Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
پیاوێکی هه‌ڵه‌، له‌ کات و شوێنێکی هه‌ڵه‌دا

پیاوێکی هه‌ڵه‌، له‌ کات و شوێنێکی هه‌ڵه‌دا

Closed

به‌کر ئه‌حمه‌د
20101116

 کاتژمێری یانزه‌ونیوی شه‌وه‌ و له‌ سنووری “الربیع”ی نێوان سووریا و عێراق ده‌په‌ڕمه‌وه‌. ساڵێک دوای که‌وتنی ڕژێمه‌ و شه‌ر به‌ گه‌رمی له‌ فه‌لووجه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. شۆفێره‌که‌م پیاوێکی خه‌ڵکی هه‌ولێره‌ و تازه‌ترین شیڤرۆلێتی ئه‌مریکی پێێه‌. بۆ ئه‌و، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر و هێنانی نه‌فه‌ری دی له‌ سبه‌ێنێدا، هۆکاری ئه‌م دره‌نگوه‌خت په‌ڕینه‌وه‌یه‌ و ” خوا ده‌مان پارێزێ” تاکه‌ گه‌ره‌نتی ئه‌م سه‌فه‌ره‌ پڕ له‌ مه‌ترسییه‌یه‌. من هه‌تا بڵیی ده‌ترسم. ئاخر چ بێماناییه‌که‌ له‌ شوین و کاتێکی وادا بکه‌ویته‌ ده‌ستی کۆمه‌ڵێک چه‌کدار که‌ بۆ دووسه‌د دۆلار ئاماده‌ن ئینسان سه‌رببڕن. کاتێک له‌ تاریکاییه‌کی نزیک خاڵێکی پشکنینی سه‌ربازانی عێراقدا، سه‌ربازێک به‌ لایته‌وه‌ دێته‌ لای په‌نجه‌ره‌ی شۆفێره‌که‌وه‌ و دیاری خۆی وه‌رده‌گرێت، ده‌ڵێ” دوای من هیچ خاڵێکی دیکه‌ی پشکنین نییه‌ تا ده‌گه‌نه‌ نزیکی موسڵ، هه‌رکه‌س دێته‌ سه‌ر ڕیگاتان، به‌ نیازی کوشتن، به‌ ماشێن لێده‌ن”.
 له‌ ناو موسلدا، شار سیمای فیلمه‌ ترسناکه‌کانی هۆلیودی گرتووه‌ و بێکاره‌بایی له‌ شه‌قامه‌کاندا هێنده‌ی دی سام و ترسی هاتنه‌ سه‌ر ڕێێ چه‌کداری تر، له‌ دڵی مندا گه‌وره‌ تر ده‌کات. به‌ر له‌ ده‌رچوون له‌ موسڵ، ده‌که‌و‌ینه‌ بۆسه‌ی کۆمه‌ڵێک سه‌ربازی عێراقییه‌وه‌ و چه‌کڕاکێشان و ده‌مانچه‌ خستنه‌ سه‌ر سه‌ری سایه‌قه‌که‌ بۆ ۆه‌لامدانه‌وه‌ی له‌ کوێوه‌ دێن و بۆ کوێ ده‌چن”، ته‌ڕایی له‌ قوڕگمدا ناهێڵێت. بێئاگا له‌وه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ چل و پێنچ ده‌قیقه‌دا، زیاتر له‌ 10 جگه‌ره‌م کوژاندووه‌ته‌وه‌، نیشاندانی شڵه‌ژانی ئینسانێکه‌ که‌ به‌ڕێکه‌وت له‌ شوێنێکدا خۆی ده‌بینێته‌وه‌، که‌ ئه‌وی دی پێێوایه‌، شوێنی تۆ نییه‌.  کاتێک له‌وێ ده‌ر‌ده‌چین، سایه‌قه‌که‌ش ئاهێکی به‌به‌ردا دێته‌وه‌ و ده‌ڵێ:” چ شه‌ویکی نه‌عله‌تییه. به‌ڵام هاکا ده‌گه‌ینه‌ سنووری یه‌که‌مین خاڵی پشکنینی حوکمه‌تی خۆمان‌”. 
که‌ له‌ سنووری یه‌که‌مین خاڵی پشکنینی پێشمه‌رگه‌ی پارتی ده‌په‌ڕینه‌وه‌، ئاهێکم به‌به‌ردا دێته‌وه‌ و هه‌ستده‌که‌م، له‌نا و سنووری “هاوزمانانی” خۆمدام و مه‌ترسی گیان له‌ ده‌تستدانم به‌ هۆی ئینتیمای کوردبوونه‌وه‌، یان هه‌ولێربوونی ژماره‌ی ماشینی سه‌فه‌ره‌که‌مه‌وه‌، کۆتایی پێدێت.

ئه‌م جۆره‌ له‌ سه‌فه‌ر کردن به‌ ناو مه‌رزه‌ ئه‌تنییه‌ جۆراوجۆره‌کانی وڵاتێکدا که‌ هه‌ر گرووپه‌ و به‌ شوێن پاراستنی “گه‌له‌”ئینسانی خۆیه‌وه‌یه‌تی، کارخانه‌ی به‌رهه‌مهێنای کائینی قه‌ومییه‌. ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی دروستکردنی ئینسانێکه‌ که‌ ئه‌من و ئارامیی و ئاسایش ته‌نها له‌ نێوان گرووپی هاوزمانی خۆیدا ده‌بینێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ناو گرووپی خۆشدا چ دژایه‌تییه‌ک ئاماده‌یی هه‌یه‌ و نا ئارامی و دڵه‌ڕاوکێ به‌ جۆرێکی دی ده‌کرێ به‌رهه‌مبێنێته‌وه‌، نابێته‌ شوێنی تێرامان.

ئه‌م دۆخه تازه‌یه‌، ئه‌ڵته‌رناتیڤ و وه‌ڵامی ئه‌و چوارچێوه‌ سیاسییه‌ بووه‌ که‌ له‌ زه‌مه‌نی سه‌ددامدا ئاماده‌یی هه‌بووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی که‌مایه‌تییه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی سه‌ددام له‌ ده‌سه‌لات بێبه‌شنه‌کرێن، ئه‌مجاره‌یان ده‌سه‌ڵات ده‌بێت به‌رگی ئاینی جۆراوجۆر و که‌مایه‌تی جۆراوجۆر بپۆشێت. ئه‌وه‌ی له‌ عێراقی دوای سه‌دداممدا ده‌گوزه‌رێ، ئه‌تنیزه‌کردن و “ئاینزه‌کردن”ی ده‌سه‌لاتی سیاسییه‌. له‌ زه‌مه‌نی سه‌دامدا، بوون به‌ به‌عسی گه‌ره‌نتێیه‌که‌ و شوێنی هه‌موو  شوناسه‌ ئاینی و ئه‌تنییه‌کانی دیکه‌ی عێراق ده‌گڕیته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ک هاوڵاتی ته‌واوی مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆت ده‌دۆڕێنیت. له‌ زه‌مه‌نی دوای سه‌دامدا، ده‌بێت کوردبوون و شیعه‌بوون و سوونی بوونی خۆت له‌و دیو  دیواری خۆپڕچه‌ککردنه‌وه‌ بشاریته‌وه‌ و ته‌نها تارمایی نیمچه‌ هاوڵاتییه‌کی ناو دیواره‌کانی شوناسی گرووپی خۆت بیت. ئه‌وه‌ی له‌م دوو دۆخه‌دا ده‌کوژرێت، چه‌مکی هاوڵاتیبوونه‌ که‌ ده‌کرا ئینسانی عێراقی له‌ دۆزه‌خه‌کانی به‌عسیی و کوردو شیعه‌ و سوونیبوون ڕزگاربکردایه‌.

له‌ گۆشه‌نیگای ئه‌م تێروانینه‌وه‌ بۆ ئه‌و نه‌خشه‌ سیاسییه‌ی سه‌ر گؤره‌پانی سیاسی عێراق له‌ ئه‌مڕۆدا، هه‌ستده‌کرێت، هه‌ڵبژاردنه‌کانی به‌ ناو پرۆسه‌ی دیموکراتیش نه‌ک هه‌ر ناتوانێت ساده‌ترین مافه‌ دیموکراتیکه‌کان بۆ هاوڵاتییان به‌رهه‌مبێنێت، به‌ڵکو له‌ ژێر په‌رچه‌مه‌کانی دیموکراتیشدا، ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی دیکتاتۆری ده‌کرێ به‌ که‌ماڵی خۆیه‌وه‌ ئاماده‌یی هه‌بێت. له‌ پاش زیاتر له‌ هه‌شت مانگ، ئینسانی عێراقی هه‌ر به‌سه‌ر ئه‌و نه‌خشه‌ سیاسییه‌ زه‌هراوییه‌دا دابه‌شده‌کرێته‌وه‌ که‌ کوشتنی “هه‌ویه‌” ، تاکه‌ چاره‌سه‌ری هاوڵاتییه‌که‌ که‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌که‌وێته‌ ناو سنوره‌کانی سه‌ر به‌ گروپی ئاینێکی دیکه‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ گه‌مه‌ی دیموکراتی عێراقدا خۆی نمایشده‌کات، جگه له‌ دیکتاتۆرییه‌تێکی دیکه‌ی دیموکراتی هیچ شتێکی دیکه‌ نییه‌.

به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌ی لوبنانیزه‌کردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ عێراقدا، ته‌نها قوربانی له‌و هاوڵاتییانه‌ نابات که‌ به‌هه‌ڵه‌ ده‌که‌ونه‌ چوارچێوه‌ جوگرافییه‌کانی گرووپی به‌رانبه‌ره‌وه‌، به‌ڵکو چوارچێوه‌یه‌کی واش دێنێته‌ ئاراوه‌ که‌ که‌ هێزه‌کانی نوێنه‌ری ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و تائیفییانه‌ی عێراق، پێویستییان به‌ هیچ بانگه‌وازکردنێکی ئایدیۆلۆژی نه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتییانی خۆیان بانگبکه‌نه‌وه‌ به‌رده‌م سندووقه‌کانی ده‌نگدان. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاستی ڕه‌خنه‌گرتنی هاوڵاتییان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ لۆکاڵییه‌کانی خۆیشیان به‌ لووتکه‌ی خۆیی گه‌یشتبێت، ده‌سه‌ڵاتی لۆکاڵی توانای به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی ده‌نگی هاوڵاتییانی ناڕازی خۆی به‌ هه‌مان هێزی خۆیه‌وه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌. ئیتر ئه‌وه‌ پلاتفۆرمی سیاسی تایبه‌ت نییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردن تا هاولاتییانی پێ بانگه‌واز بکه‌ن بۆ به‌رده‌م سندووقه‌کانی ده‌نگدان، به‌ڵکو هه‌ره‌شه‌ی :” ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌ کورد نه‌درێت، سه‌نگ و سووکی کورد له‌ به‌غداد داده‌به‌زێت. یان له‌ باشترین حاڵه‌تدا، له‌ به‌رانبه‌ر دوژمناندا، هیچمان پێناکرێت” وه‌ک تارماییه‌ک به‌سه‌ر سه‌رته‌وه‌ ڕاده‌گیرێت. بۆیه‌ هاوڵاتیانی ژێر چه‌پۆکی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ لۆکالییانه‌، له‌ سه‌ر نه‌غمه‌ی:” گوورگی خۆمالێ گه‌ر بشمانخوات، ئیسقانه‌کانمان ناشکێنێت”، ده‌بێته‌ خاڵی هه‌ڵوێستوه‌رگرتن له‌ ڕۆژی ده‌نگداندا. ئیتر ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیستی و ئاینی عه‌ره‌ب و کورد ده‌بێته‌ ستره‌کچه‌رێک و به‌بێ هیچ بانگه‌وازێکی ئایدیۆلۆژی خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێته‌وه‌. ئاخر هه‌ر هاوڵاتییه‌کی ناڕازیش به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ لۆکالییه‌ی خۆی، نایه‌وێت له‌سه‌فه‌رێکی وه‌ک سه‌فه‌ره‌که‌ی مندا به‌ ناوچه‌ جوگرافیه‌کانی گرووپه ئاینیی و ئه‌تنیه‌کانی دیکه‌دا ” پیاوێکی هه‌له‌ی ناو کات و شوێنێکی هه‌ڵه‌ بێت”

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.