ شتی کۆنیشم هه‌ڵڕشتووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ هاوڕێیه‌کی ئازیزم ئازار بده‌م یاخود ناکۆکی و کێشه‌ له‌نێوان ئه‌و و که‌سێکی تردا بخولقێنم ! نه‌خیر ته‌نها ویستوومه باسی ناکۆکی و ململانێکانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بکه‌م و وه‌کو خۆیان بیانگێرمه‌وه‌ و منیش وه‌کوو کاک فوئاد گوته‌نی که‌سێکی ڕاستگۆ و ( دڵساف و بێ غه‌لوغه‌ش )م !!!!! .
 له‌لایه‌کی تره‌وه‌ من له‌وکاته‌وه‌ی بوومه‌ته‌ ‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ ، هه‌تا ئێستایش هیچ سه‌رکرده‌یه‌کم به‌ فریشته‌و سێبه‌ری خودا نه‌زانیوه‌ له‌سه‌ر خاکی کوردستان ، سه‌رکرده‌ به‌لای منه‌وه‌ ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ نۆکه‌رو خزمه‌تکاری میلله‌ته‌که‌ی بێ ، ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ده‌بێته‌ پرد له‌ ژێر پێی میلله‌ته‌که‌یدا ، ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ له‌ده‌می خۆی و خێزانی ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌یداته‌ خه‌ڵکی هه‌ژارو لێقه‌وماو و ده‌ستکورتی میلله‌ته‌که‌ی ، بۆیه‌ تکام وایه‌ برای ئازیزم کاک فوئاد واتێنه‌گات که‌ من بزمارم له‌سه‌ر داکوتاوه‌ و هه‌ڵوێستم ‌فرۆشووه‌ و خۆم خستۆته‌‌ مه‌زادی عه‌له‌نییه‌وه‌ تابزانم کێ زیاترم پێده‌دات ! کاک فوئاد ده‌مناسێ و ده‌زانی من که‌سێکی ده‌ست سپیم و بازرگانی نازانم !!! و داوام له‌ که‌سیش نه‌کردووه‌ چه‌پڵه‌م بۆ لێبده‌ن .
 له‌به‌شی سێیه‌می وه‌ڵامه‌که‌یدا کاک فوئاد ده‌ڵێ : ده‌بوایه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌ست لێنه‌دایه‌  (مه‌به‌ستی عارفه)‌ چونکه‌ له‌لایه‌ک ئێمه‌ که‌سمان سه‌رقاڵی ئه‌و بابه‌ته‌ نین و له‌ مێژه‌وه‌ کۆمه‌ڵییه‌کانی سه‌ره‌تا ( ئه‌وانه‌ی له‌ژیاندا ماون ) به‌لای ڕاستدا وه‌رچه‌رخاون و پشتیان له‌ مارکسیزم- لینینیزم- بیروباوه‌ڕی ماوتسی تۆنگ کردووه‌ …….تاد .
 ئه‌م وه‌ڵامه‌ی کاک فوئاد منی سه‌رسام کرد ! ئه‌و ڕێگه‌ به‌خۆی ده‌دات دیدارو چاوپێکه‌وتن بکات له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا و ئه‌مه‌ بۆ خۆی به‌ حه‌ڵال ده‌زانێ ، به‌ڵام بۆ خه‌ڵکی تر به‌ حه‌رام ! بانێکه‌و دوو هه‌وا ! جگه‌له‌وه‌ چه‌مکه‌کانی کوردستانی و عێراقی چه‌ند جێگۆرکێیان کردبێ و خه‌ڵک به‌لای ڕاست یان چه‌پدا وه‌رچه‌رخابن ، ئه‌مه‌ هێچ له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ناگۆڕێ که‌ کۆمه‌ڵه‌ له‌ کاتی خۆیدا کۆمه‌ڵه‌یه‌کی کوردستانی بوو‌ .
 ده‌رباره‌ی ئه‌و ناکۆکیانه‌ی کاک فوئاد له‌ قسه‌کانی مندا دۆزیونێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی کاک فه‌ره‌یدون به‌من و دواتر ناسینی شه‌هید شه‌هاب و کاک ئاوات عه‌بدولغه‌فور ، ده‌ڵێم : پێشتر ئه‌وه‌م ڕوون کرده‌وه‌ که‌ کاک فه‌ره‌یدون یه‌که‌م که‌س بوو په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ کرد بۆ چوونه‌ ناو ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه و‌ دواتریش یه‌که‌م دووکه‌س که‌ چاوم پێیان که‌وت و ناسیمن ، شه‌هید شه‌هاب و کاک ئاوات بوو .  ئیترنازانم ، کوردی ، له‌مه‌ باشتر و پاراوتر ده‌نووسرێت؟ ! ده‌بێ ناکۆکییه‌کان چیبێت؟ .
 ده‌رباره‌ی قیاده‌ مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی عێراقی : ئه‌و زانیاریانه‌ی لای ئێمه‌ی ئه‌وسای کۆمه‌ڵه‌ هه‌بوون ، ئه‌وه‌بوو که‌ براده‌رانی عێراقی ده‌یانویست ئێمه‌ به‌ره‌و قیاده‌ مه‌رکه‌زی حزبی شیوعی به‌رن که‌ خۆمان به‌به‌شێک له‌وان نه‌ده‌زانی ، ئه‌م قسه‌یه‌ بۆ تووڕه‌کردن و ژاکاندنی سیمای کاک فوئاد نییه‌ ، نه‌خێر ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌ ، ئه‌وسا ئێمه‌ هه‌موومان بڕوامان پێی هه‌بوو ، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای سووکایه‌تیکردن نییه‌ به‌ حزبی ناوبراو چونکه‌ دژی ڕژێمی به‌غدا بوون و  له‌به‌ره‌ی میلله‌تدا بوون .
 ده‌رباره‌ی هه‌ندێ زانیاری له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه‌ : کۆمه‌ڵه‌ له‌سه‌ره‌تادا ناوه‌که‌ی( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی – لێنینی کوردستان ) بوو ، که‌ چووه‌ شاخ ناوه‌که‌ی  گۆردرا بۆ ( کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان ) ، هه‌ندێ جار داش عێراقیان پێوه‌ ناوه‌ و هه‌ندێ جارێش لێیانکردۆته‌وه‌ ، به‌ڵگه‌ بۆ ئه‌م ڕاستییه‌ ، من هه‌ندێ نامیلکه‌ی کۆنی کۆمه‌ڵه‌م له‌به‌رده‌ستدایه‌ هی ساڵه‌کانی 1980 ، 1981 به‌ناوی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان – عێراق و ئه‌وانی تر هی ساڵه‌کانی 1983 ، 1986 ، 1987 که‌ عێراقی پێوه‌ نییه‌ . ئه‌م جێگۆڕکێیه‌ له‌  ( ناودا ) له‌ ناو کۆمه‌ڵه‌دا هه‌بووه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ڕێبازی سیاسی و درووشمه‌کانیشیاندا .
 بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ ، کاک فوئاد ده‌توانی له‌گه‌ڵ کاک فه‌ره‌یدون په‌یوه‌ندی ببه‌ستێت و بگاته‌ ئه‌نجامێک ، چونکه‌ وه‌کوو پێشتر ڕوونمکرده‌وه‌  ، من ئاگاداری دانیشتن و چالاکییه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ نیم له‌ شاری به‌غدا و شاخ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاک فوئاد ویستی ، ده‌توانم ناونیشانی بابه‌ته‌کانی ئه‌و ژمارانه‌ی ناوم هێنان ، بۆ  ڕه‌وانه‌ بکه‌م به‌ئێمه‌یل .
 درباره‌ی براده‌رانی ( سازمان انقلابی حزب توده‌ ایران ) : من هه‌ندێ له‌سه‌رکرده‌ کۆنه‌کانی هه‌ردو حزبی دیموکراتی ئێران و توده‌ی ئێران‌ ده‌ناسم که‌ ئێسا له‌ سوید ده‌ژین و هه‌ندێ زانیاریم له‌وان وه‌رگرت و له‌ وتاره‌که‌ی پێشوومدا بڵاوم کرده‌وه‌ …..
 له‌دوای خوێندنه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی کاک فوئاد ، جارێکی تر په‌یوه‌ندیم پێوه‌کردنه‌وه‌ و وتیان : به‌ڵی ئه‌و ناوه‌ زیادانه‌ی براده‌ره‌که‌ت ( کاک فوئاد ) نووسیونی ، هه‌مووی ڕاسته‌ به‌ڵام ناوی ڕێکخراوه‌که‌ هه‌ر وه‌کوو خۆیه‌تی و ( در خارج از کشور ) ه‌ که‌ی کاک فوئاد وه‌کوو داش عێراقه‌که‌ی لای خۆتان وایه‌ و ناوی حزب نییه‌ و به‌مانای ڕێکخستنی ده‌ره‌وه‌ دێت ، هه‌روه‌ها وتیان محسن رچوانی ڕاستتره‌ له‌وه‌ی کاک فوئاد نووسیوێتی ( محسن رچوانی ) و ئه‌و ڕه‌هبه‌ری گه‌وره‌ نه‌بووه‌ ، به‌ڵکو مه‌هدی خان ڕه‌هبه‌ر بووه‌ و به‌رپرسی ڕادیۆکه‌شیان بووه‌ له‌ په‌کین- ی پایته‌ختی چین و دوایی له‌و ڕێکخراوه‌ جیابۆته‌وه‌ . ده‌رباره‌ی مه‌لا ئاواره‌ش که‌من به‌ عه‌بدولله‌ی موعینی ناوم هێناوه‌ ، ناوی ڕاسته‌قینه‌ی  ئه‌و مه‌لا ئه‌حمه‌دی شه‌لماشییه‌ ، به‌داوای لێبوردن له‌ هه‌موان .
 له‌دواجاردا وه‌ڵامه‌که‌م به‌م شیعره‌ی حاجی قادری کۆیی کۆتایی پێده‌هێنم که‌ ده‌ڵێ :
 به‌سه‌ ئه‌ی خامه‌ با ئه‌م باسه‌ په‌ی بێ
 وه‌ره‌ سه‌ر باسه‌کی وا فائیده‌ی بێ

 عارف که‌ریم – ستۆکهۆڵم                 kadir_arif@hotmail.com                                     
   
 
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.