Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پیاسەیەك و تەنها بەس….شاخەوان سدیق

پیاسەیەك و تەنها بەس….شاخەوان سدیق

Closed

 پیاسەیەك و تەنها بەس
 )چاوت بشۆ دنیا بەجۆرێكى تر ببینە(
 )  سوهراب(
 )شاخەوان سدیق(

 
 بەپیاسەیەك و جێهیشتنى شەقامێك و ڕوانینێك
 بێزاربووم و
 تفم لە دووبارە بوونەوەكانت دەكرد
  ئەى ژیان…………….
 هەموو ڕۆژەكانت
 تێپەڕین و من جگە لە سەیركردنى كاتژمێرو
 دووبارەبوونەوەیەكى بەردەوام زیاتر هیچى ترم نەدى
 تۆ دێیت و تێئەپەڕى
 من فێر نابم بەیانیان سەیرى خۆربكەم
 كە هەڵدىَ
 نازانم سەیرى ئاسمان بكەم لە هەور تابلۆیەك
 بۆ خۆزگەكانم بكێشم
 جورئەت ناكەم
 شەوێك بچمە سەركانى و مانگ لە ناو چەووى سەر ڕووى
 ئاوەكەیدا بشكێنم
 چوون دووبارە نابێتەوە
 من كە لە پیاسەكردنمدا
 پەلى درەختەكان دەشكێنم و ناتوانم لە گوڵێك وورد ببمەوەوەو
 پێى بڵێم تۆ زۆر جوانى
 عادەتم نەكردووە لە پیاسەى پاركێكى گشتیدا
 بە پێكەنینەوە سڵاو لە ڕێبوارانى بن سێبەرى دارەكان بكەم  و
 وێنەیەك لە تەك مناڵەكانى ناویا بگرم بۆ یادگارى
 چۆن دوو بارە نابێتەوە
 من كە هەست بە گۆڕانى ڕەنگەكانى سروشت ناكەم
 نازانم لەبەردەم بارانا پیاسە بكەم
 چۆن هەست بەگۆڕانەكانت بكەم
 ئەى ژیان تۆ تێئەپەڕى
 من شەربە تێكیشم لەو پڕتەقاڵە نەخواردەوە كە كردبووتە
 دیاریمان
 جگەرەیەكت داگیرسان و
 دوكەڵم كردوو چایەكى تاڵم لە خەفەتا خواردەوە
 هەستم بە خۆشیەكانى تۆ نەكرد
 قەد نەچوومە سەر دەریاو لە جوانى سوورە ماسى وورد نەبوومەوە
 گوێم لە دەنگى ئاو نەگرت
 تفم كردوو ڕشامەوە و ووتم هەموو شتێك دووبارەیە
 خودایە بم بەخشە كە ناشوكرم
 من دەزانم تۆ هێندە میهرەبانى
 بۆ ئەوەى هەست بە دووبارە بوونەوە نەكەمەم
 تۆ بارانت لەسەر شێوەى فرمێسكەكانى چاووم دروست كردو
 من بێئاگا چەترێكى ڕەشم هەڵداو گوێم پێنەدا
 چەندە نەزان بووم ئەو دەمەى تۆ
 مەمكت لەسەر شێوەى خڕێتى هەنارو پڕتەقاڵ دروست كردو
 من كە نەمتوانى بە حەزەوە دەستیان بۆ بەرم
 كاڵ فامانە لەسەرى نوسیم حەرامە
  دەزانم چەندە بەخشندەى
 تامن لە دووبارە بوونەوە بێزار نەبم
 گوڵت لەسەر شێوەى ڕوخسارى كچ دروست كردو
 من نەمتوانى وەك ڕۆمانسیترین كەس
 لەكاتى بۆن كردنا ماچى بكەم لێم كردووە بەحەزەوە
 پەڕەكانیم هەڵوەران
 ئەى خودا بۆ ئەوەى هەست بە دووبارە بوونەوەى
 پرچى یارەكەم نەكەم
 پەرچەمى درێژت دایە شۆڕەبى
 من كە نەمتوانى لە ژێر سێبەرەكەیدا
 پشوویەك دواى ماندووبوونەوەكانم بدەم
 بڕیمەوەو تابوتم لێدروست كردو وتم
 ژیان دووبارەیە
 بۆ ئەوەى هەست بەدووبارە بوونەوەى
 لقە ووشكەكانى دار توونەكەم لە پایزدا
 شاخت دایە ئاسكە كێو
 من نەمتوانى لەو حیكمەتە تێبگەم و
 تەفسیرێك بۆ ئەو جوانیە بكەم
 سەرم بڕى و چەقۆم لێدروست كردو
 بۆ تاوان بەكارم هێنا
 ئەى خودا ئەزانم چەندە میهرەبانى
 بۆ ڕزگاربوون لەم بێزاریە
 وەحیت ناردوو
 فەرمووت من لە پەنا گوێتام
 كەچى من ماڵم بۆ جیاكردیتەوە
 دڵڕەقانە لە بەرد بۆ دروست كردى
 نەزانانە هەموو ڕۆژێك سوجدەم بۆ برد
 ئەى خودا بۆ ئەوەى هەست بە دووبارەبوونەوەى
 ڕەشێتى چاوى خۆم و دایكم و یارەكەم نەكەم
 تۆ ڕەشێتیت دایە ترىَ
 رێك وەك و چاو دروستت كرد
 من كردمە شەراب و تا مەست بوون
 هەڵمدا و فڕم كردوو ڕشامەوەو
 ووتم ئاو خواردنەوەى هەموو ڕۆژێك دووبارەیە
 چ دووبارەیە ژیان
 كە خۆت دووبارە بیتەوەو
 نەتوانیت لە حیكمەتى ڕۆژێى نوىَ تێبگەى
 سەیر كەیت و هەموو بینینەكانت وەك یەكەم جار بێت
 ئیلاهى دەبم بەخشە لەم هەموو گلەیانەم
 فێرم بكە چێژ لە مۆسیقا وەربگرم
 عاشقم بكە تا ڕێز لە مێروولە بگرم
 وام لێبكە لە بەردەم گوڵێكدا  بنوشتێمە
 چەند نەزانم كە ناتوانم لە تۆ تێبگەم
 ئەى خودا
 شەوێك بێمو بەدەم  داكرمانى گوڵە بەڕۆژەوە لە
 باخچەیەكدا لە لاتەوە ڕاكشێم و دروود بۆ جوانى مانگەكەت
 بنێرم
 دەبم بەخشە
 لەوەى ڕێزم لە درووست كراوەكانت نەگرت
 نەمتوانى چێژلەبۆنى یاسەمین و
 جوانى گوڵە لاولاو وەرگرم
 لوت بەرزانە
 عەترم درووست كردوو چیمەنم تۆرانت
 بۆنى باخەم تێكدا و
 پەپولوكانم لە بۆنخست
 ئەى خودا
 كەوم بەو هەموو دەنگ خۆشیەوە لە قەفەزدا دیل كرد و
 مرۆڤم سەر بڕى
 بەناوى تۆوە هەزاران درۆم كرد
 پیاسەیەك و تەنها بەس
 بڕوانەوە سەیركە و ببینە
 بۆ ئەوەى لەجوانیەكانى ژیان تێبگەیت
 دەپاڕێمەوە ئەى خودا
 بۆ ئەوەى هەست بە دووبارانەوە نەكەم
 لە گەورەى تۆ لە جوانى گەردن تێبگەم
 دڵم پڕ بكە لە ژیانم
 لە میهرەبانى خۆت لە ناسكى
 لە نوور لە عەشق
 هەڵمكێشە لە ئینسان دۆستى و فێرم كە چۆن ببینم
 چوونكە دڵنیام ڕۆژێك دێت
 بەرلەوەى بیر لە دووبارە بونەوەى
 خەوتن و هەستانى بەیانیان بكەمەوە
 ئیدى دڵم ئەوەستىَ و
 بۆ یەك جارى ئەمرم
 لەسەر پەرۆیەكى ڕەش بە دیوارى ماڵەكەمانەوە ئەنووسرىَ
 هەرگیز دووبارە ناگەرێتەوە بۆ ژیان
 Shaxi83@yahoo.com                         
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.